پۆلیس هێرشی کردە سەر ڕێپێوانی جەماوەریی لابردنی ئابلۆقەی ناوچەی "سوور"ی ئامەد
Wednesday, March 2, 2016
NNSROJ: بە هەزاران کەس لە شاری ئامەد بە مەبەستی لابردنی ئەو ئابلۆقەیەی نزیکەی 90 ڕۆژە خراوەتە ناوچەی "سوور"ی ئامەد بەرەو ئەو ناوچەیە ڕێپێوانیان کرد و پۆلیسی تورکیا بە گازی فرمێسک ڕێژ و مەرمی هێرشی کردە سەریان.
پاش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە 2ی ئازار هەزاران کەس لە شارە جیاجیاکانی باکووری کوردستانەوە لە سەر داوای بەرپرسانی پارتی دیمۆکڕاتیک گەلان و پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دیکە بەرەو شاری ئامەد بەڕێکەوتن و لەوێوە ڕێپێوانیان بۆ ناوچەی گەمارۆدراوی "سوور" دەست پێکرد.
ناوچەی "سوور"ی ئامەد بەشی کەونارای شاری ئامەدە و لە ناوەڕاستی ئەو شارەدا هەڵکەوتووە.
سەرەڕای پارێزگاری ئامەد هاتنی هاوڵاتیان لە شارەکانی دەوروبەر بۆ ئامەدی قەدەخە کردبوو، هەزاران کەس لە شارەکانی دیکەوە خۆیان گەیاندە ئەو شارە.
بە گوێرەی ئاژانسەکان هەرە لە یەکەم خولەکەکانی دەستپێکی ڕێپێوانەکەوە، پۆلیسی تورکیا بە گازی فرمێسکڕێژ و مەرمیی پلاستیکی هێرشی کردە سەر خۆپێشاندەران و لە ئاکامدا لە نێوان پۆلیس و خۆپێشاندەراندا شەڕ و پێکدادان هاتە ئاراوە کە تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو.
لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، خۆپێشاندەران توانیان ئەو بەربەستانەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە دەوری ناوچەی سووردا دایاننابوو، وەلا بنێن.
ڕێکخرانی ئەو ڕێپێوانە دەڵێن ئامانجیان هەڵگرتنی ئابلۆقەی سەر ناوچەی سووری ئامەد و ڕزگار کردنی دەیان برینداری ئابلۆقەدراو لەو ناوچەیەیە.
بە گوێرەی هەواڵەکان، دەیان کەس لە دانیشتوانی ناوچەی سوور لە ژێرزەویی بینایەکدا گەمارۆ دراون و هێزەکانی سوپا و ژەندەرمەی تورکیا ڕێگە نادەن یارمەتیی پزیشکی و خۆراکیان پێ بگات.
ئاژانسی هەواڵی دیجلە ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای هەوڵی هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوە پێکردنی خۆپێشاندەران شەڕ و پێکدادانەکان لە زۆربەی گەڕەکەکانی ئامەد، بە تایبەت لە "دەرەوازەی ئورفا و دەوروبەری بینای شارەوانی تا درەنگانی شەو بەردەوام بووە.
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە پێکدادانەکان لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان بەردەوامە.
ئا. ئا
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە