هیوا بوتیمار
زیانەکانی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و ئێراق لە سەر ژینگەی کوردستان
Saturday, June 6, 2015
هیوا بوتیمار
بەر لە دەستپێکی شەڕی ئێران و ئێراق، کوردستان سەرەڕای ئەوەی خەڵکەکەی دەست کورت و فەقیر بوون و زۆرێکیان بژێوی ژیانیان لە ژینگە و لە ڕێگەی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە دابین دەکرد؛ بەبێ ئەوەی دەست لە سیمای سرووشتیی سرووشت وەردەن. بۆ نموونە خاوەنی زۆرێک لە زەوییەکان ئەگەر بە دەیان داری بەڕوو لە ناو مەزرکانیاندا بوایەت نەیاندەبڕینەوە و حورمەتیشیان لێ دەگرت و سێبەرێکیش بوو بۆ حەوانەوەیان، ئەو دەم هەموو کوردستان پارچەیەک گوڵستان بوو.
بە دەستپێکی ئەو شەڕە سرووشت وێران کرا و دارستانەکان هەم لە باشوور هەمیش لە ڕۆژهەڵات بە لۆدەر و بۆڵدیزەر هێرش کرا سەریان، بۆ ساز کردنی سەنگەر و پایەگا و پادگانی نیزامی. بۆیە هەر بەو بۆنەوە شیو و دۆڵ و شاخ هەمووی جادەی بۆ کێشرا و بۆ ساز کردنی هەر پایەگایەکی نیزامی بە هەزاران داری بەڕوو قوربانی کرا و ئەم وێرانکارییانە بوونە هۆی ئەوەی هەموو ئاژەڵ و پەلەوەر و هەموو گیانداران لە ماڵی خۆیان دەر کرێن و ڕەوتی سرووشتی سرووشت بە یەکجاری بشێوێندرێت. شوێنێک بۆ حەوانەوەی داڵ و هەڵۆ و واشە نەما لە بەر ئەوەی تەواوی بەرزاییەکان جادەیان بۆ ڕۆیشت. بزن و مەڕ و کەڵ هەموو لە شوێنی خۆیان دەر کران.
ئەوەی تا ئێستا باسم کرد لە سەرتای شەڕدا ڕوویداوە. لەوە بەدواوە و لە ناو جەرگەی شەڕدا کە بە تۆپ و تەیارە و هاوەن و بە دەیان جۆر سیلاحی تر کە لەو شەڕەدا کەڵکیان لێ وەرگیرا، کەوتنە گیانی ژینگەی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، و دەتوانم بڵێم زۆرترین هێرشەکانی هەم هێزەکانی ئێراق هەم هێزەکانی ئێران بۆ سەر ژینگە و دارستانەکان بوو هەم لە باشوور هەم لە ڕۆژهەڵات. لە ڕاستیدا دەتوانیین بڵێن هێرشەکان بۆ سەر شارەکان کەمتر لە هێرشی سەر دارستانەکان بوو. ژینگەی کوردستان وای لێهات کە ڕێگەی جووڵانەوەی مرۆڤ و هیچ ئاژەڵێک نەبوو لە بەر بوونی ئەڵغامێکی زۆر کە لە لایەن هەدوو هێزی ئێرانی و ئێراقییەوە چاندرابوو.
جا لێرەدا ئەگەر چاوێک بگێڕین بەو مێژووەی ژینگەی کوردستاندا بۆمان دەردەکەوێت کە کوردستان زەرەرمەندترین شوێن بووە کە بە هۆی ئەو شەڕەوە تووشی هاتووە و گەورەترین زیانی لێ کەوتووە و لێ دەکەوێت.
شەڕ تەواو بوو چی بە جێما!؟ وێرانییەکی زۆر لە کوردستان کە بریتی بوو لە ژمارەکەی زۆر پایەگای کۆن، کە زۆرێکیان لە لایەن خەڵکی داگیرکەرەوە کراون بە باخ و بێستان، جادەیەکی زۆر کە ڕێگەیەکی ئاسانە بۆ گەیشتنی دەستی تێکدەرانی ژینگە بۆ شوێنە بکرەکان، واتە شوێنە دەست پێ نەگەیشتووەکان. مانەوەی بڕێکی زۆری تەقەمەنی کە ساڵانە دەیان زیانی گیانی لێ دەکەوێتەوە و هەر وەها پاشماوەی ئەو هەموو ئەڵغامانەی کە ڕێگرە لە بووژانەوەی سرووشت و زیندووبوونەوەی ئەو ئاژەڵانەی کە مەترسی قەڵاچۆ بوونیان لە سەرە. هەر بەو هۆیەوە ساڵانە بە دەیان جۆر ئاژەڵی کێوی بێ دەست و لاق دەبن و بێچووەکانیان لە بێ شیری و بێ خواردنیدا مردار دەبنەوە.
باسی ئەوە با بمێنێت کە ساڵانە بە هۆی تەقینەوەی ئەم ئەڵغامانەوە بە دەیان کەسی دانیشتووی کوردستان دەکوژرێن و بێ دەست و لاق و چاو دەبن. ئێستایش کە ئێستەیە هیچ لایەکیان نەیانتوانیوە کوردستان پاک بکەنەوە لە ئەڵغام و تەقەمەنییەکانی ئەو شەڕە. هەر چەند دەیشتوانین بڵێین هەر نەیانویستووە پاکی بکەنەوە و ساڵانە بەدەیان میلیار پارە کە بۆ ئەو پڕۆژانە واتە پڕۆژەی ئەڵغام هەڵگرتنەوە لە لایەن کۆمپانیا حکومییەکانەوە دەدزرێت.
بۆیە پێویستە خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گوشار بخەنەسەر نوێنەرانی شارەکانیان کە بەدەنگی ئەوان چوونەتە پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە بۆ ئەوەی ئەوانیش داوا بکەن لە بەر پرسانی دوڵەتی کە بە زووترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.
دەتوانم بڵێم ئەو باسەی من تەنیا زەڕەیەکە لەو زیانانەی کە شەڕی نێوان دوو دەوڵەتی ئێران و ئێراق داویانە لە ژینگەی کوردستان و خەڵکی خۆیشمان لەم سەر دەمەدا بە هەموو شێوەیەک بەر بوونەتە گیانی سرووشت بۆ سازکردنی باخی ڕەز بەبێ ئەوەی لە لایەن دایەرەی بەر پرسەی ژینگەوە ئاستەنگییان بۆ دروست بکرێت و بە داخەوە بڕێکیش بۆ شارادنەوەی خراپکارییەکانیان لە ژینگەدا خزاونەتە ناو ڕێکخراوە ژینگەییەکان لە کوردستان .
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە