بابەتی گەرم:

حەسەن جەماڵ

تورکیا پێگەیەکی هەڵەی هەیە، بۆ بەسەرهاتی پڕمەترسی کراوەیە!

Wednesday, December 16, 2015

حەسەن جەماڵ/ T24
لە تورکییەوە: ئێن ئێن ئێس ڕۆژ


تورکیا ئەمڕۆکە لە جێگە و پێگەیەکی هەڵەدا وەستاوە.

لە سیاسەتی ناوخۆشدا پێگەیەکی هەڵەی هەیە و لە سیاسەتی دەرەوەش…

ئەم پێگە هەڵانەی لە ناوخۆ و دەرەوە، پەرە بە یەکتری دەدەن و تورکیا بەرەو دۆخێکی ناسەقامگیرتر پەلکێش دەکەن.

لە کاتێکداکە تورکیا ڕووی لە ناڕوونییەکی پڕمەترسی کردووە، ڕیسکی پەلکێشبوونی بەرەو تەنگژەکان زیاتر دەکات.

هەڵوێستی هەڵە لە ناوخۆ، لە کام بواردایە؟
لە دیموکڕاسیدا...
لە دەوڵەتی حقووقیدا...
لە بواری ئازادی و مافەکانی مرۆڤدا...
لە پرسی کورددا...

لەبەر ئەوەی تورکیا لەم بوارانەدا هەڵوێستێکی راستی نەنواندووە، بەرەو ناسەقامگیری دەچێت و لە ئاشتی و ئارامی دوور دەکەوێتەوە.

ئەم ڕەوشەی ناوخۆ، تورکیا لە دەرەوەشڕا دەخاتە ناو تەنگانەوە.

لەگەڵ حکوومەتی تاکەکەسی کە دیموکڕاسی و دەوڵەتی حقووقی پووچەڵ دەکاتەوە، گرێکوێرەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیاش ئاڵۆزتر دەبێت.

تورکیایەک کە نەتوانێت لەگەڵ کوردەکانی خۆی ئاشت ببێتەوە، پەیوەندیی لەگەڵ کوردەکانی ناوچەکەش، بەتایبەتی کوردانی سووریا، خراپتر دەبێت.

هەڵوێستی هەڵەی ئانکارا کە پەکەکە، پەیەدە و داعش لە هەمان چوارچێوەی رێکخراوی تیرۆریستیدا دادەنێت، ئاستەنگەکانی تورکیا لە ناوخۆش و لە دەرەوەش زیاتر دەکات.

ئەنکەرە ئەمڕۆ هێشتا ناوی پرسی کورد ناهێنێت.
هێشتا پێناسەیەکی راست و دروست بۆ ئەو پرسە ناکات.
هێشتا هەوڵی جیاکردنەوەی پرسی کورد و پەکەکە لە یەکتری دەدات.

ئەنکەرەیەک هەیە کە هێشتا پەیەدە و کوردەکانی سووریا لێک جیادەکاتەوە، لە کوردستانی سووریاش بە ئاراستەیەکی پووچدا دەڕوات.

بڕوانن، ئەم هەڵانە لە ناوخۆدا چۆن پرسی کورد ئاڵۆزتر و قووڵتر دەکات.
لە دەرەوەش تورکیا تەنیا دەهڵێتەوە
سەیر کەن، ئەمڕۆکە رووسیا لە لە دژتانە.
ئێران لە دژتانە.

باجی ئەو ڕەوشە بۆ تورکیا، لە هەموو بوارێکەوە بە تایبەتی بوارگەلی ئابووری و ئەمنی، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قورستر دەبێت.

هەڵوێستی هەڵەی تورکیا، دەبێتە هۆی سەرنجی زیاتری رووسیا و ئێران بۆ لای پەکەکە و پەیەدە، هەروەها نزیکبوونەوەیان.

ئەم تێبینییەتان لەبیر بێت:
ئەم ڕەوشە دەتوانێت داگیرسێنەری پڵیتەی پێشهاگەلێک بێت کە تورکیا تەواو ناسەقامگیر دەکەن، ڕەنگە دایشیگیرساندبێت.

دیسانیش سەبارەت بە "هەڵوێستی هەڵە لە ناوخۆ"دا، تکایە ئەم دوو پرسیارە لەبیر نەکرێت:

داخۆ ئەگەر دەسەڵاتی تاکەکەسی لە ئەنکەرە نەبوایە، فڕۆکەی جەنگیی رووسیا بەردەدرایەوە؟..

گەلۆ لە کاتی شیکردنەوەی ئەم ڕووداوە زۆر نەرێنییەدا، دەسەڵاتی تاکەکەسی لە ئەنکەرە و خۆ بە زلزانینی، وەلا دەنرێت؟

پرسیارێکی دیکە:
پێوەندیی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا چۆنە؟

بێگومان ئەمریکا و ئەورووپا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سووریا، پێویستیان بە تورکیا هەیە. تیرۆری داعش و قەیرانی پەنابەران، هەردوو لا بەرەو تورکیا هان دەدات.

بەڵام چەشنی ئەو پەیوەندییەش بێ کێشە نییە.

بەتایبەتی سەبارەت بە پەیەدە، ئەنکەرە لەگەڵ ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا، لەسەر یەک هێڵ نین، بۆچوونیان زۆر جیاوازە. بە هەمان شێوە، لە بابەتی رۆیشتنی ئەسەدیشدا، ناکرێت بگوترێت کە زۆر لەگەڵ یەک کۆکن.

هەروەها هەم ئەم بابەتانە و هەم قەیرانی ڕووسیا، گۆڕەپانی مانۆڕی تورکیای لە سووریا یەکجار بەرتەسک کردۆتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، دەکرێت بگوترێت قەیرانی ڕووسیا، تورکیای بەرەو رۆژئاوا پاڵ پێوە ناوە.

راستە، پێویستیی تورکیا بە یارمەتی ئەمریکا و ئەوروپا زیاتر بووە.
بەڵام بمانەوێت و نەمانەوێت، بە خەیاڵماندا دێت.
ئەم رەوشە نوێیە، تا چەند دەرگای پەیوەندیی نوێ بۆ هەردوو لایەن دەکاتەوە؟

روانگەی نەرێنیی ئەم ساڵانەی دوایی لە واشینگتۆن و پایتەختەکانی یەکیەتیی ئەوروپا بەرانبەر بە ئەردۆغان، تا ئەو ئاستەی کە خەتی بەسەردا بهێنن، لە ناخی پەیوەندییەکاندا، تا چ رادەیەک گۆڕانی بەسەردا دێت؟

کاتی بیرکردنەوە لە وەڵامەکانی، هەڵبەتە ستانداردی دوولایەنە کە هەمیشە لە پایتەختەکانی رۆژئاوادا کاریان کردووە، پشتگوێ دەخرێن.

زۆر ئاشکرایە بابەتی وەک دیموکڕاسی، دەوڵەتی حقووقی و ئازادییەکان، کاتێک کە باس لە تورکیای ئەردۆغان دەکرێت، لای پایتەختەکانی رۆژئاوا لەمێژە لەبیر کراوە...

ئەم نادادپەروەرییەی سیاسەت، نابێ ئێمە لە راستیی تورکیا کە ئەمڕۆ لەگەڵی دەژین، دوور بخاتەوە.

وەک لە سەرەتای نووسینەکەمدا ڕوونم کردەوە:
تورکیا ئەمڕۆ هەم لە سیاسەتی ناوخۆ و هەم دەرەوەدا، پێگەیەکی هەڵەی هەیە.
پێگەی لە دیموکراسیدا هەڵەیە…
پێگەی لە دەوڵەتی حقووقیدا هەڵەیە…
پێگەی لە ئازادی و مافەکانی مرۆڤدا هەڵەیە…
پێگەی لە پرسی کورددا هەڵەیە…

بە هۆی ئەمەوە کە تورکیا هەڵوێستی هەڵەی هەڵبژاردووە، لە جیاتی سەقامگیری، بەرەو ناسەقامگیری دەڕوات.

ئەم ڕەوشە، لەگەڵ حکوومەتی تاکەکەسی کە دیموکڕاسی و دەوڵەتی حقووقی مایەپووچ دەکات، گرێکوێرەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیاش ئاڵۆزتر دەکات.

دەسەڵاتی ئەو تاکە کەسە و خۆ بە زلزانینی، بەو عەقڵەیەتەی کە سنوورەکان سەرلەنوێ دروست دەکرێنەوە، تورکیا بەرەو داهاتوویەکی ناڕوون پەلکێش دەکات.

بە کورتی:

بەبێ تێگەیشتن لەو پێگە هەڵەیەی تورکیا تێیکەوتووە، پێشبینیی ئاڕاستەی تورکیا لەگەڵ دەسەڵاتی تاکەکەسی، مومکین نییە.

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷