مەنسوور تەیفووری
لە پەراوێزی رووداوەکانی کێلەشین و مەککەدا
Saturday, September 17, 2016
پەیمانێکی نەنووسراو لە نێوان خەڵک و نوێنەرانیاندا هەیە، لەم پەیمانەدا خەڵک بڕیار دەدەن کەماسیەکانی نوێنەران نەبینن و نوێنەران لە باتی ئەمە شوێنی هێمایین و برێک لە دەسەڵاتی سرووشتیی خەڵکیان پێ بدرێت، ئەمە سەرەتای رێکەوتنی هۆبزی یان رێکەوتنی مۆدێرنی خەڵک و نوێنەران یان دەسەڵاتە- کە باسەکەی مەبەستی ئەم نووسینە نییە. بەڵام لەبیرکردنی ئەمەی کە نوێنەران، لە هەر ئاستێکدا بە پێی ئەو رێکەوتنە بۆیان هەیە نوێنەرایەتی بکەن، بکەرانی سیاسی لە تاقە سەرچاوەیەک کە هەر سیاسەت، بیر و تەنانەت هونەرێکیش لەسەردەمی مۆدێرندا دەتوانێ بە ناویەوە قسە بکات بێبەش دەکات. ئەگەر پێشتر نوێنەر وەک خەلیفە بە ناوی پیرۆزیەکانەوە قسەی دەکرد، یان دواتر بە ناوی خوێن و مێژوەوە، نوێنەرایەتیی مۆدێرن بەرهەمی رێککەوتنی هێمایینە کە تێیدا خەڵک سەرچاوەی شەرعییەتە. لە سڕینەوەی ئەم سەرچاوەدا، دەسەڵاتەکان دەتوانن بەرە بەرە خۆیان بگۆڕن بۆ هەمان دەسەڵاتی خەلیفە و خۆیان پیرۆز بکەن، دوای ئەمەشە بە سانایی دەتوانن تانکەکان بنێرنە سەر خەڵک و خۆیان بانگی ئەوە بدەن کە خەڵک خۆیانن نەک ئەوانەی دژیان هاتوونەتە سەر جادەکان. وازهێنان لەم سەرچاوەی شەرعییەتە سیمای هەنووکەی سیاسەتە لە ئاستی دنیادا، بۆیە دەوڵەتان و نوێنەران بەرە بەرە خەریکن سیما دەگۆڕن و ئێمەی هاوڵاتیان خەریکە ئیتر نەیانناسینەوە و بەردەوام لەخۆمان دەپرسین : ئەمە هەر ئەو کەسانەن ئێمە متمانەمان پێ بەخشین؟ ناوێک هەیە ئەم دۆخە باشتر روون دەکاتەوە: رۆنین.
رۆنینەکان، لەژاپۆن، بریتی بوون لەو سامووراییانەی بە هۆی مردنی ئاغا، هەڵەی خۆیان یان دەرکرانەوە، چیدی سەر بە هیچ رووگەیەکی رێزدار نەبوون و بە جۆڕیک پەراوێز دەکەوتن. ئەم کەسانە دواتر دەبوونە وەرزێر، بوودایی یان پیشەی ئاسایی دیکەیان هەڵدەبژارد، بەڵام جاری واش هەبوو کە هێشتا خۆیان بە شەرعی دەزانی و شێوەی دارودەستەی توندتیژ و باندیان لە خۆیان دەگرت.
ئەگەر پرسیارێکی سەرەکیی هەر سیاسەت و بیرێک ئەوە بێت کە بە ناوی کێوە قسە دەکات و وەڵامەکەش خەڵک بێت، ئەو نوێنەر یان دەسەڵاتەی کە ئەم سەرچاوەی خۆی بە نەزان بزانێت، سووکایەتیی پێ بکات، بێ خەمی ئەو کار و رەفتار بکات و بیری بچێتەوە کە ئەو بە رێکەوتن نوێنەرە، بەرەو گۆڕان بۆ جۆرێک لە جۆرەکانی رۆنین هەنگاوی هەڵگرتووە.
ئەم ئیدانەی سەرەوە رێگەمان بۆ خوێندنەوەی دوو بابەتی هەنووکەیی سیاسەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەکاتەوە؛ دوو بابەت کە زیاترن لە هەواڵ و کردەیەکی ئاسایی و بە جۆڕیک دەکرێت بونیادێکیان تێدا بخوێنرێتەوە و لە رێگەیانەوە پەردەیەک لە سەر خەسارێکی سیاسەت هەڵبدرێتەوە، ئەگەرچی ئەمانە تەنیا دوو نموونەن.
1- حەجی ٢٠١٦ ڤیدیۆ و وێنەی ئەندامێکی باڵێکی حیزبی دیمۆکرات بڵاو بۆوە، کە تێیدا لە عەرەبستان رەخنەی دەسەڵاتی ئێرانی دەکات کە بەنیازی قووتدانی جیهانی ئسیلامە و لەهەر لایەک ئاژاوە دەنێتەوە. ئەو قسانەی لەوێ دەکرێن و رەخنەکانی لە دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران ئەگەرچی راستن، بەڵام لە شوێنی گوتنی حەقیقەتەوە نایەن، لە جێگەیەکەوە ناکرێن کە تێیدا ناوەرۆکی حەقیقەت قەڵب نەکرێت و دەساژۆ نەبێت. ئەمانە رێک هەر ئەو رەخنانەن کە دەبێ لە دەوڵەتی عەرەبستانیش بکرێن و کەچی ناکرێن، ئەو لە شوێنیکەوە دژی ستەمێک قسە دەکات کە خۆی سەرچاوەی ستەمە. بینەر ئەگەر نەزانێت ئەو قسەکەرە لە عەرەبستانە و ئەو شوێنە مەککەیە و مەراسمیمی حەجە، لەوانەیە لێی بشێوێت و وا بزانێت لە لانیکەم لە یەکێک لە بەهەشتەکانی لیبرالیزمەوە قسە دەکات و داوا و کێشەکەی ئازادیی ئایینە بۆ سوننیەکان. ئەم گوتارەی ئەم قسەکەرە، بیری دەچێتەوە کە بڕیار بووە نوێنەری کێ و چی بێت، بیری دەچێتەوە کە بەشێکی زۆری دانیشتوانی کوردستان سوننە نین و شیعەن و هەروەها کوردستان ئایینی نائیسلامیشی تێدایە. بەڵام کێشەی بنچینەییتر ئەوەیە لە زمانی ئەو کەسەوە و لەو شوێنەوە ئەو بانگی تێدا دەدات خەریکە شتێکی بنچینەییتر لە بیر دەکرێت، ئەویش ئەوەی کیشەی کوردستان لەگەڵ ناوەند و تاران کیشەی ئایینی نەبووە و باسەکە مافی مرۆڤ و لانیکەم مافە دیمۆکراتیکەکانی خەڵکی کوردستانە و ئەگەر خەڵک ئەرکێکیان بە ئەو و پارتەکەی سپاردبێت، ئەوە داوا نەبووە بۆ مافی سونیەکان و ئەو کێشەی ئەو دەیەوێت درووستی بکات - تاکوو دەوڵەتی عەرەبستان باش " پەزیرایی" لێ بکات- کێشەی خەڵکی کوردستان نەبووە و نییە و، ئەمە ئەو و کەسانی وەک ئەون کە بە گۆڕینی کێشەکە و کردنی بە کێشەی سوننە دژی شێعە دەیانەوێت کیشەیەک درووست بکەن و " پەزیرایی" یان لێ بکرێت. هەوڵدان بۆ گۆڕینی کێشەکە بەو مانایە کە ئەو چیدی رۆنینێکە هیچ رووگە یان ئەربابێکی نییە، رۆنینێک کە خەڵک بە خاوەن وشیاریی نازانێت.
2- نموونەی دووهەم، ڤیدیۆیەکە تێێدا پێشمەرگەیەک، ئارەزووی " هەڤاڵی بێ گون" دەکات، بێ هیچ پێچ و شاردنەوەیەک. ئەمەش ئەگەرچی بەرپرسایەتیی تاکەکەسیی تێدا ون نابێت، بەڵام مادام لە زەمینەی سیاسیدایە، لە کێشەیەکی تاکەکەسیی دەردەچێت – هەر وەک لە ڤیدیۆکەدا نابینین کەسێک پێی بڵێت بۆت نییە ئەو قسە بکەیت- و نوێنەرایەتیی زیهنییەتێک دەکات، زیهنییەتێک کە مێژووی درێژی لە ناوچەکە و سیاسەتی بەرەی راستی کوردستاندا هەیە. ئەم زیهنییەتە بوو لە کاتی شۆرشی ئێراندا و دوای ساڵی ١٩٧٩ کاتێک ژنان هاتنە سەر جادە و خۆیان رێکخست و دوایی لەبەرەی چەپدا خۆیان رێکخست، سووک و سانا جنێوی جنسیی پێدەدان و تۆمەتباری دەکردن کە دوای کوڕان کەوتوون یان هەموو کارەکەیانی بۆ پێوەندیی ئازادی جنسی دادەبەزاند، بۆ ئەوەی ژنان بنێرێتەوە بۆ ماڵێ و وەک جاران بیانکاتەوە بە بابەتی جنسی، بابەتی جوان بۆ شیعری دڵداریی و رۆمانتیکی بێ مانا یان لە باشترین دۆخدا کەمینەنیەک کە دەبێ بپارێزرێت. ئەم زیهنییەتە بوو کە لە کاتی شەڕی ناوخۆی رۆژهەڵاتدا دەیتوانی تەرمی کچەکانی کۆمەڵە بشوێنێت و سووکایەتییان پێبکات، ئەو زیهنییەتەی بە ئاشتبوونەوەیەکی سادە وازی لێ هێنرا و تەرمی قوربانیەکان هیچ کات نەبوون کە قسە بکەن و بڵێن ئاشتبوونەوە زامی ئەوان ساڕێژ ناکات. مانەوەی ئەم زیهنییەتە دیسان بە جۆرێک نیشانەیە بۆ نەمانی رووگەیەک بە ناوی خەڵک، چونکوو بە سانایی دەکرێ بڵێی ئەوەی ئەو کەسە خەریکە ئارەزووی دەکات و دەیەوێت ئێستە دەستی پێی رابگات، هەم مافی سیاسەتی هەیە، هەم جنسییەتی نییە کە دەیکاتە خاوەن ئەو مافە. ئەم روانگە لە خۆیدا پێشتر "بێ گونەکان" بۆ ماڵەوە و شوێنی ناسیاسیی دەنێرێتەوە و لە سیاسەت و مافی سیاسەتکردن بێبەشیان دەکات. ئەوەی لێرەدا سووکایەتی پێدەکرێت جگە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا، مافی یەکسانیی کەسەکانە لە دەرەوەی هەر رەگەز و رەنگ زمان و ئایینێک، ئەمە نەک هێرش بۆ سەر هیز و جنسێکی تایبەت بەڵکوو لە بنەڕەتدا هێرشە بۆ سەر مافی مافداریی، دابەشکردنی دنیایە بە پێی رەگەز و جنسییەت، دابەشکردنێک تێیدا ئەوە تەنیا زۆردارەکانن مافداریی دیاری دەکەن. دەشزانین کە کۆی کارەساتەکانی سیاسەت ئەو کاتە دەست پێدەکات کە خۆی بگۆڕێت بۆ کەرەستەی جیاکردنەوە و دابەشکردن و پلەبەندیی بە پێی جۆرێک لە شوناسەکان، جا ئەو شوناسە ئایینی بێت، رەگەزی، جنسی یان هەر چەشنێکی دیکەی. سیاسەت کە خۆی لەسەر یەکێک لەو شوناسانە دامەزراند، دەبێتە ماشینێکی بێمەبەست کە شوناسەکانی دیکە بە سووک سەیر دەکات و پێش ئەمەش خۆی تێدا بردووە، چونکوو سیاسەتی حەقیقی تەنیا وەک شکاندنی سنوورەکانی شوناس دەتوانێت هەبێت. سەیرتر ئەوەیە بندەستان خۆیان وەها سیاسەتێک پێڕەو بکەن و بیریان بچێتەوە کە چەوسانەوەیان بەرهەمی جۆرێک سیاسەتی شوناس تەوەرە و خۆیان دژی ئەوە راپەڕیون. کێشەکە لێرەدا ئەوەندەی کێشەی یەک کەس و دەستەیەکە، چەند ئەوەندە تەعبیرە لەوەی هێشتا شتێک لە پێش مێژوو لێرەدا ئامادەیە، شتێک کە هی پێش دۆخی هۆبزییە، هی وەختێکە کە مرۆڤ تەنیا بە ماف و رەفتاری سرووشتی پابەندن و پیاوان هێشتا تەنیا لە سەر ماف بۆ ژنی زیاتر شەڕ دەکەن، دۆخێک دنیا و ماف بە پێی شوناسە داسەپاوەکان دابەش دەکرێت.
ئەم نووسینە وەهمی ئەوەی نییە بتوانێت شتێک بگۆڕێت، بەڵام لانیکەم یەک هیوای نائومێدانەی تێدایە، ئەویش ئەو لەشکرەی بۆ شاردنەوە و پاساوی ئەم کەمایەسییانە رێک خراون و هەردەم لە ئەدەبیاتیاندا و دواتریش لە رەفتاریاندا خەریکن رەنگی رۆنینەکان دەگرن، لەگەڵ جنێو و پەلاماردا، چرکەیەک بیریان بێتەوە کە رێکەوتنی ئەوان لەگەڵ خەڵکێکە کە سوننەتی هەیە، خەڵکێک توانی مافی ژنان بسەپێنێت، توانی تاران زەلیل بکات، توانی زمانی خۆی بسەپێنێت و نەریتی خەباتی خۆی رۆبنێت، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە ئەم خەڵکە وشیارە و دەبێ بە جددی بگیرێت، چونکوو هەر جددی نەگرتنێکی خەڵک کەسان دەگۆڕێت بۆ رۆنینەکان.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە