بابەتی گەرم:

کەمال چۆمانی

کاریگەرییەکانی رێککەوتنی ئێران و وڵاتانی هـ ٥+١ لەسەر کوردستان

Tuesday, July 14, 2015

کەمال چۆمانی
ئەمڕۆ ئێران لەگەڵ گرووپی هـ ٥+١ (پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتوەکان کە بریتین لە روسیا، چین، شانشینی یەکگرتو، فەڕەنسا و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا) بە سەرکردایەتیی ئەمریکا گەیشتە رێککەوتن. ئەم رێککەوتنە کاریگەریی گەورەی لەسەر ناوخۆی ئێران و هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچەکە دەبێت. رێککەوتنەکە لەگۆڕنانی خەونی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیشە کە لە دوای تێرۆرکردنی قاسملۆوە چاوەڕێی ئەمریکان تا هێرشی سەربازیی بکاتە سەر ئەو وڵاتە و رژێم بگۆڕێت.

ئەم رێککەوتنە بەرهەمی ٢٠ مانگ گفتوگۆیە کە لە مێژووی سەرۆکایەتیی ئۆباما وەک وێستگەیەکی هەرە سەرکەوتووی دیپلۆماسیی ئۆباما دەبێت. بۆ رووحانییش، خاڵێکی جەوهەریی سەرۆکایەتییەکەی دەبێت
.

ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، قووڵاییەکی ستراتیژی و جیۆپۆلیتیکی گرنگی هەیە. نەک هەر وڵاتێکی بەهێزی خاوەن نەوتە، بەڵکو بەهێزترین وڵاتی خاوەن نفووزیشە لە ناوچەکەدا. وڵاتێکە کە دەتوانێت لە پایتەخەتەکانی عێڕاق، سووریا، یەمەن، بەحرەین و لوبناندا شێوەی سیاسەت دابڕێژێت و بشیگۆڕێت
.
گرنگیشە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوە تێبگەین کە بەرژەوەندییەکانی ئەوان پێش بەرژەوەندیی هەر وڵاتێک و نەتەوەیەکی ترە. سەرەڕای ئەو هەموو دژایەتییەی ئیسڕائیل، ئەگەر تەنها میدیاییش بێت، بەڵام ئەمریکا گوێی پێنەدا و رێککەوتنەکەی ئەنجام دا. تێگەییشتن لەوە گرنگە و گرنگتر ئەوەیە کە بتوانین بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئێمەدا هاوتەریب بن نەک دژ.

ئەو رێککەوتنە لەسەر هەرێمی کوردستان و ناوچەکەش کاریگەرییەکی گەورە بەجێدەهێڵێت
.
بۆ هەرێم، پارتیی دیمۆکراتیی کوردستان ناچار دەکات بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە لەگەڵ تورکیا و باڵانسێک ڕابگرێت لەنێوان ئێران و ئەو وڵاتەدا. بۆ یەکێتی وا دەکات گوتاریان بەهێزتر بێت لە بەرانبەر پارتیدا. ئەمە ئەو دیدەی بزووتنەوەی گۆڕانیش زیاتر دەسەلمێنێت کە لە سیاسەتی ناوچەییدا دەبێت بێلایەن بن و پەیوەندیی باش و تەندروست لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزی دولایەنە لەگەڵ دراوسێکان پێش بخرێت. هەرێمی کوردستان لەڕووی ئابورییشەوە قازانج لەو رێککەوتنە دەکات. وەک لە چەند سەرچاوەیەکەوە باسکراوە، پارتی داوای لە ئێران کردووە کە لە مەسەلەی سەرۆکایەتیی هەرێمدا پشتیوانیی بکەن. بەڵام لە دانیشتنی رۆژی ٢٣ی حوزەیرانی رابردوو ئێرانیان تۆمەتبارکرد بە دەستوەردان لە هەرێمی کوردستان. تەنانەت میدیای نێچیرڤان بارزانی لە بەشی ئینگلیزیی خۆیدا تەنها ئەوەی نیشاندەدا کە ئێران لە دانیشتنەکە کاریگەریی هەبووە ـ ساویلکانە وەک بڵێی رۆژئاوا و ئەمریکا ئەمە دژ بە گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتو و کۆمەڵ بەکاردەهێنن.

لە داهاتوودا، ئەگەر ئێران بتوانێت سوود لەو دەرفەتە مێژووییە وەربگرێت، لەبری ئەوەی کرێکاری ئێرانی بێن لە کوردستان ئیش بکەن، دەکرێت کرێکاری هەرێم بچنە ئێران. ئێران بە چوونەوە ناو بازاڕی جیهانیی و زیادکردنی فرۆشی نەوت، گەشەیەکی ئابووریی بەرچاو بە خۆیەوە دەبینێت و لەوانەیە لە ماوەیەکی نزیکدا لە وڵاتێکی پڕ قەیرانەوە ببێتە وڵاتێکێ خێرا لە گەشەکردنی ئابووری. پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەرێم و ئێران گەشەی زیاتر بە خۆیانەوە دەبینن. جموجۆڵی زیاتر دەکەوێتە سنوورەکان. گەشتیاری ئێرانیی زیاتر ڕوو لە هەرێم دەکەن و وەبەرهێنانی ئێرانیی، لایکەم لە سنووری سلێمانیی، گەشەدەکات
.

ئەوەی گرنگە، وڵاتییانی ئێران هەناسەیەک هەڵدەکێشن و لەژێر کاریگەریی ئەو گەماڕۆ ئابوورییە دەردەچن کە کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر کۆی کایەکانی ژیان لە ئێران دروستکردووە. لەوەش گرنگتر، بەو رێککەوتنە، هێزە ریفۆرمخوازەکانی ئێران بەهێزتر دەبن و هیوایەک - ئەگەر بچووکیش بێت- بۆ ئێرانییەکان دروست دەکەنەوە، بەتایبەت لە ئەگەری مردنی خامنەییدا


بۆ هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە دەرەوەی سنوورەکانن، ئەو رێککەوتنە لەگۆڕنانی ئەو خەونە درێژخایەنەیان دەبێت کە لە دوای شەهیدبونی قاسملۆوە چاوەڕێن وڵاتانی زلهێز رژێمی کۆماری ئیسلامیی بگۆڕن و ئەوان بگەڕێنەوە رۆژهەڵات. بەو رێککەوتنە، ئەو خەونە لەباردەچێت و هەرگیز چاوەڕێ ناکرێت ئەمریکا هێرشی ئاسمانیی و زەمینیی سەربازیی بکاتە سەر ئێران. بەڵام لە بەرانبەریشدا، ئەگەر هێزەکانی رۆژهەڵات بە عەقڵییەتێکی نوێوە خۆیان رێکبخەن، دەکرێت ئەو رێککەوتنەش بقۆزرێتەوە بەوپێیەی رێککەوتنەکە فشاریش لەسەر ئێران دروست دەکات کە چاکسازیی لە سیاسەتی ناوخۆشدا بکات و دیمۆکراسیی پێشبکەوێت و مافی نەتەوەکانی دیکەی ئێران چیتر پشتگوێ نەخرێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی، ئەگەر هێزەکانی رۆژهەڵات خۆیان رێکبخەنەوە و بتوانن ببنە فشارێکی راستەقینە، ئەوا گەییشتن بە رێكکەوتن لەگەڵ ئێران ئاسانتر دەبێت چونکە ئێران نایەوێت لە سنوورەکان ئاڵۆزیی و لە ناوخۆشدا پێکدادان هەبێت. ئەمە دەرگا دەکاتەوە تا هێزە کوردییەکان کارتە سیاسیی و عەسکەرییەکانی خۆیان باشتر بەکاربێنن
.

ڕێککەوتنەکە بۆ ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانیش زۆر گرنگە. جگە لەوەی باری سەختی ئابوورییان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، دەرفەتێکیش دەداتە گرووپە کۆمەڵایەتی و سیاسیی و رۆشنبیرییەکان کە بتوانن لە هەر گۆڕانێکی سیاسییدا لە ئێران سوود ببینن
.

لە رووداوەکەی کێلەشیندا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی دێمۆکراتی کوردستان ئەو دیدەیان پێش دەخست کە لە ماوەیەکی کورتدا لە ئێران دەدرێت و ئەوان پێویستە لە شاخ بن تا هەم لە داهاتوی ئێراندا قسەیان هەبێت و هەمیش بتوانن لەلایەن ئەمریکا و رۆژئاواوە پڕچەک بکرێن
.

دانیشتن و رێککەوتنی ئەمریکا لە ژێر پەردەی (هـ ٥+١)دا لە گەڵ ئێران ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی سیاسەتی واشنتۆن لە ئاست ئێران زۆرتر بە ئاراستەی گۆڕینی رەفتاری تاران و جڵەوکردنی سەرەڕۆییەکانی ئەو وڵاتەدایە تا هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی ئەو ڕژێمە، ئەوە ئەو خاڵەیە کە هێزەکانی رۆژهەڵات نەیانتوانیوە لێکدانەوەیەکی واقیعییانەی بۆ بکەن
.
ئەو رێککەوتنە، بە بڕوای من، تەمەنی داعشیش کورتتر دەکاتەوە. ئێران و ئەمریکا بەیەکەوە و بەڕەسمی دژ بە داعش هەنگاودەنێن. ئەمە کاریگەرتر و و خێراتر دەبێت بۆ لەناوبردنی داعش. بێگومانیش، رێککەوتنەکە رێگایەکە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی بەشار ئەسەد لە داهاتوودا. تورکیاش ناچاردەبێت لە بەرانبەر داعشدا چیتر بێدەنگ نەبێت و خەونی هەژمون بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کۆتایی دێت.

ئیسڕائیل و وڵاتانی عەڕەب بەردەوام دەبن لە نیشاندانی ناڕەزایەتیی، بەڵام هیچ سوودێکی نابێت. هەرچەندە ئیسڕائیل ئەو "رێککەوتنە مێژوویی"یەی بە "تەسلیمبوونی مێژوویی"ی باسکرد و هەڕەشەی ئەوە دەکات کە بە هەموو توانایەکیەوە ئەو رێککەوتنە ڕابگرێت، بەڵام پێناچێت بتوانێت. هەرچەندە لە کۆنگرێسدا ئێستا کۆمارییەکان زۆرینەن و دەتوانن لە ماوەی ئەو ٦٠ رۆژەی لەبەردەمیاندا هەیە بۆ خوێندنەوە و لێکدانەوەی رێککەوتنەکە، رەتی بکەنەوە. بەڵام باڕاک ئۆباما دەتوانێت ڤیتۆی بکات، بە ڤیتۆکردنیشی، ئەوکات کۆنگرێس پێویستی بە ٢/٣ی دەنگەکان دەبێت، مەگەر ئەوکات لە دۆخێکدا ژمارەیەک کۆنگرێسمانی دێمۆکرات لە حیزبەکەیان یاخیی بن. زوو یان درەنگیش دەردەکەوێت ئەو نیگەرانییەی ئەوان [ئیسڕائیل و وڵاتانی عەرەبی] بێ‌بنەما بووە، چونکە ئێران بەو ڕێککەوتنە، لەبری ئەوەی پەلی زیاتر بۆ دەرەوەی خۆی بهاوێژێت، لە ناوخۆدا خەریکی خۆڕێکخستن و چاکسازی دەبێت
.

لە هەموو ئەو گۆڕانکارییانەدا، گرنگە هەرێمی کوردستان بە سیاسەتێکی نوێوە پێشوازیی لەو پێشڤەچونانەدا بکات. گرنگە، وەک پێشتریش چەندان جار گوتوومانە، بۆڕیی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران، ڕوونتر بەندەر عەباس، دەست پێبکرێت. پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ ئێراندا دامەزراوەیی بکرێن و پێش بخرێن. ئەو پەیوەندییانەش، هەر لەپێناو هەرێمی کوردستان نەبن، بەڵکو هەوڵ بدرێت رێگای گفتوگۆ لەنێوان هێزەکانی رۆژهەڵات و ئێران خۆش بکرێت. هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش گرنگە بەرەیەکی یەکگرتووی بەهێز دروست بکەن تا بتوانن ستراتیژ و نەخشە رێیەکی ڕوونیان هەبێت بۆ داهاتووی ئێران


هەموو ئەمانەش بەندن بەوەی ئێران تا چەند پابەندی ئەم رێککەوتنە دەبێ و ئەوەش کە ئەو وڵاتە لای خۆیەوە تا چ ڕادەیەک سیاسەتی دەرەوەی خۆی بە گوێرەی ئەم قۆناغە نوێیە فۆرمولە دەکاتەوە
.


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷