کەمال چۆمانی
فرۆشتنی خوێنی شەهیدانی زارگەڵی
Thursday, August 13, 2015
لە قانیعی شاعیرەوە فێری ئەخلاق ببن
کەمال چۆمانی
لە دوو ڕۆژدا، ٢٦ رۆژنامەنووسی کورد لە کۆشکی عالی مەقامەکانی سوڵتانەکانی تورکیا، خوێنی شەهیدانی زارگەڵییان فرۆشت. لە هیچ کوێیەکی دونیا نەبووە قوربانیی بە زەلیلییەوە بچێتەوە بەردەم دەرگای جەلاد.
بەر لە هەر شتێک، هەرکەس ناوی ئەو رۆژنامەنووسانە ببینێت، کەمێکیان نەبێت کە نازانرێت بۆچی تووشی داوێکی وا بوونە و هیوادارم پێیان کرابێت نەک بە ویستی خۆیان کردبێت، دەزانێت کە ئەوانە دەمێکی زۆرە نەک هەر دژایەتیی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی باکووری کوردستان دەکەن، بەڵکوو زۆر بە جدییش هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئەردۆغان و ئاک پارتی دەدەن لە هەرێمی کوردستان. بۆیە هیچ شتێکی سەیر نییە کە ئەوان لەلایەن داودئۆغڵوو و بەرپرسانی ئاک پارتییەوە بانگهێشت بکرێن. بەپێی زانیارییەکانی من، ئەو بانگهێشتنامەیە لەسەر داوای پێترۆ-میدیاکان و پێترۆ-قەڵەمەکان بووە. زۆریشیان داوا لە میدیای ئازاد و زۆر رۆژنامەنووسی دەرەوەی پدک کردووە، کەسیان ئامادە نەبوونە بانگهێشتنامەیەکی وا لە دۆخێکی وادا قبوڵ بکەن.
بەڵێ گرنگە بەرپرسانی هەر وڵاتێک ببینن، بەڵام لە دۆخێکدا نا کە ١٠ کەس شەهید و ١٥ی دیکەش لەلایەن دەوڵەتی میواندارەوە بریندار کرابن. ئەو دەوڵەتەش هێشتا نکۆڵیی لە کوشتنیان بکات و بە "تێرۆریست"یان بزانێت. بەڵی، هێشتاش ئەردۆغان پێی وایە "تێرۆریست"ی کوشتوون نەک خەڵکی سیڤیل.
ئەو رۆژنامەنوسانە، لەبەردەم جەنابی عالی مەقامدا، هیچ جورئەتێک نیشان نادەن. خۆشیان، لە دەزگاکانیاندا، بە ویستی سوڵتان لە ڕۆژی دەست بەکاربوونیانەوە کاریان کردووە، هەربۆیە چوونیشیان هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت.
دەچینە خزمەتی حەزرەتی قانعی شاعیر. بەسەرهاتێکی قانیعی مەزن دەگێڕینەوە و لە نیشتیماندۆستیی قانیع و هەرزانفرۆشکردنی نیشتیمان لەلایەن هەندێک کەسەوە ورددەبینەوە.
لە دیوانی قانیع، چاپی ساڵی ١٩٧٩، لە بەشی 'چەند سەرگوشتەیەکی شاعیر'، لە لاپەڕە ٣٣ بەسەرهاتێکی کاریگەر گێڕدراوەتەوە کە ئینسان لەکاتی خوێندنەوەیدا دونیایەک رێز و ستاییش بۆ قانعی شاعیر، رۆشنبیر و شۆڕشگێڕ نیشان دەدات.
قانیع لە ساڵی ١٩٦٣ بە فیتی ئاغاکانی گوندی سێف لە ناوچەی مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن رژێمی شاوە دەستگیر دەکرێت و دەبردرێتە زیندانیی قەجەر لە تاران. وریای کوڕی، باوکی "مەریوان وریا قانیع"ی لەگەڵ دەبێت.
کە لە بەندیخانەی تاران لەگەڵ وریای کوڕی بەرەڵا دەبن، بە رێکەوت ئەو ڕۆژە شەکراوی کوڕی شا دەبێت. هەر یەک لە حەپسییەکان، پاکەتێک شیرینییان دەدرێتێ. قانیعیش وەریناگرێت. ئەفسەری بەندیخانەکە توڕە دەبێت و دەڵێت "ئەمە دیاریی شایە، لە هەمو شتێک شیرینترە."
قانیعیش دەڵێت ""چەندە لای جەنابت شیرینە، ئەوەندە لای من تاڵە."
قانیع لەوێدا، وێنەی نووسەر، رۆشنبیر، رۆژنامەنووس، خوێندەوار و مەلای راستەقینە نیشان دەدات. ئەو نەیدەتوانی شیرینیی کەسێک بخواتەوە کە هاونیشتیمانیان و هاوزمان و هاوڕێکانی دەچەوسێنێتەوە.
بەڵێ، زۆر ئاساییە رۆژنامەنووسان سەردانی سەرۆک و بەرپرسی هەر وڵاتێک بکەن، بەڵام لە هیچ کونجێکی دونیا نەبووە و نابێت قوربانی بچێتەوە بەر دەرگای جەلاد و گوێ لە درۆ و توڕەهاتەکانی بگرێت. لە کوێی دونیادا بووە قوربانی بە زەلیلییەوە بۆ ماڵی جەلاد دەعوەت بکرێت، جەلاد تاڵیی و دڵڕەقیی خۆیی بکاتە سەروەریی و شیرینیی. ئەوە کێیە رێی بە ئێوە داوە بە ناوی رۆژنامەنووسانی کوردەوە لەگەڵ جەلادێک لەسەر خوێنی وڵاتییانی ئێمە گفتوگۆ بکەن؟
لە نەریتی کوردەوارییش هەر وا بوە، تاوانبار هەمیشە چۆتەوە لای ماڵی قوربانیی. تەنانەت ئەگەر تاوانبارەکە ئاغایەکی گەورەی دەڤەرێکیش بووبێت، لەکاتی ئەنجامدانی تاوانێک و هەوڵدان بۆ سولح، خۆی چۆتەوە ماڵی قوربانیی. ئەگەر داودئۆغڵوو هاتبایەتە هەرێمی کوردستان و داوای گفتوگۆی بکردایە، زۆر ئاسایی بوو هەموتان بچن و گفتوگۆ بکەن، بەڵام بەو سەردانەی ئەو ٢٦ رۆژنامەنووسە شەرعییەتتان دا بە کوشتن و بۆمباباران کردنی گوندەکانی هەرێم.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە