داوود ئازادفەر
ئەردۆغان نابێتە پاشا
Tuesday, December 9, 2014
داوود ئازادفەر
لە سەردەمی عوسمانییەوە بۆتە باو کە زۆربەی دایکە تورکەکان حەزیان لێیە کورەکانیان کاتێک گەورەبوو ببێتە پاشا هەر بۆیە، ئەگەر رێژەیەکی کەم لە جڤاکی تورک دەرباوێین تا ئێستاش زۆربەی کۆمەڵگەی سیاسیی تورکیا باوەری بە ماف و شوناسی کورد نییە و دەگەمەنن ئەو نووسەر، رۆژنامەوان و خەڵکە ئاساییەی کە پێیانوابێ “کورد”، “تورکی کێوی” نییە و ئەشێت بڕیار لەسەر چارەنووسی سیاسیی خۆیدا بدا. ئەوە بە مانای فۆبیا دژ بە تورک نییە بەڵکوو، تابلۆی حەقییقی سایکۆلۆژیی سیاسیی کۆمەڵگای تورکیایە.
لە مانگی مارسی ۲۰۱۲دا، بە میلیۆن مرۆڤ چ لە ناو ئاپۆرای خەڵکدا لە شاری ئامەد و چ لە پشت شاشەی تیڤییەکان گۆێیان لە پیامی ئاشتیی ئۆجالان بوو کە گووتی "با چەکەکان بێدەنگ بێ و سیاسەت گەمە بکات". ئەگەر خۆمان لە ڕاستییەکان نەدزیینەوە کشانەوەی گریلاکانی پەکەکە بۆ باشوری کوردستان و قەندیل تا کاتی وەستاندنی- دروست هەمان پلانێک بوو کە پێشتر میدیایی تورکیا بۆ چەکدانانی پەکەکە باسیان لێدەکرد و بە مۆدێلی "حیزبیی دێموکراتی کوردستانیی ئێران" ناوی دەرکردبوو.
هەرچەند لایەنی کوردی بە جیدییەتەوە ویستوویەتی بە رێگەکی سیاسی و ئاشتیانە دۆزی کوردستان لە گەڵ ئانادۆلییەکان چارەسەر بکات بەڵام بە پێچەوانە دەوڵەت ویستێکی وای نییە. دیارە لە سیاسەتدا هیچ شتێک مەحال نییە و هیچ دۆست یا دوژمنێکیش تاسەر وەک خۆی نامێنێ بەڵام زۆر خۆشباوەڕانییە کە پێمانوابێ ئاکپارتی کە لەسەر بنەمای "ناسیۆنالیزمی تورکی ئیسلامی" پێکهاتووە لە جانتاکەیدا پرۆژەیەکی بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد لە تورکیادا هەیە.
با بەیەکەوە لەو چەند تابڵۆی ژێرەوە بڕوانیین،رەنگبێ بە دەرنجامێکی باشمان بگەینێت.
یەکەم: ساڵی ۲۰۰۷، عەلائەدین کارماسێز، یەکێک لە گەورە ژەنەڕالەکانیی تورک دەڵێت "با سوپا بە بێ پرس و ڕاپێکردن بە هیچ کەس و لایەنێک هێرش بۆ باکووری عێراق بکات و لە پاش لە ناوبردنی پەکەکە حکوومەتی ناوچەیی کوردەکانیش لەناوبەرێت. چونکە بەو شێوەیە هەم کۆتایی بە پەکەکە و وەهمی حوکمڕانیی کورد لە عێراق دێت و هەمیش کێشەی کەرکووک چارەسەر دەبێ". لە پاش ئەوەی هەڕەشەی تورکەکان بۆ سەر باشوری کوردستان چڕتر دەبوو- دیڤید پێترایۆس فەرماندە هێزەکانیی ئەمریکا لە عێراق سەرکردایەتیی کورد دڵنییا دەکاتەوە کە وڵاتەکەی ئیزن نادات تورکیا هێرش بکاتە سەر هەریمی کوردستان. ئەمریکا بەوەش رازی نەبوو و لە ژێر ناوی ئەرگەنەکۆن و بۆ ئەوەی لەمەپەرکانی بەردەم گەشەکردنی ئاکپارتی نەمێنێ، قۆڵی ژەنەڕالەکانی لە سیاسەت بڕی.
دووهەم: تورکیایەک کە درا بەردەست ئاکپارتی، ئەگەر هاریکاریی و ئاوانسەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نەبوایە مەحاڵ بوو بتوانێ لە قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانیی ئابووری کە لە مێژبوو پێوەی دەناڵاند دەرباز ببێ و لە تورکیایەکی تێکڕووخاوی ئابووری بۆ یەکێک لەو دە وڵاتانەی جیهان کە ئابوورییەکەی لە هەڵکشاندایە و ئەردۆغان و پارتەکەشی بتوانن هەموو جومگەکانی دەسەڵات وەک سوپا، ئابووری، دادگا و هتد بەدەستەوە بگرن.
سێهەم: گەیشتنیی لۆتکەی دەسەڵاتی ئەردۆغان- هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆرشی سووریا. ئەوە لە خۆیدا هەلێکی زێرینی بۆ ئەردۆغان ڕەخساند تاکوو بتوانێ بۆ کەوتنی دەوڵەتی سووریای جیران وەخۆ بکەوێ تاهەم پێگەی رێبەرایەتیی بەرەی سووننە لە ناوچەدا بەهێز بکات، هەمیش بە کەوتنی بنەماڵەی ئەسەد کە تورکەکان چەند دەیەیە لە مێشکیان دایە-وەفاداری خۆی بە ناسیۆناڵیزمی تورک نیشان بدات. هەر بۆیە هەر لە سەرەتاوە نەیشاردۆتەوە کە هاوشانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، هاریکاری "بەرەی نووسرە" شی کردووە کە باڵی ڕێکخراوەی ئەلقاعیدە لە سووریایە.
چوارەم: تا ساڵی ۲۰۱۳ کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ چارەسەریی دۆخی ئەفغانستان لە "پاریس" لەگەڵ نوێنەرانی تالیبان دانیشتنیان نەکردبوو، کەم کەس دەست دەکەوت ناوی "داعش”ی بیستبێ. لە پاش ئەو هەڤدیتنە بوو کە داعش لە بەرەی نووسرە جیابۆوە و بە هۆڤیەتییەکانی پاشقولێکیشی لە ئەلقاعیدە دا. ئیتر لە یەکساڵی رابردووشەوە بۆ هەموو جیهان ئاشکرا بووە کە تورکیای براگەورەی داعشە و بۆ لەناوبردنی سوپای دەمامکەدارە ڕەشەکانیش ئەشێت لە پێش هەر شتێکدا لوتی ئەردۆغان و خەونی گرانەوەی تورکیا بۆ سەردەمی عوسمانی بشکێت. هەر بۆیە لە کەیسی "کۆبانێ”دا، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بە کردەوە لە نێوان دوو بژاردەی "تورکیا" و "کورد"، کوردیان هەڵبژارد. چونکە کورد لە دیزاینی نوێی رۆژهەڵاتی ناڤیندا فاکتەرە و هەمیش تەنیا هێزێکە کە لەبەرانبەر داعش و تورکیادا چۆکی دانەداوە و …
پێنجەم: لە پاش ناکۆکییەکانی "قەندیل و هەولێر”، ئێستا ئەو دوو جەمسەرە لە سەر هاوکێشە سیاسییەکان لە یەکدی نیزیک بوونەتەوە و هەر دووک ئەگەر باسیشی نەکەن دەزانن کە هەولێر نابێ هەموو کارتەکانی لە سەبەتەکەی تورکیا باوێت و قەندیلیش دەزانێت کە نابێ بە بیانووی کردنەوەی دەوازەیەکی سنووری لە نێوان "تورکیا و رۆژئاوا"دا ئیزن بدات، بە بیانووی پاراستنی مەزاری “سلێمان شا”، هێزێکی سوپای تورک لە رێگەی کانتۆنی جەزیرەوە ئاودیوی سووریا بێت و پاشان لە هێرش بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکان لە شەنگاڵ بگرە تا کۆبانێ جێ پێی ئەو تیمە تایبەتە ببینێتەوە. بە کوردی و بە کورتی هەردووکیان بەوە گەیشتوونە تا کوو رێنسانسێک لە هەرزی و زێهنییەتی تورک درووست نەبێ، تورکیا بۆ باوەرپێکردن نابێت.
جا ئەمجار، ئەگەر واز لەوە بینین کە چی بەسەر ژەنەڕاڵەکان هات کە زۆربەیان ڕەوانەی زیندان کران و چەند مانگ لەمەوبەریش ئەردۆغان بۆ ئەوەی وەک "عەدنان مەندرێس" حکوومەتەکەی تووشی کودەتایەکی پڕۆ-ئەمریکایی نەبێتەوە و بە ڕێکەوتنێکی ژێربەژێر بەشێکی زۆری لێ ئازاد کردن وچۆن کاری بۆ خەونە زێدەخوازەکانی کە تورک ببیتەوە سوڵتانی رۆژهەڵاتی ناڤین بێنین، بوونە رۆژەڤی نێودەوڵەتی، ئەویش لە پەراوێزی "کۆبانێ”دا و بە شێوەیەکی نیگەتیڤ، ئایندەی کوردەکان بە گشتی، هەم دەتوانی هەل بێ هەمیش هەڕەشە.
لە یەک مانگی ڕابردوو گوتاری ئەردۆغان و ئاکپارتی تووشی پاشگەزبوونەوەیەکی خێرا بووە و ئاکپارتی بەباشی هەستی بەوە کردووە کە ئەگەر گۆشەگیرییە نێودەوڵەتییەکان هاوکات لە گەڵ دۆخیی ناوخۆیی کە کێشەی کورد سەرەکییترینیانە ڕوو لە زیادبوون بکات، مەحاڵە بتوانێ لە هەڵبژاردنیی ۲۰۱۵دا سەرکەوتن بە دەست بێنێت هەر بۆیە، وەک تاکتیکیش بێ ناچارە گوتاری چوونی تورکیا بۆ نێو یەکێتیی ئەورووپا زەق بکاتەوە و گوتاری گەڕانەوەی تورکیا بۆ ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی نەزمتر و مانۆریش لە سەر پرۆسەی چارەسەریی دۆزی کورد لێبدات.
بە نیسبەت باشوری کوردستان و تورکیا هەر وەک چۆن لە پاش پێشرەوییەکانی داعش بۆ نیزیک هەولێر ئەمریکا فڕۆکە جەنگییەکانی خۆی بە کۆمەڵێک مەرج ڕەوانە ئاسمانیی کوردستان کرد، ئیتر مەحالە ئەمریکا ئیزن بدات تورکیا وەک پێش هاتنی داعش هەرچەند گرێبەستی پەنجا ساڵەشی هەبێ کۆێخایەتیی بەسەر نەوتی کوردستاندا بکات و ئەوەش لە رێکەوتنی کورد لە گەڵ بەغدا بە باشی دەردەکەوێت.
بە نیسبەت باکووری کوردستان و تورکیا و ئاگربەستی نێوان پەکەکە و ئانکاراشەوە هەرچەند گوتاری کورد بەسەر دەوڵەتدا زاڵە بەڵام تا بە ئەمڕۆ ناتوانرێت ناوی پرۆسەی ئاشتی لێبنرێت. پەکەکە دەبێ ئانکارا ناچار بە یاساییکردنی وتووێژەکان[ئیمرالی، دەوڵەت، قەندیل] لە ژێر چاودێری لایەنی سێهەمی نێودەوڵەتی بکات. بوونی لایەنی سێهەم تەنیا بۆ ئەوە نییە کە وەک ئەوەی لە "ئۆسلۆ" بینرا- فرۆکەیەکی تایبەتی نێودەوڵەتی لە قەندیل بنیشێ و "سەبری ئۆک" ئەندامی سەرکردایەتیی پەکەکە هەڵبگرێت و بێباتە سەر میزی وتووێژ لە ئۆسلۆ بەڵکوو، بوونی لاینی سێهەم لە خۆیدا جیا لە مەشروعیەتدان بە وتوێژەکان دەتوانێت گەرەنتییەک بێ بۆ پووچەلکردنەوەی گەمەکانی ئەردۆغان و نیشاندانیی نیازپاکی کوردەکان بۆ چارەسەرییەکی سیاسی و ئاشتیانە.
ئەردۆغان نابێتە پاشا و سیاسەتەکانی تووشی شکست هاتووە، کوردەکانیش تا چەند دەتوانن ئەو کەشوو هەوایە بە قازانجی خۆیان و سەرکەوتنی دۆزەکەیان بقۆزنەوە، ئەشێت بۆی چاوەڕوانی رووداوەکانی ئایندە بین.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە