بابەتی گەرم:

مایکڵ رۆبن

پێشمەرگە هەموویان وەکوو یەک نین

Friday, September 12, 2014
مایکڵ ڕۆبن/ کامێنتری مەگەزین
لە ئینگلیزییەوە: عارف سەلیمی

زۆربەی ئەوانەی قسە لەسەر ستراتیژییەکی سەربازی بۆ شکست پێهێنانی داعش و توانا تیرۆریستییەکانی دەکەن، تا دێت زیاتر وەکوو هێزێک باسی پێشمەرگە دەکەن کە دەتوانێت هاوکار بێت و دەڵێن دەبێ پێشمەرگە بەشێکی سەرەکیی هەر هاوپەیمانەتییەک بۆ شکست پێهێنانی داعش بێت. بەڵام باشە بەڕاستی پێشمەگە کێن و چین؟

پێشمەرگە- واتای دەقاودەقی یانی ئەو کەسانەی بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە- وا ناوبانگیان دەرکردووە کە ئەو گەریلا نەبەرد و گورج و گۆڵانەن کە زەبریان بە هێزەکانی سەدام حسێن گەیاندووە و ئەگەر بە ساڵانیش نەبێت ئەوا بە مانگان لەسەر چیاکان ماونەتەوە. یەکێ لە خۆشترین یادەوەرییەکانم لە کوردستان ئەو کاتە بوو کە لە مانگی ئازاری 2001 هاوڕێی پێشمەرگەیکی دێرین بووم کە لە ساڵانی 1980کاندا لە چیایەکی باشووری شاری دهۆک دژی سەدام شەڕی کردبوو: ئەو کۆمەڵێ نووسراوە هەڵکۆڵدرای ئاشووری بە من نیشان دا کە بە ساڵان لە پەنایەوە بەرەو دهۆک چووە و پێی نەزانیووە، دواتر بڕێک شینایی و رەگی گژوگیامان کۆ کردەوە کە ئەو کاتانەی پێشمەرگەکان نەیانتوانییەوە بۆ خواردن بەرەو ناو گوندەکان شۆڕ ببنەوە، خۆیان پێ ژیاندووە.

بەڵام لە ساڵانی پاش 1991 واتە دوای ئاواکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باکووری عێراق، پێشمەرگەش لە چیاکان هاتنە خوارەوە، بەشێکی بەرچاویان بەدوای پلە و پایەی حکومی کەوتن و ئەوەیان بە مافی خۆیان دەزانی، گەرچی کەمیان شیاوی بوون.

ململانێی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان شتی خراپتریشی بەدوای خۆیدا هێنا. پێشمەرگە بەجێی ئەوەی ببێتە سوپایەکی پیشەیی زیاتر وەک میلیشیای حیزبی دەرکەوت و مخابن ئێستاش هەر ماوەتەوە. لە نێوان ساڵانی 1994 بۆ 1997دا پێشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی جەلال تاڵەبانی (لە لایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرا) و پارتی دیمۆکڕاتی مەسعوود بارزانی (ئەو کاتە لە لایەن سەدامەوە پشتگیری دەکرا) بە هۆی ناکۆکیی ئەو دوو پارتە سەرەکییە لەسەر دابەش کردنی داهات، چەکیان بەرامبەر یەک ڕاکێشا. کوردەکان خۆیان دەڵێن کە 3000 زیندانیی ئەو شەڕە لەو کاتەوە تا ئێستا بێسەروشوێنن و پێدەچێت لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگەی لایەنی بەرامبەرەوە کوژرابێتن.

لەو کاتەوە کە کوردەکانی عێراق لە دەوروبەری ساڵی 2001 بڕیاریان داوە هێزی پێشمەرگە "یەکبخەن"، تا ئێستاش هێزەکانی پێشمەرگە هاوشێوەی دەزگا ئەمنییەکانی حیزبییەکان زیاتر لەسەر کاغەز یەکیان گرتووە تا لەسەر ئەرزی واقع. بۆ نموونە سەرنجی ئەم شەڕانەی دوایی بدەن: ئەوە پێشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتمانی بوون کە دەستیان بەسەر کەرکووکدا گرت و ئەو شارەیان بە سلێمانییەوە کە یەکێتی و باڵە جیابووەوەکەی واتە بزووتنەوەی گۆڕان تێیدا باڵادەستن، گرێدا. پێشمەرگەکانی پارتیش ئەو هێزانە بوون کە سەدی موسڵیان لە هێزەکانی داعش، دوای ئەوەی بەشێوەیەکی خێرا دەستیان بەسەردا گرتبوو، ئەستاندەوە.

لەگەڵ ئەوەی زۆرێک لە کوردان بە بەژن و باڵای پێشمەرگەدا هەڵدەڵێن، رەوشەکە لە ژێرەوە قەیراناوییە. داعش لەوانەیە واقی بە وڵاتانی رۆژئاوا وڕهێنابێت، بەو ئێزدیانەی لە شنگال و دەوروبەری دەژیان و چەندین هەفتە پێش ئەوەی داعش شنگال بگرێت و سەدان پیاویان لێ سەربڕێت و سەدان ژنیان لێ بە کۆیلە ببات، داوای چەک و هێزی زیاتریان لە پێشمەرگەکانی پارتی کردبوو. پارتی ناردنی هێزی زیاتری رەت کردبۆوە، و ئەمە بۆ زۆربەی هەرە زۆری ئێزدییەکان- هەروەها زۆربەی کوردانیش- تاڵ و گورچکبڕە. سەبارەت بەوەی بۆچی پارتی هێزی زیاتری نەناردووە، کۆمەڵێ هۆکار باس کراون، لە نەشیاویی سەرکردایەتییەوە بگرە هەتا دەگاتە پرسی گەندەڵی( داهاتەکان حەپەلووش کراوە یان
لە شوێنی دیکە خەرج کراوە) و تەنانەت هۆکاری رەشبینانەی وەک ئەمە کە ویستیوویەتی بازرگانی بە ئازاری ئێزدییەکانەوە بکات و چەک و تەقەمەنی دەست بخات. ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" هەفتەی رابردوو بابەتێکی لەسەر کچێکی چواردە ساڵانی ئێزدی بڵاو کردەوە کە لە چنگی داعش هەڵاتبوو؛ ئەو وەک دیاری بە چەکدارەکانی بەرەی پێشەوەی شەڕ بەخشرابوو. بەسەرهاتەکەی تاڵە بەڵام چۆنێتیی رزگار بوونی گرینگە:

   "کاتێ [چەکدارەکان] ئێمەیان بەجێ هێشت، زۆر ترسابووم، نەمدەزانی چی بکەم. جانتایەکی پڕ لە ئامێری مۆبایلم بینی و تەلەفۆنم بۆ براکەم     کرد". شاکر لە ناو کەمپێکی ئاوارە ناوخۆییەکانی عێراقەوە بە تەلەفۆن وای بە "دەزگای ڕۆیتەرز تامسۆن"ی گوت. سەمیری برای لە پشتی تەلەفۆنەوە پێی گوتووە خۆی بگەیەنێتە خانوویەک لەو نزیکانە و داوای یارمەتی بکات و بپرسێت بزانێت بە کام رێگەدا دەگاتە ئەو سنووورەی شەڕڤانانی پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، لەوێ لە دژی چەکدارەکانی داعش شەڕ دەکەن. ئەو گوتی کە پەکەکە یارمەتیت دەدات بۆ ئەوەی بتوانیت بە سەلامەت دەرباز ببیت.... ئەو دوو کچە بە ئەسپایی بەرەو بەرەکانی پێشەوە ڕێکەوتن. "نەمدەتوانی جوان هەنگاو هەڵبێنم، قاچم دەلەرزین و دڵم پەیتا پەیتا لێی دەدا. ئێمە هەڵدەهاتین و دەرۆیشتین و ئاوڕمان لە دوای خۆمان نەدەدایەوە." شاکر گوتی کە ئەوان دوای ئەوەی دوو سەعات بە ڕێگەوە بوون، دەنگی تەقەی تفەنگیان بیست. کاتێ کە نزیکتر بوونەوە، گرووپێک لە شەڕڤانانی پەکەکەیان بینی و بەرەوڕوویان ڕایان کرد. "هاوکات دەشگریام و پێشدەکەنیم." ئەو گوتی: "ئێمە ئازاد بووین."

زۆر جار کاتێ کە ئەمریکاییەکان باسی پێشمەرگە دەکەن، بیر لە یەکینەکانی پاراستنی گەل، یەپەگە، ناکەنەوە کە زۆر پێش ئەوەی پێشمەرگەکانی پارتی و یەکێتی بەشداری ئەم شەڕە ببن، لە دژی داعشیش و رژێمی سووریاش شەڕیان کردووە و شکستیان پێیان هێناوە. من سەرەتای ئەم ساڵ سەردانی کوردستانی سووریام [ رۆژئاوای کوردستان. و] کرد و
لێرە لەسەر ئەو شتانەی بە چاوی خۆم بینیبووم نووسیم. زۆر دواتریش "ئەلیزا مارکوس" و "ئەندرەو ئاپۆستۆلوو" بابەتێکی هاوشێوەیان لە نیۆیۆرک تایمزدا نووسی.

ئەمەم بۆ ناچێتە سەر کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە لە بایکۆت کردن و گەمارۆدانی تاکە ناوچەیەکی سووریا کە لە لایەن گرووپێکی سکۆلارەوە کۆنترۆڵ دەکرێت کە سوورە لەسەر لەناو بردنی داعش و هاوکات ناوچەیەکیشە کە بە دەیان هەزار ئاوارەی سووری و (ئێستاکەش عێراقی)ی حەواندۆتەوە بێ ئەوەی چاو لەوە بکات داخۆ سەر بە چ ئاین و یان نەتەوەیەکن. ئێمە ئەمە دەکەین لەبەر ئەوەی کە تورکیا لە مێژە ویستوویەتی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پەکەکە وەک گرووپێکی تیرۆریستی بناسێت، تەنانەت ئەگەر رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیاش دەستی بە وتووێژی ئاشتی لەگەڵ ئەم گرووپە کردبێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نابێ ئیتر لە تورکەکان تورکتر بێت و نابێ نکۆڵی لە ناوچەیەک بکات کە لەژێر باندۆری گرووپێکی سکۆلاردایە و ئەگەر ئەو نەبێت دەکەوێتە دەستی داعشەوە.

دیارە بە دڵنیاییەوە پەکەکە سەرەڕای بانگەشە دیمۆکڕاتیکەکانی تا رادەیەکی زۆر وەک فیرقەیەکی شەخسی لە دەوری عەبدولڵا ئۆجالان دامەزرێنەرە بەندکراوەکەی، دەمێنێتەوە. هەروەها بە هەمان شێوەش پارتی سەرەڕای بانگەشە دیمۆکڕاتیکەکانی تا ڕادەیەکی زۆر وەک فیرقەیەکی شەخسی لە دەوری مەسعوود بارزانی، کوڕی مەلا مستەفا بارزانیی دامەزرێنەری، دەمێنێتەوە. وەک چۆن پارتی جارێکیان لەسەر سەرچاوە و داهات لەگەڵ یەکێتی بەشەڕ هات، ئەو دوژمنایەتییەی ئەمڕۆی وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ یەپەگە بە ڕادەیەکی زۆر تورکیا یانیش پارتیی لە پشتە. هەڵبەت ئەمەشیان دیسان لەسەر سەرچاوە و داهاتە.

دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان یەکەمجار لە میانەی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی عێراقدا لە کاروباری ئەو وڵاتەوە گلا،  زۆر ئەکتەری سیاسیی عێراقی  هەلی بێ ئاگایی سوپای ئەمریکا لە بەستێنی سیاسییان قۆستەوە بۆ ئەوەی ئەمریکا بکەن بە گژی بەرهەڵستکاران و نەیارە ناوخۆییەکانیاندا. ئێستاش کە هەڕەشەی داعش لە ئارادایە و پێشمەرگە داوای یارمەتیی ئەمریکا دەکات، هەمان شت خەریکە دووپات دەبێتەوە. ئەمریکا نابێ بکەوێتە ناو یارییەکی لەم چەشنەوە: ئەگەر پەنتاگۆن یارمەتیدانی پێشمەرگەی لە بەرنامەدایە، ئەوا دەبێ بێ جیاوازی یارمەتیی هەموویان بدات و زیاتر جەخت لەسەر یارمەتیدانی ئەوانە بکاتەوە کە بەشی سەرەکیی شەڕەکە ئەوان دەیکەن. لێرەدا، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە یارمەتیی یەپەگە بدات و لەوە زیاتر پشتگوێی نەخات. هەروەها دەبێ پێداگر بێت لەسەر ئەوەی کە کوردەکان هێزەکانی پێشمەرگە بکەن بە هێزێکی پیشەیی و یەکیان بخەن و لە دەستی بنەماڵەکان قوتاریان بکەن. بیانوویەک نییە بۆ ئەوەی جیا لە باقی ناوچەکانی عێراق، لە کوردستانی عێراق [باشووری کوردستان. و] پێداگری لەسەر ستانداردێکی جیا بۆ بە پیشەیی بوون بکرێت.

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷