بابەتی گەرم:

هیوا بوتیمار

بەسە سەرۆک

Tuesday, August 11, 2015

هیوا بووتیمار
تا دوێنێ لە بست بە بستی ئەو خاکە پیرۆزە پۆستاڵی عەسکەر وەک ڕەشمار دەرگا و درگا ئەگەڕا و هەر کەس هەناسەکەی بۆنی ئازادی لێهاتایەت پێیانەوە ئەدا و کورد وتەنی تووکی سەری با ئەی برد. باسی ئەو دەمانە ئەکەم کە حیزبی بەعس کون و قوژبنی وڵاتیان داگیر کردبوو، بە شێوەیەک کە تەنانەت بایەقووشیش بۆی نەبوو دەنگ هەڵبڕێت.

ئاخر ئەو سەردەمە کە حیزبی بەعس بوو، هەر لە بارزانەوە هەتا دەگاتە گەرمیان، گشتی لە ڕیزی ئەنفالدا وەستابوون و هەموو چاوەڕێی مەرگ، ئاخر ئەو سەردەمە کە حـیزبی بەعس بوو، لە هەڵەبجە پێنجهەزار پەپوولە کە تا ئەو ساتە بێبەش کرابوون لە هەموو بۆنێکی خۆشی وڵاتی خۆیان، باوەشی هەناسەیان بۆ سێوی ژەهراوی کردەوە و لە چەند خولەکدا هەر پێنج هەزارەکەیان شەهید بوون، ئەو کاتە سەردەمی حــیزبی بەعس بوو
.

ئەوکاتانە زیلەکان کۆڵان بە کۆڵان ئەگەڕان و بە هەزاران ژنیان بێ مێرد و مێرد بێ ژن و مناڵیان بێ باوک ئەکرد، ئاخر ئەو کاتە حــیزبی بەعس بوو. ساڵی ٨٨ تان بە بیر دێت!؟ لە شاخی کوورۆس کە ئاوارە بوون، باسی ئەو دەمە دەکەم کە دایک لە بەر برسێتی خۆی و لە بێ شیر بوونی مەمکەکانی مناڵەکەی لە بنە بەردێک دائەنا و بۆ خۆی ئەمرد، ئەو ڕۆژانە کە سەدان کەس لە برسانا مرد ... ئاخر ئەو سەردەمە حیزبی بەعس بوو .ئەو دەمانەی ئێوە لە شاخ بوون و کۆبوونەوەکانتان لە ناو ئەشکەوت و بنەبەرددا بەڕێوە ئەبرد و بۆ ئازادی تێ ئەکۆشان و هەمووتان یەک سیما و یەک جل و بەرگتان لە بەربوو، ڕەشوڕووت و برسی و ڕوومەت‌هەڵگڕاو هەر وەک هەژارانی شار و لادێی وڵاتەکەتان و خۆتان هەوڵتان ئەدا بە خوێن و ژیان ئازادی دەستەبەربکەن ... ئەو سەردەمە سەردەمی شاخ بوو.

باسی شەڕە خۆ کوژییەکانتان بەوردی ئەکەم، بەس باسی نازانم بڵێم شەهید یان ناوێکی تریان لە سەردانێم کە کردنتان بە قوربانی مەرامە نا نیشتمانییەکانی خۆتان، زۆریش نەبوون، بە دەهەزار پێشمەرگە، بیست هەزار و سی هەزار دایک و باوک و خوشک و براتان ڕەشپۆش کرد و بگرە بە هەزاران ژنتان بە کۆشێ مناڵەوە بێوەژن کرد بەس بۆ مەرامە نا نیشتمانییەکانتان و هیچکاتیش حازر نەبوون داوای لێبوردن لەو خەڵکە بکەن و هەر بۆیە ئێوە، لە بەر نیازە چەپەڵەکانتان، تەنانەت تا ئێستایش بنەماڵەکانی ئەو دەهەزار پێشمەرگەتان کردووە بە دوژمنی یەکتر.

داوای سەربەخۆیی ئەکەن بەڵام دەنگێکی جدیتان لێوە نەهات بۆ ئەو کۆمەڵکوژییەی لە لایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە ئەنجام درا و تێیدا چەندین کەسی بێتاوان شەهید کران. ئیتر چ شتێک لە ئێوەدا ماوە کە وا خۆتان پێشمەرگە پێناسە ئەکەن!؟

کۆبوونەوەکانتان لە ناو کۆشک و تەلاردایە و هیچ خەبەرێک لە دڵسۆزانی دوێنێی ناو سەنگەرتان نییە و خەریکن بۆ زاڵبوون بە سەر ئەو کۆسپانەی لە بەردەمتان دایە لە گەڵ دوژمنانان ڕاوێژ ئەکەن! ئەگەر کوردایەتییە، گەر سەیری دەوروبەری خۆتان بکەن دەبینن پێویستتان نە بە قاسمە و نە بە هیچ داگیرکەرێکی تریش. ئەگەر لەپێناو وڵاتدا ئەمە دەکەن، ئەوا بە ملیۆنان گەنج لە وڵاتەکەتاندا هەیە کە هەزار قات لەم بەناو دڵسۆزانەتان دڵسۆزترن بۆ ئەم وڵاتە و بۆ ئێوەش! وانەزانن کوردستان هەر ئەو دووهەزارودووسەدوپەنجا کەسەیە کە بنەماکانی دیموکراسییان خستە لاوە و مانەوەی جاڕیان بۆ مانەوەی ئێوە دا. یان وەک خۆتان دەڵێن "چاوەڕوانی سازانی نیشتمانی"ن، کە هەر خۆتان خاوەن کورسی بن، یان نە چاوەڕوانی حوزەیرانەکەی پێرارن! ماومەتەوە ئەم سەردەمە ناو بنێم چی! سەردەمی گەندەڵی و تیرۆر و ئیرهاب و دزی و ڕاو ڕووت و بێعەدالەتی؟ یان دێموکراسیی فەشەل و نیشتمانفرۆشی؟ یان سەردەمی گیرفان پڕکردن و خەبات لە پێناو ژیانێکی فیرعەونیدا بۆ خۆتان و ئەوانەی لە گەڵ ئێوە هاوپەیمانن؟

ئێوە کە شۆڕشگێڕەکانی دوێنێن، ئێستە بەپێچەوانەی ئەو ڕۆژانەوە سینگتان بە حەپەلووشکردنی سامانی وڵات پان کردووە. بەو حاڵەش خەریکن بە ڕێژەی سەربازی و نیشاندانی هێزی زۆر و زەوەندی سەربازی و ... نەوەی دوای ئەنفال و کیمیاباران چاوترسێن ئەکەن تا بتانکەنەوە سەرۆک. دەستتان ناوەتە بینە قاقەی خەڵکی کوردستان، خەریکن ئەیان خنکێنن ... سەیارەی هامێری بێگانە، کە بە پارەی سامانی ئەم وڵاتە سەدان ساڵە غەدر لێکراوە کڕدراوە، خەریکن ترسی شەڕێکی تر و ئاوارەبوونێکی تر ئە خەنە دڵی ئەو خەڵکە هەژارەوە، هەر بۆیە بە هەزاران گەنجی وڵات دەستیان لەو وڵاتە شۆردووە کە سەردەمانێک پێشمەرگایەتیان بۆ ئەکرد و ڕوویان کردۆتە هەندران. ئەمانە، لە ڕۆژانێکدا کە ئێوە لەژێر ناوی بیناکردنی کوردستاندا خەریکی پڕکردنی گیرفانەکانتان بوون، بەرە بەرە لە ناو و ئاو و هەوای وڵاتێک بە ناوی کوردستان بێزار کران، ڕەشبین کران، تیرۆر کران ...

من کە بینیم داعش هێرشی کردە سەر کوردستان دەمویست بگەڕێمەوە تا وڵاتەکەم بپارێزم، بەڵام بەختەوەرانە لە بەر بێ ناسنامەیی نەمتوانی بگەڕێمەوە. ئەڵێم بەختەوەرانە نەمتوانی چوونکە دوای ماوەیەک بینیم هەر پێشمەرگەی بریندارە و لەبەر بێکەسی لە کونجی ماڵەکەیدا کەوتووە، لە بێدەسەڵاتی و دەستکورتیدا ئەناڵێنێت و هاوسەری خۆشەویستی لەبەر بێ ئیمکانی بە جێی دێڵێت. دیتم پێشمەرگە لە بەر قەرزاری خۆی دەکوژێت، چاوی پڕ لە فرمێسکی دایک و کوڕ و کچ و ژنانم دیت ... ئەوەشم دیت کە هەر لەم سەروبەندەدا هەزاران تانکێڕی نەوت بە پارەیەکی کەم درا بە داگیرکەران و پارەکەشی یان نەهات، یان ئەگەر هات چووە گیرفانەکانی خۆتانەوە. بڕیارم دا کە نەگەڕێمەوە و ئیتر پێشمەرگەی ئاوەها دەسەڵاتێک نەبم، بەڵێ ئێستە ئێوەن شۆڕشگێڕەکەی بە قسەی خۆتان سەردەمی شاخ و ئێستە و ئێمەیش بێ خێر بۆ نیشتمان. بەسە سەرۆک، بەسە ئەم وێرانییە ...


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷