وەرگێڕان
لیبڕاڵیزم و کەمینە نەتەوەیی و ئەتنیکییەکان
Sunday, November 8, 2015
نووسه‌ر؛ ویل کیملیکا (Will Kymlicka)
وه‌رگێڕانی؛ سیروان ساڵح زاده
ئاماژەی وەرگێڕ: ویل کیملیکا ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین ناسراوترین، ئه‌وه یه‌کێکه له ناسراوترین بیرمه‌نده‌کانی "فرهکولتوورباوهڕی" (Multiculturalism) له جیهاندا، سێ خاڵی سه‌ره‌کی له هزری کیملیکادا که گرینگییه‌کی به‌رچاویان بۆ نه‌ته‌وه بێدهوهڵهتهکان هه‌یه کە بریتین له؛ ١- جیاوازی‌دانان له نێوان که‌مینه نه‌ته‌وه‌یی و ئهتنیکییهکاندا، ٢- داکۆکیکردن له مافه کۆییه‌کان له ڕه‌هه‌ندێکی لیبڕاڵییه‌وه، واته چۆن ده‌کرێ مافه کۆییه‌کانی که‌مینه‌کان بپارێزرێ، بێ ئه‌وه‌ی مافه‌کانی تاکه‌کانی ئه‌ندام له‌و گرووپانه‌دا پێشێل بکرێت. 3- داکۆکیکردن له ڕیفراندۆم بۆ نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست، وه‌ک میکانیزمێکی دێمۆکراتیانه بۆ مافی بڕیاردانی چاره‌نووس. ئه‌و نووسراوه‌یه وه‌رگێڕانه‌وه‌ی پێشه‌کیی کتێبی "شارۆمه‌ندی فره کولتووری؛ تێئۆری لیبڕاڵی مافەکانی که‌مینه‌کان"ه له نووسینی ئه‌و بیرمه‌نده لیبڕاڵه، که ده‌بێته به‌شی یه‌که‌می ئه‌و کتێبه.
لیبڕاڵیزم و که‌مینه نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیکییه‌کان*
1- بابه‌ته‌کان
ئه‌مڕۆ زۆربه‌ی وڵاتان فره‌کولتوورین. به گوێره‌ی دوایین لێکدانه‌وه‌کان، له نێوان 184 ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆدا زیاتر له 600 گرووپی زمانی، و 5000 گرووپی ئه‌تنیکی بوونیان هه‌یه. ئه‌و وڵاتانه‌ی که شارۆمه‌نده‌کانیان خاوه‌نی یه‌ک زمانی هاوبه‌ش، یان سه‌ر به یه‌ک گرووپی ئه‌تنیکی-نه‌ته‌وه‌یی(Ethnonational) ین، زۆر که‌من.1
ئه‌و فره چهشنییه ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی پرسگه‌لێکی گرینگ، که توانای درووستبوونی چهندبهرهکییان تێدا زۆره. گرووپه‌کانی که‌مینه و زۆرینه‌ی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک له‌سه‌ر پرسگهلێ وه‌ک مافی زمانی، خودموختاری ناوچه‌یی (regional autonomy)، نوێنه‌رایه‌تی سیاسی، به‌رنامه‌ی خوێندن و په‌روه‌رده، داخوازیی خاک (land claims)، کۆچکردن (Immigration) و سیاسه‌تی راژێری (Naturalization Policy)، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر هێما نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی وه‌ک دیاریکردنی سروودی نه‌ته‌وه‌یی یان پشووی گشتی، ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر له لێکدان و پێکدادان دان. دۆزینه‌وه‌ی وهڵامگهلێ شیاو بۆ ئه‌و مژارانه، که ئاوێته‌ی پاساوی ئه‌خلاقی بن و له لایه‌نی سیاسییشه‌وه سه‌قامگیر بن، گه‌وره‌ترین کێشهیەکه که ئه‌مڕۆ به‌ره‌وڕووی دێمۆکڕاسی بۆته‌وه. له ئەورووپای ڕۆژهه‌ڵاتی و جیهانی سێهه‌مدا، هه‌وڵدان بۆ چێ‌کردنی دامهزراوهگهلێ (institutions) لیبڕاڵ- دێمۆکڕات به هۆی لێکدانی(Conflict) توندوتیژانه‌ی نه‌ته‌وه‌خوازانه به‌ره‌و لاوازی چووه. له ڕۆژئاڤا، مووناقشهگهلێ کاتی سه‌باره‌ت به مافی کۆچه‌ران، خه‌ڵکی خۆجێیی و که‌مینه کولتوورییه‌کانی تر، زۆربه‌ی ئه‌و گریمانانه‌ی که ژیانی سیاسی ڕۆژئاڤایان له‌سه‌ر بوونیاد نرابوو، بردۆته ژێر پرسیار. له دوای کۆتایی شه‌ری سارد، شه‌ڕ و لێکدانی کولتووری-ئه‌تنیکی، بوو به یه‌کێک له سه‌ره‌کیترین سه‌رچاوه‌کانی توندوتیژیی سیاسی له جیهاندا. ئه‌وانه ئاماهژهیهکن به‌وه‌ی که هیچ ئاسۆیه‌ک بۆ که‌مبوونه‌وه‌ی ئه‌و لێکدانانه به‌دی ناکرێ.2
ئه‌و کتێبه روانگه‌یه‌کی(Approach) نوێ سه‌باره‌ت به‌و پرسانه دێنێته گۆڕێ. هیچ وه‌ڵامێکی ساکار یان فۆڕمۆلێکی ئه‌فسانه‌یی بۆ چاره‌سه‌رکردنی هه‌موو ئه‌و پرسانه له گۆڕێ‌دا نییه. هه‌ندێ له‌و لێکدانانه کۆنتڕۆڵ ناکرێن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌کانی ئه‌و کێشانه رێگه‌ی ئینساف و لێبورده‌یی بگرنه به‌ر، که زۆر جار ئه‌و کاره ناکه‌ن. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌ر موناقشهیهک مێژوو و باروودۆخی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه که، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌یه‌کی مونسیفانه و کارامه بدۆزینه‌وه، پێویسته ڕەچاوی بکه‌ین. ئامانجی من ئه‌وه‌یه که گاڤێک بچمه‌وه دواوه و گۆشه‌نیگا و ڕوانگه‌یه‌کی گشتی‌تر بناسێنم- به مه‌به‌ستی ناساندنی هێندێک تێگه‌ی (Concept) سه‌ره‌کی و گرینگ و بنه‌ماگه‌لێک که پێویسته ڕه‌چاو بکرێن، و هه‌روه‌ها چوارچێوهیەکی سه‌ره‌کی بۆ بونیادنانی ڕوانگه‌یه‌کی لیبڕاڵی له‌مه‌ڕ مافەکانی که‌مینه‌کان روون بکه‌مه‌وه.
نه‌ریتی سیاسی ڕۆژئاڤایی به شێوه‌یه‌کی سه‌ڕسووڕهێنه‌ر سه‌باره‌ت به‌م مژارانه بێده‌نگ بووه. زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگه سیاسییه دامه‌زراوه‌ییه‌کان، به درێژایی مێژووی زانراو، فره ئه‌تنیکی بوون، که ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌که بۆ بوونی داگیرکاری و بازرگانیی درێژمه‌ودا له هه‌ڵسوکه‌وتی مرۆڤه‌کان له هه‌موو شوێنێکدا. به‌و حاڵه‌شه‌وه زۆربه‌ی تیۆریسییه‌نه سیاسییه ڕۆژئاڤاییهکان به مۆدێلێکی ئایدیال له "شار" (Polis) کاریان کردووه که له‌و مۆدێله‌دا هه‌موو شارۆمه‌نده‌کان خاوه‌ن زمان و کو‌لتوور و ره‌چه‌ڵه‌کێکی (Descent) هاوبه‌شن. ته‌نانه‌ت ئه‌و کاتانه‌ی که تیۆریسییه‌نه‌کان خۆشیان له ئیمراتۆرییهکی "چه‌ند زمانی"دا ژیاون ـ که ئه‌و ئیمپڕاتۆرییه به‌سه‌ر چه‌ند گرووپی زمانی و ئه‌تنیکی جیاوازدا حکومه‌تی کردووه، دیسانه‌که‌ش ئه‌وانه زۆربه‌ی کاته‌کان به جۆرێک له‌و باره‌وه نووسیویانه، هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی که ده‌وڵه‌ت-شاره‌کانی یۆنانی کۆن، که خاوه‌نی کولتوورێکی هاوچه‌شن بوون، بنه‌ما و پێوه‌ر و مۆدێلێکی ستانداردی کۆمه‌ڵگایه‌کی سیاسی دێنه ئه‌ژمار.3
حکوومه‌ته‌کان به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به ئه‌و مۆدێله له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سیاسیی هاوچه‌شن (homogeneous) به درێژایی مێژوو سیاسه‌تی جۆراوجۆریان سه‌باره‌ت به که‌مینه‌کان گرتۆته به‌ر. هێندێک له که‌مینه‌کانیان به گه‌شتی له‌ناو بردن، یان به‌کۆ له شوێنی خۆیان ده‌رکران ـ ئه‌وه‌ی که ئه‌مڕۆ پێی ده‌ڵێین "پاکتاوی ئه‌تنیکی" (Ethnic Cleaning) یان به شێوه‌ی جینۆساید له‌ناو بران. که‌مینه‌کانی تر به زۆره‌ملێ [له ناو زۆرینه‌کان دا] توێندرانه‌وه و ناچار کران که زمان، ئایین، و دابونه‌ریتی کۆمه‌ڵگای زۆرینه قه‌بووڵ بکه‌ن. له هێندێک نموونه‌ی تردا له‌ته‌ک که‌مینه‌کان وه‌ک دانیشتوانی بیانی هه‌ڵسوکه‌وت کرا و ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی فیزیکی (Physical Segregation) و هه‌ڵاواردنی ئابووری بوونه‌وه و نکۆڵی له مافه سیاسییه‌کانیان کرا.
بۆ پاراستنی که‌مینه کولتوورییه‌کان و هه‌روه‌ها هێورکردن و که‌مکردنه‌وه لێکدانه‌کان(Conflicts) له نێوان زۆرینه و که‌مینه کولتوورییه‌کاندا، به شێوه‌یه‌کی مێژوویی هه‌وڵی جۆراوجۆر دراوه. له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا پهییماننامهگهلێ دوولایه‌نه به‌ستێنی رێکوپێککردنی هه‌ڵسوکه‌وتی له‌ته‌ک خه‌ڵکی بیانی نیشته‌جێی وڵاتێک‌دا ـ که هاوڕگهزهی خه‌ڵکی وڵاتێکی ترن ـ خۆش کرد. میناک ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیا قه‌بووڵی کرد که هه‌ندێ سه‌رپشکی (Privilege) و مافی دیاریکراو بۆ ئه‌تنیکه پۆلۆنییه‌کانی (Poles) دانیشتووی خاکی ئه‌ڵمانیا دابین بکات، تا ئه‌و کاته‌ی که ده‌وڵه‌تی پۆڵه‌ند(Poland) له به‌رامبه‌ردا مافی ئه‌تنیکه ئه‌ڵمانییه‌کانی دانیشتووی پۆڵه‌ند بدات. ئه‌و په‌یمانه دوولایه‌نه له لایه‌ن [ڕێکخراوه‌ی] یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌کان (The League of Nations) ه‌وه په‌ره‌ی پێدرا و هێندێک لایه‌نی بوونیادی تری لێ زیاد کرا.
له‌ته‌ک ئه‌وه‌شدا ئه‌و په‌یماننامانه ناته‌واو بوون. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که که‌مینه‌کان له وڵاتێک‌دا تا ئه‌و کاته‌ی له ده‌ست هه‌ڵاواردن و سته‌م ده‌پارێزرێن که به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی که پشتیوانی کهمینهکهیه و دراوسێی ئه‌و وڵاته‌یه نه‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه. جگه له‌وه‌ش په‌یماننامه‌کان بوونه هۆی نائارامی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که به‌ستێنیان خۆش ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی که ده‌وڵه‌ته پشتیوانه‌که بیانووی بکه‌وێته ده‌ست بۆ هێرشکردنە سه‌ر، یان ده‌ستێوه‌ردان له کارووباری ده‌وڵه‌ته لاوازه‌که‌دا. پاساوی ئه‌ڵمانیای نازی بۆ هێرشکردنه سه‌ر پۆڵه‌ند و چێکسلۆڤاکیا له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بو که ]گوایه[ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه مافی ئه‌تنیکه ئه‌ڵمانییه‌کانی دانیشتووی ئه‌و وڵاتانه‌یان به پێی په‌یماننامه‌که پێشێل کردبوو.
له دوای شه‌ڕی جیهانیی دووهه‌م، به ئاشکرایی پێویستی هاتنه‌ئارای ڕوانگه‌یه‌کی جیاواز سه‌باره‌ت به مافی که‌مینه‌کان به‌دی ده‌کرا. زۆربه‌ی لیبڕاڵه‌کان هیوادار بوون که ئه‌و جه‌ختکردنه نوێیه‌ی له‌سه‌ر "مافه‌کانی مرۆڤ" هاتۆته ئاراوه، پرسی لێکدانی که‌مینه‌کان چاره‌سه‌ر بکات. ئیتر به جێی ئه‌وه‌ی که له رێگه‌ی پێدانی مافه تایبه‌تییه‌کان بۆ ئه‌ندامانی گرووپه دیاریکراوه‌کان به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ داکۆکی له مافی گرووپه‌کانی بهرگهنگر (Vulnerable Groups) بکرێ، ده‌کرێ به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ مافه بنه‌ڕه‌تییه سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کان بۆ هه‌موو تاکه‌کان، به بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که ئه‌و تاکانه ئه‌ندامی چ گرووپێکن، ده‌سته‌به‌ر بکرێ. مافه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی مرۆڤ ـ میناک ئازادی ڕاده‌ربڕین (Freedom of Speech)، ئازادی دامه‌زراندنی ڕێکخراوه(Freedom of Association) و ئازادی ویژدان (Freedom of Conscience) ـ ئه‌گه‌رچی بۆ تاکه‌کان دانراوه، به‌ڵام له کۆمه‌ڵگادا و له‌ته‌ک ئه‌وانی تردا ده‌توانرێ به‌کرده‌یی بکرێ، له‌به‌ر ئه‌وه [مافه‌کانی مرۆڤ] ده‌توانێ پۆشهنێک (Protection) بۆ پاراستنی ژیانی گرووپ چێ بکات. لیبڕاڵه‌کان پێیان وابوو که تا ئه‌و جێگایه‌ی که مافه‌کانی تاک به شێوه‌یه‌کی پته‌و پارێزگاری‌یان لێ بکرێ، ئه‌ندامانی که‌مینه نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیکیه‌کان پێویستییان به هیچ مافێکی زیاتر نابێ:
مه‌یلی گشتیی بزاڤه‌کانی دوای شه‌ڕ بۆ په‌ره‌پێدان به مافه‌کانی مرۆڤ ئه‌وه بوو که پرسی که‌مینه نه‌ته‌وییه‌کان له ژێر پرسی به‌ربڵاوتری ده‌سته‌به‌رکردنی مافه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی تاک بۆ هه‌موو مرۆڤه‌کان پۆلێنبه‌ندی بکرێ، به بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که ئه‌و تاکه ئه‌ندامی چ گرووپێکی ئه‌تنیکییه. گریمانه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌وه بوو که ئه‌ندامانی که‌مینه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان نه پێویستیانه، نه کارێکی ڕه‌وایه، نه ده‌شکرێ مافی ده‌سته‌به‌رکراوی تایبه‌تییان هه‌بێت. ئامۆژه‌ی (Doctrine) مافه‌کانی مرۆڤ وه‌ک جێگره‌وه‌یه‌ک بۆ تێگه‌ی مافه‌کانی که‌مینه‌کان هاته ئاراوه، به‌و هۆکاره به‌هێزه‌ی که چۆن له‌ته‌ک ئه‌ندامانی که‌مینه‌کان هه‌ڵسوکه‌وتێکی یه‌کسانانه ده‌کرێ، ڕه‌وا نییه که بۆ پاراستنی تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌تنیکی خۆیان داخوازی تریشیان هه‌بێ. (Claude 1955: 211)
ڕێکخراوه‌ی یه‌کێتیی نه‌ته‌وه‌کان، له‌سه‌ر ئه‌و جۆره فه‌لسه‌فه و ڕامانه، هه‌موو ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی که په‌یوه‌ندییان به مافی که‌مینه نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیکییه‌کانه‌وه هەبوو، له "جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافه‌کانی مرۆڤ"ی خسته ده‌ره‌وه.
گۆڕانکاری له مافه‌کانی تایبه‌ت به گرووپه که‌مینه‌کان بۆ مافه‌کانی مرۆڤ له لایه‌ن زۆربه‌ی لیبڕاڵه‌کانه‌وه پێشوازی باشی لێ‌کرا، تا ڕاده‌یه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که وا شیمانه ده‌کرا ئه‌و کاره ببێته هۆی ئه‌وه‌ی داکۆکی له که‌مینه ئایینییه‌کان (Religious Minorities) بکرێت. له سه‌ده‌ی شانزده‌هه‌مدا، ده‌وڵه‌ته ئەورووپاییهکان له ده‌رئه‌نجامی شه‌ڕی نێوان دو ئایینزای کاتۆلیک و پڕۆتێستان، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که کامیان ده‌بێ به‌سه‌ر جیهاندا حکوومه‌ت بکه‌ن، لهتلهت ببوون. ئه‌و شه‌ڕانه کۆتای‌یان پێ هات و چاره‌سه‌ر کران، به‌ڵام نه‌ک له رێگه‌ی دابینکردنی مافه‌کانی که‌مینه ئایینییه‌کان، به‌ڵکوو له رێگه‌ی جیاکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و کڵیسا و دابینکردنی مافه‌کانی ئایینی تاکه‌کان. مافه‌کانی که‌مینه ئایینییه‌کان به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ، واتا به دابینکردن و ده‌سته‌به‌رکردنی "ئازادی تاکه‌که‌سی هه‌ڵبژاردنی ئایین" (individual freedom of worship)، پارێزرا، به جۆرێک که خه‌ڵک بتوانن به شێوه‌یه‌کی ئازاد و به یارمه‌تی هاوئایینیهکانی خۆیان، به بێ دڵه‌ڕاوکێ له هەڵاواردن (discrimination) له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه، له بۆنه ئایینییه‌کانی خۆیاندا به‌شداری بکه‌ن.
زۆربه‌ی لیبڕاڵه‌کانی دوای شهر وایان بیر ده‌کرده‌وه که لێبوورده‌یی ئایینی له‌سه‌ر بنه‌مای جیاکردنه‌وه‌ی کڵیسا و ده‌وڵه‌ت ده‌توانرێ وه‌ک ڕێگاچاره‌یه‌ک بۆ چاره‌سه‌رکردنی پرسی جیاوازییه "ئه‌تنیکی- کولتووری"یه‌کان ڕه‌چاو بکرێ. له‌و ڕوانگه‌وه، ناسێنه‌ی ئه‌تنیکی، میناک ئایین، په‌یوه‌ندیی به ده‌وڵه‌ته‌وه نییه و شتێکه که خه‌ڵک ده‌بێ به شێوه‌یه‌کی ئازاد له ژیانی خۆکه‌سی خۆیاندا جێبه‌جێی بکه‌ن. ده‌وڵه‌ت نه دژایه‌تی له‌ته‌ک ئازادی خه‌ڵک له ده‌ربڕینی پێوهنداریهتی کو‌لتووریی (Cultural Attachment) تایبه‌تی خۆیان ده‌کا و نه ئه‌رکی په‌روه‌رده‌کردنی ئه‌و پێوهنداریهتییهشی وه‌ئه‌ستۆیه ـ وه‌ک ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی ناتان گلێیزێر (Nathan Glazer) به‌کاری هێناوه، شێوه‌ی کاری ده‌وڵه‌ت ده‌بێ "خۆلێنهبانکردنی هۆشیارانه" ('benign neglect') بێت.5 (Glazer 1975: 25; 1983: 124) ئه‌ندامانی گرووپگه‌لێ ئه‌تنیکی و نه‌ته‌وه‌یی له به‌رامبه‌ر هەڵاواردن و ده‌مارگرژی ده‌پارێزرێن و ئازادن له‌وه‌ی که ده‌خوازن کام به‌ش له میراتی کو‌لتووریی خۆیان و ناسێنهکهیان بپارێزن، به مه‌رجێک که مافی که‌سانی تر پێشێل نه‌که‌ن. به‌ڵام ئه‌و جۆره هه‌وڵانه به ته‌واوی خۆکهسین، و هیچ ڕێکخراوه‌یه‌کی گشتیی حکوومی بوونی نییه که ده‌وڵه‌ت له ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه ناسێنه‌کان یان "ئه‌ندامیه‌تی کولتووری" و ناسێنه‌ی ئه‌تنیکی به فه‌رمی بناسێت یان نکۆڵیان لێ بکات. ئه‌و جیاکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و ئه‌تنیک ڕێگه له هه‌ر جۆره بهفهرمیناسینێکی حکومه‌تی یان یاسایی گرووپه ئه‌تنیکییه‌کان، یان به‌کارهێنانی هه‌ر جۆره پێوه‌رێک به مه‌به‌ستی دابه‌شکردنی مافه‌کان، سه‌رچاوه‌کان و به‌رپرسیاره‌تییه‌کان ده‌گرێت.4
زۆربه‌ی لیبڕاڵه‌کان، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی که هۆگری سیاسه‌ته‌کانی چه‌پن، له‌و حاڵه‌ته ده‌گمه‌نانه‌دا که گرووپگه‌لێ ره‌گه‌زی (Racial Groups) له مافه‌کانیان بێبه‌ری کراون، باوه‌ڕیان به ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌رێنی له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و گرووپانه‌دا هه‌یه. لێ به‌و واتایه ئه‌و حاڵه‌ته ده‌گمه‌نه یاسایێک ده‌سه‌لمێنێت. [سیاسه‌تی] ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌رێنی به‌و مه‌به‌سته داکۆکی لێکراوه که به گشتی وه‌ک پێوه‌رێکی کاتی، هه‌رچی زووتر كؤمهڵگایهک بێنێته دی که تێیدا هه‌موو گرووپه‌کان به یه‌ک چاو (Colour-Blind) سه‌یریان بکرێت. ئامانج له ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌رێنی ئه‌وه‌یه که قه‌ره‌بووی پێشێلکاریی ئه‌و گرووپانه بکرێته‌وه که ساڵانێک تووشی هه‌ڵاواردن بوونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها ئێمه به‌ره‌و ئه‌و کۆمه‌ڵگایه هه‌نگاو بنێین که تێیدا جوودایی ده‌وڵه‌ت له ئه‌تنیک هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ڕه‌چاو کرابوو. له‌به‌ر ئه‌وه کۆنڤانسیۆنی ڕێکخراوه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌مه‌ڕ هه‌ڵاوارادنی ره‌گه‌زی، ته‌نیا له حاڵه‌تێکدا دان به ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌رێنی داده‌نێت که ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانه به شێوه‌ی کاتی و به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رکردن بێ. به‌م واتایه که سیاسه‌تی ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌رێنی نه‌ک ته‌نیا له‌ته‌ک بیرۆکه‌ی جودایی ده‌وڵه‌ت و ئه‌تنیک دژایه‌تی نییه، به‌ڵکو ئه‌و شێوازه رێک ئامانجی گه‌یشتن به‌و [دۆخه] ئایدیالهیه.
هه‌ندێک له لیبڕاڵه‌کان، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی هۆگری سیاسه‌ته‌کانی ڕاستن، له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که هه‌وڵدان له رێگه‌ی سیاسه‌تی "ڕەچاوکردنی ره‌گه‌زه" ('count by race') بۆ گه‌یشتن به کۆمه‌ڵگایه‌ک که تێیدا هه‌موو به یه‌ک چاو سه‌یر بکرێن، ئاکامی پێچه‌وانه‌ی ده‌بێ. به باوه‌ڕی ئه‌وان ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌رێنی، له جیاتی چاره‌سه‌ری، پرسه‌که ئاڵۆزتر ده‌کات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که خه‌ڵک له جیاوازیی نێوان گرووپه‌کان زیاتر ئاگادار ده‌کاته‌وه و ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که گرووپه‌کان له یه‌کتر زیاتر بڕه‌نجێن. ئه‌و موناقەشهیه له‌سه‌ر ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌رێنی به مه‌به‌ستی قه‌ره‌بووکردنه‌وه، له نێوان لیبڕاڵه‌کاندا له زۆربه‌ی [وڵاته] دێموکڕاسییه لێبڕاڵيیهکان موناقەشهیهکی ناسراوه.5
لێ ئه‌وه‌ی که زۆربه‌ی لیبڕاڵه‌کانی دوای شه‌ڕ به چه‌پ و ڕاسته‌وه دانی پێدا نانێن، بیرۆکه‌ی جیاکردنه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی مافه‌کان، یان جیاکردنه‌وه‌ی حاڵه‌تی ئه‌ندامه‌تی له گرووپه دیاریکراوه‌کان دایه. به تایبه‌ت که ئه‌وان ئه‌و خواسته په‌سند ناکه‌ن که دانپێدانان به مافه‌کانی تایبه‌تی گرووپی (group-specific rights) ڕێگاچارەیەکی باشتره له قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی هه‌ڵاواردنی مێژوویی. هه‌ر وه‌کو له به‌شه‌کانی دواتردا باسی لێده‌که‌ین، لیبڕاڵه‌کانی دوای شه‌ڕ به‌رده‌وام دژایه‌تیی ئه‌و بیرۆکه‌یه ده‌که‌ن که گرووپگه‌لێ نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیکی تایبه‌ت ده‌بێ ناسێنه‌ی سیاسیی هه‌میشه‌یی جیاوازیان پێ بدرێ و له یاسای بنه‌ڕه‌تیشدا دان به‌و مه‌سه‌له‌یه دابنرێت.6
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر ده‌رده‌که‌وێت که ناتوانین مافه‌کانی که‌مینه‌کان وه‌ک به‌شێک له مافه‌کانی مرۆڤ پێناسه بکه‌ین. "ستاندارده‌کانی نه‌ریتیی مافه‌کانی مرۆڤ" (Traditional Human Rights Standards) ناتوانن هێندێک له گرینگ‌ترین پرسه موناقەشه لهسهرەکانی په‌یوه‌ندیدار به که‌مینه کولتوورییه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ن. کامه زمانانه ده‌بێ له په‌رله‌مان، داموده‌زگا حکومی و دادگه‌کان به فه‌رمی بناسێنرێن. گه‌لۆ هه‌ر گرووپێکی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیکی ده‌بێ بوودجه‌ی تایبه‌تی بۆ خوێندن به زمانی دایکی خۆی بۆ ته‌رخان بکرێ؟ گه‌لۆ سنووره نێوخۆییه‌کان (ناوچه‌ی یاساییه‌کان، ستانه‌کان، ئه‌یاله‌ته‌کان "legislative districts, provinces, states") ده‌بێ جۆرێک بکێشرێن که که‌مینه کولتوورییه‌کان له ناوچه‌ی خۆجێیی خۆیاندا زۆرینه پێک بێنن؟ گه‌لۆ ده‌بێ ده‌سه‌ڵات و هێزی حکوومه‌تی ناوه‌ندی بۆ سه‌ر ئاستی ناوچه خۆجێییه‌کان، ئاوا دابه‌ش بکرێت که که‌مینه کولتوورییه‌کان بتوانن ناوچه‌کانی خۆیان کۆنتڕۆڵ بکه‌ن، به تایبه‌ت له په‌یوه‌ندی له‌ته‌ک بابه‌تگه‌لێ هه‌ستیاری وه‌ک کۆچکردن، په‌یوندی و په‌روه‌رده؟ گه‌لۆ داموده‌زگا سیاسییه‌کان ده‌بێ به جۆرێک دابه‌ش بکرێن که له‌ته‌ک بنه‌ماکانی تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌تنیکی یان نه‌ته‌وه‌ییدا بگوونجێن؟ گه‌لۆ مافی که‌ڵکوه‌رگرتن له خاکی دێرینی خه‌ڵکی خۆجێیی ده‌بێ له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندا پارێزراو بێت و ده‌بێ ئه‌وان له به‌رامبه‌ر ده‌ستدرێژیی کۆچه‌ره تازه‌هاتووه‌کان و ئه‌وانه‌ی که له هه‌وڵی په‌ره‌پێدان له که‌ڵکوه‌رگرتن له سه‌رچاوه سرووشتییهکانیانن، بپارێزرێن؟ ئه‌رک و به‌رپرسیاره‌تییه‌کانی که‌مینه‌کان بۆ ئاوێتەبوونیان (Integrate) [له‌ته‌ک کۆمه‌ڵگای زۆرینه‌دا] کامانه‌ن؟ چ ئاستێک له ئاوێتەبوونی کولتووری پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی کۆچه‌ران و په‌نابه‌ران وه‌ک شارۆمه‌ند(Citizenship) وه‌ربگیرێن؟
مه‌سه‌له‌که ئه‌وه نییه که ئامۆژه‌کانی نه‌ریتیی مافه‌کانی مرۆڤ وه‌ڵامی هه‌ڵه به‌و پرسیارانه ده‌داته‌وه، به‌ڵکو مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه که هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه ناداتاوه. مافی ئازادیی راده‌ربڕین به هیچ شێوه‌یه‌ک به ئێمه ناڵێت که سیاسه‌تێکی زمانی شیاو چ سیاسه‌تێکه؛ یان مافی ده‌نگدان به ئێمه ناڵێت که سنووره سیاسییه‌کان ده‌بێ چۆن دیاری بکرێن؟ یان دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات له نێوان ئاسته جیاوازه‌کانی حکوومه‌ت ده‌بێ چۆن بێت؛ مافی کۆچکردن به ئێمه ناڵێت که سیاسه‌تی شیاوی کۆچکردن و وه‌رگرتنی مافی شارۆمه‌ندی ده‌بێ چۆن بێت. وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه به پرۆسه‌ی ئاسایی بڕیاردانی زۆرینه له ناو ده‌وڵه‌تدا ئه‌سپێردراوه. من به‌ڵگه ده‌هێنمه‌وه (Argue) که ده‌رئه‌نجامی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه، ڕووبه‌ڕووکردنه‌وه‌ی که‌مینه کولتوورییه‌کان له‌ته‌ک ناعه‌داڵه‌تییه‌کی به‌رچاوه که به ده‌ستی زۆرینه ڕوو ده‌دات و خه‌سار به که‌مینه‌کان ده‌گه‌یه‌نێت و ده‌بێته هۆی زیاترکردنی توژندوتیژی و لێکدانی ئه‌تنیکی ـ کولتووری.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پرسانه به ئینسافه‌وه چاره‌سه‌ر بکرێن، ئێمه پێویستمان به‌وه‌یه که که‌مایه‌سیی بنه‌ماکانی نه‌ریتیی مافه‌کانی مرۆڤ به تیۆریی مافه‌کانی که‌مینه‌کان پڕ بکه‌ینه‌وه. ئه‌و پێویستییه له ئەورووپای ڕۆژهه‌ڵات و یه‌کێتی سۆڤێتی جاران به ته‌واوی هه‌ستی پێکرا. موناقەشهکان له‌سه‌ر ئۆتۆنۆمیی خۆجێیی، چۆنیه‌تی دیاریکردنی سنووره‌کان، مافه‌کانی زمان و سیاسه‌تی ڕاژێری، به‌شێکی زۆری ئه‌و تێکهه‌ڵچوونه توندوتیژانه‌ی له‌خۆ گرتووه. تاکو مهلهسهکانی په‌یوه‌ندیدار به مافه‌کانی که‌مینه‌کان چاره‌سه‌ر نه‌کرێت، هومێدێکی که‌م هه‌یه که ئاشتییه‌کی سه‌قامگیر بۆ جیهان بگه‌ڕێته‌وه، یان مافه‌کانی مرۆڤ رێزیان لێ بگیرێت.
له‌به‌ر ئه‌وه مایه‌ی سه‌ڕسووڕمان نییه که پرسی مافه‌کانی که‌مینه‌کان له په‌یوه‌ندیی نێونه‌ته‌وه‌ییدا گرینگییه‌کی زۆری پێدراوه‌ته‌وه. میناک، کۆنفڕانسی ئاسایش و هاریکاری ئه‌ورووپا (CSCE) له 1991دا، داخۆیانییهکی (Declaration) سه‌باره‌ت به مافه‌کانی که‌مینه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان په‌سه‌ند کرد، و کۆمیساریای باڵای که‌مینه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له 1993دا دامه‌زرا. ڕێکخراوه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان باسی له‌سه‌ر هه‌ردوو داخۆیانی مافه‌کانی ئه‌ندامه‌تیی که‌سه‌کان له کهمینهگهلێ نه‌ته‌وه‌یی یان ئه‌تنیکی، ئایینی یان زمانی (1993) و ره‌شنووسی داخۆیانی جیهانیی له‌مه‌ڕ مافه‌کانی خه‌ڵکی خۆجێیی (1998) کردووه. شۆڕای ئەورووپا (The Council of Europe) داخۆیانییهکی ده‌رباره‌ی مافه‌کانی زمانی که‌مینه‌کان له 1992دا ( به‌ڵاڤۆکی ئه‌ورووپا بۆ زمانی که‌مینه‌کان یان زمانه ناوچه‌ییه‌کان) په‌سه‌ند کرد. ده‌کرێ ئاماژه به نموونه‌ی تریش بکرێ.7
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌و داخۆیانییانه هه‌ر مووناقشهیان له‌سه‌ره. هێندێک له‌وانه به مه‌به‌ستی رێگری له په‌ره‌سه‌ندنی توندوتیژی له ئەورووپای ڕۆژهه‌ڵات به‌په‌له په‌سه‌ند کراون. له‌به‌ر ئه‌وه ته‌واو ناڕوونن و وێده‌چێ هانده‌ری ئه‌وان زۆرتر ڕازیکردن و ئارامکردنه‌وه‌ی ئه‌و که‌مینانه بووبێ که هاتبوونه ناو به‌ره‌ی شه‌ڕه‌وه، تا ئه‌وه‌ی که هه‌وڵێک بووبێ بۆ تێگه‌یشتن له‌و مه‌سه‌له‌یه که پێویستیمان به چ جۆره عه‌داڵه‌تێک هه‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه هه‌م ڕه‌وایه‌تی ئه‌و مافانه و هه‌م سنووره‌کانی ناڕوون مایه‌وه.
من باوه‌ڕم وایه که زیادکردنی مافه‌کانی که‌مینه‌کان به مافه‌کانی مرۆڤ کارێکی ڕه‌وایه و ناکرێ خۆی لێ به دوور بگرین. تیۆرییه‌کی گشتگیری عه‌داڵه‌ت له ده‌وڵه‌تێکی فره کو‌لتووردا، ده‌بێ هه‌م مافه گه‌ردوونییه‌کان، که تایبه‌ت به تاکه‌کانن، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که ئه‌ندامی چ گرووپێکن، و هه‌م مافه‌کانی جیاکراوه‌ی تایبه‌ت به گرووپ یان "حاڵه‌تی تایبه‌ت" ('special status) بۆ که‌مینه کولتوورییه‌کان، له‌خۆ بگرێ.
به‌فه‌رمیناسینی مافه‌کانی که‌مینه‌کان مه‌ترسیی ئاشکرای تایبه‌ت به خۆشیان هه‌یه. گوتاری (The Language) مافه‌کانی که‌مینه‌کان نه‌ک ته‌نیا له لایه‌ن نازییه‌کانه‌وه، به‌ڵکو له لایه‌ن لایه‌نگرانی هه‌ڵاواردنی ره‌گه‌زی و ئاپارتایدیشهوه که‌ڵکی نابه‌جێی لێوه‌رگیراوه. له لایه‌ن ناسیۆنالیسته‌کان و بنه‌ماخوازه شه‌ڕخواز و دهمارگرژهکانیشههوه له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، به مه‌به‌ستی خۆداسه‌پاندن به‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی گرووپهکهیانن و هه‌روه‌ها سه‌رکووتکردنی ناڕازییه‌کانی نێوخۆشیان، وه‌ک پاساوێک که‌ڵکی لێوه‌رگیراوه. له‌به‌ر ئه‌وه تیۆرییه‌کی لیبڕاڵی مافه‌کانی که‌مینه‌کان ده‌بێ ئه‌وه ڕوون بکاته‌وه که مافه‌کانی که‌مینه‌کان ده‌بێ چۆن له‌ته‌ک مافه‌کانی مرۆڤ رێک بخرێن، و چۆن مافه‌کانی که‌مینه‌کان به پێوه‌ری بنه‌ماکانی ئازادیی تاکه‌که‌سی، دێموکڕاسی و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی سنووردار بکرێن. ئه‌مه ئامانجی ئه‌و کتێبه‌یه.
2- سه‌ردێڕه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م کتێبه
ئه‌وه‌ی که کۆمه‌ڵگا مۆدێڕنه‌کان ڕۆژ به ڕۆژ زێده‌تر ڕەنگی "فره‌کولتووری" به خۆوه ده‌گرن، بۆته مه‌سه‌له‌یه‌کی ئاسایی. لێ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه ناڕوونه زۆربه‌ی کاته‌کان جیاوازیگهلێ گرینگ ده‌شارێته‌وه. سه‌ره‌تای به‌شی 2 باس له فۆڕمه جیاوازه‌کانی "فرهچهشنباوهڕیی کولتووری" (Cultural Pluralism) ده‌کات. من به‌تایبه‌تی له نێوان ده‌وڵه‌ته "فره نه‌ته‌وه‌کان" (Multination) (ئه‌و جۆره فره‌کولتوورییه به‌رهه‌می فره‌چه‌شنییه‌کی کولتوورییه که له تێکه‌ڵبوونی ئه‌و [یه‌کینه] خۆ-سه‌روه‌رانه‌ی (self-governing) که خاوه‌نی کولتوورێکی [هاوبه‌شن] و به‌ر له پێکهاتنی ده‌وڵه‌تێکی گه‌وره له ناوچه‌یه‌کدا کۆبوونه‌وه) و ده‌وڵه‌ته "فره ئه‌تنیکه‌کان" (Polyethnic) (ئه‌و جۆره له فره‌کولتوورییه به هۆی کۆچکردنی تاکه‌کان و ماڵباته‌کان درووست بووه) جیاوازی داده‌نێم. ئه‌من به‌دوای جیاوازییه‌کانی نێوان "که‌مینه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان" (له ده‌وڵه‌ته فره نه‌ته‌وه‌کاندا) و "که‌مینه ئه‌تنیکیه‌کان" (له ده‌وڵه‌ته فرهئهتنیکییهکاندا) دا ده‌گه‌ڕێم و باس له په‌یوه‌ندیی نێوان ره‌گه‌ز (Race)، ئه‌تنیسیته (Ethnicity)، و نه‌ته‌وه‌بوون (Nationality) ده‌که‌م.
ئه‌و به‌شه‌ی له به‌شی 2 دا ده‌مێنێته‌وه، ته‌رخان کراوه بۆ "چه‌شن ناسی" (Typology) دوو جۆری جیاوازی مافه‌کانی که‌مینه، که گرووپگه‌لێ ئه‌تنیکی و نه‌ته‌وه‌یی له‌وانه‌یه داوایان بکه‌ن. من به تایبه‌ت ئه‌و جیاکاریانه ده‌که‌م:
ـ مافه‌کانی خۆـ سه‌روه‌ریه‌تی (self-government rights) (پێدانی ده‌سه‌ڵات به که‌مینه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، که زۆرتر له رێگه‌ی هه‌ندێ فۆڕمی فیدراڵیزمه‌وه جێبه‌جێ ده‌کرێت)
ـ مافه‌کانی فره‌ئه‌تنیکی (polyethnic rights) (پشتیوانیی ئابووری (financial support) و یاسایی بۆ هه‌ندێ کاری دیاریکراوی په‌یوه‌ندیدار به گرووپگه‌لێ ئایینی یان ئه‌تنیکی تایبه‌ت)
ـ مافه‌کانی نوێنه‌رایه‌تی تایبه‌ت (special representation rights) (کورسی ده‌سته‌به‌رکراو بۆ گرووپگه‌لێ نه‌ته‌وه‌یی یان ئه‌تنیکی له دامه‌زراوه‌کانی ناوه‌ندی ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌که‌دا)
من چه‌ند نموونه‌یه‌ک له هه‌ر کامیان له وڵاتی جۆراوجۆر ده‌هێنمه‌وه، و له په‌یوه‌ندی له‌ته‌ک چۆنیه‌تی بهدامهزراوهبوونیان و هه‌بوونی پشتیوانیی یاسای بنه‌ڕه‌تی، به دوای هه‌ندێ جیاوازیی سه‌ره‌کی له نێوانیاندا ده‌گه‌ڕێم.
سێ جۆر له مافه‌کانی جیاکراوه‌ی گرووپی هه‌یه که زۆرتر وه‌کو "مافه کۆییه‌کان" (Collective Rights) دهناسێرێن. له به‌شی 3 دا من به دوای پهیوهندییەک له نێوان مافه کۆییه‌کان و مافه تاکه‌که‌سیه‌کاندا ده‌گه‌ڕێم. زۆربه‌ی لیبڕاڵه‌کان باوه‌ڕیان وایه که مافه کۆییه‌کان به شێوه‌یه‌کی زاتی له‌ته‌ک مافه تاکه‌که‌سیه‌کاندا ناکۆکییان هه‌یه. من به‌ڵگه ده‌هێنمه‌وه که پێویسته ئێمه له نێوان دوو واتای مافه کۆییه‌کاندا جیاوازی دابنێین. مافه کۆییه‌کان ده‌توانێ ئاماژه به مافی گرووپێک بۆ به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادیی تاکه‌که‌سیی ئه‌ندامه‌کانی خۆی له ژێر ناوی یه‌کگرتوویی و ره‌سه‌نایه‌تی کولتووریدا بێ (ئاسته‌نگه نێوخۆییه‌کان "internal restrictions")؛ یان ده‌توانێ ئاماژه به مافی گرووپێک بۆ پێش‌گرتن له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی یان ئابووریی به‌کارهاتوو له لایه‌ن کۆمه‌ڵگای زۆرینه‌وه به‌سه‌ر گرووپه‌که‌دا بێت، بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌و گرووپه دڵنیا ببێته‌وه که ئه‌و سه‌رچاوه و دامه‌زراوانه‌ی، که [ژیانی] گرووپه که‌مینه‌که به‌وانه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه، به بڕیاری گرووپی زۆرینه خه‌ساری پێناگات (پشتیوانییه ده‌ره‌کییه‌کان"external protections"). من به‌ڵگه ده‌هێنمه‌وه که پشتیوانییه ده‌ره‌کییه‌کان هیچ دژایه‌تییه‌کیان له‌ته‌ک ئازادیی تاکه‌که‌سیدا نییه. له راستیدا، ئه‌وه‌ی که تیۆریی لیبڕاڵی مافه‌کانی که‌مینه به ڕوونی [له تیۆرییه‌کانی تر] جیا ده‌کاته‌وه، ئه‌وه‌یه که ئه‌و تیۆرییه دان به هەندێک له پشتیوانییه ده‌ره‌کییه‌کان بۆ گرووپه ئه‌تنیکییه‌کان و که‌مینه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان داده‌نێت، لێ سه‌باره‌ت به ئاسته‌نگه نێوخۆییه‌کان به‌گومانه.
له به‌شی4 دا، من به دوای په‌یوه‌ندیی مێژوویی نێوان لیبڕاڵیزم و مافه‌کانی که‌مینه‌کاندا ده‌گه‌ڕێم. له نێو لیبڕاڵه‌کانی سه‌ده‌ی نوزده و هه‌روه‌ها لیبڕاڵه‌کانی سه‌رده‌می نێوان دوو شه‌ڕی جیهانیدا، پشتیوانییه‌کی به‌ربڵاو بۆ مافه‌کانی که‌مینه هه‌بوو. هۆکاره‌کانی دروستبوونی گۆڕانکاری له تیۆریی لیبڕاڵ له دوای شه‌ڕدا ئاڵۆزن و من هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌و هۆکارانه پۆلێنبه‌ندی بکه‌م. به‌شێک له هۆکاره‌کان ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر داڕمانی ئیمپڕاتۆریی بریتانیا و شکستی ڕێکخراوه‌ی "یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌کان" له وه‌ئه‌ستۆگرتنی ئه‌رکه‌کانیدا. فاکته‌رێکی گرینگی تر په‌ره‌سه‌ندنی تێگه‌ی ئه‌مریکایی "یاسای بنه‌ڕه‌تیی بێلایه‌ن به‌رامبه‌ر به ئه‌تنیکه‌کان" (Ethnicity-Blind Constitution) له سه‌رتاسه‌ری جیهان بوو. من به‌ڵگه ده‌هێنمه‌وه که تێگه‌ی ئه‌مریکایی له ژێر کاریگه‌ریی هه‌ندێک فاکته‌ری بێوێنه‌دا درووست بوو (میناک، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی؛ به‌رفراوانبوونی ئاستی کۆچکردن) له‌به‌ر ئه‌وه وا نییه که [ئه‌و مۆدێله ئه‌مریکاییه] به بێ ئه‌ملاوئه‌ولا بۆ وڵاتانی تریش به‌کار بێت. من به به‌ڵگه‌وه ده‌یسه‌لمێنم که له ڕاستیدا باوه‌ڕی ئه‌مریکایی "بێلایه‌نبوونی یاسای بنه‌ڕه‌تی به‌رامبه‌ر به ئه‌تنیکه‌کان" ته‌نانه‌ت بۆ نێوخۆی ویلایەتە یه‌کگرتووه‌کانیش بێکه‌ڵکه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که حاڵه‌تی تایبه‌تیی هیندیه ئه‌مریکاییه‌کان، پۆرتۆریکۆییهکان و گرووپگه‌لێ تریشی ڕەچاو نه‌کردووه.
له به‌شی 5 دا، من به دوای رۆڵی کو‌لتوور له نێو تیۆریی لیبڕاڵ ـ دێموکڕاسیدا ده‌گه‌ڕێم. من له پێشدا داکۆکی له روانگه‌یه‌کی لیبڕاڵیزم ده‌که‌م که له‌سه‌ر پابه‌ندبوون به ئازادیی هه‌ڵبژاردن و (یه‌ک شێوه له) خودموختاریی خۆکه‌سی (Personal Autonomy) ده‌کات. من دواتر ئه‌وه روون ده‌که‌مه‌وه که بۆچی ئه‌م روانگه لیبڕاڵییه نه‌ک ته‌نیا له‌ته‌ک ئه‌ندامه‌تی کولتووریدا ناته‌با نییه، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت پێویستیشی پێیه‌تی. من به‌ڵگه ده‌هێنمه‌وه که بژارده‌ی تاکه‌که‌سی (Individual Choice) به ئاماده‌بوونی "کولتووری کۆمهڵگهبوونیاد" (Societal Culture) ه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه که ئه‌و کولتووره له سه‌ر مێژوو و زمان پێناسه ده‌کرێ و زۆربه‌ی خه‌ڵک په‌یوه‌ندییه‌کی زۆر به‌هێزیان به‌و جۆره کولتوورانهیانهوه هه‌یه.
به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و تێگه‌یشتنه له لیبڕاڵیزم، من سێ جۆر به‌ڵگه له به‌رژه‌وه‌ندیی مافه‌کانی جیاکراوه‌ی گرووپی بۆ گرووپه ئه‌تنیکییه‌کان و که‌مینه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له به‌شی 6 دا ده‌دۆزمه‌وه. من به تایبه‌ت له نێوان بەڵگاندنێک (Argument) که له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌کسانییه (Equality-Based) و ئامانجی ئه‌وه‌یه نیشان بدا که که‌مینه‌کان رووبه‌ڕووی هێندێک جۆری زیانی ناعادڵانه بوونه‌وه که ده‌توانرێ به مافی جیاکراوه‌ی گرووپی چاره‌سه‌ر بکرێ؛ و ئه‌و به‌ڵگه جۆراوجۆره مێژوییانه‌ی که ئامانجیان ئه‌وه‌یه نیشان بده‌ن که که‌مینه‌کان هێندێک خواستی (Claim) مێژووییان بۆ مافی جیاکراوه‌ی گرووپی هه‌یه، که له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌روه‌ریه‌تی (Sovereignty) پێشوق، په‌یماننامه‌کان، یان هێندێک به‌ڵگه‌ی مێژوویی یان پێشتربوونی [ئه‌وان له‌سه‌ر خاکه‌که]، دامه‌زراون، جیاوازی داده‌نێم. من هه‌روه‌ها ئه‌و به‌ڵگانه‌ی که باس له‌وه ده‌که‌ن که فره‌چه‌شنی کولتووری خۆی له خۆیدا به نرخه، هه‌ڵده‌سه‌نگێنم، و هه‌روه‌ها باس له چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندیی هه‌ردوو به‌ڵگه‌ی مێژوویی و به‌ڵگه‌ی یه‌کسانی به‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه ده‌که‌م.
به‌شی 7 ته‌رخان کراوه بۆ بابه‌تگه‌لێ په‌یوه‌ندیدار به نوێنه‌رایه‌تی سیاسییه‌وه، به تایبه‌تی پێشنیازه‌کان بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی کورسییه‌کان له په‌رله‌مان بۆ ئه‌ندامانی گرووپگه‌لێ نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیکی دیاریکراو. من باس له هێندێک کێشه‌ی تێئۆریکی و کرده‌یی (Practical) ئه‌و پێشنیازانه ده‌که‌م، و باس له‌و ڕێگا چاره‌سه‌ریانه ده‌که‌م که بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ده‌نگی که‌مینه‌کان له بڕیاردانی سیاسی‌دا پێویسته. هه‌روه‌ها باس له کێشمه‌کێشی نێوان مافه‌کانی خۆ ـ سه‌روه‌ریه‌تی (ویستی پێدانی ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن حکوومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی که‌مینه) و مافه‌کانی نوێنه‌رایه‌تی (ویستی نوێنه‌رایه‌تی ده‌سته‌به‌رکراو بۆ که‌مینه‌کان له حکوومه‌تی ناوه‌ندیدا) ده‌که‌م.
له به‌شی 8 دا، باس له‌وه ده‌که‌م که له‌و حاڵه‌تانه‌ی که خواستی که‌مینه‌کان وه‌ده‌ستهێنانی ماف به مه‌به‌ستی به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادییه سه‌ره‌کییه سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کانی ئه‌ندامه‌کانیان بێت، لیبڕاڵه‌کان ده‌بێ چۆن وه‌ڵامی خواسته‌کانی که‌مینه‌کان له‌و حاڵه‌تانه‌دا بده‌نه‌وه. پێشتر باسم کرد که تیۆریی لیبڕاڵی مافه‌کانی که‌مینه‌کان ناتوانێ ئه‌و جۆره ئاسته‌نگه نێوخۆییانه قه‌بووڵ بکات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناتوانێ ئه‌و بیرۆکه قه‌بووڵ بکات که گرووپێک له رووی ئه‌خلاقییه‌وه مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێ که له‌ژێر ناوی یه‌کگرتوویی گرووپ، ڕادیکالیزمی ئایینی (Religious Orthodoxy)، یان ڕه‌سه‌نایه‌تیی کولتووری، مافی ئه‌ندامانی خۆی پێشێل بکات. ئه‌وه له‌ته‌ک پابه‌ندبوونی لیبڕاڵیزم به خودموختاریی تاکه‌که‌سییه‌وه ناته‌بایه. به‌و حاڵه‌شه‌وه ئاشکرایه که هه‌ندێ له که‌مینه‌کان هۆگری ئه‌و جۆره ئاسته‌نگه نێوخۆییانهن، و پابه‌ند به خودموختاریی تاکه‌که‌سیی لیبراڵی نین. گه‌لۆ ئه‌مه رێگه به ده‌وڵه‌ته لیبڕاڵه‌کان ده‌دات که به‌ها لیبڕاڵیه‌کان به زۆر به‌سه‌ر که‌مینه نالیبڕالهکاندا داسه‌پێنن؟ لێره‌دا بابه‌تگه‌لێ ئاڵۆز سه‌باره‌ت به واتای لێبوورده‌یی (Tolerance) و سنووره‌کانی دێته ئاراوه. من باس له په‌یوه‌ندیی نێوان به‌هاکانی لێبوورده‌یی و خودموختاریی تاکه‌که‌سی له نێو تیۆریی لیبڕاڵدا ده‌که‌م، و به کورتی باس له هێندێک فاکته‌ر ده‌که‌م که له هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕه‌وایه‌تی داسه‌پاندنی به‌هاکانی لیبڕاڵی به‌سه‌ر که‌مینه نالیبڕاڵهکاندا ده‌بێ ڕەچاو بکرێن.
له به‌ش 9 دا، من باس له‌و نیگه‌رانییه ده‌که‌م که "مافه‌کانی جیاکراوه‌ی گرووپی" که تایبه‌ته به کولتووری که‌مینه‌کان، پێش به په‌ره‌پێدانی ناسێنه‌ی هاوبه‌ش (Shared Identity) ده‌گرێت که ئه‌و ناسێنه‌یه بۆ رێک‌وپێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌قامگیر (Stable Social Order) پێویسته. زۆربه‌ی خه‌ڵک نیگه‌رانی ئه‌وه‌ن که شارۆمه‌ندیی جیاکراوه‌ی گرووپی (Group-Differentiated Citizenship) سه‌رنجی گرووپه‌کان زۆرتر به‌ره‌وه جه‌ختکردن له‌سه‌ر جیاوازییه‌کانیان ڕاده‌کێشێ، تا ئه‌وه‌ی که ئه‌وان به‌ره‌وه ئامانجه هاوبه‌شه‌کانیان به‌رێت. وا گریمانه ده‌کرێ که شارۆمه‌ندی له خزمه‌تی یه‌کپارچه‌یی ((integrative دابێت، به‌ڵام ئایا ئه‌گه‌ر شارۆمه‌ندێتی ناسێنه‌یه‌کی سیاسی و یاسایی هاوبه‌ش نه‌بێ، ئه‌و کاره ده‌لوێ؟ من به‌ڵگه ده‌هێنمه‌وه که مافه‌کانی نوێنه‌رایه‌تی و مافه‌کانی فره ئه‌تنیکی ئاوێتەبوونی (Integration) گرووپه که‌مینه‌کان له خۆ ده‌گرێت، و له‌وانه‌شه یارمه‌تیده‌ری ئه‌و ئاوێتەبوونە بێت. له لایه‌کی تره‌وه وێده‌چێ که مافه‌کانی خۆ ـ سه‌روه‌ریه‌تی مه‌ترسییه‌کی جیددی‌یان له‌سه‌ر یه‌کگرتوویی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که که‌مینه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان هان ده‌دات که خۆیان وه‌کو خه‌ڵکێکی جیا که هێندێک مافی زاتییان هه‌یه بۆ حوکمڕانیکردن به‌سه‌ر خۆیاندا، ببیننه‌وه، به‌ڵام هاوکات نکۆڵیکردن له مافه‌کانی خۆـ سهروهریهتیش ده‌توانێ که‌مینه‌کان به‌ره‌وه جیابوونه‌وه هان بدات و به‌و جۆره مه‌ترسییه‌ک بێت بۆ سه‌ر یه‌کگرتوویی کۆمه‌ڵایه‌تی. ناسینی بنه‌ماکانی یه‌کگرتوویی کۆمه‌ڵایه‌تی له ده‌وڵه‌ته فرهنهتهوهکاندا، به باوه‌ڕی من یه‌کێک له پێویستترینی ئه‌و ئه‌رکانه‌یه که ئه‌مڕۆ لیبڕاڵه‌کان له‌گه‌ڵی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه.
له به‌شی کۆتاییدا، باس له هه‌ندێ ئه‌گه‌ر و ده‌رئه‌نجام له‌مه‌ڕ داهاتووی شارۆمه‌ندی فره کولتووری ده‌که‌م. زۆربه‌ی خه‌ڵک، جا سه‌ر به هه‌ر رێبازێکی سیاسی بن، پێیان وایه و هیوادارن که ناسێنه نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیکیه‌کان حاڵه‌تێکی کاتین له مێژووی مرۆڤدا. وا گریمانه کرابوو که ئه‌و پێوهنداریهتییه به‌رته‌سکانه له ناو بچن و جیهان ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر له هه‌ر دوو لایه‌نی ئابووری و سیاسی له یه‌ک نزیکتر ببێته‌وه. له راستیدا، "به‌جیهانیبوون" (Globalization) ده‌رفه‌تێکی زۆرتری بۆ که‌مینه‌کان ره‌خساندووه تاکو پارێزگاری له ناسێنه‌ی جیاوازی خۆیان و ژیانی گرووپه‌که‌یان بکه‌ن. ته‌نانه‌ت به‌جیهانیبوون بوو به هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌فسانه‌ی ده‌وڵه‌تێکی هاوچه‌شن له باری کولتوورییه‌وه ناواقعیتر [له پێش‌و] بێت و گوشاری خستۆته سه‌ر زۆرینه‌کانی ناو هه‌ر ده‌وڵه‌تێکی که له هه‌مبه‌ر فره‌چه‌شنی و فرهچهشنباوهڕیدا کراوه‌تر بن. زاتی ناسێنه نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیکییه‌کان له جیهانی بازرگانیی ئازاد و په‌یوه‌ندییه جیهانیه‌کاندا له گۆڕان دایه، لێ کێشه‌ی فره‌کولتووری هه‌ر وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
* ئه‌و نووسراوه‌یه وه‌رگێڕانه‌وه‌ی پێشه‌کی کتێبێکه له نووسینی ویل کیملیکا که ده‌بێته به‌شی یه‌که‌می ئه‌و کتێبه، لاپه‌ڕه‌ی 1-10 ی ئه‌و کتێبه له خۆ ده‌گرێت، ئه‌و پێشه‌کییه له ژێر ناوی "آزادیخواهی و چندگانگی قومیتی" کراوه‌ته فارسی و له "نشریه گفتگو" (1384)، ژماره‌ی43، لل 76-65 دا چاپ کراوه، ناوی وه‌رگێڕه‌که بۆ سه‌ر زمانی فارسی نه‌هاتووه و به بڕێک ده‌ستێوه‌ردان کراوه‌ته فارسی، دیاره ئه‌و وه‌رگێره پێشه‌کی چاپی 1998ی ئه‌و کتێبه‌ی کردۆته فارسی که ده‌بێ جیاوازییه‌کی که‌می هه‌بێ له‌ته‌ک ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یبینن، وه‌ڕگێڕه‌که له هه‌ندێ شوێندا هه‌ڵه‌ی زه‌قی کردووه (بۆ نموونه Region ی به Religious داناوه و به ئایینی وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه)، لێره‌دا من تێکسته ئینگلیزییه‌که‌م کردۆته کوردی و جارجاریش بۆ پێک‌گرتن له نووسراوه فارسییه‌که که‌ڵکم وه‌رگرتووه. ناونیشانی ئینگلیزی کتێبه‌که:
Kymlicka Will, Multicultural Citizenship; A Liberal Theory of Minority Rights, New York, Oxford University Press, Oxford 1995.
** ئه‌م وتاره یەکەمجار له گۆڤاری ژیوار [وه‌رزنامه‌ی زانستی، چاندی و وێژه‌یی چاپی سنە]، ساڵی 6م خولی نوێ، پایز و زستانی 1393، ژماره‌ی 19 و 20 دا بڵاو کراوه‌ته‌وه.
***ئەم وتارە، بەمجۆرەی لەبەر دەستتان دایە، لەلایەن ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژەوە ئێدیت کراوە. هەر جیاوازییەک لە نێوان ئەم نموونە و ئەوەیان وا لە گۆڤاری ژیواردا بڵاوکراوەتەوە هەبێت، پەیوەندیی بەم بابەتەوە هەیە.
یادداشته‌کان
1- بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی راستی ئه‌م ئامارانه ( و راده‌ی ناڕاستیبوونییان)، بڕوانه:
Laczko 1994; Gurr 1993; Nielsson 1985. Iceland and the Koreas are commonly cited as two examples of countries which are more or less culturally homogeneous.
2- بۆ چاوخشاندنێک به‌سه‌ر خواسته‌کانی که‌مینه‌کان سه‌باره‌ت به مافه‌کانیان له سه‌رتاسه‌ری جیهان، بڕوانه:
Sigler 1983; Gurr 1993; Van Dyke 1977; Capotorti 1979; Hannum 1990.
3- ده‌رباره‌ی گریمانه‌ی هاوچهشنبوونی کولتووری له هزری سیاسی ڕۆژئاڤا دا بڕوانه:
McRae 1979; Van Dyke 1977; Walzer 1982: 1-3; McNeill 1986: 23.
ده‌رباره‌ی واقعییه‌تی هاوچهشنبوونی کولتووری به درێژایی مێژوو، و هۆکاره‌کانی، بڕوانه: McNeill 1986.
ده‌باره‌ی ئاستی په‌ره‌سه‌ندی ڕۆژ به ڕۆژی ئه‌و فره چهشنییه بڕوانه: .8Castles and Miller 1993:
4 - بۆ سه‌لماندنی روانگه‌ی لیبڕاڵیانه له‌مه‌ڕ ئه‌م باروودۆخه، بڕوانه:
Glazer 1975: 220; 1978: 98; 1983: 124; Gordon 1975: 105; Porter 1975: 295; van den Berghe 1981&: 347; Ajzenstat 1984: 251-2; Rorty 1991: 209; Kukathas 1991: 22; Edwards 1985; Brotz 1980: 44.
5 - بۆ ئه‌و قسه ملانێ (Debate) یه بڕوانه: Rosenfeld 1991; Sowell 1990.
6- بۆ نموونه‌ی جۆراوجۆر، بڕوانه:
Barsh and Henderson 1980: 241-8; 1982: 69-70; Clinton 1990; Gordon 1975; 1978; 1981; Glazer 1975: 220; Van Dyke 1982: 28-30; Svensson 1979: 430-3; Adam 1979; Deganaar 1987; Knopff 1982: 29-39; Laforest 1991; Ajzenstat 1988: ch. 8; F. Morton 1985: 73-83; Schwartz 1986: ch. 1; Brotz 1980: 44-5; Asch 1984: 75-88, 100-4; Weaver 1985: 141-2;
بۆ سه‌رچاوه و باسی(discussion) زیاتر، بڕوانه: Kymlicka 1989a: ch. 7; 1991.
7- بۆ کورته‌یه‌ک له‌و گۆڕانکاریانه، بڕوانه: Lerner 1991; Thornberry 1991; Bloed 1994; Hannum 1993.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە