سەلاح عەباسی
هەڵبژاردنی ئەم جارە
Sunday, February 14, 2016
ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ داوایان لێ کردم سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئێران ڕای خۆمیان بۆ بنووسم و منیش بەم کورتە نووسراوەیە، هەوڵم داوە لە ڕوانگەیەکی بەرینترەوە بابەتەکە شرۆڤە بکەم.
دەکرێ بڵێین کە هە ڵبژاردنی ئەم جارە دووپاتبوونەوەی هەڵبژاردنە کانی پێشوویە، بەڵام شتیکی تازەی تێدا بەدی دەکرێ و ئەویش مەسەلەی پێشگیریکردن لە ڕێفۆرمخوازەکان بە شیوەیەکی سیستماتیکە. لە سەردەمی خاتەمی و دوای هەڵبژێردرانی ئەحمەدینژاد و هاتنی موسەوی بۆ ناو هەڵبژاردن لە ساڵی ٨٨دا، هەموو دەرگاکان لە سەر ڕێفۆرمخوازەکان دانەخرابوون.
لە ساڵی ٩٢دا ڕێفۆرمخوازەکان زۆریان مانۆڕ لە سەر ئەو مەسەلەیە دا کە هاتنی ڕووحانی بە پێچەوانەی ویستی دەسەڵات بووە. لە راستیدا ڕووحانی کاریکاتۆری موسەوی و نیوە ڕێفۆرمخواز بوو. بەڵام ترسی حکوومەت لە تەحریمەکان و هەروەها ترس لە بەشدارینەکردنی خەڵک بوو بە هۆی ئەوەی کە خودی حاکمییەت ڕێگا بە هاتنی ڕووحانی بدات. واتە بەیتی خامنەیی لە لایەکەوە قبووڵی کرد کە ڕووحانی بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئەتۆمی لە جەلیلی باشترە و بەشداریکردنی خەڵک بە بێ کەسێکی سەر بە ئۆردوگای ڕەفسەنجانی و ڕێفۆرمخوازەکان دەستەبەر نابیت و ئەم بەشدارییە لە گفوتگۆی ئەتۆمی نێوان ئێران و ڕۆژئاوادا کارتێکی بەهێز و مەشرووعییەت بەخشە. خامنەیی هە ردووک ئامانجی پێکا، هەم بە کلیلەکەی ڕووحانی خەڵکیکی زۆری کێشایە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە و دنیای دەرەوە متمانەی پێکرد کە شکستی مەشرووعییەت لە ٨٨دا بۆ کۆماری ئیسلامی، شکستێکی کاتی بووە. بڕیاری ئەم جارەی بەیتی خامنەیی ئەوەیە کە دڵۆپ دڵۆپ ڕێگا بە هاتنی ڕێفۆرمخوازەکان بۆ ناو ئۆرگانە کانی دەسەڵات بدات. واتە بە قەولی فارسی "علاج واقعە قبل از وقوع".
لە سالی ٨٨دا حاکمییەت بە سەر تەڵەدا کەوت و تووشی کێشە هات و ناچار بە گۆڕین و دەستبردن بۆ ئاکامی ڕای خەڵک بوو، بەڵام تیۆریی تازەی حکوومەت ئەوەیە کە لە جیاتی ئاکام، ئەنجامەکان بۆ مسۆگەرکردنی دەرئەنجام موهەندیسی بکات. بەم جۆرە حکوومەت دەرسی لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، بە تایبەت بزووتنەوەی سەوز وەرگرتووە.
تیۆریی دووهەم، دوای ٨٨ باسی دژایەتیی نێوان میللەت و حکوومەت هاتە گۆڕێ و بە ئاشکرا خۆی بۆ جیهان دەرخست. حکوومەت موهەندیسی چاککردنەوەی ئەم دژایەتییەشی بە ئەستۆ گرتووە، ئەوەش لە ڕێگای جەختکردن لەسەر دوو دیاردەی بەهێزی "هوییەت"ی ئێرانی ــــــــــــــ واتە مەزهەبی شیعە و ناسیۆنالیزم ـــــــــــــــ و حەول درا کە پێکەوە ئاشت بکرێنەوە. زۆر زیرەکانە مەرکەزی ناکۆکییەکانی نێوان میللەت و دەوڵەتیان لە جودایی نێوان مەزهەب و ناسیۆنالیزم ـ یا بە واتایەکی تر ئێرانیەت و ئیسلامیەتدا دۆزییەوە. بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە حاکمییەت خەڵاتی پالەوانی ناسیۆنالیزمی ئێرانیی بە قاسمی سولەیمانی بەخشی و تیۆریی شەر لە گەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا و نۆکەرەکانی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانی هێنایە گۆڕێ، کە بە تایبەت ڕەفسەنجانی و ڕێفۆرمخوازەکان لەگەڵ ئەم ستراتیژییە ناکۆک بوون. ڕووسیا و لە هەندێک ڕووەوە عێراق و یەکێتیی نیشتمانی و حەماس، بە تایبەتتریش حیزبوڵای لبنان و بەشار ئەسەد کەوتنە خانەی سیاسەتی هیلالی شیعییەوە. لە لایەنی بەرانبەریش وڵاتە سوننە کان و بە تایبەت تورکیا و عەرەبستان و پارتی لە هیلال یا کەوانەی سووننەدا خۆیان بینییەوە.
ئێران وەکوو هێزیک کە توانای پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی ژێئوپۆلیتیکی ناوچەکەی هەیە و شەڕی داعش دەکات و پێشی لە گیرانی بەغداد و کەوتنی دیمەشق و هەولێر گرتووە، ئەفسانەی فەرماندە بەسیجییەکە ـ واتە قاسمی سولەیمانی ـ لە ناوچە و جیهاندا بڵاو دەکاتەوە. کاتی خۆی ئەحمەدی نەژاد دەیویست چەفیەی بەسیجی لە گەردنی "کورشی کەبیر" بهاڵێنێ، بەڵام ناسیۆنالیزمی ئێرانی بە هەندی وەرنەگرت و گاڵتەی پێکرد، ئیتر ئەمجارە قاسمی سولەیمانییان کردە کورشی سەرلەشکر! کەوابوو کۆماری ئیسلامی لە کورتخایەندا هە ردووک ئامانجی خۆی پێکاوە: هەم "مەرگ بەر ئەمریکا" دەڵێت و هەم پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکا ئاسایی کردووەتەوە و هەمیش ئیمپراتۆریی شیعەی خۆی بەهێز کردووە. بە پشتیوانی خۆیشی لە بەشار ئەسەد و ناردنی هێزی زەوینی و باڵادەستکردنی ئەسەد، بۆتە هۆی تووڕە بوونی تورکیا و سعوودیە و وڵاتانی سوننی و ئاگری بەهێزکردنی ناسیۆنالیزمی فارس و ڕێبەرایەتیی جیهانی شیعەی تێکەڵ کردووە و جێگای "کورش"ی داوە بە سەردار حاجی قاسم.
هەڵبەت ڕژیم ئەگەر نەتوانێ وەڵامی بێکاری و هەژاری و بێ ئاسۆیی گەنجان و ئاڵوودەبوونیان بە مادە هۆشبەرەکان بداتەوە و چارەسەریان بکات، ئەم ستراتیژییەی لێ دەبێتەوە بە تاکتیک، هەرچەند کەڵکی لێ وەربگرێ دیسانیش لە درێژخایەندا دژایەتیی میللەت و دەوڵەت دیسان سەر هەڵ دەداتەوە.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە