بابەتی گەرم:

داوود ئازادفەر

ئایندە هی کوردانە

Thursday, October 23, 2014

داوود ئازادفەر

سێ رۆژ لەمەوبەر ئەمریکا لە رێگەی فرۆکەی بارهەڵگری سەربازی، برێکی چەک و تەقەمەنی و هاریکاریی پزیشکی بۆ شەڕەڤانانی یەپەگە لە کۆبانێ هاویشتە خوارەوە. گەیاندنی چەک لە ئاسمانەوە بۆ کۆبانێ، وەک یەکەم هەنگاوی بەکردەوەی ئەو وەچەرخانە سیاسییە کە ئەمریکا و هاوپەیمانی لە هەمبەر پەیەدە، چەند مانگە گرتوویانەتە بەر. لەوەش گرینگتر، ئەم هەنگاوە نیشان دەدا کە ئەمریکا لە نێو دوو بژاردەی "تورکیا " و "کورددا، دووهەمییەکەی هەڵبژاردووە. خۆ شاراوەش نییە کە ئانکارا تا سەر ئێسقان کار بۆ لە ناو بردنی ئەو حکوومەتە خۆجێییە کوردییە دەکات کە نزیک ساڵێکە لە ڕۆژئاوای کوردستان دامەزراوە.

کاتێک جان کێڕی، وەزیری دەوەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانیدا ڕەوانەکردنی چەک بۆ کۆبانێی پشتڕاست کردەوە و کوتی: "ئەو خەڵکەی کە کۆبانێ دەپارێزن و تورکیا حەزیان پێناکات، پێویستیان بە هاوکارییە و ئێمەش بەرپرسیارتیمان لە بەرانبەریاندا هەیە، وەبیر شەوی 30ی مارس ئەمساڵ کەوتمەوە کە ئەردۆغان لە دوای کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەکانیی تورکیا لە باڵاخانەی پارتەکەی لە ئانکارا دەیگووت: "سەرکەوتنمان بە مانای لە بن گوێدانی عوسمانیی دژ بە دوژمن و نەیارانیی ناوخۆیی و دەرەکیمانە”.

فرێدانی ئەو چەکانە و زۆر شتی دیکەش، کە بە هۆی ئاسایشی نیشتیمانیی کورد دروست نییە مرۆڤ باسیان بکات، لەڕاستییدا زللەیەکی نێودەوڵەتیی توندە کە هێزە هاوپەیمانەکان لە بنانگوێی ئەردۆغانیان دا تا پێی بێژن گەڕانەوەی تورکیا بۆ سەردەمی عوسمانی و دووبارەکردنەوەی ئەزموونی داگیرکاریی تورک تا باڵکان، زێدەتر لە خەونێک نییە. ئەمە بەکورتی سەرەتای گۆشەگیرکردنی تورکیا لە سیاسەتی ناوچەیی دایە.

لە سەرەتای ئەو مانگەدا، پاش ئەوەی فڕانسوا ئۆلاند، سەرۆک کۆماری فەڕەنسا کۆبانێی وەکهێمای بەرخۆدان" ناو برد و مانوێل ڤالزی سەرۆک وەزیرانیش لە بەردەم پارلەمانتارانی فەڕەنسادا گوتی "لە سەرمان فەرزە هاریکاری برا کوردەکانمان بکەین، لەگەڵ هاورێیەکی رۆژنامەوانم میوانی دیپلۆماتێکی فەڕەنسی بووین. دەیگووت دەبینێت کە چۆن کوردان لە کۆبانێ بەرخۆدان دەکەن و لە هەموو دونیاش، خەڵک بۆ پاڵپشتیی کۆبانێ هاتوونەتە سەر شەقام و داوای هاریکاریی نێودەوڵەتی دەکەن! کاتێک قسەکانی تەواو بوو پێمگوت ئێوە بە قەرا ئێمە بەرپرسیاریتیان لە بەرانبەر کورددا هەیە چوونکە باپیرانی ئێوە بوون مێژووی ئێمەیان بە رۆژێکی وەها گەیاند و پارچە پارچەیان کردین، گەرچی بەڵام کورد تا بە ئەمڕۆ شەرعییەتی بەو سنوورانە نەداوە. ئێستا کچ و ژنانی ئیمە وەک کۆیلەی سێکسی لە بازاڕەکانی مووسڵ و ڕەقا دەفڕۆشرێن! نە تەنیا داعش بەڵکوو هەموو گرووپە ئیسلامییە تووندئاژۆکانی تریش کوشتنی پیاو و دەسترێژی بۆ سەر ژنانی کوردیان حەلال کردووە. ژنانی کورد ئازایانەتر لە پیاوەکان شەڕی مان و نەمان دەکەن. ئەگەر ناتانهەوێ وەک ئەوەی لە ڕوواندا قەوما و ئەگەر ناتانهەوێ لە داهاتووودا وەک تاوانبار بناسرێن، ئەشێ بە زووترین کات، هاوکاری نا، بەڵکوو بەرپرسیارێتیی خۆتان بەجێ بگەیینن. ڕێبەرانی وەک قاسملوو و شەرەفکەندی لە ئەورووپا تیرۆر کران، ئۆجالان بۆ ئەوەی دۆزی کورد بە رێگایەکی دێموکراتیک بە هاوکاری ئێوە چارسەر بکات، هاتە ئێرە و دەرتان کرد، لە هەمووی ئەوانەدا قازانجی ئابووری لەگەڵ تورکیا و ئێرانتان هەڵبژارد و ئەوانیش ئەو ئاوانسانەیان بۆ سیاسەتە زێدەخوازییەکانی ناوچەیی خۆیان بەکار هێنا و هەر کامیان دەیهەوێ ئیمپراتووریەتی خۆی زیندوو بکاتەوە و لە نێوان "کورد" و "داعشدا، داعش هەڵدەبژێرن، چوونکە کوردبوونی ئێمەیان پێ تاوانە و دەشتوانن وەک ئەو دۆخەی ئێستاکانە هەم لە بەرانبەر ئێمە و هەمیش لە هەمبەر ئێوەدا بەکار بێنن. دیپلۆماتی کۆنەکاری فەڕەنسیش وەک ئۆلاند،کۆبانێی بە هێمای بەرخۆدان شوبهاند و لە وەڵامدا پێی گوتم کە لە شەڕ لەبەرنبەر داعشدا، کورد بە تەنیا جێناهێڵین، یارمەتیتان دەکەین و هتد.

چوونی کورد بۆ نێو بەرەی نێودەوڵەتی کە تێچووی یەکجار کەمتر دەبێ لەوەیکە پاڵ وە دراوسێکانی بدات، دەبێ بە وریایی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. لە سیاسەتی کوردیدا یەکەم باڵێک لە نێو یەکێتی نیشتیمانی کە لە ژێر ڕکێڤی تارانە و دەیهەوێ پێش لە شەمەندەفەری گۆرانکارییەکان بۆ ناو ئێران بگرێ، هەروەها هێڵی دووهەمیش، باڵێکی پارتیییە کە فۆبیای پەکەکە  تورک ئاسا بۆ ناو سیاسەتی کوردی گوازتۆتە، هەرچەند لاوازیش بن، لە درێژخایەندا، کاریگەریی نیگەتیڤیان لەسەر بەرژەوەندیی نەتەوەیی کورد دەبێ. پێشووتر، ئەمریکا، بە ڕەوانەکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی بۆ ئاسمانی باشووری کوردستان، ویستبووی کە تەنیا مەسعوود بارزانی مەرجەعیی سەرەکیی بڕیار بێ و بەم شێوە توانی برازاکەی-کە سەرکردایەتیی بەرەی کوردە تورک حەزەکانی بەدەستەوەیە- بێدەنگ بکا. جیا لەو هەوڵەی کە بۆ بێدەنگکردنی نووسەر و شرۆڤەکارانی خەتی تورکیا لە هەولێر دراوە، رەنگبێ هەوڵێکی هاوشێوە بۆ باڵەکەی سلێمانیش بێتە ئاراوە تا نەکا رۆڵی کورد، دە بەرەی نێودەوڵەتیدا تێک بدەن. بۆ تێگەیشتن لە هەستیاری ئەو دۆخەی کە کورد پێیدا تێپەڕ دەبێ، لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا، پێویست ناکات مرۆڤ ڕۆژنامەنووس، سیاسەتمەدار و شرۆڤەکار بێت بۆیە کە بە گەڕانێکی چەند خولەکی لە ئینتەرنێتدا، دەتوانی بە حەقیقەت بگەی.

لە راستییدا کۆبانێ جیا لەوەی کە هێمای بەرخۆدانە، وەچەرخانێکی سیاسیی خێراشی لە دونیا بە نیسبەت دۆزی کورد دروستکردووە کە ئەشی هەر کەس لە هەر جێیەک کە هەیە بە هۆشیاری زۆرترەوە ڕووبەڕووی ئەو قۆناغە ببێتەوە. دەبێ ئەوە بە دڵنیاییەوە بێژین ئەوانەی کە لە ژێر کاریگەریی دراوسێکانی هەرێمی هەوڵدەدەن لەو گەمەیەدا کورد ستاتۆیەکەی بێهێزی هەبێ، مێژوو باشتر لەو کوردانەیان باس ناکات کە لە شەڕی چاڵدراندا بەسەر دوو ئیمپراتوری سەفەوی و عوسمانیدا دابەشبوون و لە هیچ جەنایەتێک دژ بە نەتەوەکەیان سڵیان نەکردەوە. هەر ئەو کەسانە کە  “خوشک و برا کوردەکانیان بۆ بۆ سەفەوییان دەکوشت و لەم لاش، کچانی ماڵباتی هەژاری کوردیان بۆ رێزلێنان لە ئیمپراتوور، ڕەوانەی حەرەمسەراکانی ئالی عوسمانی دەکرد. ڕاستییەک کە دەبینرێ ئەوەیە کە ئەمجار، لە ئێستاوە دۆڕاو و براوەکان دیارن و ئایندە هی کوردانە.


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷