حدکا هەڵبژاردن بایکۆت دەکات: "بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی"
Monday, January 11, 2016
NNSROJ: لە لێدوانێکدا کە لە سایتی ڕەەسمیی خۆیدا بڵاوی کردۆتەوە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕایدەگەیەنێ کە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ئێران بایکۆت دەکات و بە دروشمی "بڕووخێ ڕژیمی دژی ئازادیی کۆماری ئیسلامی"ش کۆتایی بە لێدوانەکەی دێنێ.
حدکا، وێرای ئاماژە بە ئامادەکارییەکانی ئێران بۆ هەڵبژاردن، دەستنیشانی دەکات کە کاربەدەستانی دەوڵەت "بۆ گەرمکردنی تەندووری هەڵبژاردن، باس و بابەتی جۆربەجۆر دەورووژێنن و بە دروستکردنی کەشی ئێحساسی لە نێو کۆڕ و کۆبوونەوە و گرووپە هەمەڕەنگەکان لە ئێراندا، دەیانەوێ خەڵک وا تووشی وەهم ببن کە ڕەنگە هەڵبژاردنی ئەم جارە هەندێک شت بگۆڕێ."
دەفتەری سیاسیی حدکا ئاماژەش بەوە دەکات کە "ئەزموونی چەند دەیە دەسەڵاتی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی، هیچ ناڕوونییەکی نەهێشتۆتەوە و بەڕوونی سەلماندوویە کە ئەم ڕێژیمە لە ئامرازی هەڵبژاردن بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی مەشرووعیەتی چەواشەکراوی خۆی کەڵک وەردەگرێ."
هاوکات لێدوانەکەی حیزبی دێموکرات باس لە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەکات و دەڵێ "بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکان لە هیچ پیلانێک درێغی ناکا و لە شارە جۆربەجۆرەکانی کوردستاندا بەربژێری ڕەنگاوڕەنگ دادەنێ تاکوو ڕەقابەتێکی ناواقیعی لە نێو فەزای بیروڕای گشتی لە کوردستاندا دروست بکا".
ـ بەو باس و بابەتانە و بەو ڕابردوو و ئەزموونانەی کە باس کران، پێمان وایە کە شانۆگەریی ئەم جارەی ڕێژیمیش وەک هەموو شانۆگەرییەکانی، هیچ پێوەر و ڕەنگێکی هەڵبژاردنی دێموکراتیک و ئازادی پێوە دیار نییە و ئاکامەکەشی هەرچی بێ، بەقازانجی خەڵک تەواو نابێ و هیچ دەرفەت و دەرەتانێک بۆ گۆڕانکارییەک بە قازانجی گەلی تێدا نابێ و نایەتە دی؛ حدکا وای نووسیوە.
داواش لە "خەڵکی وشیار و مافخوازی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی ئازادیخوازی کورد" دەکات " لە هەڵبژاردنی نائازاد و نادێموکراتیکی کۆماری ئیسلامیدا بەشدار نەبن... و بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێ و بە هەموو تواناوە بۆ ئیفشا کردنی پیلانەکانی ڕێژیم و بۆ پاشگەزکردنەوەی ئەوانەی خۆیان کاندید کردووە و هەروەها بۆ هاندانی خەڵک بۆ نەچوونە سەر سندووقەکان کار بکەن و هەوڵ بدەن."
ک. م
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە