هیوا بوتیمار
بۆ ژینگەپارێز و ژینگەدۆستان
Tuesday, March 10, 2015
هیوا بووتیمار
بەڕێزان وەک ئاگادارن دارستانەکانی زاگرۆس لە دۆخێکی خراپدان و بەدڵنیاییەوە هەموویشمان باش دەزانین کە چ سیاسەتێکی لە پشتەوەیە و کێیە کە بە پیلان و پلانی درێژە خایەنەوە دارستانەکانی ئەو بەشە لە وڵاتی داگیرکراومان کوردستان لەناو ئەبات.
هەڤاڵان و هاوڕێیانی هێژا هەموو دەزانین کە داربەڕوو هێمای خۆڕاگری ، چەتری پاراستنی وڵات و تێکۆشەرانی وڵات بووە لە چەن دەیەی ڕابردوودا بۆیە ئەبێ بە وریاییەوە چاو لە و دۆخە خراپەی کە بە سەر دارستانەکانی زاگرۆسدا زاڵە بکەین .
وەک دەبینین دوژمن لە هەموو شارەکانی کوردستان ئەو دارستانە بەنرخانەی داڕبەڕوو ودار مازوو ئەسووتێنێت و لە لایەکی تریشەوە خەریکە نەمامی کاج ، سنۆبەر، سەوڵ دابەش ئەکات بە سەرژینگەپارێزانی ئێمەدا کە لە شار و لە گوندەکان و لە چیاکان بینێن و ئێمەیش بێ ئاگا لەو پیلانەکانی ئەوان ناڕاستەوخۆ خەریکی خزمەت بەوانین و بە دەستی خۆمان ئەو سیما جوانەی زاگرۆس ئەشێوێنین و گوڵ و گیای هاوردە و دەستکرد (مەسنووعی) لە جێگەی گوڵ و گیا و دار و دەوەنی ڕەسەنی خۆمان جێگر ئەکەین.
لێرەدا هەر چەن لەوانەیە دۆستان نییەتی بەرپرسانی حکوومی بە باش بزانن بەڵام لە ڕاستیدا ئێمە خەریکین بە دەستی خۆمان وەکوو مریشک خۆڵ بە سەر خۆماندا دەکەین. لەبەر ئەوەی کە دۆستان بە قەناعەت بگەیەنم ئەمەوێت ئاماژە بە شتێک بکەم کە ڕاستی و لە ئارادابوونی ئاوەها پیلانێک دەر دەخات، ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر دەوڵەتی کۆماری ئێران ژینگە دۆستە بۆ دارستانەکانی کوردستان ئەسووتێنێت!؟ کێ وڵامی بۆ ئاوەها پرسیارێک هەیە!؟ تەوەرێکی گرنگی تریش کە لە ئارادایە قازانجەکانی دار بەڕووە لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان. دار بەڕوو لە بەر لق و پۆی زۆر کە هەیەتی و لە هەمان کاتیشدا ڕەگ و ڕیشەی تا 12 مەتر ئەچێتە ژێر زەوی، کاریگەرترین دارە بۆ ناردنی ئاوی باران ئاو و بەفراو بۆ ژێر زەوی و لە هەمانکاتدا دەوڵەمەند کردنی کانی ئاوی ژێر زەوی.
هەموومان دەزانین کە هەموو ئێران لە داهاتوویەکی نزیکدا تووشی قەیرانی بێ ئاوی دەبێت، هەر بۆیە ئەبینین تەواوی سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستانیان بردۆتەوە بۆ ناوچە فارسنشینەکان، یان ئەوەی خەریکی وێرانکردنی سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستانن.
نموونەیەکی هەرەزیندوو کە لە پێش چاوی هەمووانە، کانیی مێژوویی "بڵ"ە لە هەورامان. هەر وەک دەزانن شەڕی داهاتوو، شەڕی ئاو دەبێت و کوردستان لە بەر ئەوە دارستانی بەڕووی هەیە، ئەتوانێت ئاوی خۆی لە بارینی ساڵانەی بەفر و باران، لە ڕێگەی دارستانەکانیەوە دابین بکات و تەنانەت ئەتوانێت ئاوەکەی وەک چەکێکی بەهێز بەرانبەر بە دوژمنەکەی بکار بهێنێت. هەر بۆیە ئەوان خۆیان باش دەزانن کوردستان بۆ ئەوان نابێت و دێر یان زوو کورد ئەبێتەوە بە خاوەنی وڵاتی خۆی و بەڕاستیش ئەوان بە وڵات خۆیانی نازانن و هەر دەم لەوانەیە چۆڵی بکەن. بۆیە پێویستە ئەو پیلانانەی لە دژی دارستانەکانی زاگرۆس لە ئارادایە، پووچەڵی بکەینەوە و ڕێز و حورمەتی داربەڕوو بگرین کە سەدان ساڵە و لە تەمەن ئێمەدا و لە تەمەن باب و باپیرماندا لەسەرمادا گەرما بووە و لە گەرمادا سێبەر بووە بۆمان ولە هەمانکاتدا حەشارگەی پێشمەرگە و گەریلا بووە و بە هەموو شێوەیەک لە خزمەتماندا بووە.
جا لێرەدا بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانەی کە لە لایەن کۆماری ئێرانەوە بۆ دارستانەکانی کوردستان هاتۆتە ئاراوە، پێویستە بە هەموو شێوەیەک پاڕێزگاری لە دارستانەکانمان بکەین و لە ئاگر بیانپارێزین و لە هەمان کاتیشدا، هەر کەس لە ئاستی خۆیەوە هەوڵ بدات لە پاییزی هەر ساڵێکدا چوار تا پێنج دانە بەڕوو لە دەشت و چیا و ئەو شوێنانەی کە ڕووتەڵانن بخاتە چاڵ، تاوەکوو دیسان ببینەوە بە خاوەن دارستانێکی چڕ و پڕ لە وڵاتەکەماندا.
جێگەی ئاماژەیە ئەم ڕۆژانە دەوڵەت خەریکە نەمامی کاج و سنۆبەر ئەدات بە گوندەکان و بەداخەوە خەڵک وا ئەزانن هەنگیان لە گوێزا دۆزیوەتەوە، ئەچن وەریدەگرن. ژینگەدۆستان و ژینگەپارێزان داری بەڕوو، داری مازوو، داری وێوڵ و ... ئەمانە هەموویان لە بنەماڵەی دار بەڕوون و دارێکی خۆماڵیشن، زۆریش بە نرخن، بۆیە پێویستە لەم دارانە و داری قەسوان و گۆیژ وکێکف و وهەرمێ کێوی لە شاخ و دەر و دەشت بچێنن کە هەمووکات خاوەنی کوردستانێکی سەر سەوز بین و جوانییەکانی زاگرۆسمان هەمیشەیی بێت .
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە