بابەتی گەرم:

کامران ئەمین ئاوە

هەڵسەنگاندنی لیبڕاڵیزم لە ڕوانگەی سۆسیالیستییەوە (٢-٢)

Saturday, February 20, 2016


توێژینەوە: د. کامران ئەمین ئاوە
دژوازیی1 بیری ئازادیی لیبڕاڵی
پێویستە لێرەدا ئاماژە بە دژوازییەکی حاشاهەڵنەگر لە بیری لیبڕاڵیستیی بکرێ کە کەمتر باسی کراوە. زۆربەی فیلۆسۆفە لیبڕاڵەکان یەک لەوان "جان لاک" کاتێک باسی ئازادی و مافی تاکیان کردووە، زۆرتر مەبەستیان سپیی‌پێستەکان بووە و لایەنگرییان لە کۆیلەداری کردووە. "لاک" بۆخۆی یەکێک بوو لە خاوەنبەشەکانی "شیرکەتی پادشایی ئەفریقایی" کە ڕێکخەری بازرگانی و کرین و فرۆشی کۆیلەکان بوو. لاک خاوەندارێتیی کۆیلە و ئەسپی "وەرزێرانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا"، بە پێی ئەو مافەی کە لە ڕەوتی کڕین و فرۆشی ڕێکوپێک وەدەستیان هێنابوو، وەکو شتێکی سروشتی و ئاسایی پێناسە دەکا، تەنانەت "لە مێژووی دەریاوانی"دا سەبارەت بە بازرگانی لەگەڵ وڵاتە ژێردەسەڵاتەکانی ئەفریقایی دەنووسێ: "ئەو شتومەکانەی کە لەم وڵاتانە وەدەسی دەکەون، بریتیین لە زێر، ئاجی فیل و کۆیلەکان". 

ئەگەر دبینین لاک کۆیلەی ڕەشپێست لە چوارچێوەی چەمکی "شتومەک" ڕادەبەندی دەکات، سەدەیەک دواتر ئیدمۆند بێرک2 (نووسەری خۆشەویستی هایک3) کرێکاری کشتوکاڵ، یان کرێکاری مزبەر، لە چوارچێوەی چەمکی "ئامرازی وێژەر" ڕادەبەندی دەکات، و بە پێی ڕادەبەندییەکی کلاسیک، ئەوان لەگەڵ گا- "ئەمرازی نیوەوێژەر" و کێڵ- "ئەمرازی بێدەنگ" بەراوەرد دەکا. پەرەسەندنی کۆیلەداری هاوکاتە لەگەڵ بزووتنەوەی بەهێزی بیر و هەنگاوگەلێک، کە لەسەدەی شازدە هەتا هەژدە لە ڕێگەی سێ شۆرشی مەزن لە هۆڵەند، بریتانیا و ئەمریکادا پێکهێنەری مێژووی ئەمرۆیی، واتە مێژووی مۆدێرن بوون. ئەمریکا لە ساڵی ١٧٠٠ی زایینی ٣٣٠ هەزار کۆیلەی بوو، ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ١٨٠٠ی زایینی بە ٣ میلیۆن گەیشت و لە سەدەی نۆزدەدا هەتا دووقات زۆری کرد. هەڵوەشاندنی کۆیلەداری لە وڵاتە بندەستەکانی هۆڵەند لە ساڵی ١٨٦٣ زایینیی سەری‌ گرت. بریتانیا لە نێوەڕاستی سەدەی هەژدە ٩٠٠ هەزار کۆیلەی بوو. دوکترینی لیبڕاڵ بە چەشنێکی دوولایەنە لە دایک بووە و قەت ئەم دوولایەنەبوونەی وەلا نەناوە. پەیامی ئاورینی لیبڕاڵەکان کە لە ژێر کاریگەریی ئایدۆلۆژیی ئاڵمانی تەنیا بۆ ئازادیی خۆیی شارۆمەندەکانی سپیپێست، دەرەبەگ و خاوەندار و ئاغاکان، بێ هەرچەشنە گریمانەیەک بە زمانی ئینگلیزی هەمبەر کرابوو، هەروەها حاشاکردن لە زوڵم و زۆرێک کە نەتەنیا بە ڕەنگ‌پێستەکانی وڵاتە ژێردەستەکان، بەڵکو سەبارەت بە خەڵکی "وەحشیی" ئیرلەند یا سوورپێستەکانی ئەمریکیش دەکرا، لە مێژوونووسیی لیبڕاڵەکاندا بە تەواویەتیی شاراوە ماوەتەوە. هەروەها لە بیر بردراتەوە کە چۆن بەگزادەکانی دێموکرات ‌و بەنێوبانگی لیبڕاڵ یەک لەوان "توکویکل 4"ی فەرەنسی بە هاسانی لە نووسراوەیەکی خۆیدا پاکانە بۆ کۆمەڵکوژیی سوورپێستەکان دەکا و دەبێژێ "ئاوا دێتە بەرچاو کە ویستی خودایی بۆ نیشتەجێکردنی سوورپێستەکان لە ناوچەیەکی پڕبەرەکەتی جیهانی نوێدا، تەنیا بۆ کەڵکوەرگرتنیان بۆ ماوەیەکی کورتەخایەن بووە، واتە ئەوان تەنیا بۆماوەیەکی کاتی لێرە ژیاون. ئەم زرێبارانەی ئامادە بۆ بازرگانی و سەنعەت، بەم چۆمە قووڵانەوە، ئەم دۆڵە هەتاهەتاییەی "می‌سی‌سی‌پی"، ئەم پارزەوینە (قاڕڕە) گەورەیە، وەکوو بێشکەیەکی خاڵی بۆ نەتەوەیەکی گەورە پێک هاتووە". 

هەروەها "گروسیوس 5" یەکێک لە باوکەکانی دوکترینی لیبڕاڵ لە سەدەی ١٧ی زایینی، کۆیلەتیی بە شتێکی شەرعی پێناسە دەکا و بە‌پێی ڕێنوێنییەکانی ئەرەستوو6  دەنووسێ: "خەڵکێک هەن کە بۆ خزمەتگوزاری لە دایک دەبن". ئەو دانیشتوانی وڵاتانی ژێردەسەڵاتی هۆڵەند وەکو "حەیوانی وەحشی" نێودەبا و ئایینەکەیان وەکو "شۆرشێکی دژ بە خودا" پێناسە دەکا و شیاوی بێبەزەییانەترین "سزای تاوانبارانیان" دەزانێ. ئەمە نیشاندەری ئەم ڕاستییەیە کە ئەمە لە هیچ حاڵەتێکدا بە مانای لادان یان هەڵەی کاتیی لیبڕاڵەکان نییە، بەڵکو ئەمە پیشاندەری بیرو هزری ڕەگەزپەرەستانەی ئەو لیبڕاڵانەیە و سەرچاوە‌ی لە بۆچوون و هەڵسەنگاندنی ئەوان لە چەمکی مرۆڤ ‌و ئازادی و بەرامبەریی مرۆڤ گرتووە. بێهۆ نییە کە هایک، ئابوورناس ‌و لیبڕاڵی ئینگلیزیی بە ڕەچەڵەک ئوتریشی [نەمساویی]، ڕەخنە لە گونجاندنی "مانای" ئازادی لە پێوەندیی لەگەڵ پێداویستیی لە ڕیزی "مافی کۆمەڵایەتی و ئابووری" ڕاگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤ، پەسەندکراوی ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٨ی زایینیی دەگرێ کە لە لایەن ئانا ئەلینۆر ڕۆزوێلتەوە7  گەڵاڵە و تیۆریزە کرابوو. 

سێ بیرۆکەی سەرەکیی لیبڕاڵەکان:
١.‌ "بازار" وەکو نوێنەری عەقڵانییەتی ئابووری8  لە دەرەوەی هەر چەشنە پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی دیاریی‌کراوە (بە وتەیەکی ‌تر بێ بازار، تەنیا بێسەرەوبەرەیی دەبیندرێ). بە پێچەوانەی ئەم بیرۆکەیە، ئەوە بازار نییە کە دەبێتە هۆی عەقڵانیکردنی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکو ئەمە چوارچێوەی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە کە چۆنیەتیی کاری بازار دیاریی دەکات. سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی ئەگەر نەتوانێ پێداویستییەکانی مرۆڤ دابین بکات، ناتوانێ عەقڵانی بێت. بێکاری، جەمسەریکردنی ڕەوتی پەرەسەندنی جیهانی و لە نێوبردنی ژینگە، هێمای ناعەقڵانیبوونی دامودەزگایەکە کە دەکرێ وەکو "سەرمایەداری بە ڕاستیی ئارایی" پیناسە بکردرێ. ئەم دیاردە نەرێنییانە، بە چەشنێکی پەتی‌ و سادە، بەرهەمی پێویستیی (حاشالێنەکراوی) بازاڕن. عەقڵانییەتی بازاڕ، دەبێتە هۆی بەرهمهێنانەوەی ناعەقڵانییەتی دامودەزگای کۆمەڵایەتی.

٢.‌ درگایەکی تەواو کراوە بۆ دامودەزگای جیهانی، مەرجی هەرچەشنە پەرەسەندنێکە (بە وتەیەکی دیکە، یان بازرگانیی ئازاد، یاخود چاولێقووچاندن لە هەر چەشنە پەرەسەندنێک). ئەم بیرۆکەیە، کە "پەرەسەندن" بەستراوە بە بارودۆخی نیوخۆیی، تایبەتمەند بە هەر کۆمەڵگەیەکە ‌و تێکەڵاوبوون لە ئابووریی جیهانی، فاکتەرێکی ئەرێنییە، بەو مەرجەی کە بزانین چۆن لەو دەرفەتانەی کە پێکی‌ دەهێنێ کەڵک وەربگرین، بنەمای ئەم گریمانەیە. ئەم بیرۆکەیە نەتەنیا لەگەڵ مێژووی پێنج سەدە پەرەسەندنی سەرمایەداری، یانی جەمسەریکردنێکی بێوچان، دژایەتیی هەیە، بەڵکو لە ڕوانگەی زانستیشەوە دروست نییە. ئەم "بازارە جیهانییە" کە باسی لێ‌دەکرێ، وەکو گیانێکی بێسەر، بەستراوە بە شتومەک و سەرمایەوە. سەرەرای کۆچکردنی نێونەتەوەیی، هیچ کاتێک باسێک لە "بازاری کاری جیهانیی" نەکراوە ‌و بۆ داهاتووش جارێ هیچ ئاسۆیەک بۆ پێکهاتنی ئەم بازارە نابیندرێ. بیرۆکەی ئابووریی لیبڕاڵی، بۆخۆی دەیسەلمێنێ کە جووڵەی فاکتەرێکی بژاردە، کاتێک جوغرافیای سیاسی ‌و سروشتی دوو هۆکاری دیکەی (واتە کارو سەرچاوە سروشتییەکانی) قەتیس کردۆتەوە، ناتوانێ بێتە هۆی پێکهاتنی توانایی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی جیهانی یەکسان و بارودۆخی کۆمەڵایەتیی هاوتا. لە بارودۆخێکی وەهادا، یاسای جیهانیی نرخ تەنیا دەتوانێ ببێتە هۆی بەدیهاتن و سەرلەنوێ بەدیهێنانەوەی جەمسەریبوون. لەم ڕوانگەیەوە، تێکەڵبوون لە دامودەزگای جیهانیدا، لەباری سروشتییەوە، نەشیاوە و ڕۆژبەڕۆژیش نەشیاوتر دەبێ. بە‌ڕاستیی ئەگەر لەسەدەی نۆزدەدا چەند دەیەیەک پێویست بوو تا ئاڵمان بە ئاستی بریتانیا بگات، ئێستا وڵاتێکی وەکو بەڕازیل، بۆ گەیشتن بە ئاستی ئەمریکا، پێویستی بە چ ماوەیەکی زەمەنی هەیە؟ بێگومان شکڵ و ناوەرۆکی جەمسەریبوون، لە درێژایی زەمەندا تووشی گۆڕانکاری بووە. لە شۆرشی پیشەیی تا شەری دووهەمی جیهانی لە نێوان وڵاتە سەنعەتییەکان و ناسەنعەتییەکاندا جیاوازی دەبیندرا. سەنعەتیبوونی جیهانی سێهەم نابێتە هۆی گومانکردن لە سروشتی جەمسەریی بوون، بەڵکو دەبێتە هۆی دانانی نیشانەی پرسیار لەبەرامبەر چەشنە جۆراوجۆرەکانی ئەم جەمسەرییە. مکانیزمی جەمسەریکردنی نوێ لەسەر شکڵە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵاتداری دامەزراوە: ماڵی (شکڵە تازەکانی سەرمایەی ماڵیی جیهانی)، تێکنۆڵۆژیک (لە پێوەندیی لەگەڵ شۆرشی زانستیی و فەننیی نوێ)، فەرهەنگیی (لەژێر کاریگەری و ڕەخنەی پەرەگرتووی ئامرازی پێوەندییە گشتییەکان)، و سپایی. لەم بوارەدا "ئەو وڵاتانەی کە بە تازەیی سەنعەتی بوون" (ئێن ئی سی‌یەکان) نیوە‌پەراوێزیی نین تا لە ڕەوتی بوون بە ناوەندە تازەکان بن، بەڵکو وڵاتە پەراوێزییەکانی داهاتوون. لە بەرامبەردا، ئەو وڵاتانەی کە وەکو "جیهانی چوارەم" باسیان لێدەکرێ، وڵاتگەلێکی بە ڕاستیی پەراوێزی نین، بەڵکو وڵاتگەلێکن، کە پەرەسەندنی شکڵە سەرەتاییەکانی سەرمایەداری بۆتە هۆی وێرانبوونیان. بارودۆخی مەترسیداری جیهانی چوارەم، ئاکامی "خۆپارێزیی" ئەوان لە تێکەڵبوون لە ڕەوتی دابەشکردنی نێونەتەوەیی کار و هەنگاوگەلێکی "هەرەسهێناو" بۆ پساندنی پێوەندییەکان نەبووە. لەڕاستیدا،  جیهانی چوارەم کە وەکو شتێکی تازە باسی لێدەکرێ، دیاردەیەکی نوێ نییە، بە پێچەوانە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هەتاهەتایی و پێویستی پەرەسەندنی سەرمایەدارییە. ناوچەی کاری کۆیلەکان لە قاڕڕەی ئەمریکا لە سەردەمی سەوداکاریی (مێرکانتیلیزم9 ) وەکو باکووری ڕۆژهەڵاتی بەڕازیل و دووڕگەکانی هیندی ڕۆژئاوایی (یەک لەوان هائیتی) نموونەیەکی ڕوونی ئەم دیاردە تەشەنەکراوەیە. ڕۆژگارێک ئەم ناوچانە وەکو ناوچەگەلێکی بەختەوەر و ئاوەدان بە ئەژمار دەهاتن ‌و دڵی جیهانی پەراوێزی ئەو کاتە بوون، بەڵام دواتر پێکهاتە تازەکانی پەرەسەندنی سەرمایەداری ئەوانی خستە پەراوێزەوە و ئەمرۆکە ئەوان لە ڕیزی خەمبزوێنترین بەشە نەعلەتکراوەکانی جیهانی سێهەمن. وڵاتەکانی جیهانی چوارەم، کە ئەم دامودەزگایە ئەوانی وەلا ناوە، ناتوانن بە پێی ئەم پێناسەیە کێشەکانی خۆیان لە ڕێگەی سیاسەتی دەرگای کراوەوە چارەسەر بکەن. سیاسەتەکانی ئاریکاریی یەکیەتیی ئەورووپاش، بۆوێنە لەگەڵ ئەفریقای باشووریی چۆڵگە، هیچ کاتێک شتێکی جیا لە  سیاسەتی "داگیرکاریی نوێ10 " نەبووە و زیندانیبوونی ئەم پارزەوینەی لە بارودۆخی "پێش سەنعەتیدا" هەتاهەتایی کردووە. هەروەها ڕێکخستنی لیبڕاڵیی یەکیەتیی ئەورووپاش، کە داخوازی ڕێکەوتنامەکانی کۆنتۆنۆ (Contonou 2000)و "شەریکە ئابوورییەکانی ناوچەی"یە (APER)، ئەم گۆڕانکارییە نەشیاوەی بە گوژمتر کردووە. لە ڕوانگەی گەلە جۆراوجۆرەکانی گۆی زەوییەوە، یەکبوونی سەرتاسەری دامودەزگای جیهانی، لە ژێر دەسەڵاتی بازاردا، کارێکی شیاو نییە و قازانجی بۆ ئەو وڵاتانە نەبووە و نابێ.

٣.‌ دێمۆکراسی، بەرامبەر لەگەڵ سەرمایەداریە. (بە وتەیەکی دیکە، بێ سەرمایەداری هیچ چەشنە دێمۆکراسییەک بوونی نییە.) لە ڕاستیدا، دێمۆکراسی بە مانای حکوومەتی خەڵکی، واتە جەماوەری خەڵکی ئاسایی پێناسە کرابوو. لەم ڕوانگەیەوە تا ڕادەیەکی زۆر مانایەکی چینایەتیی هەبوو: یانی دەسەڵاتی نزمترین و هاوکات گەورەترین چینی [کۆمەڵگە]، هەر بەم هۆیەش خوێندەوار و دەوڵەمەندەکان، هەروەها ئەوانەی کە بایەخیان بە ژیانی شارنشینی دەدا، هەراسیان لە دێمۆکراسی بوو و وەلایان دەنا. دێمۆکراسی وەکو  بۆچوونێکی یەکسانیخواز، لە سەدەی ٥ی پێش زایین، لە لایەن ئەفلاتوونەوە [پلاتۆ]11 ، هەروەها هەر بەو ڕاشکاوییەش لە سەدەی حەڤدەی پاش زایین لە لایەن کرامۆڵەوە12  وەلانرا، تەنانەت هاوپەیمانە چەپخوازەکانی کرامۆڵ لەشەڕی نێوخۆیی ئینگلیس، واتە ئەو یەکسانیخوازانەی کە لەسەر کێشەی مافی دەنگدان لێی جیاببوونەوە، دێمۆکراسییان قەبووڵ نەکرد و وەلایان نا. ئەوان تەنانەت بیریان لەمەش نەکردەوە کە مافی دەنگدان بە دوو لە سێی خەڵکی وڵاتێک بدەن کە مزبەر یان مووچە‌وەرگر بوون. بە باوەڕی یەکسانیخوازەکان، ئەم کەسانە بە هۆی بەستراوەبوونیان بە کەسانێکی ‌تر، مافی بەشدارییان لە کاروباری سیاسیدا نەبوو. تەنانەت جان ستوارت میل، بانگەشەکاری بە نێوبانگی لیبڕاڵیزمی سەدەی نۆزدە کە بایەخێکی تایبەتی بە ڕۆڵی جەماوەر و خەڵکی ئاسایی دەدا، چوارچێوە و سیستەمێکی بۆ مافی دەنگدان پێشنیار کرد کە چینی زەحمەتکێش نەتوانێ بببێتە زۆرینەیەکی پڕکاریگەر. دێمۆکراسیی بورژوایی لە ئەورووپا، لە چەشنی سەرەتایی خۆیدا، لە شارە ئازادەکان (کە دامودەزگای هاوپیشەیی و شورای شاردارییەکان تا ڕادەیەک دەسەڵاتی فیۆدالەکانیان بەرتەسک کردبووەوە و تەنانەت لە بەرامبەر پاپیشدا ڕادەوەستان و سنگی خۆیان وەپێش دەنا)، سەرچاوەی گرتووە.13  بۆرژوازیی لەم بوارەدا توانی پێوەندیی خۆی لەگەڵ خەڵکی بە هێز بکات و پاشان ئەوان بە شوێن خۆیدا ڕابکێشێ، تا لەئاکامدا بتوانێ دەسەڵات لە دەستی فێوداڵەکان دەربێنێ. دێمۆکراسیی بۆرژوایی دەستکەوتێکی گەورە بوو کە توانی "مافی بەرامبەر" و ئازادیی خۆیی دابین بکات، بەڵام نەیتوانی بەرامبەری پێک‌بێنێ، بە واتەی "مافی بەرامبەر" بێ بەرامبەری. 

لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەدا، بزووتنەی کرێکاری توانی دێمۆکراسیی سیاسیی بەسەر بۆرژوازیدا داسەپێنێ و مافی کۆمەڵایەتی وەدست بهێنێ. بەڵام ئەمەش تەنیا لە چوارچێوەی سازان و قەبووڵی بەرێوەبردنی ئابووریی کۆمەڵگە، لە چوارچێوەی دامودەزگای سەرمایەدار‌دا بوو - شتێک کە بۆخۆشی بەهۆی جەمسەریبوونی جیهان‌ و بە قازانجی ناوەندە سەنعتییەکان سەری گرت. بەم پێیە، دێمۆکراسیی رۆژئاوایی، بەستراو بە دەسەڵاتداریی سیاسییە، لە حالێکدا بەڕێوەبردنی ژیانی ئابووری، هێشتا لەسەر بنەمای بنەواشەی نادێموکراتیکی خاوەندارێتیی خۆیی و ڕکبەرکێی دا‌یە. شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، لە خۆیدا پێویستی بە دێمۆکراسی نییە، بەڵکو سروشتی سەرکوتکەرانەی ئەو لە ئابووریی شاراوە و لەخۆبێگانەبوونی ئابووریدایە. ڕاستییەکانی ژیان پیشانیان داوە کە بەرتەسککردنی دێمۆکراسی لە چوارچێوەی بەشێک لە ئازادییەکان، بێ لە‌ناوبردنی ڕەوتی چەوسانەوەی ئینسانەکان و داگیرکەریی وڵاتەکان، ناتوانێ بە چەشنێکی بنچینەیی ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، بە واتەیەکی دیکە دێمۆکراسیی سیاسیی بێ دێمۆکراسیی ئابووریی وتەیەکی بێمانایە. 

سۆسیالیستەکان و دێمۆکراسیی لیبڕاڵی
بە پێی لێکدانەوەکانی سەرەوە، ئەم پرسیارە دێتە پێش کە ئایا هێزێکی سۆسیالیست لە وڵاتێکدا کە تەنانەت دێمۆکراسی و ئازادیی لیبڕاڵیش بوونی نییە، نابێ تا گەیشتن بە سۆسیالیزم، بۆ وەدەس هێنانی دێمۆکراسی تێبکۆشێ و دروشمی کاتی و درێژخایەنی تەنیا لە چوارچێوەی گەیشتن بە سۆسیالیزمدا قەتیس بمێنێتەوە؟ بێگومان پێش هەموو شتێک پێویستە ئێمە بە چەشنێکی میکانیکیی کۆمەڵگەی خۆمان لەگەڵ ئەورووپا بەراورد نەکەین، ئەو شتانەی کە ساڵیانی ساڵە لە ئەورووپادا بوونەتە بەشێک لە ژیانی ئاسایی خەڵک، بۆ ئەو وڵاتانەی کە دیکتاتۆریی ئۆلی و نائۆلییان تێدا زاڵە، بۆتە ئاواتێکی مەزن و جاروبار تەنیا لە چوارچێوەی خەیاڵدا دەگونجێ. لەم وڵاتانەدا خەبات بۆ وەدەستهێنانی دێمۆکراسیی بۆرژوایی، بەشێک لە ئەرکەکانی چەپ و بزووتنەوەی کرێکارییە و پێویستە دێمۆکراسیی بورژوایی وەکو دەرفەت و بەربواری پەرەسەندنی دێمۆکراسی بە قۆناخێکی بەرزتر و مسۆگەرکردنی یەکگرتوویی تەواوی ویستە دێمۆکراتییەکان، لە بواری پێوەندیی نێوان جنسەکان، ڕەگەزەکان، کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکانی نەتەوەیی‌ و فەرهەنگیی و دێموکراتیزەکردنی ئابووری، پاراستنی ژینگە و بەربەرەکانی لەگەڵ بیرۆکراسیی دەزگا دەوڵەتییەکان، لەبەرچاو بگیرێ.

ژیان و خەباتی کۆمەڵگە لە چوارچێوەی دروشمی "هەموو یان هیچ"دا ناگونجێ و ئەمە تەنیا لە تاقیکردنەوەکانی فیزیۆڵۆژیدا باوی هەیە. دێمۆکراسیی بورژوایی، بە تایبەتیی لە وڵاتێکی وەکو ئێران و کوردستان و ... هتد، بواری دروستکردنی ئەنجومەن ‌و یەکیەتیی پیشەیی ‌و هونەری، ڕێکخراوەی بەرگریی لە مافی ژنان و منداڵان، بەشداری و دەنگدانی خەڵک لە ژیانی سیاسیی کۆمەڵگە، خەباتی پارلەمانی، ئازادیی دەربڕینی بیروڕا لە ڕێگەی گۆڤار و ڕۆژنامە و هتد ...، کورتکردنەوەی دەسەڵاتی مزگەوت و هێزە ئایینییەکان لە دادوەری ‌و کاروباری ژیانی ئاسایی خەڵک، پێکهێنانی چوارچێوەی قانوونی دژ بە توندوتیژی لەسەر ژنان و منداڵان‌ و تەنانەت بواری پێویست بۆ وەدی هێنانی مافی ڕێژەیی نەتەوەکان [بۆ وێنە بە پێی دروستبوونی وڵاتێکی فێدراڵ یان نەناوەندیی] و هتد ... پێکدەهێنێ. تەواوی ئەمانە یاریدە دەدا بە جێگیربوون و خۆڕاهێنانی دێمۆکراسیی ‌و ئازادی لە کۆمەڵگە و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاگایی گشتیی خەڵک لە تەواوی بوارەکانی ژیان و یەک لەوان ئاگایی نەتەوەیی. دێمۆکراسیی بورژوایی بە بەراوەرد لەگەڵ سیستەمی زاڵی ئایینی لە ئێران، کە کۆمەڵگەی کردۆتە زیندانێکی گەورە و هەرچەشنە بانگێکی ئازادیی بە بەندیخانە، ئەشکەنجە و کوشتن وڵامدەداتەوە، قۆناخێکی گەورە و ئەرێنییە. 

کورد و دێمۆکراسیی لیبڕاڵیی
 حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، بێ لەبەرچاوگرتنی دروشمی کاتیی یان درێژخایەن [فیدراڵی، کۆنفیدراڵی یاخود سەربەخۆیی]، بۆ بردنە سەرەوەی ئاگایی نەتەوەیی ‌و کۆکردنەوەی خەڵک‌ و ڕێکخستنیان لە نێو پێکهاتە جۆراوجۆرە سیاسی ‌و مەدەنییەکاندا، پێویستیان بە بارودۆخێکی ئازاد و دێموکرات هەیە تا کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لە ژیانی ڕۆژانەی گەلەکەیاندا هەبێ. چارەسەریی کێشەی نەتەوەیی ‌و گەیشتن بە ئاواتی لەمێژینەی کورد، واتە سەربەخۆیی، ڕێگەیەکی ساف ‌و بێ لەمپەر نییە و لە کورتە‌خایەندا وەدی نایە. پێویستە بۆ گەیشتن بەم ئەم ئامانجە، بارودۆخی‌ فەرهەنگی ‌و‌ کۆمەڵایەتی‌ مسۆگەر بکرێت، تا خەڵکی بە ئاستێک لە ئاگایی نەتەوەیی بگەن کە بتوانن بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن. 

ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پاش باکوور گەورەترین بەشی کوردستان ـ بە پێ پانتایی وڵات، ڕێژەی دانیشتوان، ڕەنگاوڕەنگیی ئایین و زاراوەی زمان، هەروەها ئاستی ئاگایی نەتەوەیی و یەک‌نەبوونی پێشینەی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ناوچە جۆراوجۆرەکان لە ورمێەوە تا دێهڵۆرانە. هەروەها تێکەڵاوبوونی سنووری جوغرافیایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ نەتەوە دراوسێیەکان، بە تایبەتیی ئازەرییەکان، یەکێک لە کێشەکانی شایانی بیرکردنەوەیە. ئەم ڕاستییە ئەمەمان پێ دەسەلمێنێ کە هەڵبژاردنی دروشمی شیاو، شێوەی خەبات و چالاکی هێزێکی پێشکەوتنخواز بۆ چارەسەریی کێشەی کورد، تا بتوانێ بێروڕای گشتیی و پشتیوانیی وڵاتە زڵهێزەکانی جیهان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بەرەو خۆی ڕابکێشێ، پێویستە هاوئاهەنگی لەگەڵ بارودۆخی نێوخۆیی، ناوچەیی ‌و جیهانیدا هەبێ. کێشەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە چەشنێکی خۆویستانە  چارەسەر ناکرێ‌ و پێویستە هێزێکی بەرپرس قۆناخ بە قۆناخ ئەم ڕێگایە ببڕێت. قبووڵی ئەم ڕاستیانە بە مانای پاشگەزبوونەوە لە ئامانجی درێژخایەن واتە سەربەخۆیی نییە. کێشەی نەتەوەیی کورد تەنیا کاتێک بە یەکجاری چارەسەر دەکرێ، کە کورد دەوڵەت و کیانی خۆی ببێ، ئەم مەسەلەیەش پێویستە لە پرۆگرامی حیزبێکی سۆسیالیست لە کوردستاندا ڕەنگدانەوەی هەبێ. ئەرکی کوردی سۆسیالیست، گرێدانی خەباتی نەتەوەیی و چینایەتییە بەیەکەوە‌، هەروەها بەرگریکردنە لە مافی چارەی خۆنووسینی کورد، تا ئاستی جیایی و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆیی. بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە نەتەوەی کوردە کە بڕیاری ئاخری خۆی دەدات، هەر ئەو جۆڕەی کە خەڵکی سکاتڵەند بە پێی بەرژوەندیی خۆی ئازادانە دەنگی بە مانەوە لە بریتانیادا دا، کوردیش دەتوانێ لە وڵاتێکی ئازاد، بە پێی بەرژوەندیی خۆی، دەنگ بە مان یان نەمان لەو وڵاتانەدا بدات کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، بەڵام نەبوونی ئازادی، دێمۆکراسی و میکانیزمی قانوونی بۆ چارەسەریی ئاشتیخوازانەی کێشەی نەتەوەیی، هەروەها درێژەپێدانی سیاسەتی سەرکوتکەرانەی دەسەڵاتی ناوەندی، تەنیا دەبێتەوە هۆی ئاڵۆزتربوونی بارودۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئەم وڵاتانە و ڕادیکاڵیزەبوونی هەر چی زۆرتری بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کورد.

--------------------------
1 Paradox
2  Edmund Burke (12 January 1729 – 9 July 1797)
3 Friedrich Hayek ) 8 May 1899 – 23 March 1992)
4 Alexis-Charles-Henri Clérel de Tocqueville (29 July 1805 – 16 April 1859)
5 Hugo Grotius )10 April 1583 – 28 August 1645)
6 Aristotle (384 – 322 BC)
7 Anna Eleanor Roosevelt (October 11, 1884 – November 7, 1962(
8 Economic rationality
9 Mercantilism
10 Neocolonialism
11 Plato 428/427 or 424/423 – 348/347 BC)
12 Cromwell, Oliver 1599-1658
13 لەو کاتەدا دەیانکوت: "هەوای شار ئازادت دەکا" (Stadtluft macht frei ). هەر لەبەر ئەوە، ئەو وەرزێرانەی کە لە دەستی فئودالەکان و دەستەڵاتی ڕەهای ئەوان واتە گوندەکان هەڵدەهاتن، ڕوویان لە شارەکان دەکرد. پادشاکانی ئوروپا هەوڵیان دەدا بە یارمەتی شارەکان لە بەرامبەر بە قەڵای فئودالەکان، بە قازانجی پەرەدان بە دەستەڵاتی خۆیان خۆڕاگرن.                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                         
14 Valntarysty
 

پەیوەندی‌دار:

هەڵسەنگاندنی لیبڕاڵیزم لە ڕوانگەی سۆسیالیستییەوە (١ـ ٢)

لیبڕاڵیزم و کەمینە نەتەوەیی و ئەتنیکییەکان

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

هەپەگە: تەقینەوەکەی جزیرە کاردانەوە بوو بەرامبەر بە بێئاگای لە ئۆجەلان


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

بیرۆکەى ریفراندۆمی ٢٥ى ئەیلوول، مشتومڕی زۆرى لەبارەى سەربەخۆیی، دەسەڵاتی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم هێناوەتە ئاراوە. کامەران

دووشەممە ۳رەزبەر۱۳۹۶/ ۰:۵