بابەتی گەرم:

داوود ئازادفەر

دۆئێلی ئەردۆغان و ئۆجالان

Tuesday, April 14, 2015
داوود ئازادفەر

مانگی ئۆکتۆبری 2013 لە کاتی سەردانی وەفدی "بەدەپە" بۆ دورگەی ئیمراڵی، کاتێک کە بەدەپەییەکان بە ئۆجالانیان وت "خۆمان بۆ بایکوتکردنی چوونی مناڵان بۆ قوتابخانە ئامادە دەکەین”، ئۆجالان تووڕە بووە و پێیانی وتووە کە لە جێی ئەوەی وەک سواڵکەر داوای مافی ئەو گەلە بکەن، پێویستە وەک "دیدیه دروگبا"، یاریزانی تۆپی پێی وڵاتی کەناری عاج، کۆمەڵگە بۆ وەدەستهێنانی ماف و پێکهاتنی ئاشتی و سەرجەم گریمانەکان رێکبخەن و هتد.

کەش و هەوای سیاسیی رۆژهەڵاتی ناڤین و دۆخی ناوخۆی تورکیا، بوو بە هۆکاری لە دایکبوونی "هەدەپە" و ئەوەش سەلمێنەری ئەوە ڕاستییە کە هەڵبژاردنی پارلەمانی ٧ی ژوئەن لەم وڵاتە، نە تەنیا بۆ کورد، بەڵکوو بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی تورکیا رۆڵی یەکلاکەرەوی هەیە. بە دیوێکی تریشدا دەتوانین ئەو هەڵبژاردنە وەک دۆئێلێکی نێوان ئەردۆغان و ئۆجالان ببینین، کە یەکەمیان کەسایەتیی یەکەمی حوکمڕانییە و سەرجەم جومگەکانی دەسەڵات وەک هێزە چەکدارەکان، دادگا و هتدی لەبەردەست دایە و دووهەمیشیان، گەرچی لە گرتووخانەی ئیمراڵیدا بەند کراوە بەڵام لە کەسایەتییە هەرە کاریگەرەکانی ناو ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دێتە ئەژمار و جیا لە قەندیل و دیاسپۆرای کورد، کاریگەریی لەسەر شەپۆلێکی بەهێزی جەماوەری لە ناوخۆی تورکیادا هەیە. بۆ وێنە هەر وەک لە پرۆتستۆکردنی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا لەمەڕ کۆبانێ بینرا، هەر کات حەزی لێبێ دەتوانێت شەقام بجولێنێ و خەڵک بڕژێنێتەوە شەقامەکان و بگرە کۆنترۆڵی زۆر شوێن، بە کردەوە لە دەست دەوڵەت دەربێنێ. 

سیاسەتی تورکیا لەهەمبەر کۆبانێ -کە ئەردۆغان بە شارێکی بێ بایەخ و مەحکووم بە کەوتن وەسفی دەکرد- بوو بە هۆکار تا بەشێک لە لایەنگرە کوردەکانی ئاکپارتی لە ئەردۆغان هەڵگەرێنەوە. بۆ وێنە، پیاوێکی بەساڵداچوو لە رۆحا [ئۆرفا]- لە حاڵێک کە پەنجەی دەستی نیشان دەدا بە بی بی سی ئینگلیزی دەگوت: "ئەو قامکەم بشکێ کە تا ئێستا لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگم پێی بە ئەردۆغان و پارتەکەی داوە". جیا لەوەش چوونی “دەنگیر میر مەهمەت فرات”، لە دامەزرێنەرانی ئاکەپە و یاریدەدەرانی پێشووی ئەردۆغان بۆ نێو ڕیزەکانی هەدەپە، گریمانەی ئەوەیە کە ئاکپارتی ناتوانێ هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو لە نێو کوردەکان دەنگ بێنێتەوە - بەهێزتر دەکات.

گرینگتر لە هەر شتێک کە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا زۆر بەدەگەمەن چاومان پێیدەکەوێ و هەدەپە بە لێزانین کاری لە سەر کردووە ئەوەیە کە جیا لە کەمینە نەتەوە و ئایینزاکان، چەند تێفکرین و دنیابینی جیاواز کە هاوکات دژ بەیەکن، وەک "لیبراڵی رۆژئاوایی- کۆمۆنیست، ئیسلامیی میانەرەوی وەتەنی و هتد لە ژێر چەتری پارتێکدا کۆکردۆتەوە و بەم قەوارەوە بەشداری هەڵبژاردن دەکات. هەرچەند ئەو یەکڕیزییە خاڵێکی بەهێزی هەدەپەیە بەڵام، بە هۆی ئەوەی هەندێک لە لاینە چەپڕەوە کلاسییەکان، سەرەڕای ئاوانسدانی زۆری هەدەپە لە ئاستی پێدانی پۆست لە ئاستی سەرکردایەتی پارتەکەیدا بە تایبەت لە پاش هەڤپەیڤینی ماوەیەک لەمەوبەری جەمیل بایک- کە تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە پەکەکە لە مێژ ساڵە خۆی لە نێرینی "مارکیستی-لێنیستی" دەرباز کردووە و هتد– نابێ بەدووری بزانین وەک زۆر جاریش کە لە چەپی کلاسیک بینراوە، هەر ئەمان، لە دەقەی نەوددا پەیمان نەشکێنن. 

هەر چەند جیا لە ڕاپرسیییە ئیلێکترۆنییەکان، کاربەدەستانی دەوڵەتیش دانیان بەوە ناوە کە لە هەڵبژاردنی 7ی ژوئەندا هەدەپە ڕێژەی لە سەدا دەی دەنگەکان تێدەپەرێنێ و قورسایی لە پارلەەماندا زیدەتر دەبێ بەڵام، لە پاش پەسەندکردنی یاسای “ئاسایشی ناوخۆیی" کە ڕەخنەی توندی ئەمریکا و یەکیەتیی ئەورووپاشی بەدوای خۆیدا هێناوە- گریمانەکان بەو ئاراستەدا دەڕۆن کە وێناچی ئەردۆغان و پارتەکەی لە پاش شکستی نوژەنکردنەوەی ئیمپڕاتۆری عوسمانیدا، کە بە ڕەواڵەت دیمەنی دوو دەستەیی ناو خۆیان نیشان دەدەن، بە ئاسانی دەست لە قۆرخکاری هەڵگرن و ملکەچی گۆرانکارییەکان ببن.

تێکهەڵچوونی حەتووی رابردووی ئاگری، بەڵگەیەکە بۆ سەلماندنی هاوکاتی ئەو واقعییەتە، ئێستە کە دەوڵەت یاسای توندی ئاسایشی ناوخۆیی پەسەند کردووە، چ لە پێش و چ لە پاش پرۆسەی هەڵبژاردن، دەبێ چاوەڕوانی زۆر ڕووداوی نەخوازراو، گێرەشێوێنی و ئاژاوەگێڕی تر بکرێت. 

لە ئێستەوە ڕوونە کە ڕێژەی دەنگەکانی ئاکپارتی داکشان بەخۆیەوە دەبینێ و ئەردۆغان و حیزبەەکی لە ٧ی ژوئەنی ٢٠١٥دا، بە دڵنییایی ئەو سەرکردە و پارتە نابن کە لە شەوی ٣٠ی مارسی ٢٠١٤، لە باڵاخانەی پارتەکەی لە ئانکارا دەیگووت: "سەرکەوتنمان لە هەڵبژاردن، لەبنگوێدانی عوسمانیی دژ بە نەیارانی دەرەکی و ناوخۆ تورکیایە".

ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە پەراوێزی کەیسی کۆبانێ بە گۆشەگیرکردنی نێودەوڵەتی و ئاستەنگخستنە سەر ڕێگەی سیاسەتی نۆژەنکردنەوەی ئیمپڕاتۆری عوسمانی، تورکیایان ناچار بە پاشەکەشە کردووە و بەم شێوە لاگوێیەکی ئەردۆغان و ئاکپارتیان کاس کردووە، با چاوەڕوان بین بزانین هەدەپە، لای گوێیەکەی تری ئاکەپە و ئەردۆغان چەندە سوور دەکاتەوە.

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷