سەلاح عەباسی
خێڵ، مافیا و سیاسەت
Saturday, September 5, 2015
سەلاح عەباسی
پڕۆژەی سیاسیی هەندێک لە سیاسیکارە کوردەکان بێدەنگییە لە بەرانبەر گەندەڵیی سیاسی و ئابووریدا. داکۆکی نەکردن لە مافی هاووڵاتییەکان لە ژێر ناوی وەفاداری بۆ ڕەمزەکانی "ڕەسەنایەتی" و "نەتەوەیی"دا. واتە گوایە بۆ یەکڕیزیی کورد، پێویستە مافە زەوتکراوەکانی کۆمەڵانی ئاسایی و هەژار و بێدەرەتان نەخرێنە ڕۆژەفی سیاسییەوە. سەیرتر لەوە ئەمەیە کە هەندێک لەو هێزانە خۆیان بە چەپ یان سۆسیالدێموکرات دەزانن.
یەکێک لە بنەما بەهێزەکانی جووڵانەوەی سۆسیالدێموکراتی، چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستادا، بەرگریکردن لە مافە سیاسی و ئابوورییەکانی کۆمەڵانی ئاسایی و بێدەسەڵاتی خەڵک بووە. واتە خەڵکی ئاسایی و بێدەسەڵات بۆی هەیە ڕەخنە لە دەسەڵات بگرێ و تەنانەت داوای گۆڕین و لابردنی بکات. ئەمە مافێکی حاشاهەڵنەگرە. مافی ڕەخنە و ڕژانەشەقام. لە لایەکی دیکە ئایدیۆلۆژیای سۆسیالدێموکرات لە بناخەدا داکۆکیکردنە لە مافە ئابووری و سیاسییەکانی خەڵکانی خوارووی کۆمەڵگە بە تایبەت کرێکاران. هێزێکی سۆسیالدێموکراتی کورد، چۆن دەتوانێ لە ساڵێکدا تاقە جارێکیش ئاوڕ لە دۆخی کرێکارانی کورد و بیانی نەداتەوە یان مافی ژنان نەکاتە داواکارییەکی سیاسی؟ ئەمە پرسیارێکە دەبێ قسەی لێ بکرێ.
چەسپاندنی ماف و یاسا لە ڕێگای ئەستاندنەوەی مافە تایبەتییەکانەوە دەستەبەر دەبێ. واتە هیچ کەس لە سەرووی یاسادا خاوەنی مافی تایبەتیی بنەماڵەیی، حیزبی، ئایینی یان سیاسی نییە.
ئەوەی کە سیاسەت، یاسا و ڕێسا و بەشداریی خەڵک لە ژیانی سیاسیی وڵاتێکدا بە چ ئاقاریکدا دەڕوات، تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندیی بەوەوە هەیە داخوا کێ نوێنەرایەتیی ئەو خەڵکە دەکات. داخوا نوێنەرەکە هێزێکی خاوەن ئایدیۆلۆژیی چەپ و پێشکەوتووخوازە یان خێڵەکی/ فێۆداڵ/ ناسیۆنالیستە، یانیش سەر بە قوتابخانەی رێئال پولیتیکە؟ ئەم دوو گرووپە لە بەرانبەر یەکتردان. ئەگەر گرووپی یەکەم سەرکەوتووتر بێ، جێگایەک بۆ گرووپی دووهەم نامێنێتەوە و گرووپی دووهەم هەرچی لە دەستی بێت دەیکات بو ئەوەی گرووپی ئایدیۆلۆژی، بە تایبەت چەپ، مەجالی سەرکەوتنی نەبێ. سەرکەوتنی چەپ بە مانای لە کیسچوونی کۆمەڵێک ئیمتیازات و بەرژەوەندیی بنەمالەیی، خێڵەکی، حیزبی، ئایینی و چینایەتییە.
بزووتنەوەی گۆڕان، کە ڕیشەیەکی چەپی هەیە و زۆرێک لە داخوازییەکانیشی دەکەونە خانەی داخوازییە چەپەکان، دەتوانێ هێزێکی سۆسیالدێموکرات بێ و ئایدیۆلۆژیی یەکسانی و دادپەروەری بکاتە پڕۆژەی کۆمەڵانی مافخوراو. سەرکەوتنی پەرلمان بەرژەوندیی نەوت فروشەکان دەخاتە مەترسی. بەرژەوەندیی بنەماڵەیی و خێڵەکی دەخاتە مەترسی و مەسەلەی لێپرسینەوە و موحاسەبەی ئەوانەی کە بە میلیارد دزییان لە سامانی خەڵک کردووە، دەبێتە پڕۆژەیەکی جیددی.
لە ئێستای باشووری کوردستاندا شەڕێک لە نیوان ئەم دووهێزە لە ئارادایە. گەندەڵان سەرە بە هەردوو حیزبی سیاسیی گەورە، واتە یەکیتی و پارتین. تەنانەت وردبوونەوەیەکی سەرپێیی لە چۆنیەتیی دابەشبوونی پۆستە ئیداری و بازرگانییەکان نیشانمان دەدات کە ئەم دووهێزە لە ئیستادا ناتوانن یەکتر وەلابنێن. لە کەنار وەزارەتی سامانە سرووشتیەکاندا وەزارەتی دارایی دامەزراوە کە ناتوانێ پیش لە دزینی سامان ـ نەوت بگرێ، بەلام دەتوانێ چاوەدێریی دزییەکانی بکات و فاکت و دۆکومێنتیان لە سەر کۆ بکاتەوە.
ئەم جۆرە دابەشکردنەی ئەرکەکان، کورد گوتەنی خۆی لە خۆیدا خاوەنی مانایە. ئەو هێزەی پێویستی بە دزینی نەوت و فرۆشتنی هەیە و بەس بۆ خۆی دەزانێ چەندی فروشتوە و بەرهەمەکەی چووەتە کام گیرفانەوە و ئەو هێزە ش کە پێویستی بە زانیاری لە سەر داراییەکان هەیە بەڵام نازانێ چییان لێ هاتووە، ناوی خۆی ناوە وەزارەتی دارایی؛ وەزارەتێک کە لە ڕاستیدا خەریکی کاری ژورنالیستییە! ئاخر لە سەدا نەوەدی داهاتی ئابووریی باشوور لەدەست وەزارەتی سامانە سرووشتییەکاندایە.
سەبارەت بە شەفافییەتی ئابووری، ئەگەر وەزارەتەکان لە بەرانبەر پارلەماندا وەڵامدەر نەبن، ئە شەفافییەتە وا خەڵک داوای دەکا پێک نایە. بە بێ پارلەمانیکی بەهێز، باشووری کوردستان لە دەستی مافیای ئابووری و سیاسیدا دەمێنێتەوە. لە ڕاستیدا بزووتنەوەی گۆڕان تەنها تروسکاییە کە لەم تاریکستانە سیاسی و ئابوورییەدا بەدی دەکرێ. لاوازکردنی پارلەمان و بزووتنەوەی گۆڕان، بە مانای چۆڵبوونی مەیدان بۆ مافیای ئابووری و سیاسییە.
ئەو حەولانەی بو لاواز کردنی پارلەمان دەدرێت، لە پێناو هێشتنەوەی ئیمتیازات دایە. کۆمەڵێک لە بەرپرسانی پارتی و یەکێتی، نەک تەنیا خاوەنی شەریکە و دامودزگای گەورەی ئابوورین و ئەم ئیمتازە ئابووریانەیەیان بە خاڵۆ و پلک و دارودەستەی خۆیانیش بەخشیوە، بەڵکوو خاوەنی هێزی چەکداریی تایبەتیشن. ئەو دەوڵەتە کوردییەی کە پارتی قەرارە دروستی بکات، یان دەوڵەتی شەڕی ناوخۆیییە یانیش دەوڵەتی مافیایی لەپێناو دابەشکردنی سامانە سروشتییەکانی کوردستاندا، لە نێوان هێزە خاوەن چەکدارەکاندا.
بە نەتەوەیی کردنی پارلەمان، ئەرتەش و دامودەزگا و ئیداراتی هەرێم، تاقە ڕێگاچارەی دەربازبوونن لەم قەیرانە. ئەو هێزانەی کە ناهێڵن ئیرادەی پارلەمان بچەسپێ و هەڕەشەی مەرگ لە پارلەمانتاران دەکەن، بەرپرسی سەرەکین لەم کارەساتەدا.
ئێمە بەهەڵەدا دەچین ئەگەر پێمان وابێ لە کوردستاندا تەنیا پارتی دێموکراتی کوردستانی عێراق بەرپرسە لە سەرهەڵدانی مافیای ئابووری و سیاسیدا. ڕاستە کە پارتی بەرپرسی یەکەم بووە و هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی لە دەستدا بووە، بەڵام کۆمەڵێک لە بەرپرسانی یەکیتیش بەرژەوندیی هاوبەشیان لە گەڵیان هەیە و شەفافییەتی ئابووری، سیاسی و ئیداری و پارلەمانێکی بەهێز، لە بەرژەوەندیی خۆیاندا نابینن.
ئەمن کایەی سیاسیی باشووری کوردستان لە نێوان دزەکان لەلایەک و بزووتنەوەی گۆڕان لە لایەکەی دیکەدا دەبینم. هێزە گەندەڵەکارەکان، بۆ مانەوەی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی مافیایی خۆیان، پەنا بۆ هەموو شتێک و هەموو کەسێک دەبەن. ئیران، تورکیا سعوودی و تەنانەت بەکار هێنانی خەونێکی وەک دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکەنە دەسکەلای ئەم گەمە قێزەوەنەیان. درووستکردنی دەوڵەت بۆ کورد، وەکوو پەردەیەک دەتوانێت هەرچی دزی و گەندەڵیی سیاسی و ئابووری و یاسایی و ... داپۆشێت و ڕێگای چاکسازی درێژ و درێژتر بکاتەوە، بۆیە پێویستە نەیارانی گەندەڵی ئەوەندەی گرنگی بە بابەتی چاکسازی دەدەن، ئەوەندەش بەو پرسە بدەن و نەیدەنە دەست گەندەڵکاران.
لێرەدایە کە پڕۆژەی سیاسەتی سۆسیالدێموکرات، یان ئایدیۆلۆژی سۆسیالدێموکراتی گرینگایەتی پەیدا دەکات ـ گەراندنەوەی دەسەڵات بۆ هەژاران، بۆ خەڵکی ئاسایی و بۆ پارلەمان، کە دەبێ نوێنەرایەتیی ئەم خەڵکە بکات.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە