مەنسوور تەیفووری
ئیدەی خوشکایەتی
Friday, March 25, 2016
بۆ مەلەکە مستەفا سوڵتانی
سەبارەت بە پرسی رزگاریی ژنان، هانا ئارێنت رستەیەکی هەیە، کە رەنگە لە روانینی یەکەمدا دژەژن دیار بێت و وەک جۆرێک دابەشکاری بە پێی زایەند لێکبدرێتەوە: ئارێنت لە وتووێژە بەناوبانگەکەی لەگەڵ گۆنتر گۆسدا، "چی دەمێنێتەوە؟ زمانی دایکی دەمێنێتەوە"، کاتێ باسەکە دێتە سەر رزگاریی ژنان، دەڵێت:" لام وایە هەندێ چالاکیی هەن بە ژنان ناکەون". نموونەکەش لە بوارێک دەهێنێتەوە کە زیاتر بە ناوی پیاوانەوە تاپۆکراوە و "چالاکییەک"ی پیاوانەیە، واتە "دەستووردان". ئەو لای وایە ژنان بۆ "دەستووردان" نەکراون، چونکوو ئەم کارە بە جۆرێک پێویستی بە ئەوەیە ژن واز لە هەندێ "تایبەتمەندیی ژنانە"ی خۆی بهێنێت. وەک وتمان ئارێنت ئەم قسانە لە وەڵامی پرسیار لە سەر رزگاریی ژناندا دەکات و بەم شێوە پرسی رزگاریی ژنان لە دەسەڵات جیا دەکاتەوە ولێی دەیباتە دەرەوە.
[ گۆس : تێدەگەم، بەڵام گەر رازی بن بگەڕێینەوە بۆ پرسیارەکەی من لەسەر رزگاری[ژنان]. ئاخۆ ئەمە بۆ ئێوە بۆتە کێشە؟
ئارێنت: پرسیارەکە بەو جۆرەی هەیە، ئاساییە، هەمیشە بەرۆک دەگرێت. لە راستیدا من بە مەترسیی ئەوەشەوە کە ئەمە لای ئێوە وەک یارییەکی کۆن دیار بێت، هەمیشە لام وا بووە کە هەندێ چالاکیی دیاریکراو هەبووە کە شیاوی ژنان نەبووە، کە پێیان نەکەوتووە، ئەگەر بتوانم بەم جۆرە باسی بکەم. دەستووردان بۆ ژنان ناشێ و لەبەر ئەمەیە ئەو دەبێ هەوڵبدات لە وەها دۆخێک دوور بکەوێتەوە، مادام هەر جارە بیەوێت چۆنێتییە ژنانەکانی خۆی بپارێزێت... من وەک خۆم ...ئەوەم کردووە کە حەزم کردووە بیکەم"]
ئەگەر هەوڵ بدەین ئیدەکەی ئارێنت پەرە ەبدەین، بە مەترسیی ئەوەوە کە تەنانەت زۆر لێی دوور بکەوینەوە، دەتوانین بڵێین مەبەستی ئارێنت بە هیچ شێوە ئەوە نییە ژنان ناتوانن دەستوور و فەرمان بدەن، لانیکەم ئەو خۆی ئەفسەری نازیی ژنی بینیوە. ئەو "ئەوەی کردووە کە پێی خۆش بووە"، ئەو دەستووری نەداوە. گەر هەنگاوێکی دیکە بچینە پێشەوە، دەتوانین بڵێین لای ئەو دەستووردان، وەک "چالاکییەک" پیاوانە یان نا"ژنانە"، وادەکات ژن مەجبوور بیت بکەوێتە گرژییەکی ناخەکییەوە، گرژییەک تێیدا هەر جارە ناچار دەبێت وریای ئەوە بێت تایبەتمەندییە ژنانەکانی نەدۆڕێن. ئەگەر دەستووردان بە پێی جۆرێک توندوتیژی و پیوەندیی نایەکسان ببینین، دەتوانین وێنای سیستمی پیاوانە لای ئارێنت بکەین: دەستووردان پیاوانەیە و تێیدا تایبەتمەندیی ژنانە کاڵ دەبیتەوە. بەڵام ئەم تایبەتمەندییە ژنانە جەوهەری نییە و مێژووییە، نەک ئەوەی لە جەوهەری پیاو یان ژندا بێت. ئەمە تێگەییشتنەش رێگەمان پێدەدات خودی پیاو یان ژنبوونیش بگێڕینەوە بۆ زەمینەی مێژوویی و هاوکات ئەگەری ئەوە دەڕەخسێنێت بگەینە رەخنەی توندتیژیی، رەخنەیەک کە لە رەخنەی "دەستووردان"ەوە دەست پێدەکات و دەگاتە رەخنەی دەسەڵات. تا ئێرە دەکرێت ئیدەکەی ئارێنت بەم جۆرە کورت بکەینەوە: سیستمی پیاوانە بە پێی دەستووردانە و ئەمە پێچەوانەی سرووشتی ژنانەیە، ئەنجامێکی سەرەتاییش بتوانین هەڵیبگوێزین ئەوەیە رزگاریی ژنان ناتوانێ لە ئەوەوە بێت کە ژنان بتوانن "دەستوور" بدەن، چونکوو ئەمە ناتوانێت کۆی دۆخەکە نەفی بکات.
دیارە ناكرێ بڵێین ژنان ناتوانن دەستوور بدەن و لەم توانا بێبەرین، بەڵکوو باسەکە ناکۆکیی تایبەتمەندیی ژنانەیە لەگەل ئەم کارە. ئەگەر بەم فۆرموولە قایل بین کە " مێژوو لە ژێر سێبەری شمشێردا گەشەی کردووە" بۆ ئەوەی مرۆی کۆمەڵایەتی دروست بکات، لەم ژیانە کۆمەڵایەتیەدا شوێنی ژنان دیارە، ئەوانیش شوێنێکیان لە پەراوێزەکاندا دەبێت، لەو شوێنانەش کە یاسا پێشکەوتووترە و بنچینەی خۆی لەسەر یەکسانی داناوە، ئەوانیش دەتوانن ببنە قازی و دادوەر، دەتوانن بە دڵی خۆیان بەشداری چەوسانەوەی چینایەتی ببن، ببن بە کرێکار یان خاوەنکار، پۆلیس و دادوەر و هتد؛ دەتوانن شوێنێک لە کۆمەڵگادا بگرن، دەتوانن چاودێر و بەڕێوەبەری قانوونیش بن، کەس رێگەی ئەمەیان لێناگرێت.
بەڵام باسەکەی ئارێنت ئەوەیە کە جێگیریی لەم نێوکۆییەشدا رزگاریان ناکات، واتە تەنانەت بوون بە فەرماندەر رزگاریان ناکات و کاری ئەوان نییە، ئەمەیە ئیدەکەی ئارێنت. دانانی ئەم گوتە لە نێوکۆیی ئەم گوتەی دیکەی لاکاندا کە "قانوون(وەک سەرچاوەی رەواکردنی دەستووردان) لە ژێر ناوی باوکدا نووسراوە"، ناوەرۆکی دەستووردان روونتر دەکاتەوە. دەشزانین ئەفسانەیەکی یەکەمین هەیە بە پێی ئەو کاتێ برایانی سەرەتایی باوک دەکوژن، بۆ ئەوەی ترسەکە بڕەوێننەوە، یان ئەوەی بە جۆرێک بەر بە کوژرانی دیکە بگرن، تووتم و تابۆ وەک یەکەم یاساکانی نێوان خۆیان درووست دەکەن، تووتمی باوک و یاسای حەرامەکان. بەڵام سەرەڕای ئەوەی ئەم بینینەی فرۆید چەندە راست بێت، شتێکی تیدایە کە بە جۆرێک یەکەم رێکخستنی دەسەڵات و فەرماندانە، واتە بە جۆرێک لەم تووتم و تابۆیانەدا کە دادەنرێن، دەسەڵات بەشدەکرێت و فەرماندەر و فەرمانبەر دیاری دەکرێن.
دەزانین یاساکان–وەک بنچینەی رەواکردنی فەرماندان- بەردەوام رەخنە دەکرێن و هیوایش ئەوەیە هێند بکرێنەوە کە یەکسانیی تەواوەتیی دابین بکەن- لانیکەم ئارێنت لە شوێنێکەوە قسە دەکات کە یاساکان بڕیار و بەڵێنی ئەم یەکسانیەیان داوە. کەچی ئەو هێشتا لای وایە بڕێک شت "ژنانە" نین، وەک بواری دەستووردان. ئەی لە کوێ دەبێ بۆ رزگاریی بگەڕێین؟ دیارە ناشتوانین بچینە پاڵ ئەو بیرمەندانەی لایان وایە رزگاریی مەحاڵە، یان بە بارێکی دیکەدا بڵێین ژنان با بەشدار ببن و وەک هەموان رەنج ببەن؛ رەنج و چەوسانەوەی یەکسان بە مانای بەدیهاتنی یەکسانی نییە، تەنیا یەکسانییە لە چەوسانەوەدا.
ژنان دەهێنرێنە نێو یاساوە و لە مرۆڤی بێماف دەردەچن، بەڵام کۆی ئەوەی یاسا دەیکات ئەوەیە ژنانیش بباتە نێو خۆیەوە، لە کەسانی دەرەوەوە بیانباتە ژوورێ، بۆ نێو شوێنێک کە لە ژێر سێبەری باوکدا گەورە بووە و نووسراوە، شوێنێک کە هەرچی تێبکەیت لە خۆیدا دەیتوێنێتەوە، "بێ رەگەزە" و "بێلایەن". ئەو شوێنەی لە دەرەوەیدا هیچ نییە و لە دەرەوەی ئەوەوە ژیان دانی پێدا نانرێت. ئەوەی ژنانیش لە پرۆژەی یەکسانکردندا دەیکەن ئەوەیە لە درگاکە بچنە ژوورێ. دیارە نابێت تووشی ئەو گشتاندنەش ببین کە دەڵێت:" کەوابوو گشت یاساکان یەکسانن، یاساکانی شەریعەت و یاسا مۆدێرنەکان یەک شتن" و خۆمان لە بیرکردنەوە رزگار بکەین، ئەمە بازدانێکی نەزۆکە کە لە دواییدا مرۆڤ بە کۆیلەی هەمیشەیی و ناچاری دەزانێت، کۆیلەی خودایەکی هەمووشتزان و هەمووشتتوانی نەمر.
دەزانین ئالترناتیڤی ژنانە گەلێک پێشنیار کراوە، لە یەکسانیی یاساییەوە بگرە تا ئەو گوتارەی کە ژنان بە کامڵ و بێ پێداویستی بۆ هیچ پیاوانەیەک دەزانێت و دەڵێت :"ماسی چەندە پاسکیلی پێویستە، ژنان هێندە پیاوانیان پێویستە". بەڵام ئەمانەش هێشتا ناتوانن تەواوکەر بن، ئەمانە هیچیان بنچینەی پێوەندییەکە ناپێکن. وەڵامەکەی ئارێنت بەڵام پێکهێنانی کۆمەڵ یان کۆمەڵگایەکی رزگاری ژنانیش نییە، ئەگەر شتێکی وەهاش ئیمکانی هەبێت، هێشتا شوێنی جیهان وەک خۆی ماوە و ئەم کۆمەڵەی ژنانە ناتوانێت لەگەڵ وەها کۆمەڵگایەکدا بە ئاشتی بژی و، هەر وەها خودی ئەوەی کە وەها کۆمەڵ یان کۆمەڵگایەک لە ژنان پێک بێت، دیسان ناتوانێ زەمانەتی ئەوە بکات خۆی یاسای نایەکسانکەر یان یەکسانکەر دانەنێت.
کەواتە ئەو رزگارییە لە یاسای باوەکەوە نایەت، لە دەرەوەی ئەوەشەوە نییە، لەوەشەوە نایەت ژنان دەسەڵات بەدەستەوە بگرن و"دەستوور"بدەن، بەڵکوو لە ناوەوەیە؛ بەڵام خۆی هاوکات شتێکی زیاتریشە لە نێوخۆی یاسادا، شتێک نەک بیەوێت یاسا بە سودی خۆی بگۆڕیت؛ ئەم رزگارییە ناتوانێت داوای ئانارشییەکی ئاخرزەمانیش بێت، لە بەر ئەوەش ناکرێ بۆ یەکسانی کورت بکرێتەوە. ئەوەی رەنگە ئیدەی ئارێنتە بێت دەکرێت بەم شێوە پەرە بدرێت: ناسینەوەی سێبەری یاسا لە هەر کوێ، زانین بەوەی لە کوێ هێشتا هەمان کۆمەڵەی برایانی یەکەمین خۆی دووپات دەکاتەوە، ناسینەوەی ئەوەی باسەکە ئەوە نییە برێک شت ژنانە بن و بڕێک شت پیاوانە، بەڵکوو داوایە بۆ شتێک کە لەمانە تێدەپەڕێنێت، داوای سیاسەتێکی لەدەرەوەی کۆمەڵەی برایان، ئەو کۆمەڵەی کە ئەوە ماف دەدات یان دەر دەکات، ئەوە سنووری دەرەوە و ناوەوە دیاری دەکات؛ ناسینەوەی ئەوەی کە گرتنەوەی جێگەی باوک نییە کە رزگار دەکات: ئەوەی لێرەوە بەرامبەر برایەتی بەرهەم دێت دیار نییە، بەڵام ناکرێ خۆت لە وەسوەسەی رزگاریدەری ئیدەکە بدزیتەوە: ئیدەی خوشکایەتی.
ژنانی چالاکی راپەڕینی ١٩٨٠ کانی رۆژهەڵاتی کوردستان بیریانە کاتێ سیاسەت کەمتر پیاوانە بوو، کاتێ سیاسەت لە شەقامدا بوو و هێشتا "زۆر"ی دەوڵەت نەیناردبووە ماڵەوە، ژنان زیاترین بەشداریی و توانای رێکخستنیان هەبوو؛ بیریانە کاتێ سیاسەت هێشتا بە "زۆر"ەوە گرێنەدرابوو ئەوان زیاتر لە سیاسەت و بڕیاردا بوون، ئەگەرچی"زۆر"دار نەبوون. لەشەڕ دژی داعشدا، وێنەیەک هەیە کە دیسان ئیدەی خوشکایەتی زیندوو رادەگرێت: گرووپێک شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژن، سەرەڕای هەڕەشەی دەوڵەتی تورک کە وتبووی رووباری فورات هێڵی سوورە و نابێ کەس لێی بپەڕێتەوە، پاش شکاندنی هێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی و بڕینی هێڵە سوورەکە، لە فوراتی تازە ئازاد کراودا خەریکن مەلە دەکەن، ئەوەی ئەوان لە فوراتدا خۆیانی لێ پاک دەکەنەوە نەک تۆزی رێگە بەڵکوو گەردی هەزاران ساڵەی سیاسەتی بە پێی "زۆر"ە، ئەوان نموونەی سیاسەتی خوشکایەتین، سیاسەتی "بێ زۆرەکان".
- بۆ خوێندنەوەی کۆی چاوپێکەوتنەکەی ئارێنت، ب.بۆ: ئارێنت، هانا، "چی دەمێنێتەوە؟ زمانی دایکی دەمێنێتەوە"، لە كتێبی "ئێمەی پەنابەر"، کوردستان، ٢٠١٤.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە