بابەتی گەرم:

کاوە کەریمی

رەنج سەنگاوی لە پێرلاشێز

Saturday, December 5, 2015
کاوە کەریمی

رەنج سەنگاویی شاعیرو پێشکەشکاری لاوی باشووری کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا سەردانی گۆڕی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو ی لە گۆڕستانی پێرلاشێزی پاریس کردووەو وێنەی ئەو لەسەر گڵکۆی قاسملوو لە زۆر پەیجی لایەنگری حزبی دێموکرات(ەکان)دا بڵاو بووەتەوە.

لای زۆربەی بەکاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت ئەوانەی سەمپاتییان بەلای حزبی دێموکرات(ەکان)دا نییە، ئەو سەردانە زۆر ئاساییە، وەک هەر ڕێکەوتێکی ڕۆژانەی تر؛ چونکە لەوانەیە رەنج سەنگاوی بۆ کارێکی خۆی و بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو سەردانە چووبێتە پاریس و دواتر کەس یا کەسانێک پێشنیاریان کردبێت لەسەر گۆڕی قاسملوو، بە نیشانەی ڕێزو وەفا وێنە بگرێت و بڵاوی بکاتەوە، لەوانەیشە بەتایبەت بۆ ئەوە چووبێت بۆ پاریس....؛ لێرەدا باس لەو ئەگەرانە ناکەم و نامەوێ لە هۆکاری ئەوە بکۆڵمەوە، بە بۆچونی من ئەو پەراوێزە لە چاو دەقی کردارەکە زۆر لاوەکی و ناپێویستە. بەڕای من ئەوەی لێرەدا گرنگە پەیامی ئەو سەردانەیە کە ئەتوانین بە نقورچک و بیرهێنانەوەیەکی بزانین لە 'بایەخ و تەوەری ڕۆژهەڵات' لای نوخبەی باشووری کوردستان.

لە کەسەوە شاراوە نییە کە دەورو کاریگەریی میدیا لە گەیاندنی دەنگ و پێگەیشتنی ماف و ئازادیی پێکهاتەیەکی ژێردەست و بێدەنگ چەندە گرنگە، ئەو وشیارییە بێگومان ئەبێ لای ڕۆژنامەنووسان زیاترو هەستیارتر بێت، بەڵام پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: 'بۆچی ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکارانی باشووری کوردستان (بە حزبی و تایبەتەوە) گرنگیی پێویست بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نادەن؟ چۆنە کە ئەو ئاستە بەربڵاوەی لە سەرکوتی ڕۆژنامەنووسیی کوردی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوەو، بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانی کورد لەئارادایەو کەمترین دەنگدانەوەی لە میدیای باشووردا هەیە؟ چۆنە کە ئەو ژمارە پێوانەییەی لە سێدارەدان، سنووردارکردنی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان، ژینۆسایدی ژینگەیی، سووکایەتیی سیستێماتیک بە خەڵکی ئاواییەکان، ڕێگەپێنەدراو بوونی ناولێنانی کوردی بۆسەر شوێنە گشتییەکان و هەندێ جار زارۆکی تازەلەدایکبوو، پەرەسەندنی باندە لەشفرۆشییە حکەمەتییەکان و قوربانی گرتنی ڕۆژانەی مادەی هۆشبەرو بێکاری و هەڕەشەی گروپە جیهادییە ئیسلامییەکان و دەیان کێشەو قەیرانی تری کۆمەڵایەتی لە پەناگوێی باشووری کوردستان و لە پارچەیەکی پان و بەرین و گەورەتر لە خۆی لە ئارادایە، بەڵام ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانە نیوهێندەی جلوبەرگێکی نوێی رەقاسێکی میسری و مۆدێلی برۆی ئەکتەرێکی لوبنانی بایەخی پێ نادەن؟

لەوانەیە بڵێن ئەوە دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسە لێی و میدیای سێبەرو تایبەت لە ژێر تیشکی ئۆتۆریتەو فەرهەنگسازیی ئەواندا گرنگی بە بایەخ و تەوەرەکان ئەدەن، بەڵام خودی ئەو پاساوەش هەر بەوە رەدئەکرێتەوە کە مەگەر ئەو کەسانەی دەسەڵاتداری باشوورن کچ و کوڕی ئەو خەڵکە نین؟ لەلای تریشەوە مەگەر ڕۆژنامەنووس خۆی پێ بەڕۆژترو بەرپرسترو کراوەتر لە سیاسییەکانی باشوور نییە؟ وڵامی هەر دوو پرسیارەکە بەڵێ یە؛ بەڵێ، ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن خوێندەواران و کەسانی نوخبەو پێشەنگ و ڕەخنەگرو ڕاگەیاندنکاری باشوورەوە، ڕۆژانە پشتگوێ ئەخرێت. تەنانەت لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو لێکدانەوەی سیاسیی رۆژنامەنووسی ئازاد و ناحزبیم خوێندەوە کە کۆماری ئیسلامییان بە مۆدێلێکی شیاوتر لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان زانیبوو کامێنتێکی ڕەدکردنەوەو نکۆڵیشم لە ژێریاندا نەبینی!

بەڕای من لەم ساتەدا ئەم سەردانەی ڕەنج سەنگاوی بۆ سەر گۆڕی قاسملوو پەیامێکی تری پێ بوو: هێشتا هەن کەسانێکی ئەکتیڤ و بەرپرس کە ئامادەن جیاواز بن و رۆڵی پێشەنگایەتیی خۆیان بگێڕن، بەدەر لە لایەنگری یا ڕقی حزبی و بە بێ لەبەرچاوگرتنی سەلیقەو بۆچوونی کوتلەو ئایدیا جیاوازەکان؛ هێشتا کەسانێک هەن کە تێ ئەگەن لە چەمکی بەرژەوەندیی گشتی و ئامادەن هەنگاوی بۆ هەڵگرن.

ڕەنج سەنگاوی لە پێرلاشێز تەنیا قاسملووی بەسەر نەکردەوە، ئەو سەری لە ڕۆژهەڵات دا، ڕەنج سەنگاوی لە پاریس تەنیا میوانی قاسملوو نەبوو، ئەو میوانی هەموو قوربانیانی دەستی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو.

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷