بابەتی گەرم:

"تورکیا تا کۆتایی ٢٠١٦ دەبێت بە کەلاوەی هۆتێلەکان"

Thursday, February 25, 2016



سەرچاوە: TURİZM GÜNCEL

بە هۆی پەرەسەندنی توندوتیژی و شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوخۆی تورکیادا، گەشتیاران و تۆڕەکانی گەشتیاری لە بیری ئەوەدان روویان لە تورکیا وەرسووڕێنن. دوای رووسیا و بەریتانیا، بەم دواییە تۆڕەکانی گەشتیاریی ئەڵمانیاش رایانگەیاند؛ گەشتەکانی خۆیان بۆ تورکیا هەڵدەوەشێننەوە. "محەممەد ئیشلەر" سەرۆکی یەکێتیی حەواندنەوە و کاروباری گەشتیاریی ئیژە(ETİK) دەڵێ؛ "ئەگەر رێگاچارەیەکی بۆ نەدۆزینەوە، تا کۆتایی ٢٠١٦ تورکیا دەبێت بە کەلاوەی هۆتێلەکان".

محەممەد ئیشلەر سەرۆکی یەکێتیی حەواندنەوە و کاروباری گەشتیاریی ئیژە(ETİK) ئاماژە بەوە دەدات؛ بە هۆی ئەو قەیران و کێشە سیاسییانەی کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تێیکەوتووە، هەروەها دوای روودانی چەند تەقینەوە و کردەیەکی خۆکوژی لە تورکیادا و نیگەرانیی گەشتیارانی بیانی لە ئاسایشی گیانیان، بەرەبەرە گەشتیاران بیر لەوە دەکەنەوە کە سەردانی تورکیا نەکەن. ئیشلەر دەڵێ: "لە روانگەی دەرەوە، تورکیا وڵاتێکی شەڕلێدراوی بە کێشەیە. کەرتی گەشتیاریی تورکیا رۆژبەڕۆژ بە ئاقارێکی نالەبارتردا دەڕوات. دوای سەرهەڵدانی قەیرانی رووسیا و ئوکڕاین، ژمارەی هاتنی گەشتیارانی رووس لە ٤ ملیۆن و نیوەوە بۆ ٣ ملیۆن کەس دابەزیبوو. گەشتیارە رووسەکان کە ئیتر لە خەمی بژیو و گوزەرانی خۆیاندا بوون، پرۆگرامەکانی خۆیان بۆ گەشتوگوزار هەڵپەساردبوو. ئەمساڵیش وێڕای تەقینەوەی چەند بۆمبێک لە فەڕەنسا، ئیسلامۆفۆبیا(ترس لە ئیسلام) پەرەی سەند. سەرباری ئەمانە بە هۆی خستنەخوارەوەی فڕۆکە جەنگییەکەی رووسیا لە لایەن تورکیاوە، مۆسکۆ داوای لە گەشتیارانی وڵاتەکەی کرد ساڵی ٢٠١٦ سەردانی تورکیا نەکەن. بەمەش، لەناکاو ٤ ملیۆن و نیو گەشتیاری رووس لە تورکیا کشانەوە. دوای ئەمە لە سوڵتان ئەحمەدی ئەستەنبوڵ بۆمبێک تەقییەوە. بە درووستبوونی رووخسارێکی نێگەتیڤ لە تورکیا کە تێیدا گیانی مرۆڤەکان پارێزراو نیە، کێشەکە پەلی هاویشتووە".

"گەشتیاری ئەورووپی نایهەوێ بێتە کەنارەکانی ئیژە"
بەپێی هەواڵێکی عەلی بوداک بۆ خەبەر ئێکسپرێس، بە هۆی بەردەوامبوونی کێشە و تراژێدیای پەنابەران لە دەریای ئیژەدا، گەشتیارانی ئەورووپی بە تایبەت نایانەوێ بۆ گەشتوگوزار روو لە کەنارەکانی ئیژە بکەن. ئیشلەر، بە هێنانە بەر باسی ئەم راستییە گوتی:
"کێ دەیهەوێ لە شوێنێکی پڕ لە ئازار و ناخۆشی، گەشتوگوزار بکات و بحەسێتەوە؟ لە موغڵا ٣٤٩، لە ئیزمیر ٢٠٣، لە ئایدن ١٦٩، لە چاناک قەڵا ٣٥، لە دەنیزلی ٢٠ و بە گشتی ٩٠٨ شوێنی گەشتیاری بۆ فرۆشتن دانراون. لە ناو ئەم شوێنانەدا، هۆتێلی ٥ ئەستێرە، میوانخانە، مۆتێل و سویت، بەدیدەکرێن. بەهای ئەو شوێنانە لە موغڵا بڕی ٤ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن لیرە، لە بۆدروم هۆتێلێک بایی ٣٠٠ ملیۆن لیرە و لە ئیزمیر بایی ١ ملیار و ٩٨٩ ملیۆن لیرە هەیە. زۆربەی ئەو گەشتیارانەی کە لە تورکیا هەڵگەڕاونەتەوە روو لە دوورگەکانی کەناری، ئیسپانیا، پورتوگاڵ، کرواتیا و بە تایبەتیش یۆنان دەکەن. ئەمساڵ ئاژانسە بیانییەکانی گەشتیاری، تورکیا، تونس، مەراکش، جەزایر و میسریان لە لیستی پرۆگرامەکانی خۆیان بۆ گەشتوگوزار دەرهاویشت. هۆکاری سەرەکیی دانانی ئەو هەموو شوێنە گەشتیارییە بۆ فرۆشتن، خراپبوونی بارودۆخی کەرتی گەشتیارییە، بەڵام لەم بابەتەشەوە هیچ کارێک ناکرێت".


"ئەگەر رێگاچارەیەک نەدۆزینەوە، تورکیا دەبێت بە کەلاوەی هۆتێلەکان"
ئیشلەر، وێڕای تیشک خستنە سەر ئەوەی کە پێویستە هەنگاوی پێویست بۆ بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاریی تورکیا بنرێت، دەڵێت:
"تا ئەو کاتەی بە هۆی سیمای تورکیا وەک وڵاتێکی نائارام و ئاڵۆز، بازاڕ و سەرمایەی ئەوروپا روو لەم وڵاتە نەکات، بەردەوام لە زەرەر و زیان دەبین. کەرتی گەشتیاریی تورکیا لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا، ٣ ئەوەندە گەشەی کردووە. بەڵام لە شوێنێک کە گەشەسەندن هەبێت، قەرزی بانکی هەیە. خاون هۆتێلەکان بەو قەرزە بانکییانە وەبەرهێنانیان ئەنجامداوە. لەناکاو کاتێک رێژەی داهاتیان بۆ نیوە دابەزیوە، دەستیان بە فرۆشتنی شوێنە گەشتیارییەکان کردووە. چونکە نایانهەوێ بکەونەوە دەست بانک و لانیکەم بە نرخی خۆی دەیفرۆشنەوە. 
ئەم زیانانە لە ساڵی ٢٠١٦دا زیاتر دەبن. ئەگەر رێگاچارەیەکی بۆ نەدۆزینەوە، تا کۆتایی ٢٠١٦ تورکیا دەبێت بە کەلاوە و زبڵخانەی هۆتێلەکان. چونکە هەموویان بۆ فرۆشتن دادەنرێن. پێویستە تورکیا سەبارەت بە کەرتی گەشتیاری هەندێک بڕیار وەربگرێت. دوای لەناوچوونی کەرتی گەشتیاری، هاندان و پاڵپشتی لەو کەرتە هیچ واتایەکی نابێت. بۆ رزگاربوون لەم کێشەیە دەبێ ئێستا کە نەخۆشە یارمەتی بدرێت، نەک دواتر کە مرد و لەناوچوو. ئەگەر ئێستا دەوڵەت باسکی لێ هەڵنەماڵێت، کێشەکە زۆر گەورەتر دەبێتەوە".

"پێویستە پشتگیری لە کەرتی گەشتیاری بکرێت"
ئیشلەر رەخنە لەوە دەگرێ کە؛ "سەرەڕای ئەم هەموو کێشە و گیر و گرفتە، هێشتا بەرپرسان هیچ لێدوانێکیان نەداوە و وا هەڵسوکەوت دەکەن، دەڵێی هیچ نەقەوماوە و دونیا شامی شەریفە". محەممەد ئیشلەر سەرۆکی ETİK دەڵێت:
"پێویستە هەر وەک چۆن یارمەتی بە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی دەدەرێت، کەرتی گەشتیاریش هان بدرێت و یارمەتی بکرێت. لەم بوارەوە دەکرێ هەندێک رێوشوێن بگیرێنە بەر کە لە خزمەت کەرتی گەشتیاریدا بن. بە جۆرێک کە ئەو کەرتە بتوانێ لەم قۆناغە قەیراناوییەدا لە سەر پێی خۆی بوەستێت."
بە گوێرەی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا(TÜİK)؛ ساڵی ٢٠١٥ داهاتی کەرتی گەشتیاریی تورکیا ٣١ ملیار و ٤٦٤ ملیۆن و ٧٧٧ هەزار دۆلار بووە و بە بەراورد لە گەڵ ساڵی ٢٠١٤ بە رێژەی ٨،٣% دابەزیوە.


پەیوەندی‌دار:

سێ رۆژە دووکاندارانی بازاڕی بانە لە مانگرتندان

هەرێمی کوردستان داوای هاریکاریی دارایی لە ئێران دەکات

"شتومەکی هەناردەکراو لە تورکیاوە بۆ لای داعش، پتر لە ١٠ ملیۆن دۆلارە"

یەکەم کەشتیی نەوتی ئێران بەرەو ئەورووپا وەڕێ کەوت

ئەمریکا بەنیازە ئابڵۆقەی زیاتر بخاتە سەر ئێران

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە