سەلاح عەباسی
قەیرانی دەسەڵاتی سیاسی لە باشووری کوردستان
Saturday, August 29, 2015
سەلاح عەباسی
پرسی دەسەڵاتی سیاسی لە باشوور تەنیا مەسەلەی هەڵبژاردنی سەرۆک یان جێگە و پێگەی پارلەمان و سیستەمی سیاسی و چارەسەریی گەندڵی نییە، بەڵکوو مەسەلەی پۆپۆلیزمی سیاسیش دەگرێتەوە. بۆ نموونە مەسەلەی ناسیۆنالیزم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پاڵنەرێکی بەهێز بووە لە داڕشتنی قەوارەی سیاسیدا.
یەک میللەت و یەک پەرچەم و یەک دەوڵەت و باوکێکی نەتەوەیی و بەستنەوەی مەسەلەی نەتەوە بە خاک و خوێن، دەقاودەق هۆکاری هەموو نەهامەتییەکانی گەلی کوردە. گوتاری بنەماڵەی بارزانی بە شێوەیەکی دیکە گوتاری ئاتاتورکی بەرهەم هێناوەتەوە. ئەگەر گوتاری ڕزاشا و ئاتاتورک یەک نەتەوەیی و یەک پارچەیی سەرانسەری ئێران و تورکیا لە سەر بنەما و ناوەروکێکی ئەتنیکی بوو، گوتاری بنەماڵەی بارزانیش گوتاری یەک خێڵ و یەک بنەماڵەیە. واتە ناسیۆنالیزم لە سەر بنەمای فئۆداڵیزم. ئەم گوتارە، بەهۆی رۆڵیکی میژوویی کە لێرەدا کارم بە لایەنە زیانبارەکانی نییە، توانیویەتی وەکوو نوێنەری سەرەکیی ناسیۆنالیزمی کوردی باشوور خۆی پێناسە بکات. واتە ناسیۆنالیزمی کوردی بەرەو ئاراستەیەکی گوندی و خێڵەکی ببات.
خۆ دزینەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە پرسی نەتەوەیی و خۆ بەستنەوە تەنیا بە مەسەلەی گەندەڵییەوە، زەربەیەکی گەورەی لە گوتاری ناسیۆنالیستی کورد داوە، ئەم گوتارەی بۆ نوێنەرانی فئۆداڵیزم و خێڵ بەجێ هیشتووە. پرسی نەتەوەیی بێگومان پرسێک نییە کە بکرێ پشتگوێ بخرێت. چونکە ئەم پرسە هێزیکی کۆمەڵایەتییە و بیروڕای گشتی دەوروژێنێ. ئەم پرسە دەبێ لە لایەن هێزی شارستانییەوە نوێنەرایەتی بکرێ و لەگەل پرسەکانی وەک ماف و دادپەورەری و دێموکراسی یەکانگیر بکرێت.
بێگومان پارتی دێموکراتی کوردستانی عێراق، جگە لە پرسی نەتەوە لە یەک پارچە یان باشترە بڵێین یەک ناوچە ـ ئەویش لەژێر رێبەرایەتیی خێڵ و بنەماڵەدا، خاوەنی هیچ پڕۆژەیەکی فیکری و سیاسی نییە. گوتاری سیاسیی ئەم حیزبە لە سەر بنەمای رەسەنایەتیی بنەماڵە دامەزراوە. بە پێی ئەم تێڕوانینە، لە کوردستاندا یەک تایفەی رەسەن هەیە و لە ناو ئەم تایفەیەشدا بنەماڵەیەکی رەسەن و لە ناو ئامۆزاکانی ئەم بنەماڵەیەشدا کوردەکان و نەوەکانی بەڕێز مەلا مستەفای بارزانی دەبێ سەرکردایەتیی کوردستانی باشوور بکەن.
مەسەلەی دوو ئیدارەیی لەم تێڕوانینە جیا نابیتەوە، چونکە تێکەڵبوونی پرسی رەسەنایەتیی بنەماڵە و خێڵ دژی پرسی نەتەوەیییە. واتە پارتی بە شێوەیەکی پارادۆکسیکاڵ لە بیست سالی رابردوودا، خەریکی شەقار شەقارکردنی ناسنامەی نەتەوەییی کورد لە باشوور و دووپارچە کردنی ئەم هەرێمەدا بووە، بەڵام بە هۆی بۆشایی گوتاری ناسیۆنالیستی لە لایەنی بەرانبەردا، واتە لە ناوچەی سۆراندا، توانیویەتی جێگا پێیەکی بچووک بۆ خۆی بکاتەوە.
پرسی دەوڵەتی کوردی زۆر لەوە گەورەترە کە بۆ هێزێکی دواکەوتوو بەجێ بههێڵرێ. گوتاری ناسیۆنالیزمی کورد دەبێ لە لایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە کە پیشکەوتووترین هێزی سیاسیی هەرێمی کوردستانە نوێنەرایەتی بکرێ و وەکوو مافێکی حاشاهەڵنەگر بخرێتە پڕۆژەوە. بەڵام مافیک کە کۆمەڵێک مافی مەدەنی دیکەی لەگەڵدایە و تەنێ پرسی خۆین و رەسەنایەتی نییە ـ مافی شارۆمەندێتی و هاوولاتی بوون جیا لە زاراوە و بنەماڵە و رەسەنایەتی خێڵەکی.
پرسی سەرۆک دەبێت لە ڕێگای نوێنەری سیاسییەوە چارەسەر بکرێ نەک لەڕێگای ڕەمزی ڕەسەنایەتیی بنەماڵەیەکی دیاریکراوەوە. پرسی سیاسیی باشووری کوردستان، درەنگ یان زوو، دەبێتە پرسی پڕۆژەی سیاسی و لە مەسەلەی ئەتنیکی و رەسەنایەتی جیا دەبێتەوە. بەڵام بۆشایی و قەیرانی ناسیۆنالیزمی کورد، ئەگەر لە ڕێگای هێزی دژی فئوداڵییەوە چارەسەر نەکرێ، نوێنەرایەتییەکەی لە ئەستۆی هێزی خێڵەکیدا دەمینیتەوە و ئەم مەسەلەیە دەبێتە هۆی چەندپارچەبوونی گوتاری سیاسی و نەتەوەیی.
جگە لە پڕۆژەی خاشەبڕکردنی گەندەڵی، پڕۆژەی "ڕەسەن"بوونی تەواوی هاووڵاتیانی کورد و ئەو بیرۆکەیە کە هەر هاووڵاتییەکی ئەم جوگرافیایە دەتوانێ خۆی بۆ سەرۆکی کورد هەلبژێرێت، دەبێ ببێتە دروشمێکی سیاسی. لە کوردستاندا هیچ بنەماڵەیەک نابێ بە "ڕەسەنتر" لە خەڵکی ئاسایی بزانرێت. تەواوی خەڵکی کورد، بە بنەماڵەی بارزانی و تایفە و خێڵەکەشیانەوە، "خەڵکی ئاسایی"ن و کەس خۆێنێکی "ڕەسەن" و تایبەتی لە جەستە دا نییە.
بۆ بنیاتنانی قەوارەیەکی سیاسیی تەندروست، پێویستە مەسەلەی ماف جێگای مەسەلەی ڕەسەنایەتی بگرێتەوە، چا چ ڕەسەنایەتیی بنەماڵەیی بێت یانیش ڕەسەنایەی ئایینی یان ڕەگەزی. هەموو تاکیکی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان بۆی هەیە خۆی بە خاوەنی ئەم هەرێمە بزانێ و وەکوو هاووڵاتی هەموو مافێکی دێموکراتیکی پێ ڕەوایە.
چۆڵکردنی مەیدانی ناسیۆنالیزم بۆ هێزگەلی لایەنگری "ڕەسەنایەتی"، کارەساتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی بە دوا دایە.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە