مایکڵ رۆبن
بۆچی ئەمریکا کوردەکانی پێ تیرۆریستە؟
Wednesday, March 12, 2014
مایکڵ رۆبن- کۆمێنتاری مەگەزین
لە ئینگلیزییەوە: عارف سەلیمی
بە گوێرەی ئەوەی کەحکوومەتی تورکیا هەردوو دەزگای ئەمنی و دادوەری، نەک لە دژی ئەو کەسانەی یاسا پێشێل دەکەن، بەڵکوو بۆ لێدانی دوژمنە سیاسییەکانی سەرۆک وەزیر بەکار دەهێنێت و هەروەها بە سەرجندان بەمەی کە گوایە سەرۆک وەزیر رەجەب تەیب ئەردۆغان پەرەی بە پەیوەندییە نزیکە بازرگانییەکانی لەگەڵ کەسێک داوە کە وەک یارمەتیدەرێکی دارایی رێکخراوی “ئەلقاعیدە" ناسراوە، هەڵبەت مایەی پێکەنین دەبێت ئەگەر بێین بێژین کە لەحکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا هەمووان، وشەی تیرۆریزم دەخەنە پاڵ حکوومەتی تورکیاوە.
بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان، کاتێ باسی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) و باڵەکانی دێتە گۆڕێ هەڵوێستی لەو جۆرە دەنێونن. یەکێ لەم باڵانەی پەکەکە، ئێستاکە بەشێکی زۆری باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوە دەبات، ئەو ناوچەیەی کە لە ژێر حوکمی کوردیدا، بە پێچەوانەی زۆربەی هەرە زۆری شوێنەکانی دیکەی سووریا، بۆتە ناوچەیەکی تا رادەیەکی بەرچاو ئارام و کارامە.
لەوانەیە بگوترێ کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەخۆڕا پەکەکەی نەخستۆتە لیستی تیرۆرەوە. بە دڵنیاییەوە پەکەکە دەستی لە توندوتیژیدا هەبووە و خەڵکانێکی سڤیلی بە بیانووی لادانی ئایدۆلۆژیکی کوشتووە.
ئەم دواییانەش جارێکی تر قسە و باسەکان سەبارەت بەوەی کە هەم پارتی دێمۆکراتی کوردستان(پ د ک) و هەمیش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان(ی ن ک) هێشتا لە لایەن بیرۆی کۆچبەری و پێدانی ناسنەمە ئەمرکاوە ناویان لە "لیستەی ژمارەی سێی" رێکخراوە تیرۆریستییەکاندایە، سەریان هەڵدایەوە.
هەڵبەت ئەمەی کە مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دەڵێت گوایە سەردانی ئەم دواییەی خۆی بۆ واشینگتۆن هەر لە بەر ئەم مەسەلەیە هەڵوەشاندۆتەوە، راست نییە. (بە پێچەوانەوە، بارزانی دڵگران بوو لەوەی کە دەرفەتی دیدار لەگەڵ سەرۆک کۆمار ئۆبامای پێ نەدرا و کوڕە دووەمەکەی واتە مەنسوور بارزانی، لە وەرگرتنی ڤیزای ئەمریکادا گێچەڵی پێ کرا، ئەمەش با بمێنێتەوە کە کوڕە گەورەکەی، واتە مەسروور، بە پێچەوانەی ئەوەی گوایە سەفەری واشینگتۆن بایکۆت کراوە، سەردانی کردووە بۆ ئەوەی ژنەکەی بتوانێ لە نەخۆشخانەی "سیبلەی" منداڵەکەیان بهێنێتە دونیا.)
سەرەڕای ئەمانەش، لیستەی ژمارە سێی تیرۆر هەڵەیە. یەکێتی و پارتی- هەردووکیان هاوپەیمانی ئەمریکان- سەهەڵدانی چەکدارییان کردووە و کۆمەڵێک کەسی سڤیلیشیان کوشتووە. بەڵام لە بنەڕەتدا ئەوان نەک تیرۆریست بەڵکوو سەرهەڵدێر بوون. لێرەدا بۆ ئەوەی کەس لە بیری نەکات کە داخۆ سەرهەڵدانی چەکداریی "پارتی" چۆناوچۆن بووە، باسی دیمەنی تەقینەوەیەکی ساڵانی رابردوو دەکەم: هۆشیار زێباریی گەنج و تازە پێگەیشتوو کە ئێستاکە وەزیری دەرەوەی عێراقە، لە ڤیدیۆیەکی پاگەندەییدا قسە دەکات کە وێنەی هێرشێکی پارتی بۆ سەر بارهەڵگرێک کە پێدەچێت مەدەنی بێت نیشان دەدات. زێباری واوێدەچێت بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەوان دەیانەوێ پەک بە گواستنەوەی نەوتی عێراق بخەن.
هەروەها پارتی و یەکێتیش بە درێژایی ساڵانی شەڕی ناوخۆی کوردەکان لە 1994 تا 1997دا بە هەزاران خەڵکی سڤیلیان کوشتووە و بە دیل گرتووە.
زۆربەی سیاسەت داڕێژەرە ئەمریکاییەکان دەزانن کە ناوی پارتی و یەکێتی لە لیستەی ژمارە سێدا هەڵەیە و ئاکامی کەمتەرخەمیی یاساییە. بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێداچوونەوە بە بڕیاری بە تیرۆریست ناساندنی هاوپەیمانە کوردە عێراقییەکانماندا دەکات، لەوانەیە کاتی ئەوەش هاتبێت کە بەم تێروانینەشیدا بچێتەوە کە گوایە چالاکییەکانی پەکەکە جیاوازیی زۆری لەگەڵ ئەوانەی پارتی و یەکێتی کردوویانە هەبووە. سەرەڕای ئەمەش، هەموو ئەو شتانەی بە درێژایی سەرهەڵدانەکەیان کردوویانە، بە هەر حاڵ ئێستاکە بە بۆنەی وتوۆێژەکانی ئاشتییەوە راگیراون.
بە دڵنیاییەوە پەکەکە ناتوندوتیژ نییە و بنەچەکەی بۆ فکرەیەکی توندی چەپ دەگەڕێتەوە و دیارە لە چوارچێوەی سەردەمی شەڕی سارددا مەترسیدار بوو. بەڵام پەکەکە ئێستاکە وەکوو زۆرێک لە برادەرە چەپەکانی دیکەی گۆڕاوە و بەم دەرەنجامە گەیشتووە کە کۆمۆنیزم ئایدۆلۆژیایەکی شکست خواردووە.
هەروەها، مسۆگەر پێوەیستە پێداچوونەوە بە زانیارییەکانی سەبارەت بە رەگ و بنەماکانی پەکەکەشدا بکرێتەوە بۆ ئەوەی روون بێتەوە کە گەلۆ ئەو زانیاریانەی لە لایەن تورکیاوە هاتووە تا چەند جێی متمانەیە، لێکۆڵینەوە لەو زانیارییانەش کە "پارتی" داونی بکرێت بۆ ئەوەی دەرکەوێ داخۆ بەڵگەمەندە و بۆ سەلماندن دەبێت یاخود نیازی پەلکێشکردنی ئەمریکا بۆ ناو شەڕە گەڕەکی کوردان و مەبەستی دژایەتیی پەکەکەی لە پشت بووە.
لەوانەیە ئێستا کاتی ئەوە هاتبێت کە تیشک بخرێتە سەر ستراتیژی و سیاسەتێکی بەربڵاوتر و بەرینتر سەبارەت بە کوردان. ئەمە بۆ واقعی وڵاتانی تورکیا، سووریا، ئێران و عێراق لە سەدەی 21 دەگەڕێتەوە و هەروەها مکوڕ هاتنیشە لەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کوردانی ناوچەکە بەرژەوەندیی هاوبەشیان زۆرە و دەتوانن سوود لە هاوکاری لەگەڵ یەکتر ببینن.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە