بابەتی گەرم:

ئیبراهیم شێخ شه‌ره‌فی

"سەرکەوتنی" ئەردۆغان

Tuesday, April 1, 2014
ئیبراهیم شێخ شەرەفی
 
نە ئۆپەراسیۆنەکانی 17ی دیسامبر لە دژی ئیدیعاکانی گەندەڵی و بەرتیلخۆری، نە تۆماری دەنگی ئەردۆغان و ئەندامانی کابینەکەی، نە فشاری ئەردۆغان بۆ سەر ڕۆژنامەوان و میدیاکان، نە هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆسەر ئازادی و دێموکراسی و مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ لە تورکیا،  نە ڕووداوەکانی پارکی گەزی و دواتری ئیستانبوڵ و شارە گەورەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی توند و تیژی پۆلیس، نە هێرش و هەڵوێستی گولەن و جەماعەتەکەی و نە پرۆپاگەندەی پارتە بەرهەڵستکارەکان لە ناوەڕاست و رۆژئاوای تورکیا، هیچ کام لەم فاکتەرانە بچووکترین کاریگەرییان نەکردە سەر دەنگدەرانی پارتی داد و گەشەپێدان و پێگەی جەماوەریی ئەو پارتە لە تورکیا. لەم سۆنگەیەوە، ئەنجامی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی تورکیا سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ ئەردۆغان بەرامبەر هەموو ئەو تەحەددایانەی لەدرێژەی چەندین مانگی بەر لە هەڵبژاردنەوە لەبەرامبەریدا قووت ببوونەوە.

گەر هاتبایە و ئەو بارۆدۆخە لە وڵاتێکی پێشکەوتوو کە تیایدا یاسا باڵادەستە و سەروەریی یاسا لەسەروو هەمووانەوەیە هاتبایە ئارا و ئەو کۆمەڵە ئیدعا جددیەی ڕووبەڕووی ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەی کراونەتەوە لە ئارادا بوونایە، دەبووایە ببن بە هۆی کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی حاکم یان لانیکەم گۆڕانکاری لە سیماکانی ناو دەسەڵاتدا. بەڵام ئەو ڕاستییە بۆ تورکیا دەستی نەدا. دەنگدەری تورکیا تەنانەت بچووکترین هوشیارکردنەوە و ئاگادارکردنەوەشی نەدا بە ئەردۆغان و پارتەکەی، تا وا لە ناوبراو بکات تا جارێکی تر بە هەڵوێستەکانیدا بچێتەوە و جۆرە نەرمی‌نواندنێک لە سیاسەتی لەمەودوایدا بگرێتە بەر؛ بە پێچەوانەوە ئەو دەرەنجامانە رێگەخۆشکەر دەبن تا ئەردۆغان لەسەر هەڵوێستی تاکڕەوەی و بەرنامەی سیاسیی خۆی  بەر بە ئامانجەکانییەوە، شێلگیرانەتر هەنگاو بنێ. ئەو مەسەلە زۆر بە ئاشکرا لە یەکەم دەرکەوتنی ئەردۆغان دوای هەڵبژاردنەکان ڕەنگی دایەوە، کاتێک ڕوو بە جەماوەری ئاهەنگ‌گێڕی بەردەم بارەگای ناوەندی
AKP لە ئانکارا سەرکەوتنی خۆی و پارتەکەی ڕاگەیاند. لەکاتێکدا چاوەڕوان دەکرا ئەردۆغان هەڵوێستێکی نەرمتر لە ڕۆژانی پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردن بنوێنێ، ئەو بە هەمان ڕیتم و بە هەمان شێوازی هەڵوێستەکانی پێشووی درێژەی بە هەرەشە بۆسەر دژبەرانی دا و بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانەوە بەستەوە بە سەرەتای دەسپێکی پرۆپاگەندە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری کە بڕیارە لە مانگی ئۆگۆستی داهاتوودا ئەنجام بدرێ.
 
 

سەرنجڕاکێش ئەوەبوو کە ئەردۆغان لە کاتی دەرکەتن بەرامبەر بە جەماوەری ئاهەنگ‌گێڕ و لایەنگرانی پارتەکەیدا، بە پێچەوانەی سەرکەوتنەکانی جارانی کە دەست لە ناو دەستی ئەندامانی کابینەکەی سڵاوی لە جەماوەری ئاهەنگ‌گێر دەکرد، ئەمجارەیان دەست لە ناو دەستی ئەندامانی بنەماڵەکەی و بە لەپەراوێزدا مانەوەی ئەندامانی پارتەکەی سەرکەوتنەکەی ڕاگەیاند. ئەوەش ڕاستەوخۆ وەڵامێک بوو بۆ ئەو تۆمارە دەنگیانەی خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی کە بڵاو کرابوونەوە و تەحەدایەک بوو، هەم بۆ ئەو دۆزگەرانەی دۆزی گەندەڵییان لە دژی کردۆتەوە و هەم بۆ ئەو بەشە لە خەلکی تورکیا کە تا ڕادەیەکی زۆر بڕوای بەو ئیدیعایانە کردووە و لە سەرووشیانەوە پارتە بەرهەڵستکارەکان. (بە پێی ئەو تۆمارە دەنگیانە بێت، رۆژی 17 دیسامبر ئەردۆغان لە بەیانییەوە تا ئێوارە سێ بۆ چوار جار تەلەفۆن بۆ بیلالی کوڕی دەکات و داوای لێ دەکات کە بە پەلە هەرچی پارە و پوڵی هەیە [زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلار و چەند ملیار لیرەیەک] بشارێتەوە و بەجۆرێک لە جۆرەکان لە دەست خۆی بهاوێتە دەر.)


خاڵێکی تری جێی سەرنجی وتارەکەی ئەردۆغان، دەرهاویشتنی پارتی ئاشتی و دێموکراسی بوو لە ڕیزی ئەو بەرەیەی لە ژێر هەڕەشەکانی ئەردۆغاندا بوون و سێکوچکەی گولەن-CHP- MHP لەخۆ دەگرێ.

هێز و قورسایی فەتحوڵا گولەن و پێگەی جەماوەریی جەماعەتەکەی، بچوکترین کاریگەرییان نەبوو لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن. وەک خۆم لەو بڕوایە دابووم کەسێک کە خۆی و بزووتنەوەکەی پاڵپشتێکی گرینگی دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان بووبێ و پێگەیەکی جەماوەریی فراوانی لە گۆرەپانی سیاسییی تورکیادا هەبێت و لەوەش زیاتر، لە ڕێگای تۆڕێکی بەربڵاوەوە توانیبێتی نفووز بکاتە ناو سەرجەم دامودەزگا سەرەکییەکانی پێکهاتەی حکوومەت تا ئاستی ئەوەی بە "حکومەتی سێبەر" ناوزەد بکرێ، پێگەی ئەردۆغان دەخاتە مەترسییەوە. بەڵام وا نەبوو و ئەو دەرەنجامانە ئەو ڕاستییەیان دەرخست کە سەنگی "جەماعەت" لە ناو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی تورکیادا، بەو ڕادەیەش خەیاڵی نەبوو کە ئیدعای بۆ دەکرا. لەوانەشە لە دوڕیانی جیابوونەوەی لایەنگرانی ڕەوتی ئیسلامی ناو کۆمەڵگەی تورکیادا، ئەو بەشەی کە لە نێوان پارتی داد و گەشەپێدان و بزووتنەوەی خزمەتدا لە دوودڵیدا مابوونەوە، خۆیان یەکلایی کردبێتەوە و لە نێوان دەسەڵاتی ڕەسمی و لەسەرکاری حکوومەتیی  ئەردۆغان- سا با بە دەیان تۆمەتی گەندەڵی و بەرتیلخۆریشی درابێتە پاڵ- و بزووتنەوەی خزمەتدا لایەنی ئەردۆغانیان هەڵبژاردبێ.

کورد و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە باکووری کوردستان
 
لایەنی دووهەمی سەرکەوتووی ئەو هەڵبژاردنانە پارتی ئاشتی و دیموکراسی (BDP) یە. سەلاحەدین دەمیرتاش‌ی هاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دێموکراسی لە یەکەم لێداوانیدا لە دوای هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند کە ئەوان گەیشتوونەتە ڕێژەی زیاتر لە هەشتا لەسەدی ئەو ئامانجانەی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکاندا پلانیان بۆ دانابوو.BDP  توانی ڕێژەی شارەوانییەکانی لە هەشت شارەوانییەوە بۆ یازدە شارەوانی [ئەحمەد تورک لە ماردین وەک بەربژێری سەربەخۆ بەشداری کرد] بەرز بکاتەوە و دێرسیم و بتلیس و ئیغدر لە دەستی AKP بینێتە دەر. بەڵام نەیتوانی ئەو سەرکەوتنەی چاوەڕوان دەکرا لە ئورفا بەدەست بێنێ کە یەکێک لە شارەوانییە گرینگەکانی دەست AKP یە و لە ساڵی 2004ەوە لەژێر دەسەڵاتی ئەواندایە. عوسمان بایدەمیر، سەرەڕای ئەوەی رێژەی دەنگی پارتەکەی لەو شارە بە رێژەیەکی باش بەرز کردەوە، نەیتوانی کورسیی سەرۆکایەتی ئەو شارە بەدەست بێنێت. سەرکەوتنی گولتەن کشاناک لە ئامەد دەچێتە ناو لاپەڕە تایبەتەکانی مێژووی کورد و ئەو شارە؛ کشاناک ئەمێستا سەرۆک شارەوانیی ئەو شارەیە کە ڕۆژگارێکی سەختی ژیانی لە ژێر ئەشکەنجە و لە زیندانە تاریک و بەدناوەکەیدا بەسەر بردووە.پارتی ئاشتی و دیموکراسی لەو 11 پاریزگایەدا نزیکەی سەرجەم سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارۆچکەکانی ئەو پاریزگایانەشی لە کوردستان بەدەست هێناوە. ئەو سەرکەوتنەی کورد بەدەستی هێناوە، دەکرێ بە پلەی یەکەم وەک دووبارەکردنەوەی پشتیوانیی گەلی کورد و دەنگدەرانی BDP بۆ پرۆسەی ئاشتی و تا ڕادەیەکیش پشتیوانی لە پڕۆژەی خۆسەری دیموکراتیک لەقەڵەم بدرێ کە یەکێک لە بابەتە گەرمەکانی پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردنی پارتی ئاشتی و دێموکراسی بوو. سەرکەوتنەکەی BDP ئەو ڕاستییەشی خستە بەرچاو کە پشتیوانیی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەردۆغان و پارتەکەی، هیچ ئەنجامیکی بۆ پارتی داد و گەشەپێدان لە باکووری کوردستان پێ نەبوو.

پرۆسەی ئاشتی


هەر وەک زانرا، بە درێژایی ماوەی چەندین مانگی کەمپەینی هەڵبژاردنەکان، هەنگاوێکی جددی سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی دۆزی کورد نەهاویژرا. هەر بەو پێیەش پرۆسەی ئاشتی جارێ تا ماوەیەکی تریش لە پەراوێزی ڕۆژەڤی سەرەکیی تورکیادا دەمێنیتەوە. ئەمجارەیان دەکەوێتە ژێر سێبەری هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری کە لە مانگی ئۆگۆستی داهاتوودا بەڕێوە دەچێ و زەحمەتە هەنگاوی بەرچاو سەبارەت بە مەسەلەی چارەسەریی پرسی کورد لەو ماوەیەدا هەڵێنرێتەوە. لەوانەیە ئەردۆغان بۆ پڕۆپاگەندەی سیاسی و وەدەست هێنانی پشتیوانیی کوردان لە کاتی خۆ کاندیدکردنیدا بۆ پۆستی سەرۆککۆماری، چەند وادە و بەڵێنیی جددی بە کورد بدات، بەڵام تەنانەت ئەگەر وادە و بەڵێنێکی لەم شێوەیەش بدات، جێبەجێ کردنیان تا ماوەیەکی دوورتر هەر لە قاڵبی بەڵێندا دەمێننەوە.

تورکیای دوای هەڵبژاردنەکان

تابلۆی سیاسیی تورکیا دوای ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن، ئەو ڕاستیە پشتڕاست دەکاتەوە کە دابەشبوونی کۆمەڵگەی تورکیا تا دێ قووڵتر دەبێتەوە. ئەو جیاوازییە گەورەیەی کە لە نێوان لایەنەکانی ئەو دابەشبوونەدا هەیە وا دەکا گۆڕانی ڕیشەیی لە دەنگدانەکاندا ڕوونەدات. زۆرینەی کۆمەڵگەی تورکیا لە چینێکی محافەزەکاردا کۆبۆتەوە کە فاکتەری دین تیایدا ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێ. ئەو سەرکەوتنەش کە دەسەڵاتی ئەردۆغانی گەیاندووەتە ئەمڕۆ ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستیەیە.  ئەوە لە کاتێک دایە چینی کەمالیست و سێکولار، چەپ و ئازادیخوازەکان، نەتەوەپەرستە تورکەکان، لایەنەکانی تری ئەو دابەشبوونە لە خۆ دەگرن کە بەشی زۆری پارتە بەرهەڵستکارەکان نوینەرایەتی ئەو چینانە دەکەن. ئەو پارتانەی نەیانتوانیوە هەنگاوێکی ئەوتۆ بهاوێژن کە پێگەی جەماوەریی خۆیان لەوەی کە جاران هەیانبووە فراوانتر بکەن و بازنەی سیاسەتەکانیان فروان و گشتگیرتر بکەن. هەر لە بنەڕەتدا نەبوونی ئەڵتەرناتیڤێکی بەهێز  و کاریگەر هۆکاری لەسەرپێ مانەوەی دەسەڵاتی دوازدەساڵەی ئەردۆغانە و هەر ئەوەشە وایکردووە پارسەنگی هێز لە تورکیا گۆڕانی ڕیشەیی بەخۆوە نەبینێ. ( CHP توانی دەنگەکانی لە ئیستانبوڵ و ئانکارا تا ڕادەیەک بەرز بکاتەوە، بەڵام بەو حاڵەش بەپێی ئەنجامە کۆتایی و نافەرمییەکان، نە ئیستانبوڵ و نە ئانکاراش خۆیان نەدا بەدەستەوە و لە ژێر دەسەڵاتی پارتی داد وگەشەپێداندا مانەوە.)

یەکشەممەیەکی چارەنوسساز بوو، بەڵام نەک بە ئاقاری گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی سیاسی لە تورکیادا و نە بە ئاقاری  هەنگاونانی ئەو وڵاتەشدا بەرەو بە دێموکراسیبوونێکی زیاتر، بەڵکوو چارەنووسساز بوو بۆ بەردەوامی و گوڕو تین بەدەستهێنانێکی زیاتر بۆ دەسەڵاتی تاکڕەوی ئەردۆغان و پارتەکەی. لەبەرامبەر ئەو هەموو ئیدعایانەی لە سەر پارتی داد و گەشەپێدان و ئەردۆغان هەبوون، دەنگدەری تورکیا چ هەڵوێستێکی نەبوو؛ وەک ئەوەی خەڵکی تورکیا لە خەوێکی قوڵدا بن! مەگەر دەکرێ سەرلەبەری ئەو هەرایەی لە 17ی دیسامبرەوە ڕۆژەڤی تورکیای داگرتووە تەنیا وەهمێک بێت؟ مەگەر سەرلەبەری ئەو کاسێتە دەنگی و ڤیدیۆییانەی بڵاو بوونەوە ساختە و بەرهەمی خەیاڵ بوون؟! یاخود خەڵکی تورکیا لە خەوێکی شیریندان!؟ خەوێکی خۆش کە کەس حەز ناکا لێی بەئاگا بێتەوە.

عەزیز نەسینی نووسەریش نەماوە ئەگینا بە ئەگەری  زۆر جارێکی تر و دوای ئەم ئەنجامە، بەر لەوەی بڕوا، بە هێواشی ماچێکی لاڕوومەتی نیشتمانەکەی دەکرد و ئەم رستەیەی لە پارچە کاغەزێک دەنووسی و بە ژوور سەریەوە بەجێی دەهێشت: "لە خەوێکی زۆر شیرین دابووی، دڵم نەهات بە ئاگات بێنمەوە!"


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷