ئەزگی باشاران- ڕادیکاڵ
و: ئێنئێنئێسرۆژ
تەقینەوەکەی ئانکارا، وەک خوێناویترین هێرشی تیرۆریستی لە مێژووی تورکیادا دێتە ئەژمار. هەشت کاتژمێر دوای تەقینەوەکان، سەرۆکوەزیری کۆماری تورکیا هاتە سەر شاشە و وتی “بە هەموو کۆمەڵانی خەڵک ڕادەگەیەنم کە دەبێ ئەمڕۆش وەکوو پێشوو، هاوخەم و هاودەردی یەکتر بین. هەر وەک چۆن پێشووتر هێرشبەرانی ئامەد، پەرسووس و ڕەیحانلیمان گرت و ڕادەستی دەزگای دادوەریمان کردن، ئەنجامدەرانی ئەو تەقینەوەش دەدۆزینەوە”.
ئەرێ هەر بەڕاست، ئەنجامدەرانی هێرشەکانی پێشوو دۆزرانەوە، قۆڵبەست کران و دەست و پێوەندەکانیشیان ئاشکرابوو و ئێمە نەمانزانیوە؟
من ئەمڕۆ خاڵ بە خاڵ، باسی ڕووداوەکانی پێوەندیدار بەم تەقینەوانەی ئانکاراتان بۆدەکەم، ئەوسا خۆتان بڕیار بدەن کە ئایا دەوڵەت بەڕاست ئەنجامدەرانی هێرشەکانی پێشووی دۆزیوەتەوە، دەزگا ئەمنی و ئیستخباراتییەکان کەمتەرخەم بوونە یان نا؟
١. ڕۆژی ٢٩ی سێپتامبری ٢٠١٣، خەبەرێکی “ئیدریس ئەمەن”، سەبارەت بە چوونی ٤ گەنجی ئادیامانی بۆناو ڕیزی جیهادیستەکان، بوو بە مانشێتی ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ.
٢. یەکێک لەو گەنجانە بە ناوی “محەمەد گازی. د”، لە سووریا هاوسەرگیری کرد و بەخۆی و بە هاوسەرەکەیەوە گەڕایەوە ئادیامان. ساڵی ٢٠١٤ بوو و ناوبراو وەک ئەوەی نە بای هاتبێ و نە باران، لەم شارە دەهات و دەچوو.
٣. محەمەد گازی د. هەر لە ئادیامان، لە چایخانەیەک بە ناوی “چایخانەی ئیسلام”، ٤ گەنجی تری ڕازی کرد تا بچنە ناو داعش.
٤. یەکێک لەو گەنجانە بە ناوی “ئۆڕهان گ.”، ڕۆژی ٥ی ژووئەن، بۆمبێکی لەناو میتینگی هەدەپە لە ئامەددا داناوە.
٥. ئۆڕهان گ. شەوێک پێش دانانەوەی بۆمبەکە، لەناو ئوتێلێکدا بە هۆکاری ئەوەی کە سەربازی نەکردووە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە قۆڵبەست بەڵام پاشان ئازاد کراوە و ڕۆژی دواتر بۆمبەکەی لەناو میتینگی هەدەپەدا داناوە. من خۆم ڕۆژی ١٦ی ژووئەن، وتارێکم نووسی کە تێیدا ئاماژەم بەوە کرد کە “تەقینەوەکەی ئامەد، لە لایەن گەنجێکی ئەندامی داعشەوە ئەنجام دراوە”. هەر ئەوکات نووسیم کە ئەنجامدەرەی تەقینەوەکە دۆزرایەوە و بەر لە تەقینەوەیەکی خوێناوی تر دەبێ سەرنج بدرێتە ئەم زانیارییانە.
٦. ڕووداوی خوێناویتریش قەومان. ڕۆژی ٢٠ی جوولای ٢٠١٥، لە ناو باخچەی ناوەندێکی کولتووری لە پەرسووس، کۆمەڵێک گەنج لە چوارگۆشەی تورکیاوە کۆببوونەوە و هاتبوون تا بچنە کۆبانێ و گیانێک وەبەر ئەو شارە بنێنەوە. بۆمبێکی هەژێنەر تەقییەوە و ٣٢ گەنج ژیانیان لەدەست دا.
٧. ناوی یەکێک لە خۆکوژەکانی پەرسووس ئاشکرابوو: شێخ عەبدوڵڕەحمان ئا. گەنجێکی بیست ساڵانی ئادیامانی.
٨. شێخ عەبدوڵڕەحمان ئا. هاوڕێی ئۆڕهان گ. بۆمبدانەرەکەی ئامەدە. هەردووک خەڵکی ئادیامانن و لە “قاوەخانی ئیسلام” یەکتریان ناسیوە.
٩. کاتێک لە ساڵی ٢٠١٤دا چایخانەکە داخرا کێ خاوەنی بوو؟ گەنجێکی ٢٥ ساڵان بە ناوی “یوونس ئەمرە ئا.”، هاوڕێی نزیکی ئۆڕهان گ. بۆمبدانەرەکەی ئامەد و براگەورەی “عەبدوڵڕەحمان ئا.”، خۆکوژەکەی پەرسووس. یوونس ئەمرە ئا. بێسەروشوێن بوو و ماوەیەک بوو سەروسۆراغی دیار نەبوو.
١٠. ڕۆژی ٢٣ی جوولای، لە نووسراوەیەکدا هەمووی ئەو وردەکارییانەم نووسین و سەرنجم بۆ ئەوە ڕاکێشابوو کە ئەگەری ئەنجامی تەقینەوەیەکی خۆکوژی لەئارادایە. ئەگەر بەو هەمۆ زانیارییەوە، دەزگایەکی ئیستخباراتی، نەتوانێ ئەو تۆمەتبارانە بدۆزێتەوە، دەبێ لەمەودوا بەرپرسیارێتیی هەر ڕووداوێکی نەخوازراویشی لەسەر شان بێ.
ئێ چ قەوما؟ کوردەکان و سۆسیالیستەکان، بۆ سێهەم جار کۆبوونەوە و لە ناوەڕاستی ئانکارا، خۆکوژێک لەناویاندا خۆی تەقاندەوە. ئەگەرچی هێستا ئاماری یەکجاریی ڕانەگەیاندراوە بەڵام [دەگوترێ] کە تا ئێستا نزیک بە ١٢٠ هاووڵاتیمان، هاوڕێمان و خوشک و برامان گیانیان لەدەستداوە. بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە گەلێک ڕۆژنامەنووس و بگرە ڕۆژنامەکانی لایەنگری حکوومەتیش لە سەرچاوە ئیستخباراتییەکان دەستیان کەوتووە، خۆکوژەکەی ئانکارا “یوونس ئەمرە ئا.”یە. بەم هۆیە کە ئەو زانیارییە هێستا تەییدنەکراوە، نامهەوێ زیاتر لەسەر ئەو ناوە بڕۆم بەڵام ئەو خاڵانەی کە لەسەرەو ژماردمن، بە عالەم ئاشکرا پێمان دەڵێن کە کارەسات بەڕێوەبووە و مومکین نییە مرۆڤ لەوە تێنەگا کە پێشبینی ئەوە دەکرا هەر ئان و ساتێک مومکینە شتێک ڕووبدات. ئەگەر دەزگای سیخوری وڵاتێک لە ساڵی ٢٠١٣ەوە چاودێری گەنجە جیهادچییەکانی کردبا یا لە ڕوانگە[یەکی ئەمنییەوە] تماشای ڕووداوەکانی سووریای کردبا، ئەمڕۆ شایەتی ئەو کارەساتە نەدەبووین.
یانی ئەوەی کە ئێمەی ڕۆژنامەنووس دەیدزۆینەوە و دەیزانین لە لایەن دەوڵەتەوە نازانرێ؟ نزیک بە ساڵێکە پەیتا پەیتا باس لە “چایخانەی ئیسلام” لە ئادیامان و هاتوچۆی گەنجان بۆ ئەو شوێنەی و ئاڵقەی “ڕەحلەتولتەدریس” و هتد لەم شارە دەکرێ، بۆ چما ئیستخباراتی دەوڵەت تاقیبی ئەو چالاکی و جموجۆڵانە ناکات؟ بۆچما دەوڵەت نازانێ ئەو گەنجانە چوونەتە گرێ سپی و جەرابلۆس؟ یانی دەزگا ئیستخباراتییەکانی دەوڵەت نازانن کە ئەو گەنجانە لە سووریا لە لایەن “مستەفا دوکوماجی”یەوە مەشقیان پێکراوە؟ یانی خەبەریان نییە کە هەر ئێستا دوو چەکداری داعش کە خەڵکی ئادیامانن لە لایەن یەپەگەوە بەدیل گیراون؟ لەگەڵ ئەو کەسانە پێوەندی گیراوە؟ لەمبارەوە زانیاریی لە یەپەگە وەرگیراوە؟
بۆ خاتری خودا، سەرۆکوەزیر داوودئۆغڵوو دەڵێ ئەنجامدەرانی تەقینەوەی ئامەد و پەرسووسمان گرتووە! بۆ خاتری خودا! ئەمەیە گرتن و ڕادەستی عەداڵەتکردنتان؟
تێبینی: دەزگا ئەمنییەکانی ئادیامان ناوی لانیکەم ١٥ گەنجی ئەو شارەیان هەیە کە چوونەتە سووریا. یووسف ئەمرە ئا. یەکێک لەو پازدە گەنجەیە کە ناوەکەی لەژێر کۆدی “قۆڵبەست بکرێ” بۆ سەرجەم ناوەندە ئەمنی و ئیستخباراتییەکانی تورکیا ڕەوانەکرابوو.
* بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێنئێنئێسرۆژ، ناوی ئەو دوو ئەندامە ئادیامانییەی داعش کە لە شەڕی ئازادکردنی گرێ سپیدا کەوتوونەتە دەست یەکینەکانی پاراستنی گەل "حوسێن پەری و مەحموود گەزی تارار"ە.
بۆ دیتنی وێنەکانیان کرتە لەسەر ئەم لینکە بکە.