ئیبراهیم شێخ شهرهفی
يەكشەممەى چارەنووسساز
Saturday, March 29, 2014
ئیبراهیم شێخ شەرەفی
تا دوایین ساتی هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن ئەردۆغان درێژەی بە شەڕی راگەیاندن لە دژی فەتحوڵا گولەن و جەماعەتەکەی دا. ئەردۆغان لە دوایین میتینگەکانیدا بە دەنگیکی نووساوەوە کە ناسینەوەی بۆ ئامادەبووانیش زەحمەت بوو پێداگری لەسەر تیکشکاندنی ئەو پێکهاتەیە کرد کە وەک خۆی دەڵێ بە ئەمری "زاتەکەی پەنسلڤانیا" ڕۆچۆتە ناو دامودەزگا ئیدارییەکان و هەڕەشەیە بۆسەر یەکپارچەیی تورکیا و ئاشتی و ئارامی وڵاتەکەی.
بە بەراورد لەگەڵ ئەمەدا، هەڵوێستی فەتحوڵا گولەن و جەماعەتەکەی لە هاویشتنەدەری کاسێت و تۆماری دەنگیدا ڕەنگیداوەتەوە (ئەگەر وای دابنێین کە سەرجەمی ئەو تۆمارە دەنگیانە لەلایەن جەماعەتی گولەنەوە سەرویس دەکرێن). تۆماری دەنگی تایبەت بە دۆسیەی گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سامانی نەتەوەیی و قەیران و کێشە سیاسییەکان کە لە دواهەمینیان، ئاشکراکردنی نهێنیترین کۆبوونەوەی سیاسی لە بەرزترین ئاستی پێکهاتەی سیاسی حکوومەتدا بوو. (ئەحمەد داودئۆغڵوو، وەزیری دەرەوە و ڕاوێژکارەکەی، ڕاوێژکاری دەزگای هەواڵگری میت و جێگری سەرۆک ئەرکانی سوپا لە ژووری تایبەتی وەزیری دەرەوە سەبارەت بە قەیرانی سووریا و ئەو پارچە زەویەی 35 کیلۆمەتریەی تورکیا کە کەوتۆتە ناو خاکی سووریا لە گفتووگۆدان.)
لەوە بترازێ گولەن و جەماعەتەکەی هەڵوێستێکی ئاشکرای توند و تیژی ئەوتۆیان نیشان نەداوە. وەک ئەوەی ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەبن ئەو کاسێت و تۆمارە دەنگی و ڕەنگیانەی هەر رۆژەی نموونەیەکی نوێیان دەکەوێتە ناو تۆڕەکانی ئینتێرنێت و لەبەریەک هەوەشانەوەی سیستمی سیاسی و ئیداری حکوومەتەکەی ئەردۆغان دەخەنە بەرچاوی هەموو دونیا، بەس بێت بۆ لەباربردن و لەبەریەک هەڵوەشانەوەی دەسەڵاتی ئەردۆغان.
لەلایەکی ترەوە دەشێ ئەو بێدەنگیەی باڵی کێشاوە بەسەر "جەماعەت" و رۆژنامە و ڕاگەیاندنەکانیان، ئاماژەی گەردەلولێکی بێدەنگ بێت کە دەرەنجامەکانی لە دوای 30 مارسەوە دەردەکەون. لە نێوان دێری گۆشەی رۆژنامەکانیانەوە، نووسەرانی نزیک لە ڕەوتی فەتحوڵا گولەن ئاماژە بە داڕمانێک دەکەن کە دیمەنەکانی هەر لە ئێستەوە دیارە. "مومتازەر تورکئۆرەن" ی رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی "زەمان" ی نزیک لە فەتحوڵا گولەن لە وتاری چەند ڕۆژ لەمەوبەریدا نووسیبووی کە لە ئەساسدا مەسەلەی شکستی ئەردۆغان شتێکی حەتمیە و یەکلایی بۆتەوە، تەنیا پێویستە ماوەی خۆی پڕ کات و بگاتە دوواین خاڵ. تورکئۆرەن پێی وایە لە ناوەڕاستی ئەو هەموو قەیرانەی ڕووبەڕووی حکوومەت بۆتەوە، لە نێو ئەو کادرۆیەی ئێستا دا کەس نایهەوێ بەرپرسیاریەتی - شکستی - ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگرێتە ئەستۆی خۆی. هەر بۆیە هەمووان چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژرادنەکان دەکەن. تورکئۆرەن دەڵێ: "لە هەفتەی یەکەمی مانگی نیساندا شاهیدی لێکترازان و جیاببوونەوەی گەورە دەبین."
پارتی داد و گەشەپێدان چ ئەنجامێک بەدەست دێنێ؟
ئاشکرایە، تاکڕەوی و دیکتاتۆریەتی ئەردۆغان کە ئێستا ئیتر لە سنوورەکانی کۆتایی نزیک دەبێتەوە، ئاشکرابوونی تێوەگلانی دارودەستەی حکوومەتەکەی لە دۆسیەی گەندەڵی و بەرتیلخۆری و فەسادی ماڵی، لەبەریەکترازانی سیستەمی دادوەری و بەستنەوەی سەرجەم دەزگا و بونیادە یاسایی و سیاسیەکان بە سەرۆکوەزیرانەوە و لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، گەردەلوولی بێدەنگ و ژێراوژێری جەماعەتی گولەن و گەلێک هۆکاری تر کاریگەری گەورە لەسەر دەنگەکانی پارتی دەسەڵاتدار دادەنێت. ئەردۆغان و پارتەکەی زۆر ئاستەمە رێژەی ئەو دەنگانە بەدەست بێننەوە کە لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی 2009 بەدەستیان هێنابوو. ئەمەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ قەیرانێکی گەورەتر کە هەر لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە بەرۆرکی ئەردۆغان – بە پلەی یەکەم- و حکوومەتی داد و گەشەپێدان دەگرێ. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە هەڵبژاردنی یەکشەممە[٣٠ی مارس] شکستێکی یەکلاکەرەوە بۆ ئەردۆغان لەگەڵ خۆیدا دینێ. ئەوە ڕاستە کە پارتی داد و گەشەپێدان ناتوانێ دەنگەکانی ڕابردووی بەدەست بهێنێتەوە، بەڵام بە ئەگەری زۆر ئەمجارەشیان بەشێکی بەرچاو لە سەرۆکایەتی شارەوانیەکانی تورکیا دەگرێتەوە دەست. ئەوە بە چ مانەیەک دێت؟ بەو مانەیە کە پاشەکشەکردنی دەنگەکانی ئەردۆغان و دەسەڵاتی پارتەکەی لە شارەوانیەکان- هەرچەندە رێژەی یەکەم دەنگیش یان شتێکی نزیک لەو ڕێژەیە بێت لە ئاستی پارتەکانی تر- بە واتای پاشەکشەی ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەی دەبێت. دواجار ڕیژەی زۆری دەنگی ئەوانەی بونەتە هۆی ئەوەی بە درێژایی دوازدە ساڵ دەسەڵاتی ئەردۆغان حاکم بێت لە تورکیا، ئێستاش هەر لە پشتی هەمان دەسەڵاتن و سەرجەمی ئەو هەرایەی لە رۆژەڤی تورکیادایە کاریگەریەکی ڕیشەیی ئەوتۆی نەکردۆتە سەر دیدی دەنگدەران و لایەنگرانی سەر بە AKP. لێرەدایە هێز و پێگەی جەماوەری جەماعەتی گولەن ڕۆڵێکی یەکلاییکەرەوەی جددی دەگێرێ. ئاخۆ گولەن بەتەواوی پشت لە پارتی داد و گەشەپێدان دەکات، یان بە پلەی یەکەم پشت لە ئەردۆغان دەکات و هەوڵەکانی لە مەودای لەسەرکارلادانی ئەو لە پۆستی سەرکردایەتی ئەو پارتە دا دەمێنێتەوە؟
پارتی ئاشتی و دیموکراسی[BDP]
بەدەپە بە نەفەسیکی نوێوە بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە دەکات. بارودۆخی ئارامی باکوور (کەس ئەو ئارامیە بە خێری ئاکەپە نەزانێ، ڕێککەوتنێکە لە نێوان دوولایەنی کێشەکە. بە پلەی یەکەم PKK و ئۆجالان شەڕیان ڕاگرتووە و کشاونەتەوە دەرەوەی سنوور حکوومەتیش لەبەرامبەر ئەمەدا ئۆپەراسیۆنەکانی ڕاگرتووە) چەندە خێری هەبووبێ بۆ AKP بۆ پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردنەکان، هێندەش خێری بۆ کوردان هەبووە. شەری نێوان جەماعەت و ئەردۆغان و ئاشکرابوونی ئەو هەموو گەندەڵیە پێگەی BDP لە ناو کوردەکاندا بەهێزتر کردووە. لەلایەکی ترەوە لەدۆخێکی ئارامی دوور لەشەر و ئۆپەراسیۆنی سەربازیدا و بە سیاسەتێکی نوێ، BDP ئاسانتر توانیویەتی لەگەڵ بەردەنگ و دەنگدەرانی خۆی پەیوەندی چێکات. سیاسەتی نەرمی نواندن و ئاشتبوونەوەیەکی رێژەیی لەگەڵ "جەردەوان"ەکان و هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی ئەوان بەلای خۆیاندا و کۆتایی هێنان بە کێشەی عەشیرەتە ناکۆکەکان لەلایەکی ترەوە دەکرێ چەند فاکتەرێک بن بۆ ئەوەی چاوەڕوانی ئەوە بکرێ BDP بتوانێ ڕێژەی دەنگەکانی و سەرۆک شارەوانیەکانی لە ناوچەکانی کوردستاندا بەرز بکاتەوە لەوەی کە ئێستا هەیەتی. کورد و پارتی ئاشتی و دیموکراسی خۆی بەدوور گرت لە شەری نێوان حکوومەت و جەماعەت. لە لایەکی ترەوە بنیاتنانی پارتێکی نوێ بۆ ڕۆژئاوای تورکیا بواری ئەوەی دا بە BDP کە زیاتر لە خەمی بەدەستهێنانی شارەوانیەکانی کوردستاندا بێت کەمتر وزە و توانای پارتەکە لە رۆژئاوای تورکیادا سەرف بکرێ .HDP وەک دەستەخوشکی BDP ئەو ئەرکەی لە پارێزگاکانی رۆژئاوای تورکیا کەوتۆتە سەرشان.
*** *** ***
پارتەکانی تری ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا هەلێکی ناوازەیان بۆ هاتۆتە پێش تا بتوانن جارێکی تر بەهێزتر لەوەی لە ماوەی دوازدەساڵی ڕابردوودا هەبوون بێنەوە مەیدان. بەڵام تا چەند دەتوانن و توانیویانە ئەو فرسەتە بقۆزنەوە؟ یەکێک لە کێشەکانی ئەو پارتانە بەردەوام ئەوە بووە کە ئەوەی دەبایە بیکەن نەیانکردووە. هەر لە بنەڕەتدا نەبوونی پارتێکی ئەڵتەرناتئڤ بۆ AKP یەکێکە لە هۆکارەکانی لەسەر پێ مانەوەی ئەردۆغان و دەسەڵاتێکی درێژخایەنی 12 ساڵە. ئەو پارتانە لەناو بازنەیەکی داخراودا ساڵانیکی زۆرە بە دەوری خۆیاندا دەخولێنەوە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی بەهێز بوونی AKP ش لاوازی ئەو پارتانە بووە. پارتی گەلی کۆماری هەرگیز پارتێکی مۆدێڕن و سێکۆلاری گشتگیر نەبووە کە بتوانێ بەشی زۆری جەماوەری تورکیا لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە. بەدرێژایی چەندین ساڵیشە نەیتوانیوە گۆڕانکاریەکی ڕیشەی لە ناو سیاسەتی خۆیدا سەبارەت بە کێشە سەرەکیەکانی ئەو وڵاتە بگرێتە بەر. بە هاتنە سەرکاری "کەمال کڵچدارئۆغڵوو"ش گۆڕانێکی ئەوتۆ لە پێکهاتە و سیاسەتەکانی ئەو حیزبەدا نەهاتە ئاراوە.
ئورفا و ئیستانبوڵ
لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی تورکیا دا ئیستانبوڵ ڕۆڵێکی ناوەندی و کاریگەر دەگێڕێ و یەکێک لەو شارەوانیە هەرە گرینگانەیە کە لە هەموو هەڵبژاردنە جیاوازەکاندا پێشبرکێی توندی لەسەر کراوە. ئیستانبوڵ لە سەردەمی سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە وەک سەرۆکی شارەوانی لە ساڵی 1994ەوە تاکو ئەمڕۆ لە ژێر دەسەڵاتی ڕەوتە ئیسلامیەکاندایە (رەفاه / فەزیلەت/ ئاکپارتی). لە هەڵبژاردنی ئەمجارەیاندا هەوڵێکی فراوان لە ئارادایە لە لایەن پارتی گەلی کۆماری، بە پشتیوانی بەشێک لە هێزە چەپەکانی تری تورکیا و تەنانەت پشتیوانی ڕاستەوخۆی سەرمایەدارە گەورەکانی ئیستانبوڵ تا ئەو قەڵایە لە دەستی AKP دەربهێنرێت. ڕووداوەکانی پارکی گەزی و ناڕەزایەتی لە ڕادەبەدەری دانیشتوانی ئیستانبوڵ لەم ساڵانەی دواییدا بەرابەر AKP دەکرێ فاکتەرێکی تر بێت بۆ ئەگەری سەرکەوتنی "مستەفا ساریگول"ی بەربژێری پارتی گەلی کۆماری بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ. دۆڕانی بەربژێری پارتی داد و گەشەپێدان لە ئیستانبوڵ یەکێک لە شکستە هەرە گەورەکان دەبێت بۆ ئەردۆغان و پارتەکەی.
لەهەمان کاتدا و لە باکوری کوردستانیش ئورفا قەڵایەکی دێرینی AKP یەو لە 2004 ەوە سەرۆکایەتیەکەی لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندایە. پارتی ئاشتی و دیموکراسی بە ئومێدێکی زۆرەوە بەربژێری خۆشناو و خۆشەویستی ناو کوردان؛ "عوسمان بایدەمیر"ی بۆ ئەو پۆستە دیاری کردووە. پێگەی سیاسی و جەماوەری بایدەمیر یەکێك لە چەکە بەهێزەکانی BDP یە بۆ ئەوەی ئەو شارەوانیە گرینگە لە باکوری کوردستان لە دەستیAKP دەربهێنێت.
کەوتنی ئەو دووشارەوانیە لە دەستی AKP دەکرێ وەک زەنگێک بۆ نزیکبوونەوەی کۆتایی دەسەڵاتی ئەردۆغان لەقەڵەم بدرێ. بۆ کورد بەدەستهێنانی شارەوانی ئورفا سەرکەوتنێکی گەورە دەبێت بەرامبەر تاکە رەقیبی خۆی لە شارەوانیەکانی باکوری کوردستان. بۆ هێزە بەرهەڵستکارەکانی ئەردۆغانیش لە رۆژئاوای تورکیا بەدەستهێنانی سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ هەنگاوێکی گرینگ و مێژووی دەبێت.
خۆ ئەگەر دیسان و تەنانەت ئەمجارەشیان AKP ڕێژەیەکی بەرچاو لە دەنگەکان بەدەست بێنێت، هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێت کە دەسەڵاتێکی تاکڕەو بە سەرکردایەتی کەسێکی دیکتاتۆری وەک ئەردۆغان کە هەڵپە و پەلەقاژەی پاراستنی دەسەڵاتەکەی توشی هیستریای کردووە مەحکوم بە نەمان و لاچوونە و ئەستەمە لە ڕەوشێکی وەک ئەوەی ئێستاکە کەوتۆتە ناوی، بتوانێ درێژە بە مانەوەی خۆی بدات.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە