بابەتی گەرم:

کامران ئەمین ئاوە

کڵاوێکی شەرعی بۆ هەڵبژاردن!

Monday, February 8, 2016

دۆسیەی هەڵبژاردن
ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ
هەڵبژاردن، کە لە وڵاتانی دێموکراتیکدا بە یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی کایەی دێموکراسی دێتە ئەژمار، لە سیستەمێکی وەک کۆماری ئیسلامیدا دەتوانێ چەندە کارا بێ؟  ئایا بەشداربوونی خەڵک لە هەڵبژاردندا، لەکاتێکدا دەبێ بەربژێرەکان بە فیلتێری ناوەندگەلی هەڵنەبژێردراودا تێپەڕن، دەتوانێ ڕەوایەتی بدات بەو دامەزراوەیە کە "هەڵبژاردن"ی بۆ دەکرێت؟ هەموو جارێک کە پڕۆسەی هەڵبژاردن لە ئێران بەڕێوە دەچێت، توێژ و چینە سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان، بەسەر دوو دەستەی "بایکۆت" یان "بەشداری"دا دابەش دەبن. ئەمەش وا دەکات کە جۆرێک لە "خۆ دووبارەکردنەوە" و وەستان لە خاڵێکی دیاریکراودا بەسەر ژیانی سیاسیی کۆمەڵگەدا فەڕز بکرێت. بەلام هەندێ کەس و لایەنیش هەن کە باس لە ڕێگەی سێهەم دەکەن: نە بایکۆتی تەواو و نە بەشدارییەکی ئاکتیڤ، بەڵکوو دۆزینەوەی ڕێگەیەکی گونجاو بۆ دەستەبەربوونی مافی زیاتر. گەلۆ ئەمە دەتوانێ ئەو ڕێگەیە بێت کە گەلانی ئێران بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری پێیدا بڕۆن؟ چۆن؟


د. کامران ئەمین ئاوە 
"لە شوێنێک کە ئازادیی‌ نییە، ئەگەر دەنگدان هۆی گۆڕانی
شتێک بایە، بێ‌گوومان نەیان دەهێشت ئێوە دەنگ بدەن."
مارک توێن1
لە وڵاتێکی دێموکراتیک مافی مەدەنیی کاندیدبوون و دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا، هەروەها ئەندامی حیزب و ڕێکخراوەیەکی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی بوون یەکێک لە ڕەهەندەکانی سەرەکیی دێموکراسیی‌ و مافی شارومەندییەو بەم پێیە تاک بەشداریی لە ژیانی سیاسیی ‌و کۆمەڵایەتیی خۆی دەکا. ئەم مافانە بێجگە لە مافی دەنگدان، لە لایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە هەر لەسەرەتای شۆرشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاوییەوە بەردەوام پێشێلکراوە‌. 

ڕێبەرانی حکوومەتی "ولایت فەقیه" لە کاتی دەستپێکی نمایشەکانی هەڵبژاردندا بۆ مەشرووعییەتدانی زۆرتر بە خۆیان بانگشتنی خەڵکیی‌ و تەنانەت دژبەرەکانی نیزامیش بۆ دەنگدان دەکەن. بۆ وێنە "خامنەیی" لە قسەکانی خۆی بۆ خەڵکی قوم باس لە پێداویستیی بەشداریی هەموو، تەنانەت ئەوانەی دەکا کە نیزام و ڕێبەریان قەبووڵ نییە. بە وتەی خامنەیی بەشداریی هەموان لە هەڵبژاردندا دەبێتە هۆی سەقامگیریی‌و بە هێزبوونی نیزامی ئیسلامیی، مسۆگەرکردنی هێمنایەتیی تەواو، چوونەسەرەوەی جێ‌باوەڕیی و ئابڕوی نەتەوەی ئێران لەمەر چاوی خەڵکی جێهان و گەورەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لای دوژمنانی2". لێرەدا ڕێبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تەنیا باس لە بەشداربوون دەکات، نە ڕێپێدان بە کاندیدبوونی دژبەرەکان. پاش ڕەتکرانەوەی سەلاحییەتی زۆربەی چاکسازیخوازەکان لە لایەن "شوورای نگهبان"ەوە خامنەیی لە ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاویی بۆ پاراستن و بەرگریی لە بڕیارەکانی ئەم ڕێکخراوە نادێموکراتیکە، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرێوەبەرانی هەڵبژاردنی مەجلیسی شوورای ئیسلامیی و مەجلیسی "خبرگان" سەبارەت بە بەشداریی دژبەرەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە هەڵبژاردنی مانگی ڕەشەمەی ئەمساڵدا دەڵێ:" بەندە گوتم ئەو کەسانەی کە نیزامیان قەبووڵ نییە دەنگ بدەن، نە ئەوەی کە کەسانێک بۆ مەجلیس بنێرن کە نیزامیان قەبووڵ نییە"3 . جێگای سرنجدانە کە زۆربەی ئەوانەی کە "سەلاحییەتیان" ڕەتکراوەتەوە، نە دژبەرانی نیزامی ئیسلامیی ئێران، بەڵکوو بەشێک لە نیزام یان بە وتەیەکی دیکە چاکسازیخوازەکانن کە باوەڕیان بە تەواویەتیی کۆماری ئیسلامیی و یاسایی بنەرەتیی ئێران هەیە. ئەوە بۆخۆی پێشاندەری ئەم راستییەیە کە لە نیزامێکی تیۆکراتیکدا هەڵبژاردن و بەشداریی خەڵکیی وەکو "میزانی مەشروعییەتی نیزامی سیاسیی، پشتیوانیی نەتەوەیی لە ئاستیی نێوخۆیی‌و جێ‌باوەڕیی‌ و متمانە‌ پێ‌کردن لە ئاستیی نێونەتەوەیی و ناوچەیی لەبەرچاو دەگیرێ."4  لەم چەشنە پێکهاتەیەدا بە پێی ئەزموونی پتر لە سێ دەیە دەستەڵاتداریی ئیسلامییەکان و ٣٢ جار هەڵبژاردن، لەوە ناچێ لە کۆماری ئیسلامیدا هەڵبژاردن ڕۆڵێکی وەها لە ژیانی سیاسیی خەڵک و دیاریکردنی چارەنووسی ئەوان بگێرێ. ئاڵوگۆڕی جیددی لە سیستێمی سیاسیی هەر وڵاتێک پێداویستیی بە مێکانیسمێک هەیە کە بە چەشنێکی مەدەنیی بتوانێ بواری بەشداریی خەڵک و نوێنەرانی راستەقینەی ئەوان بۆ بڕیاردان پێک بهێنێ. کاتێک لەم حکوومەتەدا ڕێوشوێن بە هێزەکانی خۆیی نادرێ، کە بەشێکی زۆریان لە دارشتن‌ و دروستکردنی بنەماکانی ئەم ڕێژیمە ڕۆڵی سەرەکییان بووە، چۆن دەتوانین چاوەڕێ ڕێ پێدان بە هێزەکانی پێشکەوتنخواز بە بیرو باوەڕێکی جیاوازەوە بین؟ بە پێی وتەکانی "حوسێن مەرعەشی ئەندامی شوورای بەرزی دارشتنی سیاسەتی چاکسازیخوازەکان، لە ٣٠٠٠ کاندیدای ئەوان بۆ دەهەمین دەورەی هەڵبژاردنی مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ئێران تەنیا ٣٠ کەسیان قەبووڵکراون و لەسەتا ٩٩ی ئەوان لە لایەن لیژنەکانی چاودێرییەوە ڕەتکراونەتەوە"5. ئەوە پێشاندەری ئەم ڕاستییەیە کە ناکرێ لە سیستمێکی نادێموکراتیکی تیۆکراتیکدا چاوەڕوانی هەڵسوکەوتێکی دێموکراتیک لە لایەن نوێنەرانی "ولایت فقیە" بکردرێ.

ڕەوایی مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ئێران؟

لە ڕێژیمی تیۆکراتیکی ئێراندا بوونی "چاودێریی چاکزانیی" واتە "نظارت استصوابی" ئەمرازی سەرەکیی و قانوونیی بۆ پاراستنی بنەما سەرەکییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی و "ولایت فقیە"، و پێکهاتەیەکی نادێموکراتیک‌ و دژ بە تەواوی مافەکانی مرۆڤ وەکوو مافی مەدەنی، سیاسیی‌ و کۆمەڵایەتییە. لە نەبوونی ئەم سێ بنەمایەدا مافی خەڵک بۆ بەشداریی لە ژیانی سیاسی – کۆمەڵایەتییان پێشێل‌ دەکرێ و خەڵکی ناتوانن لە ڕێگەی بەشداریی لە هەڵبژاردندا، چەشنی حکوومەت و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی دەستەڵات، یەک لەوان مەجلیسی دڵخوازی خۆیان پێک‌بێنن. بە پێی ئەم پێوەرە، بوونی بەربەستێکی نادێموکراتیک وەکو "شورای نگهبان" بۆ ڕەتکردنەوەی ڕەوایی ئەو پێکهاتەیە واتە مەجلیسی شوورای ئیسلامیی کە هەڵبژاردنی بۆ دەکرێ، بەسە، بەڵام بێگومان بۆ هۆگران ‌و دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی، چاکسازیخوازەکان یان ئەوانەی کە بەم باوەڕەن کە بە پێی یاسای بنەرەتیی ئێران دەکرێ لە چوارچێوەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا ڕێگەیەک بۆ پاشگەزبوونەوەی هێزی دەستەڵاتدار و دێموکراتیزەکردنی ئەم ڕێژیمە بدۆزرێتەوە، ئەم چەشنە پێکهاتەیە وەکوو سیستمێکی قانوونیی دەناسێندرێ و بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا وەکوو پێوەری ڕەوایی و کارامەیی ڕێژیمی سیاسی، سیاسەتدارشتن و جێ پەسەندبوونی کارگێڕانی سیاسیی ئەو ڕێژیمە پێناسە دەکرێ. چۆنیەتیی هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەمیشە لەسەر بنەمای خەوشدارکردنی تەواوی پێوەرەدێموکراتیکەکانی پێویست بۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد بووە و لەم ڕەوتەدا تەنیا ئەو کەسانەی کە مەترسییەکیان بۆ نیزام نییە و دڵخواز و پەسەندکراوی "ولایت فقیە"، "شورای نگهبان"و ڕێبەریی "سپای پاسداران" بوون و بە درێژایی حکوومەتی نوێنەرانی خودا، خزمەتیان بە ڕێژیمی سەرکوت و سێدارە کردووە، ڕەوانەی مەجلیس کراون. ئەرکی سەرەکیی ئەم چەشنە نوێنەرە دەستەمۆکراوانە تەنیا یاریدەدان بە پاراستنی ڕێژیم و نیزامێکە کە لە سەرەتای پێکهاتنییەوە هەتا ئێستا نادێموکراتیک و دژ بە مافی مرۆڤ بووە. بە پێی ماددەی ٢٥ی‌ "کۆنڤانسیۆنی نێونەتەوەیی مافی مەدەنی و سیاسی"، هەر شارۆمەندێک بێ لەبەر چاوگرتنی ئەو سنوورانەی کە لە بەندی ٢دا هاتووە، بێ هەر چەشنە بەرتەسککردنەوەیەکی نابەجێ، مافی کەڵکوەرگرتنی لە دەرفەتەکان بۆ بەشداریی لە بەرێوەبردنی کاروباری گشتیی بە چەشنێکی ڕاستەوخو یاخود لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ئازادیی نوێنەرەکان، مافی دەنگدان و کاندیدبوون لە هەڵبژادنەکانی ڕاستەقینەی دەورەیی لەسەر بنەمای مافی دەنگدانی گشتیی، بەرامبەر و نهێنیی هەیە.6 ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ئەم کۆنڤانسیۆنەی واژۆ کردووە، بەڵام دەستەڵاتدارەکانی ئێران بە پێی یاسای بنەرەتیی ئێران، مافی مەدەنیی و سیاسیی شارومەندەکانیان پێشێلکردووەتەوە.

 بەشێک لە خاڵە پێشێلکراوەکانی حکوومەتی ئیسلامیی لە ڕەوتی هەڵبژاردندا بریتین لە:
ڕەوتی لێکدانەوەی سەلاحییەتی کاندیداکان دوو قۆناخ لەخۆی دەگرێ. لە قۆناخی یەکەمدا "شورای نگهبان" لە دەستەڵاتی بێسنووری خۆی بۆ دیاریکردنی کاندیداکان یان ڕەتکردنەوەی مافی بەربژێر بوونیان کەڵک وەردەگرێ و لە قۆناخی دووهەمدا خەڵکی دەبێ دەنگ بەو کەسانەی بدەن کە نە هەڵبژاردەی خۆیان، بەڵکوو دیاریکراوی "شورای نگهبان"ن. پێوەرەکانی لێکدانەوەی لێهاتوویی کاندیداکان بە پێی ماددەی ٢٨ی یاسای هەڵبژاردنی مەجلیسی ئێران کە لە ساڵی ١٩٩٥ی زایینیدا پەسەندکراوە و پاشان چەندین جار پێداچوونەوەی بەسەردا کراوەتەوە، لە دژایەتیی لەگەڵ ماددەی ٢٥ کۆنڤانسیۆنی نێونەتەوەیی مافی مەدەنیی و سیاسیدایە. بە پێی ئەم ماددەیە "کاندیداکان پێویستە باوەڕ و پابەندیی ڕاستەقینەیان بە ئیسلام و نیزامی پیرۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێ"، هەروەها دەبێ وەفاداریی خۆیان بە "یاسای بنەرەتیی‌ و ماددەی پێشکەوتنخوازانەی 'ولایت فقیە'" ڕابگەینن.7 "کاندیداکانی سەرۆک کۆماریی بە پێی ماددەی ٣٥، بەندی ٦ی مەرجەکانی هەڵبژاردن و کاندیدبوون بۆ سەروک کۆماری، پێویستە بیسەلمێنن کە باوەڕیان بە بنچینەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و مەزهەبی فەرمیی وڵات هەیە".8 بەم پێیە مافی کاندیدبوونی بەشێکی بەرچاوی خەڵکی ئێران وەکوو سوننەکان و پێڕەوانی ئایینەکانی دیکە یاخود ئاتێییستەکان و هتد ... کە لە چوارچێوەی مەزهەبی "شیعەی اثنی عشری"دا ناگونجێن و باوەڕیان بە "ولایت فقیە" نییە، پێشێل دەکرێ.

شورای نگهبان بەردەوام لە تەواوی هەڵبژاردنەکاندا سەلاحییەتی زۆرینەی ژنانی بۆ کاندیدبوون لە هەڵبژاردنی مەجلیسی شوورای ئیسلامیی و تەواوی ژنە کاندیدەکانی سەرۆک کۆماریی بە پێی ماددەی ١١٥ یاسای بنەرەتیی ئێران9  ڕەت کردۆتەوە. بۆ وێنە بە پێی بەیانییەی "کۆمیتەی من کاندید دەبم" سەلاحییەتی پتر لە ٨٠٠٠ هەزار ژن بە پێی بەندی ١ و ٣ی ماددەی ٢٨ی یاسای هەڵبژاردنی مەجلیسی شوورای ئیسلامیی بۆ کاندید بوون لە دەهەمین دەورەی هەڵبژاردنی مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ڕەتکراوەتەوە. ئەوەش لە حاڵەتێکدایە کە بە پێی پابەندیی نێونەتەوەیی کە لە لایەن دەوڵەتی ئێرانیش قەبووڵکراوە، قەرار وابوو تا کۆتایی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویی لەسەتا ٣٠ی کورسییەکانی مەجلیس بە ژنان بدرێت.10  سرنجڕاکێش ئەوەیە، ئەگەر لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاک و تووک ئیزنی کاندید بوون بە ژنان دراوە، بە پێی ڕاگەیاندراوەکان سەلاحییەتی تەواوی کاندیدە ژنەکانی پارێزگای کرمانشا، سنە، کامیاران و دیواندەرە ڕەتکراوەتەوە. 11

ئەو چەند نموونەیە نیشان دەدات کە "شورای نگهبان" لە ڕێگەی "نظارت استصوابی" و سەلیقەی باڵیی و سیاسیی، خۆسەرانە توانایی ڕەتکردنەوەی تەواوی کاندیدەکانی هەیە و هیچ دەزگا و سیستمێکی دەوڵەتی و مەدەنیی توانایی بەرتەسککردنەوەی پانتایی دەستەڵات و بڕیاردانی ئەوانی نییە. 

"بایکۆت"، "بەشداری" یان "نە بایکۆتی تەواو و نە بەشدارییەکی ئاکتیڤ"

لە ڕوانگەی بیربێژییەوە، بایکۆت‌ یاخود بەشداریکردن، هەروەها ڕێگەی سێهەم واتە "نە بایکۆتی تەواو و نە بەشدارییەکی ئاکتیڤ"! لە پێوەندیی لەگەڵ بنەواشەی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆن ‌و خوێندنەوەی لە بارودۆخی سیاسیی‌ و مەدەنیی ئێران، لاسەنگیی هێزەکانی دژبەر و دەستەڵات، پانتایی کاریگەریی ئەم ڕێکخراوەیە لە نێو خەڵکی ئاسایی و وڵامدانەوەی ئەوان بە ویست و هەڵویستیی حیزبەکانە. لە نەبوونی بارودۆخی پێویست و وڵامنەدانەوەی خەڵک بە ویستی حیزبەکان، بایکۆتکردن یان نەکردن، هەروەها هەڵبژاردنی ڕێگەی سێهەم ناتوانێ کاریگەریی لە فەزای دەورەی هەڵبژاردن یان لە گەشەسەندنی ئاگایی نەتەوەیی بێ‌، لە لایەکی دیکەشەوە کەڵکوەرگرتن لە بارودۆخ و فەزای دەورەی هەڵبژاردن بە مانای بەشداری یان پشتیوانیکردن و هاندانی خەڵک بە دەنگدان نییە ‌و ناکرێ ئەم دوو چەمکە یەکسان بگیرێ. لە بارودۆخێکی ئازاد و لە ڕێگەی پشتیوانیکردن جەماوەری خەڵک لە نوێنەرانی ڕاستەقینەی خۆیان کە خەبات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەکەن، دەرفەت بۆ بە ڕۆژکردنی پرسی کورد لە کۆمەلگەدا پێکدێ و پاشگەزبوونەوەی دەوڵەتی ناوەندیی بەستراوە بە ڕادەی هاوسەنگیی هێزەکانی کورد‌ و دەسەڵاتە. لە نەبوونی ئەم مەرجە، هەر چەشنە بانگەوازێک بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی حکوومەتی ئیسلامی، یاریدە بە مانەوە‌ و سەقامگیریی زۆرتری دیکتاتۆریی لە ئێران، سەرلێشێواندن‌‌ و بە لاڕێدا‌بردنی بیروڕای گشتیی‌ سەبارەت بە حکوومەتی تاران دەدا. سیاسەتی "نە بایکۆت و نە دەنگدان"یش زۆرتر نیشاندەری بنبەستی فیکری ‌و ناتوانیی هۆگرانی ئەم بیرۆکەیە لە لێکدانەوەی ڕاستییەکانی کۆمەڵگا‌ و بارودۆخی نێو وڵاتە. پێویستە هێزێکی سیاسیی بە هەبوونی هەڵوێستێکی ڕوون، ڕێ‌پێشاندەری خەڵک بێ‌ و بە شوێن خەڵک‌ و ڕووداوەکان نەکەوێ. کۆماری ئیسلامی، بە پێی ئەزموونی پتر لە سی ساڵ حکوومەتکردن لە ئێراندا، نیشانی‌ داوە ئامادەی پاشگەزبوونەوە لە بنەواشەی ئۆلیی و شەرعیی خۆی نییە و بە پێی پێوەرەکانی خۆی نە تەنیا ڕێ بە دژبەرەکانی، بەڵکوو تەنانەت ڕێ بە باڵەکانی نیوخۆیی و چاکسازیی لە سیستمی دەستەلاتداریی و هتد ... نەداوە و نایدات، بێگوومان "بەپێی نادێموکراتیک‌بوونی گشت سیستمی دەستەڵاتداری و هەڵبژاردن لە ئێراندا، کە پێشتریش تا رادەیەک ئاماژەی پێکرا، ئاسۆیەک لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕێکی جددی لە بارودۆخی کۆماری ئیسلامی نابیندرێ. لە کاتی سەرۆک کۆماریی خاتەمیدا کە چاکسازیخوازەکان ڕۆڵی سەرەکییان لە وەزارەتەکان و مەجلیسی شوواری ئیسلامیی ئێران بوو، هەروەها ماوەیەکیش فەزایەکی نیوە ئازادیان بۆ باڵی نێوخۆیی پێک هێنابوو، بە پێی سیستمی ڕێبەرایەتیی "ولایت فقیە" و "شوورای نگهبان" نەیانتوانی ئاڵوگۆڕێک لە شێوەی بەرێوەبردنی وڵات و بەرتەسککردنەوەی دەستەڵاتی ڕێبەریی و "شوورای نگهبان" پێکبێنن. سەرەرای ئەوەش، ئەوە بەو مانایە نییە کە هیزێکی ئۆپۆزیسیۆن نابێ لە فەزایەک کە پێکدێ، بە پێی ڕادەی دەستەڵاتی خۆی کەڵک وەرنەگرێ. بۆ کەڵکوەرگرتن لە فەزای دەورەی هەڵبژاردن، هێزێکی دژبەر بە پێی توانایی دەتوانێ لە چەشنە جوراوجۆرەکانی خەبات، یەک لەوان بایکۆتکردن و ڕوونکردنەوەی زۆرتری خەڵک سەبارەت بە ناوەرۆک و ماهییەتی کۆماری ئیسلامی، یاریدە بە گەشەسەندنی زۆرتری ئاگایی خەڵکی ئاسایی بدات. ناردنەوەی سندووقە خاڵییەکان و یاخود کەمبوونەوەی ڕادەی دەنگدان دەتوانێ نیشانەی ئاستی بەرزی ئاگایی نەتەوەیی، هەروەها نارەزایەتی خەڵک و ئەمرازێکی گوشار بۆ رێژیم بێ. دەنگنەدانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دامەزرانی "کۆماری ئیسلامیی" لە هەڵبژاردنی ١٠ و ١١ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ی هەتاوی و یاسای کۆنەپەرەستانەی بنەرەتیی ئێران لە ١١ و ١٢ی سەرماوەزی ١٣٥٨ی هەتاویی وەکو خاڵێکی مێژوویی و جێگای شانازیی بۆ کوردی ڕۆژهەڵات دەمێنێتەوە. دابەزینی ڕادەی بەشداریکردن و دەنگدانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکاندا پێشاندەری کۆڵنەدانی نەتەوەیەکە کە سەرەڕای پتر لە سی ساڵ سیاسەتی سەرکوت و سێدارەی حکوومەتی ئیسلامی، لە بەرامبەر ڕێژیمی ئێران ڕاوەستاوە و کەڵکی لە هەر دەرفەتێک بۆ دەڕبڕینی نارەزایەتیی خۆی وەرگرتووە. بە پێی توێژینەوەیەک بە نێوی "لێکدانەوەی ڕەوتی بەشداریکردنی شارۆمەندانی پارێزگای کوردستان لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی لە ساڵەکانی ٨٤-١٣٧٦"دا12  کە لە لایەن "ئەنجومەنی ژئۆپۆلیتیکی ئێرانەوە" بڵاو بۆتەوە، ڕاشکاوانە باس لە دابەزینی ڕادەی دەنگدانی خەڵکی کورد لە هەڵبژاردنەکاندا دەکرێ. بە باوەڕی نووسەرانی ئەم لێکۆڵێنەوەیە "ئاکاری سیاسیی شارۆمەندانی پارێزگای کوردستان لە چوارچێوەی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی، بە هۆی جیاوازیی قەومی و ئۆلیی ئەوان لەگەڵ زۆرینەی کۆمەڵگای ئێران، چالاکیی سیاسیی ئەلیتی قەومیی لەم بوارەدا، هەروەها کاریگەریی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەیی لەسەر خەڵکی ئەم پارێزگایەدا، هەمیشە جێگەی سرنج و بایخێکی تایبەتی بووە. بەشداریکردنی خەڵکی پارێزگای کوردستان لە سێ دەورەی هەڵبژاردنی ئەم دواییانەی سەرۆک کۆماریدا [واتە دەورەکانی ٧ تا ٩] پێشاندەری دابەزینی ئاشکرای ڕادەی دەنگدانی خەڵک لە نێوان ئەو دوو دەورەیەدایە، تا ئەو ڕادەیەی کە بەشداریکردنی خەڵکی پارێزگای کوردستان لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی لە ساڵی ١٣٧٦ هەتاویی لە سەتا ٧٩.٤ - وە، بە سەتا ٢٤.٦ لە ساڵی ١٣٨٤ گەیشتووە." 

بەشداریی کردنی خەڵکی پارێزگای کوردستان لە ٩ دەورەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی‌دا



ڕادەی بەشداریی خەڵکی شارەکانی پارێزگای کوردستان  لە دەورەی نۆهمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی‌دا 13


ئەو ئامارانەی کە لە لایەن ڕێکخراوەکانی مەدەنی یان کۆماری ئیسلامییەوە بڵاو بۆنەتەوە بە پێچەوانەی ئەوانەی کە بەردەوام باسی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان دەکەن، پێشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە خەڵکی کورد لەو ساڵانەی کە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە پێشوازییەکی وەهای لە هەڵبژاردنەکان نەکردووە و تەنانەت "لە دەورەی دووهەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی لە ٢١ی جۆزەردانی ١٣٧٢ هەتاوییدا، "کوردستان" تەنیا پارێزگایەک بوو کە بە تەوایەتی "نای" بە هاشمی ڕەفسنجانی گوتووە. بەباوەڕی نووسەرانی لێکۆڵینەوەکەی ئەنجومەنی ژئۆپۆلیتیکی ئێران "زیاد نەکردنی ڕادەی بەشداریی کوردەکان لە بەرێوبەرایەتیی سیاسیی‌ و پێکهاتەی دەستەڵات لە وڵاتدا، هەروەها تیرۆری دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی، سەرەڕای پێشنیارەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش تەواوبوونی شەری ٨ ساڵە لەگەڵ عێراق بە‌ نێونجیگەریی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی عێراق بۆ چارەسەریی ئاشتیخوازانەی کێشەی کورد بوو بە هۆی پێکهاتنی زەینییەت و تێگەیشتنێکی نەرێنیی خەڵک لە دەوڵەتی هاشمی ‌و لە ئاکامدا خەڵکی ئەم پارێزگایە بەم چەشنە لە ڕێگەی بەشداریی نەرێنیی لە هەڵبژاردەنەکاندا نارەزایەتیی خۆیان سەبارەت بە وەزعی ئارایی و سیاسەتەکانی دەوڵەت لە ناوچە دەربڕیوە".  لە پێوەندیی لەگەڵ ڕێژەی بەشداریی خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شوورای ئیسلامیش بە تایبەتیی لە دەورەی ٧ بەولاوە، ئەم دابەزینە بە جوانی دەبیندرێ. "لە دەورەی حەوتەم بە بەراورد لەگەڵ دەورەی شەشەم ڕادەی دابەزینی بەشداریکردنی خەڵک لە پارێزگای کوردستان لە سەتا ٧٠ بە ٣٢ و لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە سەتا ٧١ بە ٤٢ بووە. لە دەورەی هەشتەمدا، لە تەواوی ئێران، لە ٤٣ میلیۆن و ٨٢٤هەزار کەس کە مەرجی بەشداریان بووە، تەنیا ٢٢ میلیۆن و ٣٥٠هەزار کەس واتە لە سەتا ٥١ بەشدارییان کردووە. پاش تاران، کەمترین ڕادەی بەشداریی خەڵک لە ئیسفەهان، کوردستان و یەزد و قوم بیندراوە.14 بە پێی لێکدانەوەکەی نووسەرانی "ڕەوتی بەشداریکردنی شارۆمەندانی پارێزگای کوردستان، لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی لە ساڵەکانی ٨٤-١٣٧٦"ی هەتاویدا دابەزینی ڕادەی بەشداریکردنی خەڵکی کوردستان پاش دەورەی شەشەمی هەڵبژاردنی مەجلیسی شوورای ئیسلامی لە پێوەندیی لەگەڵ ئەم خاڵانەدا بووە: پووچکردنەوەی دەنگەکان لە چەندین ناوەندی هەڵبژاردن بۆ مەجلیسی شەشەم، ڕووداوەکانی پاش گیرانی عەبدوڵا ئۆجەڵان لەم پارێزگایەدا، کاریگەریی حیزبە دژبەرەکانی کورد لە دەرەوەی وڵات، دڵساردیی لە دەوڵەتی ئیسلاحات، هەست بە سیاسەتی دووچاوەکیانە سەبارەت بە خەڵکی ئەم پارێزگایە، هەروەها نەبوونی کاندیدای خۆشەویست لە دەورەی نۆهەمدا". 15
                                        
ئاکامبەندی

بە پێی ئەزموونی پتر لە ٣٠ ساڵ حکوومەتی "نوێنەرانی خودا" لە ئێران‌ و بارودۆخی ئەمرۆی ئەم وڵاتە، وێچوونی هەڵبژاردنێکی دێموکراتیک لە ئێراندا نییە. لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا بە هێز و کەسایەتییەکی ئازاد و دێموکرات، تەنانەت بە زۆرینەی هۆگرانی باوەڕمەند بە "یاسای بنەڕەتیی ئێران و چاکسازی" ئیزنی کاندیدبوون و بەشداریی لە دەستەڵات نادرێ. لە چوارچێوەی سیستمی "شوورای نگهبان، ڕێبەریی و سپای پاسداران‌دا" هیچ ئاسۆیەک بۆ پێکهاتنی ئاڵوگۆڕێک لە یاسای ئێراندا نابیندرێ. کەڵکوەرگرتن لە فەزای هەڵبژاردن ناکرێ تەنیا لە چوارچێوەی بەشداریکردنی خەڵکی کورد لە هەڵبژاردنەکاندا قەتیس کرێتەوە. هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێ بە پێی بنەواشەی سیاسیی و توانایی خۆی، لەو فەزایەی کە لەم دەورەیەدا پێکدێ بۆ ڕوونکردنەوەی زۆرتری ماهییەت ‌و ناوەڕۆکی ڕێژیمی تاران و لە بەینبردنی دڕدۆنگیی خەڵک بەو ڕێژیمە و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاگایی نەتەوەیی و سیاسیی خەڵک‌ و بە تایبەتی وەچەی پاش ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی کەڵک وەربگرێ. ئەو ئامارانەی کە لە لایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و توێژینەوەی ڕێکخراوەکانی مەدەنی یاخود زانستیی ئێرانەوە بڵاو بۆنەتەوە پێشاندەری ئەم ڕاستییەن کە بە گشتیی لە ئێران و بە تایبەتیی لە کوردستاندا ڕێژەی بەشداریکردن خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا دابەزیوە و خەڵکی وڵامی بانگهێشتنی ڕێبەرانی حکوومەتی ئیسلامییان نەداوەتەوە. لە چوارچێوەی حکوومەتێکی باوەڕمەند بە "امت اسلامی" کە فرە نەتەوەیی بوونی ئێران ڕەت دەکرێتەوە، وێچوونی چارەسەریی پرسی کورد نییە. بۆ کاریگەریی زۆرتر لە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێکهێنانی متمانە بە‌خۆیی خەڵک و پاشگەزکردنەوەی ڕێژیمی تاران، پێویستە حیزب، ڕێکخراوە و کەسایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێکهێنانی بەرە یان هەر چەشنە هاوپەیمانیی و هاوکارییەک، هێز و توانایی خۆیان بخەنە پاڵ‌ یەک ‌و هاوبەش لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە‌ و هێزە پێشکەوتنخوازەکانی ئێران پەرە بە خەباتی دژ بە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بدەن.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ سەرچاوە و پەراوێزەکان ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
١.  Mark Twain) Samuel Langhorne Clemens -November 30, 1835 – April 21, 1910)
٢. همه در انتخابات شرکت کنند؛ حتی کسانیکه نظام را قبول ندارند برای حفظ و اعتبار کشور بیایند، تاریخ انتشار: ۱۹ دی ۱۳۹۴ 
٣. http://www.entekhab.ir/fa/news/246849
٤..   http://www.bbc.com/persian/iran/2016/01/160120_l2_iran_election94_khamenei
٥. مبانی جغرافیایی خاستگاە آرا مردم در هشتمین دورە انتخابات محلس شورای اسلامی، دکتر زهرا پیشگاهی فرد، سید محمد جواد شوشتری، فصلنامەژئوپلیتیک / سال چهارم، شمارە دوم، تابستان ١٣٨٧، صص ١٣٠-١٠٩
   مرعشی: از ۳۰۰۰ کاندیدای اصلاح‌طلب، تنها ۳۰ نفر تایید شده‌اند، http://www.kaleme.com/1394/10/27/klm-235239
٦. کنوانسیون بین المللی حقوق مدنی و سیاسی سازمان ملل متحد، مصوبه 26 دسامبر 1966/ قطعنامه A 2200 قدرت اجرائی بنابر ماده 49، 23 مارس 1976. ترجمه: ن. نوریزاده  http://hoghoogh.online.fr/article.php3?id_article=110
٧. قانون انتخابات مجلس شورای اسلامی اێران، مادە ٢٨، http://www.shora-gc.ir
٨. متن كامل قانون انتخابات رياست جمهوري ، سەرچاوی سەرێ
٩. بە پێێ ماددەی ١١٥ یاسای بنەرەتیی ئێران بەربژێری سەرۆک کۆماری دەبێ یەکێک لە "رجالە‌کانی ئۆلیی و سیاسیی بێ. رجال وشەیەکی عەرەبیی و بە مانای پیاوانە.
 ١٠. بیانیه در اعتراض به رد صلاحیت گسترده کاندیداهای زن: بگذارید زنان توانمند در معرض رأی و داوری مردم قرار گیرند.
http://www.women4parliament.org
١١. رد صلاحیت گسترده زنان از سوی شورای نگهبان، سەرچاوەی سەرێ
١٢. بررسی روند مشارکت شهروندان استان کردستان در انتخابات ریاست جمهوری ٨٤-١٣٧٦، دکتر مسحود غفاری، بهروز زرین کاویانی، فصلنامە ژئوپلیتیک/ سال هفتم شمارە اول، بهار ١٣٩٠، صص ١١٠-٨٨
 ١٣.  http://www.ostan-kd.ir/Default.aspx?TabID=133
١٤. بازخوانی هشت دوره انتخابات مجلس در جمهوری اسلامی، مرتضی کاظمیانروزنامه نگار، 23 دسامبر 2011 - 02 دی 1390
http://www.bbc.com/persian/iran/2011/12/111221_l39_majlis9th_8-terms.shtml
١٥. بررسی روند مشارکت شهروندان استان کردستان در انتخابات ریاست جمهوری ٨٤-١٣٧٦، دکتر مسحود غفاری، بهروز زرین کاویانی، فصلنامە ژئوپلیتیک/ سال هفتم شمارە اول، بهار ١٣٩٠، صص ١١٠-٨٨

پەیوەندی‌دار:

" فێمێنیزم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان"

"کوندور- CONDOR"؛ نهێنی ساختەکاری لە پرۆسەی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان

پرسی "هەڵبژاردن" لە رۆژهەڵاتی کوردستان (بەشی یەکەم)

وازهێنانی عەزیزی، دەرفەتێک بۆ حدک

کاتی فرۆشتنی حدکا و حدک هاتوە؟

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷