د. موسەنا عوبەیدی
وەرگێرانی لە عەرەبیەوە: هێما نیازی
سەرچاوە: موقع السیاسە الدولیە
ئێران دەكەوێتە ڕۆژئاوای ئاسیا، هەژدەهەمین وڵاتی جیهانە لە ڕووی ڕووبەرەوە، دانیشتوانی دەگاتە نزیكەی ۷۵ میلیۆن كەس. ئێران لە ناوچەكەدا گرنگییەكی زۆری هەیە بەهۆی جیۆستراتیژییکبوونی ناوچەکە، كە بۆتە هۆی خاڵی پێكگەیشتنی ڕۆژئاوای ئاسیا و ناوەراست و باشوور. ئێران خاكێكی گرنگ و ئابوورییەكی گەورەی هەیە ئەمەش بەهۆی ئەوەی ناوەندێكی گرنگی وزە و ئابوورییە، ئەمەش زیاتر بەهۆی ئەم یەدەگە زۆرەی لە نەوت و گازدا هەیەتی، چونكە ئێران پلەی دووهەمی لە یەدەگی گازی جیهانی هەیە، هەروەها پلەی چوارەمیشە لە ڕووی یەدەگی نەوتەوە. ئەوەی لە ڕووی سیاسییەوە ئێرانی پێدەناسرێتەوە ئەوەیە كە دەوڵەتێكی تەواو ئایدۆلۆژیک و گشتگیرە و ویستی فراوانخوازی تێدایە و هەمیشە دەیەوێ پەل بهاوێتە ناوچەكانی دەرەوەی خۆی. ئەوەش وایكردوە سیاسەت و ستراتیژی ئایینزایی و ئەمنی و ئابووری و ڕاگەیاندنی تایبەت بە خۆی هەبێت.
ئێران كاریگەرییەکی بەرچاو و ڕوونی لەسەر سیاسەتی ناوچەكانی دەوروبەری و سیاسەتی نێودەوڵەتی هەیە و هەروەها كاریگەریی سیاسیی ئێران لەسەر دەوڵەتی عیراق بەتایبەت لە دوای قۆناغی داگیركردنی عێراق لە لایەن ئەمریكا لە ساڵی ۲۰۰۳ەوە دەردەكەوێت. کاریگەرییەک کە تا ئێستاش بەردەوامە، بە شێوەیەک کە هیچ گۆڕانكارییەكی سیاسی، ئەمنی و ئابووری لە عێراقدا بە بێ كاریگەریی ستراتیژی ئێرانی و دروستكردنی بڕیار لە لایەن ئێرانەوە، بەڕێوەناچێت.
ئەم كاریگەرییانە بە شێوەیەكی ڕوون و بەڵگەمەند لە کاتی هەڵوێستگرتنی دەوڵەتی عیراق لە بەرامبەر شەڕی “عاصفە الحزم – گەردەلولی توندوتۆڵی” دەرکەوت كە سعودیە سەركردایەتی كرد. شەڕێک کە بەرەی سوننە لە ناوچەكە دژ بە حوسییەكانی سەر بە ئێران لە وڵاتی یەمەن کردیان. عێراق بەشداری ئەو شەڕەی نەکرد و وەک هاوسۆزی ئێران مایەوە.
وادەردەكەوێت كە ڕۆڵ و كاریگەریی ئێران لەسەر عێراق لە قۆناخی دەركەوتنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شامدا زیاتر ڕەگی داکوتاوە. ئەوەش بەهۆی ئەوەیە کە ئەم ڕێكخراوە، مەترسیی گەورەی لەسەر ناوچە و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باكووری عێراق دروست كردووە. داعش بە تایبەت بۆتە جێگەی مەترسی بۆ ناوچە سنووریەكانی عێراق - ئێران و ئەوەش ڕێگەی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێرانی خۆشتر كردووە تا زیاتر پەرە بە دەسەڵات و كاریگەرییان لە دۆڵی دوو ئاواندا بدەن.
پاڵنەرەكانی دروستكردنی نفووزی ئێران لەسەر عێراق
۱- گەڕان بە دوای دەرچەیەكی نوێ: ئێران بەم هۆیە کە دەیهەوێ دەرچە و دەروازەیەكی نوێ بۆخۆی بدۆزێتەو، كاریگەریی سیاسی ئێران لەسەر عێراق دروست دەکات و ئەم کارەش لە ڕێگەی بەرزركردنەوەی ئاستی ململانێ لە عێراقدا بە ئامانجی شاردنەوە و كپكردنەوەی كێشە نێوخۆییەكانی دەدات كە دواجار بە قازانجی ئابووری و سیاسەتی ئێران بشكێتەوە، بە تایبەت كە ئێران بە چەندین كێشەی سیاسیی گەورەی نێوخۆییەوە گرفتارە و لە -ژێر زەختی- گەمارۆ نێودەوڵەتییەکاندایە.
۲- ڕەهەندی ئایدۆلۆژیک و باوەڕی: بەشێكی سەرەكیی كاریگەریی ئێران لەسەر عێراق دەگەڕێتەوە بۆ كاریگەریی باوەڕ و دیدی ئایینزایی هاوبەشی دوو لایەن. ئەمەش بۆتە بنەمای یەكگرتنی سیاسی و ئابووری بەرەی شیعەگەری ئێران و عێراق، بە تایبەت لەو یەک ساڵەی دواییدا کە داعش سەری هەڵداوە و ئێران بەو هۆیەوە ویستویەتی بە بیانووی پارێزگاریكردن لە پێگە و مەزارگە ئاینییە شیعەكان، زیاتر دەسەڵاتی خۆی لە عێراقدا پەرەپێبدات. لە لایەكی دیكەوە بیانوی ئەوەی هەبووە كە پێویستە سەردانكەرانی شیعە کە لە ئێرانەوە دێنە مەزارگەكانی عێڕاق، پارێزگاریی زیاتریان لێبكرێت. ئەوەش یەكێک لە هۆكارانە بووە کە دروستكردنی میلیشاكانی ناسراو بە –حشد الشعبی-یشی لێکەوتۆتەوە.
۳- شەڕكردن دژی تێرۆر: ئێران ئارەزوویەكی زۆری بۆ ئەوە هەبووە شەری داعش بقۆزێتەوە و بەكاری بهێنێ بۆ ڕووبەرووبوونەوە و بەفرمانكردنی جەنگ لە پێناو ئەوەی وێنەیەک پیشانی هێزە نێودەوڵەتییەكان بدات كە ئێران دژی ڕەوتی تیرۆریزم لە ناوچەكەدایە. لە لایەكی دیكەشەوە دەیەوێت قۆرغی شەری ڕووبەرووبوونەوەی داعش بكات، نەوەكو لە بەرامبەردا هێزە چەكدارە سونییەكان ڕۆلی ئەرێنی بگێڕن و لە دەسەڵاتی شیعە باڵادەستتر دەربكەون.
۴- عێراق سەكۆی دەرچوونی ستراتیژی ئێرانە: ئێران بەرژەوەندییەكی زۆری لەوە دایە لە ڕێگەی خاكی عێراقەوە بەرەو وڵاتەكانی دیكە دەربچێت، ئەمەش لە پێناو كاریگەریی دروستكردن و گەیشتن بە سووریا، لوبنان، ئەردەن، وڵاتانی كەنداوە و هەروەها دروستكردنی بەرەیەكی شیعەی گەورە بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی فراوانخوازانەکەی.
۵- لاوازی باری ئەمنیی عێراق و بەربەستە ئەمنییەكان: لاوازی و كەم توانایی حكوومەتی عێراقی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و كۆنترۆڵكردنی بەشێكی گەورەی خاكی عێراق لە لایەم ئەم ڕێکخراوە و لە بەرانبەردا هەڵوێستگرتنی درەنگوەختی ئەمریكا و وڵاتانی عەرەبی لە هاوكاریكردنی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعش، وایكرد ئێران دۆخەكە بقۆزێتەوە و زۆرترین هاوكاری سەربازی و خۆراک و چەكداركردن و پارەدان بۆ عێراق ئەنجام بدات. لە بەرانبەردا داواكار و سەرپشكی ئەوە بووە پێگەی خۆی لە عێراقدا بەهێزتربكات.
۶- سروشتی سیاسەتی ئەمریكی بەرانبەر بە عێراق: سیاسەتی باراک ئۆباما، سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ڕێگەخۆشكەر بووە بۆ زیادكردنی رۆڵی سیاسیی ئێران لە عێراقدا، چونكە بەشێوەیەک لە شێوەكان دەركەوتنی ئێران وەكوو یاریكەرێكی دژ بە تیرۆریزم و داعش وایكردوە ئەمریكا نەرمییەک بەرانبەر بە ئێران بنوێنێت كە لە بەرانبەر ئەو ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆرەدا دەسەڵاتی لە عێراقدا زیاتر چەسپاندووە، واتا لە بەرانبەر پرۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە لایەن ئێرانەوە، ئەمریكا گڵۆپی سەوزی بۆ یاریكردنی ئێران لە عێراقدا هەڵكردووە.
۷- ژینگەی سیاسی عێراق: لە ڕووی سروشتی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی، ئەمنی و سروشتیی خاكەوە، عێراق یاریدەدەر بووە بۆ ئەوەی ئێران زیاتر نفوز و كاریگەری خۆی بچەسپێنێت، بە تایبەت كە پارتە سیاسییەكانی عێراق و بزوتنەوەكان و ڕێکخراوەكان و میلیشیا چەكدارەكان پەیوەندییەكی ئایدۆلۆژیک و سیاسیی بەهێزیان بە دەسەڵاتی ئێران و هەژموونی شیعەگەرییەوە هەیە. ئەوەش بەربەست و دیوارێكی گەورەیە بۆ پارێزگاریكردن لە سیستەمی باوی سیاسیی ئێستا لە ئێران.
۸- كاریگەری ئابووری: هۆكارێكی دیكەی هەژموونی ئێران لەسەر عێراق بەو هۆیەوەیە كە بازارەكانی عێراق گۆرەپانێكی ئابووری لەبارن بۆ ساغكردنەوە و فرۆشتنی كاڵا و شمەكی ئێرانی، لەم ڕووەوە ئێران زۆرێک لە بازارەكانی عێراق و كۆمەڵگەی ئابووری عێراقی قۆرغ كردووە. بەشێک لە ئامارەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە ئاستی ئاڵوگۆڕی ئابووریی نێوان دوو وڵات لە ساڵی ۲۰۱۵دا لە ۱۲ میلیار دۆلارەوە بۆ ۲۲ میلیار دۆلارەوە بەرزبۆتەوە و هەروەها لە بەرانبەر ئەم گەمارۆ نێودەوڵەتییەی لەسەر ئێرانە، ئەم وڵاتە ویستویەتی گرفتە ئابوورییەكانی بە عێراق پڕبكاتەوە و پرۆسەی بە پیشەسازیكردن و كشتوكاڵی عێراقیش شكستی زیاتر بهێنێت.