ئیبراهیم شێخ شهرهفی
کورد؛ پارێزەری دیموکراسی لە تورکیا
Sunday, March 8, 2015
باسکن ئۆران
لە تورکییەوە: ئیبراهیم شێخ شەرەفی
سەلاحەددین دەمیرتاش بی ئەندازە AKPی خستۆتە دڵەڕاوکێ. ئەمەش پێدەچێ ئاماژەیەکی ئاشکرا بێت بۆ سەرکەوتوویی و کاریگەریەکانی ناوبراو.
لە ڕاستیدا " پارێزەری ئێستاکە" ڕەنگە درووستتر بێت، چوونکە وا باشترە نەختیک بە پارێزەوە قسە بکەین. بەڵام هەرچۆنیکی بێت، تەنیا لایەنیک کە لە بارودۆخی ئێستادا شتی جددی دەڵێت و کردەوەی جددیش ئەنجام دەدات HDPیە. بەتایبەتیش هاوسەرۆکەکەی، سەلاحەددین دەمیرتاش کە لە ناو گەنجەکاندا بە "سەلۆجان" ناوبانگی دەرکردووە.
سەرەتا حەزدەکەم بیروڕاکانم بە کورتی و لەشێوەی چەند خاڵێکدا بنووسم، دواتر بە فراوانی باسی هەر یەکێک لەو خاڵانە دەکەم؛
١. خاڵی جەوهەری لە ڕاگەیاندنە هاوبەشەکەی ٢٨ی شوباتدا مەسەلەی "وازهێنان لە چەک" نیە، بەڵکوو بنیاتنانی ئەو هەلومەرجە دیموکراتیەیە کە تیایدا ئیمکانی وەدیهاتنی ئەو مەسەلەیە دێتە پێش.
٢. لە دوای ئەم ڕاگەیاندراوەوە، کوردەکان تەنیا بەربەستی سەرەکی و جدددین بەرامبەر بە ئەردۆغان-ێک کە بەرچاوی تاریک بووە.
٣. تاکە لایەنێک کە لە سەرووبەندی هەڵبژاردنەکاندا براوەی ئەو مەسەلەیە HDPیە و بە ئەگەری زۆرەوە %١٠ ی بەربەستی هەڵبژاردن دەبڕێت.
٤. ئەردۆغان هیچ ڕازی نیە لە دۆخەکە و سەلۆجان-ی بکەویتە بەردەست لە جامە ئاوێکدا دەیخنکێنێ.
٥. نیگەرانی هەبوو سەبارەت بەوەی بەرامبەر بە چەند داواکارییەک کوردەکان پشتیوانی سیستەمی سەرۆکایەتی ئەردۆغان بکەن و پشت بکەنە دیموکراسی. دوا پێشهاتەکان ئەو گریمانەیەی بە تەواوەتی لاواز کردووە.
"دانانی چەکەکان" بەر لە هەبوونی دیموکراسی
کاتێک داودئۆغڵو لە 3ی ئادار دا گوتی؛ " ئەوە بە تەواەتی بانگە بۆ وازهێنان لە چەک. ئەو پەیامە چەکدانانی لە ناخی خۆیدا هەڵگرتووە،" بە ئاشکرا دیار بوو کە ئەو نەک ئەسڵی مەسەلەکە، بەڵکوو هیوا و ئاواتی خۆی دەهێنایە زمان. لەبەر دوو هۆکار؛
یەکەم؛ کوردەکان بە درێژایی مێژوو زۆر جار بڕوایان بە دەوڵەت کرد و وازهێنان لە چەکیان بە تاقیکردەوە. گەلێک نموونەی بەرچاو لەبەر دەستن. لە ساڵی 1937 لە دێرسیم سەید رەزا بۆ گفتووگۆکانی ئاشتی بانگهێشتی ئەرزنجان کرا. لە کاتی هاتنیدا، لە رێگە گیرا و لە رۆژێکی پشووی یەکشەممەدا، چەند حاکمێکیان لە ماڵەوە هێنایەوە بۆ دادگا و بە دادگاییەکی خێرا بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا. PKK بە دەیان جار چەکی دانا، بەڵام چ دیموکراسیەک نەهاتە ئاراوە. ساڵی 2009 جارێکی تر و بە بڕواکردن بە دەوڵەت ئەندامانی PKK لە خاڵی سنووری خابوورەوە هاتنەوە و هەر لەبەر ئەوەی بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازیان لێکراو لێدوانیان بۆ پیشوازیکەران دابوو، مەحکوم بە 10 ساڵ و دە مانگمان کردن.
هەر بۆیە ئۆجالان لە دوای چاوپێکەوتنی 29.11.2014 سەبارەت بەو پەیامانەی کە لەوەو پێش بۆ دانانی چەک ئاراستەی PKKی کردبوو ڕەخنەی لە هەڵوێستەکانی لەوەوپێشی خۆیان گرت.
دووهەم؛ کورد هەر لە ئەساسدا چەکی داناوە. ساڵانێکە هاتنەوەی تەرم و جەنازە بۆ رۆژئاوای وڵات کۆتایی هاتووە.
بەڵام ئەگەر مەبەست لە "چەک دانان" کۆکردنەوەی چەکەکان بێت، دەسپێکی مەسەلەکە و هاویشتنی هەنگاوی یەکەم لەوانەوە کە بە درێژایی 75 ساڵ بە خەباتی بێوچان کوردبوونی خۆیان بە بەرامبەرەکەیان قبوڵاندووە و هەر تەنیا لە سی ساڵی ڕابردوو دا 30000 قووربانیان بۆ ئەو مەبەستە داوە، چاوەڕوانیەکی بێ جێیە.
دواجار جەمیل باییک کۆی مەسەلەکەی بۆ ئەم پرسیارە کورت کردەوە؛" کام کێشە چارەسەر کراوە تا ئێمە چەک دابنێین؟!"
هەر بۆیە تا ئەو رۆژەی کورد ڕیفۆرمێک لە لایەنی حکومەتدا نەبینێ،هۆکارێک لەگۆری نییە تا سوک و هاسان خۆبەدەستەوە بدات.گەورەترین داوایەک سەبارەت بە سۆزیان بۆ وڵاتپارێزی کە دەکرێ لێیان بکرێ، ئەوەیە کە هاوکات لەگەڵ پرۆسەی ڕێفۆرمدا ئەوانیش درێژە بە ئاگربەستەکەیان بدەن.
بەربەستێکی سەرەکی لەبەردەم پاشایەتی هەڵبژێردراو دا
لە تورکیە ڕاستیەکی حاشاهەڵنگر هەیە؛ ئەردۆغان کە لە ئەنجامی ڕووداوەکانی گەزی و ئۆپەراسیۆنەکانی 17 و25ی دیسامبر بە تەواوەتی "باری دەروونی تێک چووە"، هەموو هەوڵ و کۆششی بۆ مانەوەی خۆی لەوەدا چر کردۆتەوە کە جارێکی تر ڕووداوی هاوشێوە دووبارە نەبنەوە. حاڵەکەی حاڵ نییە؛ بۆ دوژمنەکەشمی ناخوازم. ئەگەر بەو بێت، حەز دەکات بە پاڵپشتی "پاکێجی ئاسایشی ناوخۆ" هەرچی ئەوانەی دەستیان قەڵەم دەگرێ و توانای نوسینیان هەیە و ئەوانەی هەر تەنیا دەستیان پلانکارت دەگرێ و توانای خۆپیشاندانیان هەیە، لە بێشکەی خۆیاندا خەفە بکات. بێگومان لە پێش هەمووشیاندا دیسان خۆپیشاندان و نارەزایەتی کوردەکانە، کە داواکاریەکانیان جێبەجێ ناکرێ.
ئێستاکە کورد لە شێوەی بلۆکێک دا لە دژی ئەوە وەستاونەتەوە؛
پەروین بوڵدان: " ئەو پاکێجە، بەبێ گوێدانە ڕەخنە و ناڕەزایەتیەکانی ئێمە لە مەجلیس تێپەر نابێ!"
سەلۆجان: " کردەوەکانی حکومەت تۆزقاڵێکیش هیوا بە هاتنی ئاشتی نابەخشن."
KCK: " گەر حکومەت پەرپرسیاریەتیەکانی خۆی بەجێ بگەیەنێت، ئێمەش بەرپرسیاریەتی خۆمان جێبەجێ دەکەین."
مەسەلەکە بە سود و قازانجێکی زۆر زیاتر بۆHDP شکایەوە
چاوەڕوانی AKP لەو ڕاگەیاندراوە هاوبەشە (ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکەی نێوان HDP و AKP کە لە 28ی شوبات لە دۆڵمەباخچەی ئیستانبوڵ ڕاگەیاندرا.و) ئەوە بوو کە نمایەکی وا بدات بەخۆی کە چی وای نەماوە کێشەی کورد بە یەکجارەکی چارەسەر بکات و لەو سۆنگەیەشەوە ئەو مەسەلەیە بەکاربهێنیت بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا بتوانی زۆرینەیەک بەدەست بێنی کە سیستمی سەرۆکایەتی پی بنیات بنێ.
هەرچی HDPیە، بە دانی بڕیاری بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا وەک پارتێک و لەبەرچاو گرتنی ئەو ڕیسکە، لەلایەن بەردەنگ و دەنگدەرانی خۆیەوە بەشێوەیەکی گەرم پێشوازی لێکراوە. هەموو کەس زراوی لەوە چووە کە گەر بێت و بەربەستی یاسایی هەڵبژاردن نەبڕێ، ئەوا AKP زۆرینەی پێویست بۆ سەپاندنی سیستەمی سەرۆکایەتی بەدەست دێنت. هەر لە دەوروبەری خۆمدا کەسانیکی زۆر دەبینم کە تاکوو ئەمڕۆ قەت دەنگیان بە پارتێکی کوردی نەداوە و بڕیاریانداوە ئەمجارەیان دەنگ بە HDP بدەن.
هەر بۆیە HDP، کە دەنگەکانی هەر لەبەر ئەو هۆیەی ئاماژەی پێکراوە ڕوو لە زیادبووندایە، ئێستا ئیتر نەک بە ئیماژی پارتێکی جوداخواز، بەڵکوو وەک پارتێکی ئاشتیخواز و گشتگیر، ڕێی تێدەچی کە ئەو لەسەدا 2ـەی دەنگەکان کە پێویستیەتی بیخاتە سەر کۆی دەنگەکانی بۆ بڕینی بەربەستی هەڵبژاردن بە ئاسانی بەدەست بێنیت.
AKP و ئەردۆغان هیچ کەیفیان بە وەزعەکە نەهات
هەر دوو ڕۆژ دوای ئەو لێدوانەی بولەنت ئارنچ کە گووتی؛" مەسەلەی لێدوانی هاوبەش لەگۆڕێ نییە!"، لێدوانە هاوبەشەکە درا. بەهەر حاڵ، شتی وا ڕوودەدەن و ئەوە چ نیە، ئەوی ئەساسە ئەوەیە کە لەمەودوا لە ناو AKP دا ڕوو دەدا. مەسەلە سەرەکیەکە لە شوێنێکی ترە.
ئارنج لە لێدوانەکەیدا باسی مەتنێکی دەکرد.(ئاشکرای نەکرد بەڵام ئەوە هەمان ئەو مەتنە بوو کە لە 19ی شوبات دا لە Habertürk بڵاو کرایەوە. لەو مەتنەدا بەشی هەرەزۆری ئەو پێش مەرجانەی هەن کە لایەنی کوردی پێداگری دەکات لە سەریان وەک؛ یاسای باری شارستانی(TMK)، ئەنجومەنی بازاڕی سەرمایە (SPK)،لابردنی بەربەستی %10 ی یاسای هەڵبژاردن، دامەزراندنی ئەنجومەنی ناوچەیی لە سەرجەم ناوچەکانی تورکیا، جیگیرکردنی مافە کولتوریەکان لە یاسای بنەڕەتیدا و سەربەست کردنی ئەو گیراوە سیاسیانەی باری تەندروستیان ناجێگیرە.)
ئا لەو کاتەدا، ناچار بە شێوەیەکی لەچاوەڕوانی بەدەر، دەمی کردەوە و ئەوەی بە دەمیدا هات گووتی. نە سەبارەت بە دوژمنکاری سەلۆجان بۆ پرۆسەی ئاشتی هیچی تێداهێشتەوە، نە نەبوونی نیەتپاکی خۆی بۆ پەردەپۆش دەکرا. تەنانەت بە ئاماژەیەکی سەیرەوە گووتی؛" بەپێی ئەو پلە و مەقامەی هەمە، جگە لەو زانیاریانەی لەلایەن ئیستیخباراتەوە بەدەستم دەگەن، خاوەن زانیاری زۆر تایبەتی تریشم من." مەبەستی چی بوو، کەس نازانێ!
ئەرۆغانیش بەر لە ئارنچ، لە کاتی سەفەرەکەی بۆ عەرەبستانی سعودی خەتا و تاوانەکانی خستبووە ملی سەلۆجان-ەوە؛ " ئیمرالی داوادەکا چەک دابنرێ. بەڵام ئەو زاتەی سەرۆکایەتی پارتی (HDP-و) دەکات هەڵوێستێکی تەواو پێچەوانەی هەیە. وەک ئەوەی جەنابیان بڵێ؛" ئیمە جارێ دەڕوانینە هەنگا و هەڵوێستەکانی حکومەت."
"وەک ئەوەی چی" کاکی خۆم، رێکا و ڕێک ئاوای گووت. بە تەنیاش وای نەگووت و ئەوەندەشی خستە سەر؛ "داومە بە لایەنی سەرەوەتریش!"
کورتەی مەسەلەکە ئەوەیە؛ سەلۆجان بێ ئەندازە AKPی خستۆتە دڵەڕاوکێ. ئەمەش پێدەچێ ئاماژەیەکی ئاشکرا بێت بۆ سەرکەوتوویی و کاریگەریەکانی ناوبراو.
گومان
گومانی ئەوەی کە "ئۆجالان لەگەڵ حکومەت پێکهاتووە، دێموکراسی دەفرۆشی و لەبەرامبەریدا سیستمی سەرۆکایەتی دەدات و بۆ خۆشی زیندانی ماڵە و بۆ کوردیش خودموختاری وەردەگرێ" دەمێکە لێرە و لەوی دەهێنرێتە بەر باس. چونکە ئۆجالان ئاوای گوتبوو؛
"دەکرێ قسە لەسەر سیستەمی سەرۆکایەتی بکرێت. ئێمە پشتیوانی لە سەرۆکایەتی بەرێز ئەردۆغان دەکەین. دەکرێ لەسەر ئەو بناغەوە لەگەڵ AKP بگەینە ڕێک کەوتنێک. بەڵام دەبێ ئەو سیستمی سەرۆکایەتیە وەک هی ئەمریکا بێت؛ مەجلیسێکی دەوڵەتی وەک سەنا، و مەجلیسێکی گەلان." گولتەن کشاناک-ی هاوسەرۆکیش بەر لە نەورۆز، پشتیوانی خۆی بۆ ئەم لێدوانە ڕاگەیاندبوو.
شتەکە هەر بەوەندەشەوە کۆتایی نەهاتبوو؛ جگە لە سڕڕی سورەیا هیچ کوردێکی تر بەشداری گەزی نەبوو. ئۆجالانیش وەک ئەردۆغان، ئۆپەراسیۆنەکانی 17-25ی دیسامبەری وەک هەوڵێک بۆ کودەتا ناوزەد کردبوو.
سەلۆجان هەر لەسەرەتای مەسەلەکەوە هەڵوێستیکی جیاوازی نواندبوو. بۆ نموونە سەبارەت بە گفتووگۆی نێوان ئەردۆغان و بیلالی کوری گوتبووی: " لەگەڵ سەرۆکوەزیرێک کە تا ملان لە فرت و فێڵ و ساختەکاریەوە گلاوە هیچمان نیە باسی بکەین!"
شوێنگەی کورد
ئەو لێدوانانەی کە بەر لە ڕاگەیاندن و دوای ڕاگەیاندنی لێدوانە هاوبەشەکە دران، تا رادەیەکی زۆر شوێنەواری ئەو بیرۆکەیەی کە " ئەوان دیموکراسی دەفرۆشن"ی لاواز کردووە. ئەو شوینگەیەی ئێستاکە کوردەکان تیایدا جێگیر بوونە ئەمەیە:
تا ئەو کاتەی بە کردەوە کەش و هەوای دیموکراسی لە وڵاتدا نەبینن، باوەر بە AKP ناکەن.
ئەگەر لە نێوانیاندا باڵێک هەر تەنیا بە "سۆز و بەڵێن"ـەکان بڕوا بە دامەزراندنی دیموکراسی بکا و بکەوێتە ڕێککەوتن، باڵێکی تر بە ئیحتیاتەوە هەوڵی پێشگیری ئەو شتە دەدات و لە تواناشیدا هەیە.
زۆر باش دەزانن کە دانی سەرۆکایەتی بە ئەردۆغان، هیج جیاوازیەکی نیە لەگەڵ بەخشینی پەتی سێدارە بە دەستی جەللاد.
زۆر چاک ئەو ڕاستیە دەرک دەکەن کە لە تورکیەیەکدا کە تا دێ زیاتر لە دیموکراسی دوور دەکەوێتەوە، شتێکی نامەنتقیە بڕوا بەوە بکەن دێموکراسی دەدرێت بە کوردان.
ئەگەر ئەو ڕاستیە دەرکیش نەکەن، لانی کەم لێیان ئاشکرایە؛ ئەوە ئێمەن ئەمجارە یەخەیان دەگرین!
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە