داوود ئازادفەر
ئایندەی کۆبانێ
Sunday, October 12, 2014
داوود ئازادفەر
شەڕە. شەڕێکی دژوار. شەڕەڤانانی کورد نزیک بە یەک مانگە، لە سێ قۆڵی جوغرافیاییەوە لە لایەن چەکدارانی داعشەوە گەمارۆ دراون. شار و سەنگەریان بە تانک و تۆپ و هاوەن، بۆمباران دەکرێ و ئەوان بە کەمترین ئیمکاناتی سەربازی بەرخۆدان دەکەن. بە چەکی سووک، دەرەقەتی تانکی دوژمن نایەن. چار نییە، بڕیار دەدرێ و چارەیەک دەدۆزرێتەوە. بۆسەیەک دادەنرێ و دواتر فەرماندە "ئارین”، کچە شەڕەڤانی کورد، بە ئیرادەەوە، خۆ بە تانکی دوشمندا دەتەقێنێتەوە. ئەمانە گەرچی زیاتر وەک چەند سێکانسی فیلمێکی ئەکشێنی هالیوودی دەچن بەڵام ئاوێنەی چرکەساتەکانی نزیک بە یەک مانگ شەڕی کۆبانێن. شەڕڤانی کورد لە هیچ کردەوەیەک بۆ پاراستنی شارەکەی ناسڵەمێتەوە و کچە کوردێک، بۆ ئەوەی زێد و نیشتمانی لە لایەن داعشەوە داگیر نەکرێ، گیانی بەخت دەکات تا ڕێگە نەدات چارەنووسێکی هاوشێوەی کچە کوردە ئیزیدییەکانی شنگالی بۆ دووپات بێتەوە، تا نەهێڵێ کچ و ژنانی کۆبانێ بکەونە دەست داعش و پاشان لە بازاڕەکانی مووسڵ و ڕەققا، وەک کۆیلەی سیکسی بفرۆشرێن. بەرخۆدانێک کە نەتەنیا هەر کورد خۆی، بەڵکوو دنیاش کەم تا زۆر ئاگای لێیەتی.
لەو کەشووهەوایەدا ئەوەی زیاتر لەهەر شتێک لە سەر دۆخی کۆبانێ شایانی ڕاوەستە لەسەرکردنە و کەم کەس هەیە خۆی لە قەرەی بدات، ئەوەیە کە شەڕی کۆبانێ درێژخایەنتر لەوە دەبێ کە چاورێی دەکرێت. پێشووتریش باسی "کۆبانێ " و "فرۆکەخانەی قامیشلۆ”-کە تا ئێستەش لەبەر دەست هێزەکانی ئەسەد دایە-م کردبوو. دوو ناوەندی ستراتێژیکی رۆژئاوای کوردستان، کە بۆ شۆرشی کورد لە سووریادا رۆڵی یەکلاکەروەیان هەیە. گرینگی ئەو دوو شوێنە لە رووی جوغرافیاییەوە و … لەوە دایە کە هەر نەخشە و ئایندەیەکی سیاسی بۆ سووریا دابڕێژرێ- بەهێزترین گەرەنتیین بۆ سەرکەوتنی شۆرشی کورد لە رۆژئاوای کوردستان.
یەک حەتوو پێش گەمارۆدانی کۆبانێدا وتبووم کە بەرپرسانی خۆبەرێوەبەریی رۆژئاوای کوردستان کە لە مانگی ئاپریلی ئەمساڵدا رێگەیان بە تیمێکی تایبەتی سەربازی تورکیا داوە کە بە بیانووی پاراستنیی مەزاری سولیمان شا ئاودیوی سووریا ببن، تووشی هەڵەیەکی زەقی سیاسیی بوونە، چوونکە جێ پێی ئەو رێگەپێدانە لە پرۆفێشناڵێتی هێرشەکانیی داعشدا بۆ سەر کۆبانێ و موسڵیشدا دەبینرێت.
بەشێکی زۆری سیاسەت، مامەڵە و ڕێککەوتنی شاراوەیە و تەنیا بە رێفرێنس و هەندێک هێمایە کە بەشە شاراوەکەی سیاسەت وەدەست دەکەوێ کە ئەویش دەبێ وریایانە مامڵەیان لەگەڵدا بکرێت دەنا لە کەشوهەوای سیاسی رۆژهەڵاتی ناڤیندا-کە بەدەقە هاوکێشە سیاسییەکان گۆرانکاریان بەسەر دادێ- بەدوور نییە کورد، بێ ئەوەی چی دەست بکەوێ، تووشی تێچوویەکی زۆری ئینسانی نەبێت.
لە یەكساڵی رابردوودا بە نیگەرانییەوە باس لە مەترسیداربوونی دۆخی هەرێمەکە دەکرا و دەکوترا کە ئەشی بەزۆترین کات کۆنگرە و ئیتلافی نەتەوەیی لە نێو هێزە کوردییەکاندا ساز ببێ - بۆ ئەوەی نەبوو کۆێخایەتی کورد لایەنێک بیکات، بەڵکوو بۆ ئەوە بوو کە پێش لە کۆمەڵکوژی، ئاوارەیی و سەرلێشێواومانەوەی کوردان لە بەرانبەر هێزێکی هۆڤانەی وەک داعش بگیرێت کە بە ئاشکرا دەوڵەتانی هەرێمی هاریکاریان کردووە و ئیتر ساڵێک زێدەترە کە ژووری عەمەلیاتی و شوینی داڕشتنی نەخشەڕێگاکەی بینای ئاکپارتی لە ئانکارایە. نەخشەڕێگایەک کە هاوکات، خەونی ئەردۆغان بۆ بوونە سوڵتانی هەرێمەکە دێنێتە دی و پڕۆژەکەی داوودئۆغڵوو بۆ ژیاندنەوەی مۆدێلیی ئەمڕۆیی خەلافەتی عوسمانی پڕاکتیزە دەکات.
ئەو ئەردوغانەی، کە بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی تورک بۆ سەردەمی ئیمپراتوری عوسمانی و پاشقولگرتن لە ئاتاتورک هەرچی لەدەستی بێت دەیکا، تەنانەت ئەگەر لاساری کردن و قوتبوونەوە لە بەرانبەر ئەمریکاش بێت. هەر بۆیەش بوو کە ناوبراو، هاوکات لەگەڵ ڕادەستکرانەوەی شاری "حومس”، لانکی شۆرشی سووریا بە هێزەکانی ئەسەد[پاش رێکەوتنێکی ژێربەژێری ئەمریکا و رووسیا]، لە ناوخۆی تورکیا، لەگەڵ سەرسخترین دوژمنانی دەوڵەتەکەی یانی "ئەرگەنەکۆن”جییەکان دادەنیشێ و بەشێکی زۆریان لە گرتووخانە ئازاد دەکات. رەنگبێ پێتان سەیر بێ کە سەرجەم ئەو ژەنەراڵانەی کە لە زیندان ئازاد کراون، فەرماندەکانی ئیسلامگەراکانی پێشووی ئەرتەشی تورکیان و هیچ یەک لە فەرماندە سێکۆلار و لائیکەکانی ئەرتەش کە لە ژێر ناوی ئەرگەنەکۆندا دەستبەسەر کرابوون، ئازاد نەکراون. بەدوور نییە ئەردۆغان بەم شێوە ویستبی پێش بە کودەتایەکی پڕۆئەمریکایی دژ بە حکوومەتەکەی بگرێ.
لە لایەکی تر، هەرچەند باسکردن لەوەیکە شتێک بەناوی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بوونی نییە، بۆ زۆر کەس بڤەیە، بەڵام پێشتر لە نووسینەکانمدا ئاماژەم بەوە داوە کە ئەردوغان لە ڕێگەی بەفیرۆدانی کات، تەنیا رێگای سیاسەتی هەرێمی خۆی خۆش دەکات و لە ئەساسدا باوەڕی بە چارەسەریی دۆزی کورد نییە و ئەوەش لە لێدوانیی حەتووی رابردوویدا کە پەکەکە و داعشی هاوتەریبی یەک دادەنا، بە باشی دەکەوت.
تا ئێرە ویستوومە چەند تابڵۆ لەو ڕووداوانە کە بەیەکەوە گرێدراون بکێشمەوە. بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە بێژین، گەڵۆ بۆ چی داعش بە هەموو توانای خۆیەوە هێرشی بۆ سەر کۆبانێ دەکات؟ وڵامێک کە دەتوانین بۆ ئەو پرسیارەی بدەینەوە ئەوەیە کە داعش دەیهەوێ لەرووی جوغرافیاییەوە لە شاری "رەققا"ی سووریا تا تورکیا لە ژێر دەسەڵاتی خۆی باوێت. یەکەم قازانجی ئەو دەستبەسەرداگرتنە ئەوەیە کە زۆر ئاسان ترانزیتی خەتی نەوتی داعش لە رێگەی تورکیاوە بە بازاڕەکانی جیهانیی دەگات. دووهەمیش ئەوە کە دواجار، جیهان ناچار دەبێ دان بە "دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام " بنێ. دەوڵەتێک کە وەک خەڵافەتەکەی ئێستاکەی، تەواو لە ژێر رکێڤی تورکیا دادەبێ و کارتێکی ئابووری بەهێزە بۆ مسۆگەرکردنی سیاسەتەکانیی ئەردوغان دەداتە دەست.
نەخشەی گرێدانی ئەو جوغرافیاییە لە پاش هێرشی داعش بۆ سەر مووسڵ و شنگال کە بە خێرایی ئەمریکا و هاوپیمانەکانی هێنایە سەر خەت تووشی هەندێک شکست هاتووە. بۆیە کە دوایین پلانی نەخشەرێگای داعش، کۆبانێیە و کۆبانێش تا ئێستاکە خۆی ڕاگرتووە و بڕیاری داوە کە نەهێڵێ خەونەکانی داعش بێنە دی.
ڕێڕەوی ڕووداوەکان پێمان دەڵێت کە کورد بە پێچەوانەی نموونە مێژوویەکانی، کە پەنای بۆ دراوسێکانی دەبرد، ئەمجار بەرەی نێودەوەڵەتی هەڵبژاردووە و لە تێگەیشتنێکی دوو لایەنە نیزیک بوونەتەوە. هەر بۆیە فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لەو ماوەیەدا بە کەمی لە دوروبەری کۆبانێ مۆڵگەکانیی داعشیان بۆردومان کردووە بەڵام بۆ ئەوەی کورد بتوانێ ستاتۆی خۆی بپارێزی و رێگە لە هەموو گریمانەیەک سەبارەت بە کۆبانێ بگرێت باشترین رێگا ئەوەیە کە کۆریدۆرێک لە کانتۆنەکانی ترەوە بۆ کۆبانێ بکاتەوە و هێز بەو ناوچانەدا تێپەرێت کە کوردستانە بەڵام پێشتر عەڕەبی تێدا نیشتەجێ کراون.
لە سیاسەتدا هەر چەند هیچ شتێک مەحاڵ نییە بەڵام سەرکەوتنی کۆبانێ، لە خۆیدا بە مانای لاوازبوون و تەنانەت دەستپێکی لەناوچوونی داعش و هەروەها گۆشەگیری ژووری فکرەکەی، واتە ئانکارا لە داهاتووی گەمەکانی سووریا و بگرە ناوچەکەشدا دەبێت.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە