بابەتی گەرم:

ئیبراهیم شێخ شه‌ره‌فی

کۆتایی برایەتیی حکوومەتی ئەردۆغان و جەماعەتی گولەن (دوو دیمەن)

Tuesday, April 1, 2014
ئیبراهیم شێخ شەرەفی
دیمەنی یەکەم؛
"غوربەت سەختە! دەردی دووری و غەریبی گرانە! هەر بۆیە لەم بۆنە تایبەتییەدا دەڵێم: ئێمە دەمانەوێ جارێکی تر ئەوانەی لەم خاکە دوورن و بە حەسرەتی وڵاتەوە رۆژگاری غوربەتیان بەسەردەبەن، لە پاڵ خۆماندا ببینینەوە... با ئەو دەردی دووری و غوربەتە کۆتایی بێت و بە یەکتر شاد بینەوە...!"

رۆژژمێرەکان مانگی حوزەیرانی 2012 یان پیشان دەدا. سەرۆکوەزیری تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان لە دەیەمین فیستیڤاڵی "ئۆلەمپیاتی تورکی" کە ڤیستیڤاڵێکی گۆرانی و موزیک بە زمانی تورکییە و ساڵانە بۆ فێرگە و خوێندنگاکانی فەتحوڵا گولەن لە سەرانسەری دونیا، لە تورکیا ڕێکدەخرێت (و لە کاتی بەشداری (گەیلان تاهیر) لە ساڵی 2013، بەشێکی ڕاگەیاندنی کورد لە باشووری بە ئەنقەست و بۆ گەوجاندنی خەڵک بە ئاهەنگی ئۆڵۆمپیاتی کوردی/تورکی باسیان لێوە دەکرد!) لە ئەنکارا و بە ئامادەبوونی هەزاران کەس لە بەشدارانی ئەو فیستیڤاڵە بانگی لە مامۆستا و ڕێبەری دینی خۆی "فەتحوڵا گولەن" دەکرد کە بگەڕێتەوە نیشتمان و کۆتایی بە دەردی غوربەت بێنێت. ئەو ئیستا دەسەڵاتی تەواوی تورکیای لەدەست دابوو و لە درێژەی دە ساڵی حوکمڕانیی تورکیا بە پشتیوانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی فەتحوڵا گولەن توانیبووی دەسەڵاتیکی تۆکمەی سیاسی دابمەزرینێت و کۆتایی بە دەسەڵاتی سەربازی لەو وڵاتە بێنێت. هاوکات هەر لە ڕێگەی لایەنگران و کەسانی سەر بە جەماعەتەوە و بە پلانێکی ورد و دەقیق سەرجەم دەزگاکانی دادوەری، ئەمنیەت و پۆلیس لە ژێر کۆنترۆڵی "خۆمانە"دا بوون و مەترسییەک لە ئارادا نەمابوو. ئەردۆغان ئێستا بانگی لە پشتیوان و – بە جۆرێک لە جۆرەکان - "ئەندازیار"ی سەرجەمی ئەو پرۆسەیە دەکرد کە بگەرێتەوە وڵات. هاوتەریب لەگەڵ ئەم پێشڤەچوونەی ئیسلامییەکان لە دەسەڵاتی تورکیادا بەدەستیان هێنابوو و لە درێژەی ئەو ساڵانەدا، بەرەبەیانی هەموو ڕۆژێک خەڵکی تورکیا بە هەواڵی ئۆپەراسیۆنی گەورە و بەرفراوان وەخەبەر دەهاتن؛ ئەرگەنەکۆن، بالیۆز، ئۆدا تیڤی، گۆڤاری نۆکتا، ک.ج.ک، .... چەندانی تریش کە سەرجەمیان ڕوو بە سێ لایەنی کۆمەڵگای تورکیا بەرێوە دەچوون؛ سوپا و ئەو سەرکردە سەربازیانەی بەردەوام هەرەشە بوونە بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی و سڤیل لە لایەک و بزووتنەوە ئیسلامییەکان لە لایەکی ترەوە، سیاسەتمەدار و چالاکڤانە سیاسی و مەدەنییە کوردەکان، و لایەنی سیهەمیش بریتی بوون لە هێزە چەپەکان و ڕۆژنامەنووس و چالاکانی دژ بە دەسەڵاتی حوکمڕانیی پارتی داد و گەشەپێدان. لەبەرامبەر سەرجەمی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا کە تیایاندا بە دەیان و سەدان کەس لە سەرلەشکر، سەرکردەی سەربازی، سیاسەتمەدار، بیرۆکرات، چالاکانی سیاسی و مەدەنی، مامۆستای زانکۆ و رۆژنامەنووس تەنانەت خەڵکی سڤیلی بێلایەنیشی لە خۆگرتبوو، لایەنی حکومەت بچووکترین هەڵوێستی نەنواند و  هەموان بە ڕێزەوە "سەروەری یاسا"یان لەبەرچاو دەگرت و لە چاوەڕوانی بڕیاری دادگاکانی تایبەت بەو دۆزانەدا دەمانەوە. (لە کاتێکدا هەر چەند ڕۆژ دوای ئۆپەراسیۆنەکانی 17 ی دیسامبر سەرجەم ئەوانەی دەستیان لە دەستپێکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا هەبوو لە دادوەر و مودیر ئاسایش و پۆلیس، یان لەسەر کار لادران یانیش جێگۆڕکێیان پێکرا.)


بەرژەوەندی و خێری سەرجەم ئەو ئۆپەراسیۆنانە، باروودۆخە سیاسییە نوێیەکە بۆ هەردووک لا بوو. گولەن و بزووتنەوەی "خزمەت" لە فراوانبوونێکی بێهاوتای سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیداریدا، بە چوونە ناوەوە تا مۆخی سەرجەم دەزگا ئیداریەکان ئەسپی خۆیان تاو دەدا، حکوومەتەکەی ئەردۆغانیش ئەسپی دەسەڵات و حوکمڕانیی سیاسی وەها تاو دەدا کە وردە وردە خەونی بوون بە سوڵتانی عوسمانیی لە بەرگی "دیکتاتۆرێکی مۆدێرن"دا لە سەری ئەردۆغاندا چەکەرەی دەکرد. لە لایەکی ترەوە ئەو دەیان و سەدان پرۆژە گەورە ئابوورییەی کە حکوومەت لە درێژەی ئەو ساڵانەدا دەستی بە جێبەجێکردنیان کردبوو، سەرچاوەیەکی بێهاوتای بەدەست‌هێنانی سەرمایە و ڕانت و خێر و بێر بوون بۆ ئەو دەستەیە کە لەناو دەسەڵاتدا بوون و دواجاریش بە ئاشکرابوونی پەیوەندییە نایاساییەکانی بەشێک لە ئەندامانی ئەو حکوومەتە (وەک لە ئۆپەراسیۆنیەکانی 17ی دیسامبردا ئاماژەی بۆ کراوە و ئیدیعای بۆ دەکرێ) وە تێوەگلانیان لە گەندەڵی و بەرتیلەوە پەردە لەسەر زنجیرەیەک دۆسیەی گەندەڵی گەورە لادرا کە دەکرێ وەک هەرەشەیەکی گەوەر بۆ سەر مسداقیەتی حکومەتێک ئەژمار بکرێن.   


دیمەنی دووهەم: "ئەو زاتە نابین وا لە پەنسیلڤانیا پاڵی داوەتەوە! ئەوە لەوپەڕی بێ شەرمیدا و بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سێبەر، تەداخولی ژیانی هاوڵاتیانی تورکیا دەکات. تەلەفۆنی سەرۆکوەزیران دەخاتە ژێر کۆنترۆڵ! دەچێتە ناو مەحرەمی شەخسی خەڵکەوە و دواتر شانتاژ بە سەر ژیانی هاوڵاتیانەوە دەکات. ئەو دەیهەوێ لەو دوورەوە و لەو شوێنەی پاڵی داوەتەوە کودەتا بەسەر ئیرادەی گەلی تورکدا بکات... نیازی ئەو زاتە تێکدانی ئەو ئارامی و سەقامگیرییە سیاسی و ئابووریەیە کە لە سایەی دەسەڵات و حکوومەتی ئێمەدا بەدەست هاتووە. ئەو دژی پێشکەوتنی ئابووری و دژی پرۆسەی ئاشتییە..... دەیهەوێ بە بنایتنانی دەوڵەت و دەسەڵاتێکی هاوتەریب، شکست بە حکوومەتی ئێمە بێنێت. بەڵام ئێمە ئەو دەوڵەتە هاوتەریبە تێک دەشکێنین.  با خۆی و هاوپەیمانەکانیشی باش بزانن؛ نە ئێمە و نە گەلی ئێمەش تەسلیمی ئەو جۆرە هەڕەشە و گوڕەشانە نابین و لە 30 مارسدا وەڵامی هەموویان دەدەینەوە."

شوێن، مەیدانەکانی هەڵبژاردن و کاتیش دەمەو بەهاری 2014 یە و بەر بە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تورکیاوە. مەراسیمی کردنەوەی پرۆژەی خزمەتگوزاری و مەیدانەکانی هەڵبژاردنە خۆجێییەکان جممەیان دێ و بوون بە گۆڕەپانێک کە تیایدا ئەردۆغان شەری گەرمی خۆی لە دژی فەتحوڵا گولەن و جەماعەتەکەی ڕاگەیاندووە و شەو ڕۆژ لە دژی پێکهاتەی جەماعەت  و ڕێبەرە ڕۆحیەکەی پرۆپاگەندە دەکات. بەردەوام و بە پێداگرییەوە باس لەو پێکهاتە نهینییەی جەماعەتی گولەن دەکات کە لە ناو دەسەڵاتە باڵاکانی حکوومەتدا خۆی حەشار داوە و وەک ئیدیعا دەکرێ دەیهەوێ هەرچی فایلی گەندەڵی و نایاسایی ژێر بەڕەی ئەو حکوومەت هەیە بیخاتە سەر بەڕە و بەمجۆرەش کودەتا لە دژی دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان بکات و هەوڵ بۆ لەسەرکارلادانی ئەو حکوومەتە بدات.

دۆست و هاوپەیمانی دوێنێ، ئەمرۆکە بوون بە دوژمنی سەرسەختی یەکتری. گولەن لە پەنسلڤانیاوە "دوعای بەد" دەنێرێ و ئەردۆغانیش لە مەیدانەکانی هەڵبژاردنەوە هەرەشەکانی خۆێ بێ پەروا و پشت قایم، دووبارە و سێبارە دەکاتەوە. ئێستە دەکرێ باش سەرنجی ئەوە بدرێ کە چۆن چۆنی گولەن و جەماعەتەکەی بە درێژایی ئەو ماوەیە و تا 17ی دیسامبر چاوپۆشییان لەو گەندەڵی و کارە نایاساییانە کردووە کە ئیدیعا دەکەن حکوومەتەکەی ئەردۆغان تێیەوە گلاوە و لەولاشەوە حکوومەتی ئەردۆغانیش چۆن چۆنی چاوپۆشیی لە ڕیشەداکوتانی جەماعەت کردووە لە ناو سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەتدا ـ بەجۆرێک کە ببێت بە حکوومەتێکی سێبەر و هەرەشە بێت بۆ سەر دەسەڵاتێکی سیاسی و یاسایی.

سەیر لەوە دایە ئەردۆغان، وەک ئەوەی ئەو شتە گرینگە وا خۆی ناوی ناوە دەوڵەتی سێبەر یان هاوتەریب/ی  لە دوای 17 ی دیسامبرەوە کەشف کردبێت، بابەتی ئەو پێکهاتە هاوتەریبەی گولەنی لە ناو حکوومەتدا کردۆتە قسە و باسی هەرە سەرەکیی پڕۆپاگەندەی هەڵبژارنە ناوخۆییەکان. پرسیار ئەوەیە: ئاخۆ ئەو پێکهاتە هاوتەریبەی دەیهەوێ ببێت بە سێبەر بۆ حکوومەتی پارتی داد و گەشە پێدان، لەو سێ مانگەی دواییدا و لە دوای ئۆپەراسیۆەنەکانی 17ی دیسامبرەوە دامەزراوە؟ ئەوانەی  هەندێک ئاگاداری بارودۆخی سیاسیی تورکیا بن و نەختێک تێی بفکرن، دەزانن کە وەڵامی ئەو پرسیارە تارادەیەک ڕوون و ئاشکرایە.

ئاشکرایە کە کارێکی لەو جۆرە، کاری سێ مانگ نییە و دەبێ مێژوویەکی دوورتری هەبێت. کەوابوو دووبارە ئەو ڕاستییە ئاشکرا دەبێتەوە کە چاپۆشی کردنی حکوومەت، وەک دەسەڵاتی سیاسی، تا ئەو شوێنە بووە کە زەرەری بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەم نەبووە و بە پیچەوانەشەوە جەماعەتیش هەر وای ڕەفتار کردووە بەرامبەر بە هەموو ئەو گەندەڵیانەی حکوومەت کە خۆی ئیدعایان بۆ دەکات.

کەس بیری نەماوە کە لە ساڵانیکی زۆر لەمەو پێشەوە کەسانێک هەبوون لەسەر ئەو بابەتە کاریان کردووە و بەردەوام ئاماژەیان بۆ پێکهاتەی ئەو دەسەڵاتە نێهێنییە کردووە کە دەیهەوێ وەک دەسەڵاتێکی سێبەر ڕکێفی دەسەڵاتی سیاسی بگرێتە دەستی خۆی. زۆربەی زۆری ئەوانەش کە سەبارەت بەو مەسەلە کاریان کردووە تووشی گیران و قۆڵبەستکران و زیندان بوونەتەوە. کەم کەس بیری ماوە دەمەوبەیانییەک هەڵیانکوتایە سەر ماڵی رۆژنامەنووس "ئەحمەد شک" و دەستیان گرت بەسەر کۆمپیوتەرە تایبەتیەکەیدا کە کتێبی هێشتا بڵاونەکراوەی "لــەشکــری ئیمـــام"ی تێدا بوو. ئەو کتێبەی بە ورد و درشتی باس لە هاتنە مەیدانی گولەن و جەماعەتەکەی و نفوزکردنیان دەکات بۆ ناو داموودەزگا ئیدارییەکانی دەوڵەت. ئەو کات کە ئەحمەد شک لە هەوڵی ئەوە دابوو ئەو دەوڵەتە سێبەرەی گولەن کەشف بکات، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەرگەنەکۆن لە 2011 دا قۆڵبەست کرا و دواتر بۆ ماەوەی زیاتر لە ساڵێک زیندانی کرا.

لە ناو حکوومەتەکەی ئەردۆغانیشدا، وەک هەموو دەسەڵاتە پاوانخواز و بەرژەوەندیخوازەکانی تری دونیا، ئەحمەد شک و سەرجەم ئەوانەی دەیانهەویست پەردە لەسەر ئەو مەسەلە نهێنییە هەڵدەنەوە، وەک "دەسیسەی دەرەکی" و "لایەنگرانی کودەتای سەربازی" ناوزەد دەکران و ڕەوانەی زیندان دەکران.

ئەردۆغان و پارتەکەی کە بە درێژایی دوازدە ساڵی رابردوو حوکمی تورکیایان لەدەست دابووە، یەکێک لە گەورەترین پشتیوانە سیاسی و جەماوەریەکانی خۆیان لەدەست داوە. ئاخۆ سەرجەمی ئەو هەرایەی نێوان ئەردۆغان/ حکوومەت و گولەن/جەماعەت چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی تورکیا کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ئەنجام بدرێن؟ هەڵبژاردنێک کە لە ئێستاوە وەک خاڵی وەرچەرخان هەم لە مێژووی ئا.ک. پ و ئەردۆغان و هەمیش لە مێژووی تورکیادا ئەژمار دەکرێ. ئاخۆ  پێگەی ئەردۆغان و پارتەکەی چ گۆرانکارییەکی بەسەر دادێت؟ لەلایەکی ترەوە، شەڕی نێوان گولەن و ئەردۆغان چ کاریگەرییەکی هەیە لەسەر پێگەی جەماوەری و ڕێژەی دەنگاکانی کورد و لایەنەکانی تری ئۆپۆزسیۆنی تورکیا؟!
 

درێژەی هەیە...



پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷