بابەتی گەرم:

حەسەن جەماڵ

کایەی ئۆجەلان و ئەردۆغان

Saturday, February 6, 2016

حەسەن جەمال – ئیلکە خەبەر
لە تورکییەوە: ئاوارە وڵات


کتێبی "یادداشتەکانی ئیمراڵی، رزگاریی دیموکراتیک و بونیاتنانی ژیانی ئازاد"م لە بروکسڵ کڕی. چاپی ئەوروپایە و ناو و ئیمزای ئۆجەلانی بەسەرەوە. گرینگە زۆر بە وردی و سەرنجەوە بخوێنرێتەوە.
با بێمە سەر هۆکارەکانی...

بۆ تێگەیشتن لە روانگەکانی ئۆجەلان سەبارەت بە پرسی کورد، رۆژئاوا، پرۆسەی چارەسەری و قەندیل و پەکەکە، کتێبێکی گرینگە.

رەنگە لە هەمووی گرینگتر، بۆ تێگەیشتنی باشتر لەو "یاری"یەی کە لە نێوان ئەردۆغان و ئۆجەلاندا کراوە، پێویست بکات بە ناو لاپەڕەکانی ئەو کتێبەدا بگەڕێین.

لە لایەکەوە ئەردۆغان و لە لایەکی تریش ئۆجەلان. یاریزانە سەرەکییەکان ئەوانن. قسەی کۆتاییش ئەوان دەیکەن. وەک هەموو سەرکردەیەکی کاریزماتیک، ئەو دوو سەرکردەیەش "خود-تەوەر"ن . ئەمەش راستییەکی حاشاهەڵنەگرە.
گۆیا ئەو لەخۆباییبوون و "ژەهری دەسەڵات"ەی ئەردۆغان، دەوروبەرەکانی زۆر ئازار داوە. دۆخی ئاپۆ زۆر جیاوازترە. لەو روانگەوە کە ئیزنی چاپکردنی کتێبەکەی داوە، دیارە زۆر بە ئاشکرا یاری دەکات. بەڵام کاتێک کتێبەکە دەخوێنیتەوە، دەبینی کاری ئەو شاندەی ئیمراڵیش کە کاری لە گەڵ دەکەن زۆر سەختە و هەق وایە هیوای سەبر و ماندوونەبوونییان بۆ بخوازین.

بە راستیش کارەکەیان ئاسان نیە. ئاپۆ کەسێکی لێوبەبزەیە، جاروبارە بە گەپ و گاڵتەیە و قسەی خۆش دەکات، کەسێکە دەزانێ چۆن دڵی بەرانبەرەکەی بە دەست بێنێت، بەڵام تەوس و لاتاوەکانیشی وەک ژەقنەمووتن، تەنانەت جاری وایە ترسناکن.

سەرباری ئەمە، کاری ئەوان تەنها بە ئاپۆوە سنووردار نیە. پەیامەکە لەو وەردەگرن، نابێ بە هەڵە تێیبگەن. دوایە دەچنە ئەنقەرە و سەردانی حکومەت و هاکان فیدان-ی سەرۆکی میت دەکەن. ئینجا سڕڕی سوڕەییا ئۆندەر پەیامە گرینگەکانی ئۆجەلان بە دەستی تەبب ئەردۆغان دەگەیەنێت. پاشان دەچنە قەندیل. ئەمڕا دووبارە دەگەڕێنەوە بۆ ئیمراڵی. هەڵبەت لەم کەین و بەینەدا میدیاش هەیە و وەڵامدانەوە و بەڕێکردنی ئەوانیش، کارێکی سەختە. 

بەڵام ئەو پرۆسەیەی کە پێمان دەگوت پرۆسەی چارەسەری و نزیکەی سێ ساڵی خایاند، وەک پێشتریش گوتم، یارییەک بووە لە نێوان ئۆجەلان و ئەردۆغاندا و دوا قسە هی ئەم دوو کەسە بووە. لەم "یاری"یەدا کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٥دا بەیووەچوو، هەر دوو ئاکتۆڕی ناوبراو جاروبارە سەری گوریسەکەیان شل کردووە و جاروبارەش توندیان کردووە. بەڵام بە گشتی پێکەوە و هاوکات ئەم کارەیان نەکردووە. جاروبارەی ئاستی چاوەڕوانییەکانیان زۆر لە بان بووە و جاروبارە ئەم ئاستە دابەزیوەتە خوارێ. دەتوانم بڵێم؛ سەبارەت بە نەپسانی گوریسەکە، ئۆجەلان زۆر دانبەخۆداگرتر و وشیارتر جووڵاوەتەوە. چونکە ئۆجەلان بە باشی ئاگادار بووە کە ئەم "دیالۆگ"ە سەرداپۆشراو و ناڕاستەوخۆیەی لە گەڵ ئەردۆغان، هەم بۆ خۆی و هەم بۆ پرسی کورد و هەم بۆ مەشڕووعیەتی پەکەکە لە ناو رای گشتی تورکیادا بە قازانجیان بوو. جگە لەمە، بە بەردەنگ دانانی ئۆجەلان لە لایەن دەوڵەتەوە، جێگە و پێگەی ئۆجەلانی لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا بەرزتر دەکردەوە. 

لە ناو لاپەڕەکانی ئەو کتێبەدا خاڵێکی زۆر سەرنجڕاکێش هەبوو. جیاوازیی چەمکی ئەردۆغان و ئۆجەلان لەمەڕ چارەسەری، زۆر بوو. بە واتایەکی تر؛ روانگەی فیناڵی هەردووکیان لە بابەت چارەسەری، یان بە ئینگلیزییەکەی "end game"ەکەیان زۆر جیاواز بوو. تێگەیشتنی ئەردۆغان بۆ چارەسەری، چەکداماڵینی پەکەکە بوو. بۆ ئەم مەبەستەش بە بەرچاوی ئۆجەلانەوە پیلانێکی دەگێڕا و وەک داوێکیش، بابەتی ئازادکردنی وردەوردەی ئاپۆی لە پێش دانابوو.

پێویستە ئەمە روون بکەمەوە کە هەر دوو ئاکتۆری ناوبراو، بێگومان ئاگاداری ئەو جیاوازییە زۆرە بوون کە لە نێوانیاندا هەبوو. بەڵام دیسانیش درێژەیان بە یارییەکە دا. هەر هیچ نەبێ بۆ ماوەی سێ ساڵی رەبەق ئەو گوریسەیان نەپساند. ئایا کارێکی خراپیان کرد؟ هەڵبەت نەخێر. لە زۆر شوێنی "یادداشتەکانی ئیمراڵی"دا، وەک ئۆجەلانیش بە درووستی ئاماژەی پێداوە؛ لەم قۆناغەدا مرۆڤەکان نەکوژران و خوێن و فرمێسک نەڕژان. تەنانەت ئاشتەوایی بوو بە موڵکی خەڵک، چونکە بە درێژایی سێ ساڵان هیچ دایکێک لە سەر تەرمی رۆڵەی کوژراوی نەگریا. دوای ئەوەی لە خوێندنەوەی کتێبەکە بوومەوە، ئەم بۆچوونەش لە مێشکمدا چەکەرەی دا. ئەردۆغان، پرۆسەی چارەسەری تەنها بەو مەبەستە بەکارهێنا کە لە سەر سندوقی دەنگدان، دەنگی زیاتری بۆ بێنێت. یاخود تەنها لەپێناوی ئەمەدا پرۆسەکەی دەستپێکرد. بە گشتی کارێکی بێهوودەی کرد. بێ ئەوەی هیچ چەشنە هەنگاوێکی روون و بەرچاو بنێت، بە خافڵاندنی لایەنی بەرانبەر ویستی کات بکوژێت.

دیارە ئۆجەلان – وێڕای هەدەپە و قەندیل – لەم تاکتیکەی ئەردۆغان بۆ خافڵاندنیان گەیشتبوون. بەڵام دیسانیش یارییەکەی تێکنەدا. تێکدانی یارییەکەی بۆ ئەردۆغان هێشتەوە. ئەردۆغان گوتی: "هیچ مێزێک نیە، لیژنەی لێکۆڵینەوەش نیە، کێشەی کوردیش نیە"، سەرەڕای ئەوەی پێشتر ئاگاداری رێککەوتننامەکەی دۆڵمەباغچە بوو، رەتی کردەوە و دوای شکستەکەی ٧ی حوزەیرانیش، بە یەکجاری تەپڵی شەڕی کوتا و بەمجۆرە بوو بەو کەسەی کە گوریسەکەی پساند.

لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥ەوە سیاسەتێکی توند و بێبەزەییانە بۆ گردەنشین کردنی ئۆجەلان پەیڕەو دەکرێت و دەستپێکەری ئەمەش دیسان ئەردۆغان بوو. دوایین دیدار و چاوپێکەتنی شاندەکە لە گەڵ ئۆجەلان کە دەقەکەی لە کتێبەکەدا هاتووە، هی رێکەوتی ١٤ی مارسی ٢٠١٥یە. لەو رێکەوتە بەملاوە بۆچوون و روانگەی ئۆجەلان چۆن بووە؟ چۆن ئەم شەڕ و پشێوییەی ئێستا هەڵدەسەنگێنێت؟ چ رەخنەیەک لە ئەردۆغان و لە قەندیل دەگرێت؟ ئێمە نازانین. وا باشترە دەوڵەت ئەم شتانە بزانێت.

دوای لێبوونەوەم لە خوێندنەوەی کتێبەکە، بە ئاسانی بەم ئاکامە گەیشتم کە؛ لە زۆر شوێنی یادداشتەکانی ئیمراڵیدا هەست دەکرێت ئۆجەلان زۆر بە باشی لەمە گەیشتووە کە هێڵی ئەردۆغان سەرەنجام دەرگا بە رووی قۆناغێکی خوێناویی دیکەدا دەکاتەوە.

لە کۆتاییدا دەمەوێ دوو تێڕوانینی خۆم بنووسم؛
١) لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا تاکتیکە کۆنەکەی دەوڵەت بۆ تێکبەردانی لایەنەکان و درووستکردنی کەلێن و کەلەبەرێک لە نێوان ئۆجەلان و قەندیلدا و هەروەها هەوڵدان بۆ لێکترازاندنی ریزەکانی پەکەکە، بۆ جارێکی تر لە ئاست ئۆجەلان شکستی هێناوە.
٢) ئۆجەلان سەرەڕای ئەوەی کە ١٥ ساڵی رەبەقە بە تاقی تەنیا لە ژوورێکی تەنگەبەردا زیندانی کراوە، بەڵام هێشتا لەمەڕ چارەسەرییەکی ئاشتییانە، وەک رێبەرێک دەوری خۆی دەگێرێ و ئەمەش جێگەی رێز و ستایشە.
دوا قسەم: ئەگەر لە چارەسەری و ئاشتی بدوێین، دەوری ئۆجەلان وەک ئاکتۆڕی سەرەکی، زۆر گرینگە.

 

پەیوەندی‌دار:

"ڕێگە بە دروستبوونی قەندیلێکی نوێ نادەین"

هەولێر: خۆپێشاندانی بەردەم رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گرژی تێکەوت

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷