مایکڵ رۆبن
بۆ واشینگتۆن پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان ناکات؟
Wednesday, February 5, 2014
مایکڵ رۆبن/ ئەمێریکەن ئینتێرپڕایز
و: مەسعوود مەناف
هەرگیز باشتر لە ئیمڕۆ، دەرفەتی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی -ئاواتی کوردان لە دەیەی دووهەمی سەدەی بیستەمەوە- نەڕەخساوە. لە لایەک سەددام حوسێن نەماوە و نەوت، داهاتی میلیارد دۆلاری خستوونەتە گیرفانی کوردان و لە لایەکی تر، شەڕی ناوخۆی سووریا دەرفەتی بۆ پارتی یەکێتیی دێمۆکراتیکی "سالح موسلیم" رەخساندووە تا کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری کوردستانی سووریا بگرێتە دەست.
هاوکات، وتووێژەکانی ئاشتی نێوان رەجەب تەیپ ئەردۆغان و پارتی کرێکارانی عەبدوڵا ئۆجالان، گەلێک لە کوردەکانی تورکیای بەو قەناعەتە گەیاندووە کە هێدی هێدی خەریکە بەرەو کۆنفێدراسیۆنێک لە ناوخۆی تورکیا هەنگاو دەنێن. کۆنفێدراسیۆن، کە هەنگاوی بەر لە سەربەخۆییە. تەنانەت ئەگەر هەوڵی چارەسەری تورکیاش تووشی شکەست بێ، ئەردۆغان کارێکی کرد کە شەرعییەت بە ئۆجالان، وەک کەسایەتییەکی گرینگ و پێویست درا. بەم شێوە، سەرجەم هەوڵەکانی کە تورکیا زیاتر لە یەک دەیەیە، بۆ پەراوێزخستن و لەبیربردنەوەی رێبەری پەکەکە کردی، بێ ئاکام مایەوە.
کوردەکان لەوانەیە چاوەڕوانی زیاتریان لەمەڕ پشتیوانی لە خواستەکانیان لە دەوڵەتی ئۆباما هەبێت بەتایبەت کە سێناتۆر، جێگری سەرکۆمار، جۆزێف بایدێن، ئێستاش پشتیوانی لە دابەشکردنی عێراق بەسەر سێ ناوچەدا دەکات. بەرپرسانی ئەمریکایی، بە ئاشکرا، نیگەرانی پەرەسەندنی کاریگەری ئێران لەسەر دەوڵەتی ناوەندی عێراقن. لە لایەکی تریشەوە، بەرپرسانی کوردیش چاوەڕوانیان لە کاربەدەستانی پێشووی ئەمریکا، بە دێمۆکرات و کۆماریخوازەوە-کە ئەوڕۆژانە سەرمایەیەکی زۆریان لە کەرتی نەوتی کوردستان خستۆتەگەڕ- ئەوەیە کە لە کێشەکانیان لەگەڵ بەغدا، لایەنی هەولێر بگرن.
ئەی باشە بۆ سەرەڕای ئەوەش، هەڵوێستی فەرمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەمبەر داخوازییەکانی کورد هێندە نالایەنگرانەوە ماوەتەوە؟
هۆکارێکی گرینگی ئەو مەسەلە، پێوەندی بەو بنەماڵانەوە هەیە کە رێبەرایەتی سیاسیی کوردان دەکەن. بۆ زۆر کەس لە واشینگتۆن، لە کۆنگرێسمان و ئاکادێمیسییەنەوە بگرە تا رۆژنامەنووسان، هێمای خەباتی کوردان، بەرهەم سالح، نوێنەری نەوەتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەمریکا بووە.
بەرهەم کەسێکی کۆمەڵایەتی، رەوانبێژ و جێگەی باوەڕ بوو. کەسێک کە خۆی بەڕێوەبەری ئەو کۆبوونەوانەی دەگرتە ئەستۆ کە خۆی رێکی دەخستن. ناوبراو دەیزانی کە تێکۆشانی کوردان مەزنتر لەو دەمەقاڵە ناوخۆییانەی ناو سیاسەتی خۆماڵییە کە زۆربەی کات، کوردەکان بەخۆوە سەرقاڵ دەکات.
لەوەش گرینگتر، ناوبراو نوێنەرایەتی بیرۆکەیەک دەکات کە بنیاتنانی کوردستان دەبێ لە سەر بنەمای شایستەسالاری بێت نەک پێوەندی بنەماڵەیی و خێڵەکی. کەواتە بەشێکی بەرچاو و پۆزێتیڤی لەو تێگەیشتنەی کە لە ئەمریکا بە نیسبەت کوردستان هەیە، ئاکامی هەوڵدانی راستەوخۆ و تاکەکەسی بەرهەم ساڵحە.
کاتێک بەرهەم ساڵح لە ساڵی ٢٠٠٠ بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی وەزیرانی بەشی یەکێتیی نیشتمانی گەڕایەوە کوردستان، جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، "محەمەد سابیر"ی ئاوەڵزاوا/زاواکەی لە پۆستی نوێنەرایەتی ئەو حیزبە لە واشینگتۆن دانا. سابیر مودیرێکی بە توانا بوو بەڵام کاریزما و کاریگەری بەرهەم ساڵحی نەبوو. زۆرێک لە بەرپرسان و رۆژنامەنووسانی خەمخۆر و دۆستی نزیکی تاڵەبانی، چاوپۆشییان لە سابیر دەکرد و لە جێگەی ئەو، راستەوخۆ ئیمەیل یا تەلەفۆنیان بۆ بەرهەم ساڵح دەکرد. پەیامەکە روون بوو!
کاتێک بنەماڵەکە لە کوردستان هێزیان دەگرت، لە واشینگتۆن رێک پێچەوانەکەی خەریک بوو دەقەوما. بەو حاڵەش، چەند ساڵ دواتر، واتە لە ساڵی ٢٠٠٤، تاڵەبانی، قوبادی کوڕی کە گەنجێکی تەمەن ٢٧ ساڵان بووی کردە نوێنەری کوردستانی عێراق لە واشینگتۆن.
قوباد کاریزماتیک بوو و پەرەپێدان به پێوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ کوردستان خستە سەروی لیستی کارەکانییەوە. ساڵێک دواتر، قوباد تاڵەبانی بۆ دەستخستنی پۆستێک لە کابینەدا، گەڕایەوە کوردستان لەحاڵێکدا پۆستەکەی لە واشینگتۆن بە بەتاڵی مایەوە.
پەیامەکە روون بوو! مەسەلەکە بنەماڵەیی بوو!
ئێستا نزیک بە دە ساڵ لەو رۆژانە تێپەڕ دەبێ. کوردستانی عێراق لە هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە و سەرەڕای ئەوەی کە "مەسعوود بارزانی"، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسا، مافی خۆپاڵاوتنی بۆ دوو خولی یەک لە دوایی یەک سنووردار کراوە بەڵام کوردەکان لە سەر ئەو بڕوایەن کە ناوبراو بۆ ماوەیەکی درێژتر لەمە لەو پۆستەدا دەمێنێتەوە.
لەکاتێکدا کە بارزانی پابەندبوونی بە یاسا دووپات دەکاتەوە، هاوحیزبییەکانی دەڵێن کە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی حیساب نییە و کێشەیەکی یاسایی بۆ خۆپاڵاوتنەوەی دووبارەی لە ئارادانییە. لایەنگرانی هەروەها دەڵێن کە لە ئێستادا کەس لە کوردستان نییە کە رەسەنی و رێژەی قەدر و رێزی شان لە شانی مەسعوود بارزانی بدات. دەیانهەوێ وا نیشان بدەن کە ناچارکردنی مەسعوود بارزانی بە پابەندی بە دەستوورەی ئێستا، ئیرادەی گەل لاواز دەکات.
ئەوە مشتومڕێکە کە خۆی کوردەکان دەبێ نقاشی لەسەر بکەن و رێچارەیەکی بۆ بدۆزنەوە بەڵام پێویستە هەر کەس سەبارەت بە ئامادەنەبوونی کوردستان بۆ سەربەخۆیی، وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە و نقاشیان بکات:
ئەگەر پاش زیاتر لە دوو دەیە ئۆتۆنۆمی، کوردستان نەتوانێ نوێنەرێکی بەهەرمەند و بەتوانا، لە ناو نەوەی تازەپێگەیشتوو و گەنجانی دەرچووی زانکۆ بۆ نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە واشینگتۆن دیاری بکات و ئەگەر لە ناو میلیۆنەها کورد، کەسێکی شایان بۆ سەرۆکایەتی ئەو دەوڵەتە و گەشەپێکردن و بەدامەزراوەیی کردنی لێ هەڵنەکەوتبێ، ئەو پەیامە نەک تەنیا واشینگۆن بەڵکوو هەموو دێمۆکراسییە رۆژئاواییەکان دەبیسن کە کوردستان ئامادەیی ئەوەی تێدا نییە کە ببێتە خاوەن دەوڵەتێکی سەربەخۆ.
ئاکامێکی لەو چەشنە لەوانەیە بەرانبەر بە کوردان کەمێک نادادپەروەرانە بێت بەڵام خزمسالاری و گەندەڵی سیاسی، متمانە و باوەڕی به کوردستانی، نەک تەنیا لە ناوخۆ بەڵکوو لە دەرەوەی وڵاتیش ئێجگار زۆر لاواز کردووە.
باشترین کارێک کە بارزانی دەتوانێ بیکات ئەوەیە کە ناسیۆناڵیسمی کوردی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە سەرووی بەرژەوەندی بنەماڵەیی دابنێ و ئەگەر دەیهەوێ ئەمریکا قانع بکا کە کوردەکان ئامادەیی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیان هەیە و ئەوە بە سوودی ئەمریکایە کە پشتیوانی لە دەوڵەتێکی وەها بکات، باش دەبێ کە یەکەم هەنگاو لە دیاریکردنی کەسایەتییەک، بێ لەبەرچاوگرتنی پێوەندی بنەماڵەیی و سیاسی بۆ نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا دەستپێبکات.
دووهەم هەنگاو دەکرێ ئەوە بێ کە مەسعوود بارزانی رایبگەیەنێ کە ئیزن دەدات هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادوەرانە لە کوردستان بەڕێوەبچێ بۆیە کە ئاڵووگۆڕی دەسەڵات لە هەولێر نیشانی دەدات کە کوردستان نەک تەنیا بە نەوت بەڵکوو لە ئاستی سەرمایەی مرۆییش دەوڵەمەندە. بارزانی بە رێگەدانی کەسانی نزیک لە خۆشی هەڵبەت، دیسان ئاواتەکانی کورد تووشی زیان دەکات. ئاساییە کە تا ئەو قەناعەتەی کە دەڵێ "کەس ناتوانێ جێگەی بارزانی بگرێتەوە" درێژەی هەبێ، هیچ دەوڵەتێکی بیانی ئامادە نییە مەرج لەسەر کوردستان بکات.
"مایکڵ ڕوبن"، لێکۆڵەری "ئەنیستیتۆی ئەمێریکەن ئینتەرپرایز"ه. زۆربەی لێکۆڵینەوەکانی تەرخان کردووە بە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و بە تایبەتی کار لەسەر ئێران، عێراق، تورکیا و کۆمەڵگای کوردستان دەکات. ناوبراو لە ئەنیستیتۆی ئاماژەپێکراو، بەرپرسی پێکهێنانی زنجیرەیەک کۆنفرانس لە ژێر ناوی "جیابیری و ڕێفۆڕم لە وڵاتە عەرەبیەکان"ی بە ئەستۆوە بووه. مایکڵ ڕوبن هەروەها مامۆستای ئاکادێمیەکی سەربازیە لە ئەمریکا و سەرنووسەری "بووڵتەنی ڕۆژهەڵاتی ناڤین"ی لە ئەستۆیە. ڕوبن، تێزی دۆکتۆڕاکەی سەبارەت بە شکڵگرتنی مێژویی مۆدێرنی ئێران لە زانکۆی یاڵی ئەمریکا نووسی و خەڵاتێکی بە نرخی زانکۆکەی لە ساڵی 1999 پێبەخشرا. ناوبراو ماوەیەکیش لە زانکۆکانی کوردستان وانەی وتۆتەوە و هەر ئێستا لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارە بەناوبانگەکانی ئەمریکا دا وتار بڵاودەکاتەوە. ڕوبن نووسراوەی بە نرخی سەبارەت بە "مێژووی دەوڵەتانی ناوچەکە"، "شیعەگەری"، "بنەماکانی تێئۆلۆژی فێندەمێنتاڵیسم" و "ستراتێژی"، "دەوڵەتداری"، "گۆڕان و ڕێفۆرم لە دیپڵۆماسی دا" نووسیوە.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە