بابەتی گەرم:

مایکڵ رۆبن

تەنانەت کوردەکانیش خەریکن روو لە ئەمریکا وەردەگێڕن

Saturday, March 1, 2014

مایکڵ رۆبن- کۆمێنتاری مەگەزین
لە ئینگلیزییەوە: عارف سەلیمی

حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان لە واشینگتۆن، لە کۆنەوە لە سۆزی کوردەکانی عێراق بەرانبەر بە خۆیان دڵنیا بوونە. ئەمەش مایەی شەرمەزارییە، چونکە کوردەکان لانیکەم لە ئاخر و ئۆخری سەردەمی شەڕی ساردەوە و لانیکەم بە بەراورد لەگەڵ خەڵکانی تری ناوچەکە وەک لایەنگری ئەمریکا دەرکەوتوون.

مخابن ئەگەر کەسێ بیەوێت بۆی دەرکەوێت کە گڵۆڵەی باندۆری ئەمریکا، تەنانەت لە نێوان دۆستەکانیدا، تا چەند کەوتۆتە لێژی، پێویست ناکات لە کوردستانی عێراق ئەولاترەوە بچێت. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان[ی ن ک]، حیزبێک کە ساڵی 1975 دامەزرا و لەچاو پارتی دێمۆکڕاتی کوردستان(پ د ک)ی مەلا مەستەفا بارزانی، پێشکەوتووتر و کەمتر عەشیرەیی بوو، لەم ساڵانەی دواییدا بە دەست پەرەسەندنی کۆتلە و کۆتلەکارییەوە دەناڵێنێت. دیاردەیەک کە دوای ئەوەی جەلال تاڵەبانی دامەزرێنەری ئەو پارتە و سەرۆک کۆماری عێراق بە هۆی جەڵتەی مێشکەوە پەکی کەوت و بێجگە لە سەرۆکایەتییەکی سەمبۆلیک هیچی تری بە دەستەوە نەما، خراپتر پەرەی سەند.

لەناو یەکێتیدا سێ باڵی سەرەکی هەن: هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هاوسەری تاڵەبانی، بەرهەم ساڵح سەرۆک وەزیریی پێشوو و کۆسرەت رەسووڵ. هێرۆ پارەی سەر بەڕە و بن بەڕەی حیزبەکەی لەلایە و لە هەوڵی پێشخستنی کوڕەکانی لە ناو حیزبدایە. زۆربەی چاودێران بەرهەم ساڵح کە لە رۆژئاوا خوێندوویە و گوایە هێرۆ زۆر رقی لێیە، وەک ریفۆرمیستێک سەیر دەکەن. کۆسرەتیش کە لەم ساڵانەی دواییدا رەوشی تەندروستیی بەرەو خراپتر چووە، بە هۆی رابردووی وەک سەرکردەیەکی سەربازیی نەبەرد، لە ناو هێزی پێشمەرگەدا جەماوەری زۆرە.

بە هۆی نەبوونی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان ئەم سێ باڵە و لایەنگرە جۆراوجۆرەکانیانەوە یەکێتی تەواو پەکی کەوتووە.

من هەفتەی رابردوو چەند رۆژێکم لە سلێمانی و هەولێر و کەرکوک، لە کوردستانی عێراق، بەسەر برد. کوردەکان جەختیان لەم راستییە دەکردەوە کە نەک ئەمریکا بەڵکوو ئەوە ئێران بوو کە نێوانگیری کرد- هەندێکیش لەوانەیە بڵێن داسەپاندن بووە- بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسیی لەم شێوە کە "بەرهەم" ببێتە سکرتێری حیزب و "قوباد"ی کوڕی دووەمی تاڵەبانی و "دەرباز"ی کوڕی کۆسرەتیش ببنە دوو جێگرەکەی

سەرەتای ئەم هەفتەیە کاتێ کە هەوڵێ هێرۆ بۆ دواخستنی کۆنگرەی یەکێتی تا کاتێکی نادیار، بووە هۆی ئەوەی بەرهەم و کۆسرەت هەردووکیان لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بکشێنەوە و قەیرانێکی نوێ بێتە ئاراوە، دیسانەوە ئەوە ئێرانییەکان بوون کە هاتن بۆ ئەوەی سیاسەتی کوردی بخەنەوە سەر هێڵی راست.

چەند ناخۆشە کە دەبینی باشترین دۆستانی ئەمریکا لە ناوچەکە وەکوو وڵاتێک کە باندۆرێکی واتاداری نەماوە چاو لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەن. هەروەها، ئەوەی لە کوردستان روو دەدات، تەنیا بەو ناوچەیەوە نابەسرێتەوە. هەر سیاسەتوانێکی دیکەی ناوچەکە ئەم قەیرانە بەرچاوەی دیتووە و بەم دەرەنجامە گەیشتووە کە ئەوە ئێرانە دیاریی دەکات کە چ شتێک گرینگە نەک جموجۆڵەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان. چەندەش بە ئازارە سوور بزانی کە ئەمە میراتێک دەبێت بۆ جێگرەکانی ئۆباما و لە ساڵانی داهاتوودا رووبەرووی دەبنەوە.


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷