بابەتی گەرم:

ویل کیملیکا

پێشەکییەک لەسەر فەلسەفەی سیاسی هاوچەرخ

Friday, March 16, 2018

نووسەر؛ ویل کیملیکا، مامۆستای فەلسەفەی سیاسی لە زانکۆی کوئینز لە کانادا.
وەرگێر؛ سیروان ساڵح زاده، ماستەری زانستە سیاسییەکان

پێشەکی کتێبی "پێشەکییەک لەسەر فەلسەفەی سیاسی هاوچەرخ" کە لە لایەن نووسەری ئەم کتێبە، ویل کیملیکاوە (Will Kymlicka) بۆ بەرگی چاپی فارسی ئامادە کراوە. [1]

بۆ من زۆر جێگای شانازییە کە کتێبەکەم وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی، خۆشحاڵم کە ئەم دەرفەتەم بۆ رەخساوە کە چەند وشەیەک سەبارەت بە کتێبەکە بنووسم. بە واتایەک ئەم کتێبە پێشەکییەکە لەسەر فەلسەفەی سیاسی هاوچەرخی رۆژئاڤا. بەڵام بە واتایەکی تر، ئەو کتێبە بەشێکی زۆر کەمتر لەوە لەخۆ دەگرێت، لەبەرئەوەی تا رادەیەک تیشک دەخاتە سەر جۆرێک لە فەلسەفەی سیاسی کە لە نێوان توێژەران لە رۆژئاڤای ئینگلیزی-ئامریکاییدا زاڵە، بە تایبەت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بریتانیا، کانادا و ئوستورالیا. هەر وەکوو هەوڵم داوە لە کتێبەکەدا شیبکەمەوە، بەرهەڤدانەکان(Debates) دەربارەی لیبراڵ-دێمۆکڕاسی لە ناو فەلسەفەی سیاسی پرۆفێشناڵی هاوچەرخی ئینگلیزی-ئەمریکاییدا[باسگەلێکی زاڵن]. بوونیادە سەرەکییەکانی لیبڕاڵ دێمۆکڕاسی- وەکوو مافەکانی تاک، یەکسانی دەرفەتەکان (equality of opportunity) و هاووڵاتی دێمۆکڕاتی - وشە سەرەکییەکانی بەرهەڤدانی فەلسەفی پێکدەهێنن. هەوڵم داوە لەو کتێبەدا بە کورتی بڵێم کە، بەرهەڤدانی فیلسووفەکان لەسەر واتا و نیشانەکانی (implications)  ئەم تێرمانەیە، و هەروەها لەسەر پاساوێکە کە لە پشتی هەر یەک لەوانەدا هەیە.

ئەم جۆرە تیشکخستنە سەر باسی لیبڕاڵ-دێمۆکڕاسی بە باوەڕی من یەکێکە لە تایبەتمەندییە گرینگ و یەکلاکەرەوەکان لە بەرهەمەکانی فیلسووفە سیاسییە ئاکادیمیەکانی هاوچەرخی رۆژئاڤای ئینگلیزی-ئەمریکاییدا. بەڵام گرینگە کە جەخت بکەمەوە کە ئەم جۆرە لە فەلسەی سیاسی نابێ بە تایبەتمەندی سەرەکی گشت "رۆژئاڤا" بزانین. یەکەم ئەوەی کە لە رۆژئاڤادا زۆر نەریتی نالیبڕاڵ و نادێمۆکراتی هەن کە ئەگەرچی لەسەر فەلسەفەی سیاسی ئاکادێمیانەشدا کاریگەرییان نەبێت، بەڵام باندۆڕێکی بەهێزیان لەسەر کولتوری خەڵکی ئاسایی (popular culture)هەیە. لە رابردوودا تەواوی دێمۆکڕاسییەکانی رۆژئاڤا لانیکەم لە بەرامبەر گروپگەلێکی تایبەت وەکوو کەمینە نەژادی و ئایینیەکان، ژنان، چینی کرێکار یان هاوڕەگەزخوازەکاندا کردارێکی ناڵیبڕاڵی و نادێمۆکڕاتیان هەبوو و گرووپگەلێکی لەوجۆرە زۆربەی کات لە مافە مەدەنییەکان، یەکسانی دەرفەتەکان یان تەنانەت لە مافەکانی هاووڵاتیبوون بێبەش بوون. راپرسییەکان سەبارەت بە رای گشتی نیشان دەدات کە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی وڵاتە رۆژئاڤاییە جۆراوجۆرەکان هێشتاش لەبارەی پەرەپێدانی مافەکانی هاووڵاتیبوون بۆ هەندێک لەو گرووپانە بەگوومانن. بۆ نموونە، ئەو بیرۆکەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی [ئەمریکا] دەبێ نەتەوەیەکی سپیپێست و کریستیان بێت ریشەیەکی زۆر دوور و درێژی هەیە و لە رابردوودا بە ئاشکرا لە کردەوەی دەستەبژێرە(Elite) سیاسییەکان و بڕیارەکانی دادگەی باڵاوە پشتگیری لێکراوە. جگە لەوەش، هەندێک ئایدۆلۆژی جۆراوجۆر سەبارەت بە سەرێتی نەژادی (racial supremacy)، باڵادەستی پیاوان یان پاکژکردنی ئایینی (religious purity) هێشتا بە وردەکارییەوە لە کولتوری خەڵکی ئاسایی رۆژئاڤادا درێژە بە بوونیان دەدەن، تەنانەت ئەگەرچی ئەمڕۆکە چیتر فیلسووفە سیاسییە ئاکادیمیەکان داکۆکییان لێ نەکەن.

هەروەتر گرینگە بە بیری بخەینەوە کە تەنانەت لە ناو فەلسەفەی ئاکادیمیانەشدا نەریتی لیبڕاڵ-دێمۆکراتیانە رکابەری خۆی هەیە. ئەو نەریتە لیبڕاڵ-دێمۆکڕاتیانەی کە من باسی لێدەکەم هەم سێکۆلارە (بەو واتایە کە ریشەی لە نەریتی ئایینێکی تایبەتدا نییە) و هەم مرۆڤباوەڕە"humanistic" (واتە باوەڕی بە بەهای زاتی ئەخلاقی مرۆڤ  وەک بوونەوەرێک(human beings) هەیە). تەواوی فیلسووفە ئاکادیمیەکان لەو دوو باوەڕەدا هاوبەش نین. هەندێک فیلسووف هەن کە باوەڕیان وایە کە ئەقڵی سێکۆلاری مرۆیی بە تەنیایی ناتوانێت لە پرسە سیاسییەکاندا رێگانیشاندەرمان بێت، و ئێمە پێویستیمان بە وەرگرتنی حیکمەت لە پەیامی خوا لە ناو سەرچاوەگەلێ وەکوو کتێبی پیرۆزدا هەیە. هەروەها لایەنگەلێکی بەربڵاو لە واقیعگەراکانی هابزی و پوچگەراکانی نیچەیی هەن کە دان بە بەهای زاتی مرۆڤەکان وەک بوونەوەرێک دانانێن، لەبەرئەوەی باوەڕیان بەوە نییە کە بەڵگاندنێکی ئەخلاقی پێگەیەکی لە سیاسەتدا هەبێت. هەم فەلسەفەی سیاسی ئایینی و هەم فەلسەفەی سیاسی دژەمرۆڤباوەڕ ریشەیەکی قووڵی لە مێژووی رۆشنبیری رۆژئاڤاییدا هەیە، بە تایبەت لە فەلسەفەی کانتینێنتاڵدا (Continental) (واتا ئەو فەلسەفەی باوە لە ئوروپای وشکارۆدا بە جێگای فەلسەفەی وڵاتە ئینگلیزی-ئامریکاییەکان) ئێستاش زۆر بەهێزن. [2]

بە کورتی ئەمە بڵێم کە ئەم جۆرە لە نەریتە لیبڕاڵ-دێمۆکراتیە سێکۆلار و مرۆڤباوەڕەی کە لەو کتێبەدا باسی لێدەکەم تەنیا بەشێکە لە ژیانی رۆشنبیری "رۆژئاڤا". ئەم جۆرە [فەلسەفەیە] لە لاپەڕەی گۆڤارە پسپۆریەکانی فەلسەفەی سیاسی لە رۆژئاڤای ئیگلیزی-ئامریکاییدا باڵادەست و باوە، بەڵام هاوکات هەندێک باوەڕ و کردەوەی نالیبڕاڵ لە پانتایی گشتیدا هەن، و هەروەها هەندێک لە [فەلسەفە] تیۆلۆژیکییەکان و دژەمرۆڤباوەڕەکان لە نێوان رۆشنبیران لە ئاستێکی بەربڵاوتر دا هەن.[3]  ئەم جۆرە تیۆریزەکردنە لیبڕاڵ-دێمۆکراتیانەی کە لەو کتێبەدا باسی لێکراوە تەنیا یەکێکە لە "گوتارەگەل"ێک ("discourses") کە لە بەرهەڤدانە سیاسییەکانی وڵاتانی رۆژئاڤایی هاوچەرخدا دەنگیان بە گوێێ ئێمە دەگات. میناک؛ ئەگەر کەسێک گوێ لە بەرنامە زیندووەکانی رادیۆ ئەمریکا بگرێت ناتوانێت لە نێوان هەندێک لەو هەست و سۆزە قووڵە ناڵیبڕالییەی کەسانێک کە پێوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەو بەرنامەگەلە دەگرن لەتەک ئەو تیۆرییە سیاسییە لیبڕاڵییەی کە تەوەری باسی ئەم کتێبەیە هاوبەشی بدۆزێتەوە. [4]

من ئاماژەم بەو خاڵانە دا تاکوو باس لەسنوورەکانی ئەم کتێبە بکەم و بڵێم کە ئەم کتێبە راپۆڕتێکە لە لقی زاڵی فەڵسەفەی سیاسی ئینگلیزی-ئامریکایی، نە ئەوەی کە پێداهاتنەوەیەک بێت بەسەر هەموو رەوت و نەریتە رۆشنبیریەکانی رۆژئاڤا. بەڵام بە بۆچوونی من ئەمەش گرینگە ئاماژە بە وەڵامی ئەم پرسیارە بکەین کە پەیوەندی فەلسەفەی سیاسی رۆژئاڤایی بە ئێرانەوە چییە. ئاسایە کە بپرسین ئایا جۆرێک لە فەلسەفەی سیاسی کە لە رۆژئاڤا سەریهەڵداوە پەیوەندی بە بەستێنەکانی (contexts) ترەوەوە هەیە، بەو بەستێنانەوە کە [بە بەراوەرد لەتەک رۆژئاڤادا] مێژوو و واقیعی ئەمڕۆیی زۆر جیاوازیان هەیە. ئایا بنەما ئەخلاقی و سیاسییەکان بایەخێکی جیهانییان هەیە، یان ئەوەیکە تەنیا بۆ کات و شوێنێک کە لەوێوە سەریانهەڵداوە بایەخیان هەیە؟

ئەوە بەرهەڤدانێکە کە هەمیشە مێشکی فیلسووفەکان پێیەوە سەرقاڵ بووە، و من لەو بارەوە هێندەم قسەی تازە پێ نییە. خوێنەرانی ئەم کتێبە دەبێ خۆیان هەڵیسەنگێنن کە ئایا ئەو بنەمایانەی کە لەوێدا شیکراونەتەوە، پەیوەندییان بەو واقیعانە هەیە کە ئێستا ئێران لەتەکیاندا رووبەڕوویە یان نا. بەوحاڵەشەوە،  پێشنیازی من ئەوەیە کە لە بیرکردنەوە لەمەڕ ئەم پرسیارەدا، ئیمە دەبی، لە قسەیەک کە ببێتە هۆی بەڵاڕێدابردنی باسەکان و کورتکردنەوەیان بۆ "نەریتەکان"، خۆ بپارێزن. میناک، ئەوەی کە [دەگوترێ] تیۆری لیبڕاڵ-دێمۆکڕاتیانە پەیوەندی بە "نەریتی رۆژئاڤایی"یەوە هەیە و ئەم نەریتە لەتەک "نەریتی ئێرانی" یان "نەریتی ئیسلامی" دا جیاوازی هەیە. بەڵام هەر وەک لە سەرەوە باسم کرد پێم وایە روونە کە نەریتێکی رۆژئاڤایی یەکدەست و تاقانەمان نییە. بەڵکوو زۆر نەریتی رۆژئاڤایی هەن. بەشێکیان لیبڕاڵین و بەشێکی تریشیان ناڵیبڕاڵین. بەشێک سێکۆلارن و بەشێکی تریشیان ئایینین، بەشێک مرۆڤباوەڕن و بەشێکی تریشیان واقعگەرا و پوچگەران. لە باری مێژووییەوە لیبڕاڵ-دێمۆکڕاسی سێکۆلار تەنیا یەکێکە لە نەریتەکانی رۆژئاڤا کە لەتەک چەند نەریتی تردا رکەبەرایەتی دەکات و زۆربەی کاتیش ئەو زاڵ نەبووە [بەسەر نەریتەکانی تردا]. هەژموونگرتنی ئەمڕۆکەی ئەم نەریتە لە فەلسەفەی سیاسی ئاکادێمیانەی رۆژئاڤای ئینگلیزی-ئەمریکاییدا شتێکی نائاساییە. گەرەنتییەکیشی نییە کە دەوامی هەبێت. ئەگەریش درێژە بکێشێ، هۆکارەکەی ئەوەیە کە بەرەکانی نوێ لە رۆشنبیران هەر پێیان وایە کە لیبڕاڵ-دێمۆکڕاسی بۆ ئەو پرسانەی کە لەتەکیاندا رووبەڕوو دەبنەوە باشە و قەناعەتیان پێ دەهێنێت، نەک لەبەر ئەوەی کە پێوەندی بە "نەریتی رۆژئاڤا"ەوە هەیە. ئەگەریش کاتێک بێت کە رۆشنبیران پێیان وابێت کە چیتر فەلسەفەی سیاسی لیبڕاڵ-دێمۆکڕاتی بەرهەمهێنەر و سەرۆبەخش (inspiring) نییە، زۆر نەریتی تر لە رۆژئاڤا بەردەستن کە خەڵک دەتوانن بگەرێنەوە بۆ ئەوان، هەروەکوو لە رابردووشدا ئەمە روویداوە. 

پێم وایە دەتوانرێ رێک ئەم قسەیە لەبارەی ئێرانیشەوە بگوترێ. شتێکمان بە ناوی "نەریتی ئێرانی" (یان "نەریتی ئیسلامی") نییە، بەڵکوو نەریتگەلێکی زۆر هەن، هەندێکیان لیبڕاڵتر، سێکۆلارتر و یان مرۆڤباوەڕتر لەوانی ترن. لە ئێران، هەروەکوو رۆژئاڤا، هەر نەوەیەکی نوێ لە رۆشنبیران دەبێ بڕیاری خۆیان بدەن کە کامە یەک لە ئەم لق و رەوتە هزرییە جیاوازانە بۆ رووبەڕووبوونە لەتەک پرسگەلێکی بەڕۆژ لەوانی تر بەکەڵکترە. "نەریت"ێکی [یەکدەستمان] نییە کە لەو پرسانەدا بۆ ئێمە بڕیار بدات.

هەڵبەت لەوانەیە هەندێک لایەنی ئەزموونی رۆژئاڤایی هەبێت کە ببنە هۆکار بۆ ئەوەی کەرۆشنبیرانی رۆژئاڤایی ساناتر بە پرنسیپەکانی لیبڕاڵ-دێمۆکڕاسی قەناعەت بهێنن. لەم سۆنگەوە هەندێک لە شرۆڤەکاران گووتوویانە کە نزیکییەکی تایبەت لە نێوان ئایینی کریستیان و لیبرالیزمدا هەیە. هەندێکی تر بەڵگە دەهێننەوە کە میراتی یاسای رۆمی دۆخێکی لەباری بۆ باوەڕە لیبڕاڵیەکان خووڵقاند. هەر لەبەر ئەوە لەوانەیە ئەو کۆمەڵگایانەی کە ئەم میراتگەلە مێژووییەیان نییە، لیبڕالیزم بۆ ئەوان کەمتر سەرنجڕاکێش و واتادار بێت. بەڵام بۆچوونی من ئەوەیە کە ئەم میراتە مێژووییە پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە زاڵبوونی هەنووکەیی بەها لیبڕاڵییەکان" لە رۆژئاڤادا نییە. بەڵگەم بۆ رەتکردنەوەی ئەم گریمانەیە  ئەوەیە کە رۆژئاڤا بەر لە سەرهەڵدانی لیبڕالیزم وەکوو فەلسەفەیەکی سیاسی، بۆ ماوەی ١٦٠٠ ساڵ بە میراتی یاسای رۆمی و کریستیانی ژیا و لەو ماوە درێژەدا کەس بە بیریدا نەهات کە ئایینی کریستیان یان یاسای رۆمی دەرئەنجامەکەی ببێتە لیبڕالیزم.

پێم وایە کەسەرهەڵدانی لیبڕالیزم زیاتر لەوەی کە پەیوەندی بە ئایینی کریستیان یان یاسای رۆمییەوە هەبێت، بە سەرهەڵدانی دەوڵەتی مۆدێڕنەوە پەیوەستە. لەسەر ئەم باوەڕەم کە رەوشتبەرزی(virtue) سەرەکی لیبڕاڵ-دێمۆکڕاسی ئەوەیە کە هەم ئەم تواناییەمان دەداتێ کە دەوڵەتگەلێکی مۆدێرنی کارا و بەهێز درووست بکەین کە بتوانن خزمەت بە هاووڵاتیەکانیان بکەن. هەم هاوکات توانایی حکومەتەکان بۆ کەڵکوەرگرتنی ناڕەوا بە مەبەستی ئازاردانی هاووڵاتییەکانیان کەم دەکاتەوە. ئەگەرچی دەوڵەتگەلێکی مۆدێڕنی لەو شێوەیە بۆ یەکەم جار لە رۆژئاڤاوە سەریان هەڵدا، بەڵام هەموو وڵاتەکانی جیهانی ئەمڕۆ خەون بەوەوە دەبینن کە لە دەوڵەتداریدا کارامەییەکی هاوشێوەی ئەوانیان هەبێت. لەبەرئەوە هەموو کۆمەڵگاکان هاوکات لەتەک کێشەگەلێکی هاوشێوە لەمەڕ تواناسازی و سنووردارکردنی دەسەڵاتی حکومەت رووبەڕوون. ئەگەرچی لیبڕاڵ-دێمۆکڕاسی لەوانەیە تەنیا وەڵامێک نەبێت کە بۆ ئەم کێشانە بوونی هەیە، لێ باوەڕم وایە کە هەر تیۆرییەکی سیاسی، چ لە ئێران و چ لە رۆژئاڤا، دەبێ رێگاچارەسەر بۆ ئەم پرسگەلە نیشان بدات. بە بۆچوونی من، گەیشتن بە باشترین وەڵامی گونجاو بۆ ئەم کێشە قورسە بە هاوکاری و تێفکرینی بەکۆمەڵ لەسەر نموونەگەلێ جۆراوجۆر، لە سەرتاسەری جیهان لە هەموو شێوەگەلێکی جۆراوجۆری موومکین لەمەڕ درووستکردنی کۆمەڵە سیاسییەکان، دێتە دی. هیوادارم ئەم کتێبە پشکێکی بچووکی لە ئەم گفتوگۆ نێوان-کولتورییەدا هەبێت.

گەشەپێدان بە گفتوگۆیەکی نێوان-کولتوری لەبارەی بابەتگەلێکی فەلسەفەی سیاسی ئەمڕۆکە هەم [کارێکی] زۆر پێویستە و هەم ئەستەمیشە، بەڵام بە بۆچوونی من دەرفەت بۆگەشبینی هەیە. لە لایەکەوە، پێم وایە بەرخۆدانێکی روولەزیادبوون لە بەرامبەر ئەم روانگە دێتێرمینیستییە (deterministic) بۆ مێژوو و کولتور لە ئارا دایە. بەرخۆدانێکی روولەزیادبوون لەبەرامبەر ئەم روانگەیەی کە باس لە چۆنیەتی سەرهەڵدان و گۆڕانکاری لە بەهاکاندا دەکات کە "هێینێر بیلفێلت" ناوی ناوە مۆدێلی "دەنک و داری بەڕوو". [5] بە پێی لۆژیکی ئەم مۆدێلە، ئەوەی کە بڵێین لیبڕال دێمۆکڕاسی [مۆدێلێکی] رۆژئاڤاییە، یەکسانە بەوەی کە بڵێین هزری لیبڕاڵ دێمۆکڕاسی بە جۆرێک لە تووخم یان دی ئێن ئێی کولتوری رۆژئاڤاییدا هەبووە، و لە ئاکامیشدا هەر لە سەرەتاوە قەرار بووە کە بە گەورەبوونی دارەکە ئەم دانکە بپشکوێ. هەر بەو شێوازەش، لە ئەم مۆدێلەدا دەگوترێ کە لیبڕاڵ دێمۆکڕاسی لە دانکی کۆمەڵگا ئیسلامییەکان یان رۆژهەڵاتییەکاندا نەبووە و لە بەشێک لە دی ئێن ئێی کولتوری ئەواندا نەبووە، لەبەرئەوە ناتوانێت بەشێک لە گۆڕانی سروشتی" (natural evolution) ئەوان بێت. لیبڕاڵ دێمۆکڕاسی لەو کۆمەڵگایانەدا لە باشترین حاڵەتی خۆیدا دەتوانێت متورمەیەکی بێگانە بێت کە بە باشی لەتەک دارەکەدا یەکناگرێتەوە. من پێم وایە ئەم مۆدێلەی دەنک و دارەکانی بەڕوو ناهومێدمان دەکات و بەلاڕێماندا دەبات. زۆر ئاشکرایە کە هەر ئەم شارستانیێتە رۆژئاڤاییە کە ئاخێزگەی هزرگەلێکی لیبڕاڵ-دێمۆکڕاتیانە بووە، بۆ چەند سەدە ئاخێزگەی نازیسم و ستالینیزم و پیاوسەروەری (patriarchy) و سەرێتیی نەژادیش بووە. هەمووی ئەوانە باوەرگەلێکن کە بە قووڵی لە کولتوری رۆژئاڤایی لەمەڕ تەکووزی، سرووشت، گۆڕانکاری(evolution) و ریزبەندی ئەستوونی (hierarchy) ریشەیان داکوتاوە. ئەگەر زۆربەی خەڵک ئەمڕۆ لە رۆژئاڤادا هزرگەلێکی لیبڕاڵ-دێمۆکڕاتیاین قەبووڵ کردووە لەبەر ئەوە نییە کە ئەم هزرگەلە تەنیا بژاردەیەکن کە لەتەک دی ئێن ئێی کولتوری ئێمەدا کۆک بوون، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە کە ئەوان بەو دەرئەنجامە گەیشتوون کە لە نێوان سەرچاوەی جۆراوجۆر و دژبەیەکی ئەخلاقی کە لە مێژوو و کولتوری رۆژئاڤادا هەن، هزرگەلێکی لیبڕاڵ-دێمۆکڕاتی شایانی قەبووڵکردن و داکۆکیکردنن و لە بەرامبەردا سەرچاوەگەلێ ئەخلاقی دیکە هەن[کە ئەوانیش هەر رۆژئاڤایین] بەڵام شایانی ئەوە نین کە چیتر باوەڕمان بەوان درێژە پێ بدەین.

ئەم پرۆسەیە نەک تەنیا لە رۆژئاڤا بەڵکوو لە ناو هەر کولتورێکدا روو دەدات. لە ناو هەر کولتورێک و ئایینێکدا سەرچاوەگەلێکی ئەخلاقی فرەچەشن هەن. (یان تەفسیرگەلێکی فرەچەشەن لەو سەرچاوە ئەخلاقییانە هەن) کە هەندێکیان بە سانایی لەتەک ئایدیاکانی لێبراڵ-دیمۆکڕاسیدا کۆکن، هەندێکی تریشیان ناکۆکن. ئەوەیکە ئایا ئەندامەکانی کۆمەڵگایەک، لیبڕاڵ-دێمۆکڕاسی قەبووڵ دەکەن یان نا، هەر لە سەرەتاوە "دی ئێن ئێی" کولتوری ئەوان [ئەو پرسە] یەکلا ناکاتەوە، بەڵکوو هەڵسەنگاندنی بەردەوامی ئەوان سەبارەت بەوەی  کە کامە یەک لە سەرچاوە ئەخلاقییە فرەچەشنەکان شایانی ئەوەن کە پێیان پابەند بین، پرسەکە یەکلا دەکاتەوە. ئەگەر لیبڕاڵ-دێمۆکڕاسی پەرە بستێنێ لە رێگەی کۆمەڵێک متورمەکردنی گیای لیبڕاڵ-دێمۆکڕاسی بە ئەو کۆمەڵگایانە کە دی ئێن ئێیەکەیان باش نییە وەدی نایەت، بەڵکوو لە رێگەی پرۆسەی بیرکردنەوە لەمەڕ سەرچاوەگەلێکی ئەخلاقی جۆراوجۆرەوە دێتە دی، کە لە حاڵەتی ئایدیال، لە خۆیدا بەو شتە دەگات کە چارلێز تەیلۆر بە "کۆدەنگی دڵخوازانە"(unforced consensus) لەمەر کۆمەڵێک لە پرەنسیپە سیاسییە هاوبەشەکان ناوی دەبات. [6]

دورەپەرێزی لە مۆدێلی "دەنک و داری بەڕوو"ی لەبارەی گۆڕانکاری کولتوری زەوینەی یەکەم بۆ گەشبینی سەبارەت بە ئاسۆی گفتۆگۆی نێوان-کولتوری دەرەخسێنێت.  زەوینەیەکیتر کە مایەی گەشبینییە ئەوەیە کە لە رۆژئاڤا رۆژ بە رۆژ زیاتر دان بەوە دادەنرێت کە دەبێ میراتی کۆلۆنیالیزم بەفەرمی بناسرێت و هەورەها رۆژ بەرۆژ زیاتر دان بەوە دادەنرێت کە پێویستیمان بە تیۆریزەکردنی لیبڕالیزم لە بەستێنێکی "پاش کۆلۆنیالی"دا هەیە. وەکوو کاناداییەک، من هەمیشە هەستم بەوە کردووە کە لیبڕاڵیزم لە رووی مێژووییەوە وەکوو پاساوێک بۆ بەکۆلۆنیکردنی خەڵکی خۆجێیی کانادا بەکار هێنراوە، هەروەکوو چۆن وەک پاساوێک بۆ ئیمپریالیزمی ئوروپایی لە شوێنی جۆراوجۆری جیهانیش کەڵکی لێوەرگیراوە. لە راستیدا، یەکێک لە هۆکارە سەرەتاییەکان کە منی هاندا بۆ خوێندنەوەی فەلسەفەی سیاسی ئەوە بوو کە تێبگەم چۆن فەلسەفەیەکی سیاسی پێشەنگ وەکوو لیبڕالیزم دەتوانێت وەکوو ئامرازێک کەڵک یان کەڵکی ناڕەوای لێوەربگیرێت، و هەروەها تێبگەم کە چۆن دەکرێ پێداچوونەوەی هزری بەسەر لیبڕالیزمدا بکرێت کە گەرەنتییەک بێت بۆ ئەوەی کە چیتر ئیمکانی کەڵکوەرگرتنی ناڕەوای نەمێنێ.[7]  ئەم جۆرە لە لیبڕالیزم کە من تێکۆشاوم داکۆکی لێبکەم لێبرالیزمی پاش-کۆلۆنیالییە و فرەکولتورباوەڕیشە کە هەر وەک چۆن خۆی لە خەیاڵی ئیمپریالیستی پاراستووە، خەیاڵی نەتەوایەتی هاوچەشن و تاقانەشی (unitary) وەلاناوە. ئەم خاڵە لەوانەیە بە شێوەی پێویست لەو کتێبەدا روون نەکرابێتەوە، بەڵام روانگەیەکە کە من تێکۆشاوم لە کتێبەکانی ترمدا جەختی لەسەر بکەمەوە.[8]  گەشەپێدانی ئاشکرا بە "لیبرالیزمی پاش کۆلۆنیالی" پێویستە بۆ ئەوەی هەم نیشان بدرێت کە لیبڕاڵ-دێمۆکڕاسی بۆ کۆمەڵگاکانی نائورووپاییش باشە، و هەم باس لە "کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی" ئەو کۆمەڵگایانە بکرێت کە وەکوو کانادا لەسەر خاکی خەڵکانێکی خۆجێیی دامەزراون.
لە دیدی منەوە، سەرهەڵدانی ئەم لیبڕالیزمە پاش-کۆلۆنیالییە مەوادایەک بۆ گفتوگۆیەکی زیاتر دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی نەریتە کولتوری و ئایینیە جیاوازەکان لەیەکتر فێرببن. لە راستیدا، لەوانەشە تەنانەت بکرێت لە نێوان لیبڕالیزمی پاش-کۆلۆنیالی و لەدایکبوونی تیۆریگەلێکی سیاسی "پاش-ئیسلامگەرایی" هەندێک وێکچوونی بەسوود بدۆزینەوە.[9]  هەردووکی ئەم روانگانە بە بۆچوونی من مۆدێلی "دەنک و داری بەڕوو" کە لە دێتێرمینیزمی کولتوری (cultural determinism) داکۆکی دەکات تێپەڕ دەکەن و بە جێگەی ئەو بە شوێن فێربوون لە سەرچاوەگەلێکی ئەخلاقی فرەچەشەن دان کە گفتوگۆی راستەقینە مومکین دەکەن، تەنانەت هەردووکیان لەوانەیە یەکەم هەنگاو بن بەرەو "کۆدەنگییەکی دڵخوازانە" لەسەر هەندێک بەهای سیاسی بنەڕەتی. [10]

سەرچاوەکان:

١- ناوی ئینگلیزی ئەم کتیبە "Contemporary Political Philosophy: An Introduction"یە کە لە ژێر ناوی "درآمدی بر فلسفه سیاسی معاصر" لە لایەن "میثم بادامچی و محمد مباشر" وەرگێردراوەتە سەر فارسی و "نشر نگاه معاصر" لە بەهاری ١٣٩٦ی هەتاویدا چاپی کراوە. ژێرنووسەکان لەو وەرگێڕانەدا لە تێکستە ئینگلیزیەکە هەڵگیراون و هی تێکستە فارسیەکەم نەهێناون. و.
 ٢- بۆ خوێندنەوەیەکی کورتی لەمەڕ ئەو رەوتە ناڵیبڕاڵییە لە هزری سیاسی کۆنتینێنتاڵدا بڕوانە؛
The Reckless Mind: Intellectuals in Politics (New York Review Books, 2003)  
٣- تەنانەت هەندێک لەوانەی کە پشتیوانی کە دیدێکی مرۆڤباوەڕانەی لیبڕاڵی لە ئاستی سیاسەتی ناوخۆییدا دەکەن، داکۆکی لە لە تێگەیەکی رئالیستییانە لە پەیوەندی نێونەتەوەییدا دەکەن کە تیایدا پارێزکاری ئەخلاقی لە رەفتاری نێوان وڵاتەکاندا هیچ رۆڵێکی نییە. بەختەوەرانە بەفەرمیناسینێکی روو لە هەڵکشان بە نیسبەت پڕنسیپە لیبڕاڵییەکان ، دەکارکردنی بەردەوامیان، هەروەها دانانی بەربەستە ئەخلاقییەکان لە ئاستی کردەیی لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا، لە ئارادایە.
٤- بۆ شیکردنەوەی "گوتارگەلێک" لە ژیانی سیاسی ئامریکاییەکاندا، و هەروەها شێوازی کێبڕکێی مێژوویی ئەو گوتارە لیبڕاڵیانە لەتەک ئەوانی تردا، بڕوانە؛ 
Rogers Smith, Civic Ideals: Conflicting Visions of Citizenship in American History (Yale University Press, 1997).

٥-Heiner Bielefeldt, “`Western’ versus ‘Islamic’ Human Rights Conceptions?”, Political Theory 28/1 (2000): 90–121.
٦- Charles Taylor, “Conditions of an Unforced Consensus on Human Rights”, in Joanne Bauer and Daniel A. Bell (eds) The East Asian Challenge for Human Rights (Cambridge: Cambridge University Press, 1999), 124–45.
٧- سەبارەت بە قورسایی هاودەستبوونی لیبڕالیزم لە کۆلۆنیالیزمدا بۆ نموونە بڕوانە؛
Jennifer Pitts, A Turn to Empire: The Rise of Liberal Imperialism in Britain and France (Princeton University Press, 2005); Uday Mehta, Liberalism and empire: A study in nineteenth-century British liberal thought (University of Chicago Press, 1999). 
سەبارەت بە بەردەوامبوونی ئەو میراتە هاودەستییە، بڕوانە؛
Jacob Levy (ed) Colonialism and Its Legacies (Lexington Books, 2011).

٨- میناک، بڕوانە ئەو کتێبەی من؛
Multicultural Odysseys: Navigating the New International Politics of Diversity (Oxford University Press, 2007).
هەروەها؛ 
Duncan Ivison, Postcolonial Liberalism (Cambridge University Press, 2002).
٩- Asef Bayat (ed) Post-Islamism: The Changing Faces of Political Islam (Oxford University Press, 2013).
١٠- بۆ ئەو ئیدعایە کە ئیمکانی لێکنزیکبوونەوە لە نێوان تیوریەکانی لیبرالیزمی پاش-کۆلۆنیالی و پاش-ئیسلامگەرایی هەیە، بڕوانە؛ 
Meysam Badamchi, “Political liberalism for post-Islamist, Muslim-majority societies" Philosophy & Social Criticism (2014).

*ئەم وتارە لە گۆڤاری خوێندکاری روانگە (زانکۆی تەورێز) ژمارەی ٩ و ١٠، لە زستانی ٢٠١٨ دا بڵاو کراوەتەوە

 

پەیوەندی‌دار:

دەلاقەیەک بەرەو فەلسەفەی سیاسیی زمانی دایکی

سازان کۆتایی سیاسەتە

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷