بابەتی گەرم:

حەسەن جەماڵ

گەمە خوێناوییەکەی کۆشک و هاواری لەیلا زانا

Monday, September 14, 2015
حەسەن جەماڵ- تی٢٤
و: ئێن‌ئێن‌ئێس‌رۆژ 

بەڵێ گەمەی خوێناوی کۆشک و هاواری لەیلا زانا.
ئەمڕۆ سەبارت بەو دوو مژارە دەنووسم. 
دەپرسن گەمەی خوێناوی کۆشک چییە؟
ڕوون و ئاشکرایە: خستنی هەدەپە و داکشاندنی ئەو حیزبە بۆ ژێر بەربەستی هەڵبژاردن.
هەر بۆیەشە تورکیایان خستۆتە ناو گەمارۆی توندوتیژی و تیرۆر و شەڕ. هێرشەکانی سەر هەدەپەش هەر بەم هۆکارەن. تیرۆری دەوڵەت لە جزیرێ و ئەو توندوتیژییەی کە دەوڵەت بەسەر خەڵکی سیلوانیشیدا سەپاندووە هەر لەم پێناوەدان و هەڵبەت ئەو هێرشانەی کرانە سەر ڕۆژنامەی حوڕییەتیش. هەمان هێرش کە تا ئێستاشی لەگەڵ بێ ئەردۆغان شەرمەزاری نەکردووە. گرووپی مێدیایی دۆغان دەمێکە بە ڕۆژنامەوان و نووسەر و بەرپرسییەوە کەوتوونەتە ژێر دەستڕێژ و ڕۆژنامەی جومهوورییەتیش ماوەیەکە سکاڵاباران کراوە. هەر لە چوارچێوەی هەمان گەمەدا، ڕۆژنامە و تەلەفیزیۆنی “بوگون” و “مەیدان”، کاناڵ تورک و ناوەندە میدیاییەکانی “گرووپی کۆزا-ئیپەک”یش لەژێر زەخت و گوشار دان و ڕۆژ نا ڕۆژێک هێرشیان دەکرێتە سەر.

ئامانج چاوترسێنکردنی خەڵکە.
ئامانج کش و ماتکردنی خەڵکە.
ئامانج بێدەنگکردنی قەڵەمە ناڕازییەکانە.
ئامانج تەنیا هێشتنەوەی مەدح و سەنابێژانی ئەردۆغان لەناو میدیاکانە.
و
ئامانج دوورخستنەوەی هەدەپە لە سندووقەکانی هەڵبژاردنی ١ی نۆڤامبرە. هەمان هەدەپە کە بە دروشمی “ناتکەین بە سەرۆک”، ١٣ لە سەدی دەنگەکانی هەڵبژاردنی حەوتی ژووئەنی بەدەستهێنا.

گەمە خوێناوییەکە بۆ ئەم مەبەستانەیە.
بۆ داکشاندنی هەدەپە بۆ ژێر بەربەستی لە سەدا ١٠ی هەڵبژاردنە.
خستنی هەدەپە و مەحکوومکردنی بە مانەوە لەژێر بەربەستی هەڵبژاردن، بۆ سوڵتانەکەی ناو کۆشک مەسەلەی مان و نەمانە چونکە ئەگەر ئەو گەمەی سوڵتان سەرنەگرێ، داڕمانی هەنگاو بە هەنگاوی کۆشکەکەی بەدوادا دێت. هەم خۆی و هەم گوێڕایەڵەکانی لەمێژە هەستیان بەو ڕاستییە کردووە هەر بۆیە گەمەکە زۆر بێڕەحمانە دەبەنەپێش.

کۆشک، دەستوور ناناسێ، یاسا ناناسێ، ماف و ئازادییەکان ناناسێ و هەموو هەوڵی خۆی خستۆتە گەڕ کە ببێتە مرۆڤی ژمارە یەک و وەک مرۆڤی ژمارە یەکیش بمێنێتەوە و لەپێناو ئەو ئامانجەشیدا، خەریکە تورکیا بەرەو هەڵدێر دەبا. ئەوەندە بەو ئاواتەوە نووساوە کە تەنیا لە ڕەژیمە فاشیست و دیکتاتۆرییەکاندا نموونەکەی دەتوانین ببینینەوە.

هەر ئەوەندە بێژین بەسە:
ئەو ترسەی کە کۆشک بە شێوەیەکی سیستماتیک بڵاویکردۆتەوە خەریکە کاریگەری خۆی دادەنێ. مرۆڤەکان کپ بوونە. زۆری وایلێهاتووە کە متەقی نایە. بەڵام بۆ مەگەر چارەیەکی تر هەیە جگە لە دێموکراسیخوازی و بەرخۆدان بۆ ماف و یاسا و ئازادییەکان؟ سوڵتانەکەی ناو کۆشک دەیهەوێ ئیمپڕاتۆرییەتی ترس بنیاد بنێ بەڵام بۆ چما دەکرێ ئێمە لە بەرانبەریدا بێدەنگ بین؟

تورکیا خەریکە بەرەو ڕێچکەیەکی خراپ هەنگاو دەنێ، خەریکە دەگاتە لێواری شەڕی ناوخۆ، بێدەنگ بین؟ هەڵوێست نەگرین؟ هەر بە تماشاکردن قەناعەت بکەین؟ حەیف نییە؟ ئەی باشە سەندیکا پیشەییەکان لە کوێن کە جوانیش ئاگایان لێیە چ خەریکە دەقەومێ؟ ئاکادێمیسییەنەکان لەکوێن؟ یاساناسە ڕاستەقینەکان لەکوێن؟ ئەوان بە جێی خۆیان ئەی “عەبدوڵا گوڵ” و “مرۆڤە ژیرەکان”ی ئاکەپە لە کوێن؟ بۆ هەموو بێدەنگ بوونە؟ ناتوانن بێنە گۆ؟ ناتوانن هەر نەبێ هۆشدار بدەن و بە گشتاندنەوە بێژن کە ڕەوشی تورکیا خراپە؟ ناتوانێ ڕاگەیاندراویکی کورتیش بڵاوبکەنەوە؟ نەکا لە ترسی سوڵتان ئەوانیش متەقیان لێ بڕابێ!
چەندە جێی داخە.
هاوارەکەی لەیلا زانا
ئەی باشە هاوارەکەی لەیلا زانا، هاوارە ڕەسەنەکەیتان بیست؟ گوێتان لە قسەکانی گرت؟ هیوادارم کە ئاشتی و دێموکراسیخوازان گوێ لەم گوتانەی لەیلا زانا، نوێنەری ئاگری هەدەپە دەگرن و پشتیوانی لێدەکەن:

“پاش مشتومڕێکی یەک مانگە لەگەڵ ویژدانی خۆم، بەو بڕیارە گەیشتم:
لە جێگەی ئەوەی کە هەر سەیرکەری مەرگی گەنجان بم
حازرم خۆم لە جیگەیان بمرم
ئەگەر مەرگەکان نەوەستێندرێن
ڕۆژووی مەرگ دەگرم.
ڕۆحی بەرخۆدانی جزیرێ، هەرگیز تێکنەشکێندرا
ئەمڕۆش تێکناشکێ.
شایەتی قۆناخێک لە دیالۆگ بووین.
بۆ یەکەم جار کوردەکان بە بەردەنگ وەرگیران.
بەڕێز ئۆجالان لە گرتووخانەدا وەک بەردەنگ وەرگیرا.
هاورێیانمان، خوشک و برایانمان لە قەندیل بە بەردەنگ وەرگیران.
بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەمەش، [دەوڵەتی تورکیا] خەریکی خافڵاندنی خەڵک بوو؛
هەر دەیانکوت “ئەمڕۆ بچوو سبەی بێرەوە”. وتیان “ئەمەیە تێگەیشتنی ئێمە لە ئاشتی، تۆش ئاوا تێبگە”.
وتمان کە خەڵکی ئێمە چاوەڕوانی لێمان هەیە.
مافەکانیان لێ زەوتکراوە.
وتمان نە وەک سەدەقە بەڵکوو دەبێ ئەو مافە سروشتییانەی خەڵکی ئێمە بگەڕێننەوە.
کە داوای مافەکانی خۆمانمان دەکرد، هیچ هەڵوێستێکمان دژ بە خەڵکانی تورکیا نەبوو.
وتمان چ بە خوشک و برایانمان لە “بوورسا” ڕەوادەبینن، هەمان مافیش بە خەڵکی “ئیدیل” و “جزیرێ” ڕەواببینن.
بەڵام ئەو زیهنییەتە، هێستاش مافەکانمان قبووڵ ناکات.
ئەگەر خاوەنی زیهنییەتێک بان کە قبووڵی ئەو داخوازییانەمان بکا، 
دەرگای جزیرێیان لەسەر من دانەدەخست.
داوا لە سەرجەم ئەو لایەنانە دەکەم کە چەک بەدەستن؛
١٠٠ ساڵە بە شەڕکردن گیان دەدەین، مەرگتان پێ ڕەوا دیتین
خۆمان پاراست.
بەسە ئیتر.
بە مەرگ مەزن نابین، پێشناکەوین.
بەڵکوو کوشتن و کوژران، کۆمەڵگا و ویژدانەکان دەخەسێنین.
هەرکەس، بە هەر چییەوە کە لە زەین و مێشکیدا هەیە
با بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتگۆ
لە قۆناخی هەڵبژاردندا، بگەڕێنەوە دۆخی پێشوو
هەر کێشەیەکی لەگەڵ یەکتر هەتانە، لە سەر مێزی وتووێژ باسیان بکەن
تێناگەم بۆ لە وتووێژ دەترسن؟
لە جیگەی گەنجەکان، با ئێمە بمرین.
مانگێکە لەگەڵ خۆم لە کێشەدام و ئەو بڕیارەم دا؛
ئەگەر مەرگەکان نەوەستێنن، من دەست بە ڕۆژووی مەرگ دەکەم.
کە ئەوەم وت، هەرکەسێکی من دەناسێ دەزانێ
قسەیەک کە لە دەمم هاتە دەر، ئەگەر سەرمی لە پێناودا لەدەست بدەم
قسەکەم دەگەیەنمە جێ. ئەگەر قەوەتم بە کەسیش نەشکێ، لانیکەم بەخۆم دەوەستم.
لە جێگەی ئەوەی دابنیشم و سەیری گیاندانی گەنجان بکەم، من بە بەرەوپیری مەرگەوە دەچم.”

گوێ لەو هاوارەی لەیلا زانا بگرن. پشتیوانی لێبکەن وەگەرنا سبەی زۆر درەنگ دەبێ.

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷