ڕەنج عەلائەدین* ئەلجەزیرە
لە ئینگلیزییەوە: ئێنئێنئێسرۆژ
لە سێ ساڵی دوایی قەیرانی ٤ ساڵەی سووریادا، تورکیا -چی لە دەستی هاتووە- بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزگرتنی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردەکان لە باکووری سووریا کردوویەتی. هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی دێفاکتۆ کە لە لایەن پەیەدە، دەستەخوشکی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە دامەزراوە، کە لە چڵ ساڵی دواییدا، بۆ دەستەبەرکردنی مافە سیاسییەکانی ١٥ تا ٢٠ میلیۆن کورد، شەری تورکیای کردووە.
پاش بڵاوبوونەوەی کۆمەڵێک ڕاپۆرتی میدیای سەبارەت بە ئەگەری دەستێوەردانی سەربازیی تورکیا لە کوردستانی سووریا، ئێستا وا پێدەچی کە ئانکارا بە هۆی سنوورداربوونی بژارەکانی، وازی لەو پیلانە هێنابێ و چارەیەکی تری جگە لە قبووڵکردنی هەرێمێکی ئۆتۆنۆم بە ناوی ڕۆژئاوای کوردستان و پەیەدە نەبێ. هێزێک کە شیمانە دەکرێ لە ساڵانی پێشەڕووشدا کایەکەری سەرەکیی ئەو ناوچە بێت.
پەیەدە لە مانگی ژانویەی ئەمساڵدا پاش ئەوەی شەڕڤانەکانی توانیان پاشەکشە بە چەکدارانی داعش لە کۆبانێی گەمارۆدراو بکەن، کەوتە بەرچاوی کۆمەڵگای جیهانی و ئێستاش وەک لایەنێکی مافدار دەبینرێ کە نە تەنیا هێزێکی چەکداری بە نەزم و ڕێکخستووی هەیە بەڵکوو بەم هۆیەش کە لەناو ئەو قەیرانە ماڵوێرانکەر و ئاڵۆزەی سووریادا، پشتبەستوو بە هێزی خۆی، ئیدارەی هەرێمێکی خودموختار دەکات.
بەو حیسابە تورکیا هیچ بژاردەیەکی تری جگە لە قبووڵکردنی کوردستانی سووریا نییە کە ڕۆژ بە ڕۆژ خەریکە بەهێزتر دەبێ و سەروەرییەکەی زیاتر دەچەسبێ.
کاریگەریی هێزە کوردییەکان
ساڵێک بەسەر ڕاگەیاندنی دامەزرانی ئەوەی پێی دەگوترێ “خەلافەتەکەی داعش” تێپەڕیوە و لەو ماوەدا کوردەکان سەلماندیان کە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێکخراوەدا هێزی هەرە کاریگەرن. کوردەکان نەتەنیا پێشڕەواییەکانی داعشیان وەستاندووە بگرە زۆر ناوچەشیان لە چەنگی ئەو ڕێکخراوە دەرهێناوەتەوە. ئەگەرچی پێشڕەویکردنیان لە میدیاکاندا زۆر کەم دەنگی داوەتەوە بەڵام کوردەکان نزیک دوو حەوتوو لەمەوبەر، توانیان -عەین عیسا-شارۆچکەیەکی هەڵکەوتوو لە ٤٨ کیلۆمەتری ڕەققای بە قسە پێتەختی خەلافەتی داعش ڕزگار بکەن. بەر لەمەش کوردەکان شارۆچکەی ستراتێژیکی گرێ سپییان ڕزگارکردبوو و بەمە یەکێک لە هێڵە گرینگەکانی دابینکردنی پێداویستییەکانی داعشیان پچڕاندبوو.
سەرکەوتنی یەکینەکانی پاراستنی گەل، دۆزی کوردی لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا بەهێزتر کردووە. کۆمەڵگای جیهانی ئێستا ئەو ڕێکخراوە بە فەرمی دەناسێ و بە پەکەکەشەوە، وەک شەریکێکی گرینگ لە شەڕ دژ بە داعشی دێنێتە ئەژمار. بەو حاڵە، زۆری پێناچێ کە ئەمریکا و ئەورووپا، دەکەونە دۆخێک کە چیتر نەتوانن بەرگری لە نەسڕینەوەی ناوی پەکەکە لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بکەن. گرینگییەکی وەڕاستگەڕانی ئەگەرێکی ئەوتۆ، نیشانەیەکی تری ئەو ناڕەزایەتییە جیهانییەیە ڕوو-لە-زیادبوونە بەرانبەر بە تورکیا بەم هۆیە کە تورکیا ناتوانێ یا حەز ناکا پێش بەو چەکدارانەی داعش بگرێ کە لە ڕێگەی سنوورەکانییەوە ئاودیوی سووریا دەبن و لەوێ کارەسات دەخوڵقێنن.
گەرچی هێزگرتنی کوردەکانی سووریا سەرئێشەیەکی تر بۆ تورکیا زیاد دەکات بەم هۆیە کە کوردەکانی دوو وڵات تا ڕادەیەکی زۆر یەک هەڵوێست و یەکگرتوون.
زەبرلێدان لە سەقامگیریی ناوخۆیی؟
هەر چەشنە دژکردەوەیەکی تورکیا بەرانبەر بە کوردەکانی سووریا، بە تایبەت بەهۆکاری گەشەکردنی ناسیۆناڵیزمی کوردی و قایمتربوونی جێ پێی ڕەوای پەکەکە لەم وڵاتە، بە تایبەت پاش سەرکەوتنە مێژوویییەکەی هەدەپە لە هەڵبژاردنی دواییدا، خەسار بە سەقامگیریی ناوخۆیی تورکیا دەگەیەنێ. هەدەپە کە ئێستا بۆ یەکەم جار، چۆتە ناو پارلەمانی تورکیا، پێوەندیی مێژوویی لەگەڵ پەکەکە هەیە.
کوردەکان ئێستا کاریگەرییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکەیان بۆ سەقامگیرکردن و دووبارە ناساندنەوەی خۆ لەو هەرێمە ئاڵۆزەدا بەکاردێنن. لەکاتێکدا کە تورکیا درێژە بە سیاسەتە توندەکەی بەرانبەر بە کوردان دەدات. ڕەجەب تەییپ ئەردۆغانی سەرۆککۆمار و حکوومەتی تورکیا بەرەوڕووی گۆڕانێکی خێرا لە ڕۆژهەڵاتی ناوینن کە ئاکامەکەی خەریکە بە سوودی کوردان درێژە پەیدا دەکات.
لە داهاتوویەکی پێشبینیکراودا، تورکیا جگە لەوەی شایەتی پشتیوانیی زیاتری نێودەوڵەتی بۆ کوردان، مومکینە ببێتە شایەتحاڵی پڕۆسەیەکی نەتەوەسازی لە کوردستانی سووریاش بە هاوکاریی وڵاتانی ڕۆژئاوییش بێت. هەر وەک ئەو پڕۆژە سەرکەوتووەی هەرێمی کوردستان، کە بێ گوێدان بە عێڕاق، لە ساڵی ١٩٩١ەوە، پاش شەڕی یەکەمی کەنداو و پێکهاتنی هەرێمی دژەفڕین لە باکووری عێڕاق ئەنجام درا.
ئەو هەڵوێستەی تورکیا ئێستا دژ بە کوردستانی سووریا گرتوویەتە بەر، هەمان هەڵوێستە کە لە نەوەدەکان بەرانبەر بە پڕۆژەی نەتەوەسازی لە کوردستانی عێڕاق هەیبوو. تورکیا، تەنیا پاش ئەوەی زانی کە دوای داگیرکرانی عێڕاق لە ساڵی ٢٠٠٣ تەواو گۆشەگیرکراوە و خەریکە دەرفەتی شوێندانان لەسەر عێڕاقی نوێ لەدەست دەدا، وازی لەو حیساباتە هەڵەیە هێنا و پێداچوونەوەی بەسەر هەڵوێستەکەی بەرانبەر بە کوردستانی عێڕاق کرد.
پشتبەستن دابەشکارییە هەرێمییەکە
تورکیا مومکینە حیساب لەسەر دابەشکردنی مێژووی کوردەکان و بلۆکبەندی-ی جیاوازیان- لەو هەرێمەدا بکات. ئەو وڵاتە مومکینە بەتایبەت دڵ بەو ناکۆکییانە خۆش بکات کە لە نێوان پەیەدە/پەکەکە و ڕێبەرایەتیی پارتی دێموکراتی کوردستان خۆش بکات. پارتی کە ئێستا حیزبی دەسەڵاتداری کوردستانی عێڕاقە، پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئەردۆغان هەیە و لەکۆنەوەش لەگەڵ پەکەکە لە ناکۆکیدایە.
بەڵام سەرباری ئەو ناکۆکییانەش، وێناچێ کوردەکان ئەمجار، چەک دژ بە یەک بەکار بهێن. هەرچەند جیاوازییە سیاسییەکان، کوردەکانی بەرەو پێوەندیگەلێکی هەرێمی جیاواز بردووە بەڵام چ هێمایەک نابینرێ کە نیشانمان بدات مومکینە ڕێبەرانی کورد بەرەو ئاڵۆزی و تێکهەڵچوون ببات.
لە گفتگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پەیەدە و پارتی لە مانگی مارسدا بۆم ڕوون بۆوە کە کوردەکان لەوە تێگەیشتوون بە درێژایی مێژوو ئەوەندەیان دوژمنی دەرەکی نەبووە. بەتایبەت ئێستا کە ئەکتەرە ناودەوڵەتییە توندئاژۆکان هەوڵی لەناوبردنیان دەدەن.
جگە لەوە، کوردەکان ئێستا سەرکەوتنگەلێکیان تۆمار کردووە کە هەرگیز خەونیشیان پێوە نەدەدیت. کوردەکان قەت ئەوەندەی ئیستا بێ منەت و سەربەخۆ لە یارمەتیدەرە هەرێمییەکانیان نەبوونە و بەو حاڵە خۆیان لە چوونە ژێر ڕکێف و دەستێوردانی دەرەکی پاراستووە. تێگەیشتنی ڕێبەرانی کورد لە هەستیاربوونی دۆخەکە و دۆزینەوەی تواناکیان، وایکردووە کە کوردەکان سەربەخۆتر لە هەمیشە هەنگاو بنێن و ئەو هێزەشی پێ بەخشیون کە داهاتوویەکی تری پێ بنیاد بنێین.
* لێکۆڵەری میوان لە زانکۆی کۆلۆمبیا، خوێندکاری دوکتۆرا لە زانکۆی زانستە ئابووری و سیاسییەکانی لەندەن