بابەتی گەرم:

و: مەسعوود مەناف

لە لیجەی ١٩٩٣وە تا جزیرێی ٢٠١٥؛ “تورکیای نوێ”تان بەقوڕێ گیرێ

Thursday, September 10, 2015
جەلال باشڵانگیچ- تی٢٤
و: ئێن‌ئێن‌ئێس‌رۆژ 

خەڵک بە بیستنی دەنگێکی بەرز لە خەو ڕادەپەڕن.
بە دەنگی تۆپ و زرێپۆش و تەقەی چەکی ئوتوماتیک و گوللەبارانکرانی شارۆچکەکە بە هێلیکۆپتەر، لیجە لەناکاو دەبێ بە جەهەننەم.
رێکەوت ٢٢ی ئۆکتۆبری ١٩٩٣یە.
هەژماری قوربانیان لەسەرێیە. بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان ١٨ و بە قسەی خەڵک ٣٠ کەس کوژراوە و سەدان کەس بریندارە. ٧٤ کەس قۆڵبەست کراوە، ٤٠٠ ماڵ و ٢٥٠ دووکان و شوێنی کاسپی هاووڵاتییان یا بە تەواوی ئاگری تێبەربووە یا خەساری قورسی پێگەیشتووە. سەرجەم ئۆتۆمبیلەکانی شارەداری سووتێندراون. دواتر ئاشکرا دەبێ چییە هۆکاری شەوتاندنی لیجە و خوڵقاندنی وێنەی قەتڵوعام.

سەرلەبەیانیی ئەو ڕۆژە، سەرتیپ “بەختیار ئایدین”، فەرماندەی گشتیی ژاندرمەی هەرێمی ئامەد، لە حەساری پایەگای ژاندرمەی لیجە، بە قەنناس تەقەی لێکراوە و کوژراوە. بە گوتەی هێزە ئاسایشییەکان، ژەنەراڵ لە ناو ماڵێکی لیجەوە تەقەی لێکراوە.

دواتر “فەخریە بوڵووت” بەم جۆرە بەسەرهاتی ئەو ڕۆژەی لیجە دەگێڕێتەوە:
“دەوری سەعات ٩ی بەیانی بوو، لەناکاو دەنگی چەک و گوللەی تۆپ هات. بێ ئەوەی بزانین چ قەوماوە، لەسەر زەوی ڕاکشاین، دەنگی تەقە و تۆپباران گوێی مرۆڤی کەڕ دەکرد، گوللە بەسەر ماڵەکاندا دەبارین، لەسەر سینگ خۆمان گەیاندە قاتی یەکەمی ماڵ و لەوێشەوە خۆمان خزاندە ناو ئاخوڕ. لە ناو ئاخوڕ قۆڵکەمان بۆ پەناگرتن سازکردبوون، ئاژەڵەکانمان خستە دەر و خۆمان لە ئاخوڕدا حەشاردا. لە ترسان تەنانەت مۆمێکیشمان دانەگیرساند. بۆ سبەی بەیانی بیستمان لە کۆڵان دەنگی “فریامان کەون” دەهات. دواتر پێنج شەش عەسکەر هاتن، چەکی زەبەلاحیان بەدەستەوە بوو، هەموومانیان بردە دەرەوە، چەکەکان لە جێگەی گوللە ئاوگریان لێدەهاتە دەر. دوو لە عەسکەرەکان جۆرە چەکێکیان پێبوو کە وەکوو بۆڕییەکی سەرپان دەچوو، ئاگری لێدەهاتە دەر لە جێگەی گوللە! لەبەرچاوی خۆم بەو چەکە ماڵەکەمیان ئاورتێبەردا. دواتر دووکانەکانیان ئاورتێبەردا. کە ئێمەیان لەناو ماڵەکەمان هێنادەر، لەبەر دەرگا تەرمی دوو پیاو کەوتبوو، لەسەر شەقامیش چەندین تەرم کەوتبوون. دواتر بە تراکتۆرێک دەستیان کرد بە کۆکردنەوەی تەرمەکان. ئەو ڕۆژە لیجە هەر ئاگری لێبەرزدەبۆوە. شەقامەکان بە قاوغی گوولە داپۆشرابوون. نەیانهدەشێت لەو شارۆچکەیە دەرکەوین. شەش ڕۆژ لە گەمارۆدابووین.”

دایە زەریفە، یەکێک لەو دایکانەی کە سێ لە مناڵەکانی لەو قەتڵوعامەی لیجەدا لەدەست دا

بە گوێرەی ڕاگەیاندراوە فەرمییەکانی دەوڵەت، بەختیار ئایدین، لە لایەن پەکەکەوە کوژراوە و ماڵ و دووکانەکانیش لە لایەن پەکەکەوە ئاگریان تێبەردراوە. پارێزگاری ئامەد “ئیبڕاهیم شاهین” وتبووی کە “ماڵی خەڵک و بینا حکوومییەکان بە تەقەی پەکەکە خەساریان بەرکەوتووە!” پارێزگاری هەرێمەکە “ئووناڵ ئەرکان”یش باسی لەوە کردبوو کە حکوومەت نیزامی و قەدەخەی هاتوچۆ درێژەی دەبێ:

“لەناو شارەکە گەڕاین و ماڵی تیرۆریستەکانمان دۆزیەوە، قەدەخەی هاتوچۆ تا کەی پێویست بێ، درێژە پەیدادەکات، دوای ڕووداوەکە لە تەپۆڵکەکانی قەراخ شار و ناو شاریشەوە تەقە لە خەڵک و هێزە ئاسایشییەکان دەکرێ، بەرەو ئێوارە وەزعەکە ئاسایی بۆوە، خەریکە حەول دەدەین بزانین خەڵک خەساری گیانی و ماددی پێگەیشتووە یان نا. حەول دەدەین پێداویستییەکانی هاووڵاتییان بۆ خۆراک دابین بکەین.”
[جومهووریەت- ٢٤ی ئۆکتۆبری ١٩٩٣]

هەمان ڕۆژ پەکەکە ڕایگەیاند کە بەرپرسیارێتی کوشتنی سەرتیپ ئایدین ناگرنە ئەستۆ. “جەمیل بایک”، فەرمانداری گشتیی ئارگەکە[ئەرتەشی ڕزگاریخوازی کوردستان، باڵی چەکداریی ئەوکاتی پەکەکە] ڕایگەیاند کە پەکەکە سەرتیپ بەختیار ئایدینی نەکوشتووە و هیچ هێرشێکیشی بۆسەر لیجە ئەنجام نەداوە و بگرە ئەو ئەفسەرە لە لایەن خۆی دەوڵەتەوە کوژراوە.
[گوندەم، ٢٤ی ئۆکتۆبری ١٩٩٣]

هەمان ڕۆژ کە لە لیجە خەڵک ئاوا قەتڵوعام دەکرا، پارتی کۆماری گەل[جەهەپە] لە ئامەد کۆنگرەی هەرێمیی خۆی بەڕێوەدەبرد و دەنیز بایکاڵ، سەرۆکی حیزبەکە، ئەرتوغڕوڵ گونای، سکرتێری گشتی، ئەشڕەف ئەردەم، جێگری سکرتێری گشتی و ئوڵوچ گورکان، مستەفا دۆغان و وەلی ئاکسۆی پارلەمانتارانی ئەو حیزبە لە ئامەد بوون. ئەو هەواڵەی کە لە لیجەوە هاتبوو، هەژێنەر بوو. باس لە ئاگرتێبەردرانی لیجە و کوژرانی سەدان کەس دەکرا. ڕۆژی دواتر، سەرۆکی جەهەپە بە ئۆتوبوسی حیزبەکەی و بە هاوڕێی شاندێک بەرەو لیجە کەوتەڕێ بەڵام لە ٣٠ی کیلۆمەتری شارەکە، عەسکەر ڕێی بە ناوبراو گرت و هەرچەندی هەوڵیان دا، نەیانتوانی بەربەستی عەسکەر دەربازبکەن. بەناچار جێگری سکرتێریی گشتیی جەهەپە، تەلەفۆنی بۆ نەجمەددین جەوهەری، وەزیری حکوومەت کرد و ئەو ئیزنی دان کە بچنە ناو جزیرێ بەڵام فەرماندەی بنکە سەربازییەکە ڕێگەی بە چوونی شۆفیری ئۆتوبوسەکە نەدا و تەنیا ڕێی بە پارلەمانتاران دا کە دەرباز بن. وەفدی جەهەپە لە ڕێگە شایەتی ڕەوانەکرانی بەردەوامی عەسکەر بەرەو لیجە بوون. تانک، زرێپۆش و کامیۆن کامیۆن بەرەو شارەکە دەڕۆیشتن و ئامبووڵانس خێرا دەچوون و دەهاتنەوە. بایکاڵ و هاوڕێیانی دەگەنە ١٠ کیلۆمەتری لیجە. لە ئەرتوغڕوڵ گونای، سکرتێریی گشتیی حیزب دەگێڕنەوە کە وتوویەتی “لە قەرەقۆڵی دوڕوکۆی، ڕێگەیان گرتبوو، وتیان شەڕ هەیە، چوونەپێش قەدەخەیە، نەیانهێشت بچینە لیجە، بەربەستیان بۆسازکردین، نەماندەزانی چەند کوژراو هەیە، دیار بوو دەیانهەویست شتێک لە میدیا و پارلەمانتاران بشارنەوە”.[جومهووریەت- ٢٤ی ئۆکتۆبری ١٩٩٣]

تانسۆ چیللەر، سەرۆکی ئەوکاتی حیزبی ڕێگای ڕاست کە هاوکات سەرۆکوەزیری حکوومەتی هاوپەیمانیش بوو، چەند ڕۆژ دوای ڕووداوەکە ویستی بچیتە لیجە ئەما ڕێگەی پێنەدرا.

“زانرا کە بەهۆکاری ئەمنی پێش بە چوونی سەرۆکوەزیر تانسۆ چیللەر بۆ لیجەی ئامەد گیراوە. چیللەر دەیهەویست بچێتە ئامەد و بە تایبەت لیجە تا بەهۆی زیادبوونی چالاکییە تیرۆریستییەکان، ورە بە خەڵکی هەریمەکە ببەخشێ و پەیامی ئەوەیان پێبدات کە دەوڵەت لەگەڵیانە. سەرۆکوەزیری شەوی ڕابردوو لە میوانییەکی کۆشکی چانکایادا بە ڕۆژنامەنووسانی وتبوو کە ڕۆژی شەممە دەچێتە باشووری ڕۆژهەڵات بەڵام بەرپرسانی ئاسایشی و سەربازی وتیان کە بە هۆکاری ئەمنی نابێ سەرۆکوەزیر بچێتە ئامەد و لیجە. بەرپرسانی ئاسایشی بە سەرۆکوەزیریان وتووە کە هەمان ڕۆژ سەرکۆمار دەمیرەلیش دەچێتە قارس و بە بۆنەی جەژنی ڕزگاری کارخانەیەکی شەکر لەو شارە دەکاتەوە و بۆیە پاراستنی دوو کەسایەتیی پلەبەرز لە یەک ڕۆژدا بۆ ئەوان زۆر دژوار دەبێ و سەرۆکوەزیر ئەگەر دەیهەوێ بچێتە ڕۆژهەڵات، با ئەویش بچێتە قارس. لە ئیدیریش هەندێک ڕووداو قەوماون بەڵام دەتوانین بتانبەینە وێش. دەگوترێ هێزە ئاسایشییەکان نایانەوێ سەرۆکوەزیر پاش ئەو پێکدادانانەی لە لیجە قەومان، ئەو شوێنە ببینێ. سەرۆکوەزیر کە بە بیانووی نەبوونی ئەمنییەت، ڕێگەی پێنەدراوە بچێتە لیجە تووڕە بووە و بە هاوڕێیانی نزیکی خۆی وتووە کە “دەیانهەوێ بمبەنە قارس! باشە من بۆ بچمە قارس؟ ئەوەنی سەرکۆمار لەوێیە! من لەوێش نەبم کارخانە قەندەکە هەر دەکرێتەوە! ئەگەر بچمە ناوچەکە، دەبێ چوونەکەم مانایەکی هەبێ، بۆیە دەمهەوێ بچمە لیجە.”
[سەباح، ٣٠ی ئۆکتۆبری ١٩٩٣]


لە جزیرێ چ باسە؟
- "بە تانگ و تۆپ لە جزیرێ دەدەن"
- وێنەهەواڵ/ وەفدی هەدەپە بە پێ بەرەو جزیرێ کەوتنەڕێ
- دەستپێکردنەوەی شەڕ لە باکووری کوردستان
 
سەرۆکوەزیر چیللەر نەیتوانی بچێتە لیجە هەڵبەت. ساڵێک دواتر، لە ٤ی ئووتی ١٩٩٤دا، ١٠٨ ماڵ، ٢ قاوەخانە و دووکانێکی تر لە لیجە ئاگریان تێبەردرا. چەندین کەس کوژران. ماوەیەکی کورت دوای ئەم ڕووداوە، ئەوجار لە ٢٠ی هەمان مانگ، ١٥ ماڵ، ١٠ دووکان و شوێنی کاسپی و کار و مزگەوتێک بەتەواوی ئاگری تێبەردرا. ساڵی ١٩٩٦، ئەوجار بۆ ئەوەی خەڵک بکەن بە جاش، دەوڵەت هێرشی بردە سەر جزیرێ. لەو ماوەیەدا، نیوەی زیاتری گوندەکانی دەوروپشتی جزیرێ بە زۆرەملی چۆلکران. بۆ ماوەیەک لە جزیرێی ١٠ هەزار کەسی، تەنیا ٣٠٠ کەس مابوونەوە. 

سەیرە لەوەدایە کە دەوڵەت نە سەبارەت بە شەوتاندن و وێرانکردنی لیجە، نە سەبارەت بە کوژرانی خەڵکی مەدەنی و تەنانەت نە سەبارەت بە کوژرانی سەرتیپێکی سوپای تورکیا، تاقە لێکۆڵینەوەیەکیشی ئەنجام نەدا. ساڵی ٢٠٠١، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، تورکیای بە تاوانی “زەوتکردنی مافی ژیان لە خەڵکی لیجە” لە ڕێککەوتنێکی “دۆستانە”دا، بە دانی ٤.١ تریلیۆن لیرە مەحکووم کرد و ئەمەش وایکرد کە قازییەک لە ئامەد، ڕۆژی ٢٢ی ئۆکتۆبری ٢٠١٣، ڕۆژێک بەر لە بیستەمین ساڵوەگەری کارەساتەکە و کۆتاییهاتنی وادەی تۆمارکردنی سکاڵا، دۆزێک دژ بە سوو ئەفسەر و سەرجەم ئەو کەسانە بکاتەوە کە دەستیان دەو ڕووداوەدا هەبووە. ڕستەیەک لە سکاڵانامەکەدا هەیە کە بە ئاشکرایی تاوانباربوونی دەوڵەت خۆلاسە دەکاتەوە:

“بە گوێرەی بەڵگە فەرمییەکان، لەم ڕۆژەدا پەکەکە هێرشی کردۆتە سەر شارۆچکەکە و لە ئاکامدا ئەو ڕووداوە قەوماوە بەڵام هیچ بەڵگەیەک سەبارەت هێرشی پەکەکە و کوژرانی سەرتیپ بەختیار ئایدین لە لایەن پەکەکەوە لەدەستدا نییە.”

لە لیجەوە بۆ جزیرێ، زیهنییەتێکی هاوشێوەی ٢٢ ساڵە
٢٢ ساڵ دوای ئەو قەتڵوعامەی لە لیجە قەوما، ئەمڕۆ شایەتی دووپاتبوونەوەی هەمان کارەسات لە جزیرین. جزیرێ دەسووتێنن، وێران دەکەن، ماڵەکانی بۆمباران دەکەن، قەدەخەی هاتوچۆ ڕادەگەێنن، خەڵک بێ نان و ئاو دەهێڵنەوە، هەژماری کوژراوان لە حەوتوویەکدا لە ١٤ تێپەڕدەبێ و تەنانەت بە گوێرەی هەندێک خەبەر هەژمار خۆی لە ٢٠یش داوە، تەرمەکان بەخاک ناسپێردرێن، خەڵک تەرمەکان لە پاڵ مناڵەکان، لە دۆڵاب و سەلاجەکاندا ڕادەگرێ تا بۆگەن نەبن، نەخۆشەکان بەهۆی نەهاتنی ئامبووڵانس، ناگەیەندرێننە نەخۆشخانە و گیان دەدەن، کارەبا و ئاو پچڕاوە، حەوتوویەکە زبڵ و زاڵ کۆنەکراوەتەوە، تەلەفۆن و ئینتەرنێت پچڕاوە، جزیرێ نەک لەگەڵ دونیا بگرە پێوەندییەکەی لەگەڵ تورکیاش پچڕاوە، تەنانەت جیران ئاگای لە جیران نەماوە. 

هەزاران کەس گەمارۆدراوە، هێزەکانی دەوڵەت بە تانک و تۆپ و چەکی قورس، هێرش دەکەنە سەر چەند گەڕەک کە لانیکەم پەنجا تا ٦٠ هەزار کەسیان تێدا دەژی. قەنناسەکان لە بەرزاییەکانی شار و بینا بڵیندەکان خۆیان مەڵاس داوە، کەوتوونەتە ڕاوکردنی خەڵکی جزیرێ و بێ جیاوازیدانان تەقە لە پیر و گەنج و مناڵ و ژن و پیاو دەکەن. ڕووداوەکان گەیشتوونەتە ئاستی قەتڵوعام و قەتڵوعامێکی گەورەتر لەبەردەرگایە. تیمە تایبەتەکان بە زرێپۆش بە شەقامەکاندا دەخولێنەوە و بە بڵینگۆ ڕوو لە گەنجانی شار هاوار دەکەن “توخمە ئەرمەنییەکان، ئەوشۆ هەمووانتان دەکوژین”، “جا ئەوجار دەنگ بە هەدەپە بدەنەوە!” و بەم شێوە، بەوپەڕی ڕق و کینەوە، هەڕەشەی کۆمەڵکوژکردن لە خەڵک دەکەن.

قەدەخەی هاتوچۆ لە جزیرێ درێژەی هەیە

لە وەها دۆخێکدا، هاوسەرۆکی هەدەپە، سەلاحەدین دەمیرتاش، دوو وەزیری هەدەپە لە ناو حکوومەتی هەڵبژاردندا و پارلەمانتارانی حیزبێکی خاوەن ٨٠ کورسی لە پارلەمانی تورکیا، سەهلە چوونە ناو جزیرە، تەنانەت ناهێڵن لە ئیدیلی دراوسێش دەرکەون. سەرۆکی حیزبێک و دوو وەزیر و نزیک پارلەمانتار لە ماشێنەکانیان دێنەخوار، بە پێیان و سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، لە گەمارۆی پۆلیس و عەسکەردا، بە دوو ڕۆژ نزیک ١٠٠ کیلۆمیتر بە پێ دەبڕن. ڕێگەکان گیراون بەناچار دەکەونە سەر شاخەکان. ئیتر نە پارێزگار و قایمەقام و نە بەرپرسانی تری دەوڵەت لە ناوچەکە، هیچ کام دەسەڵاتیان نەماوە و تەنیا وەزیرە ئاکەپەییەکان قسەیان دەڕوا و ئەوانیش تەنیا بەقسەی رەئیس دەکەن! ئەو تابڵۆیە پێمان دەڵێ کە فاتیحای سیستمی پارلەمانی بخوێنن و ئەو قۆناخەی کە بە شانازییەوە بە “سەردەمی فەرماندە” ناوی لێدەبەن بە “سەردەمی ڕەئیس” گۆڕاوە!

ڕاستییەکەی ئەو بەربەستەی کە لەسەر ڕێگەی جزیرێ لەبەردەم پارلەمانتارانیان دروست کردووە، وێرانەکانی سیستمی پارلەمانین. ئەوانەی لەسەر ڕێگەی جزیرێ فەرمانی “نایاسایی” بە هێزە ئاسایشییەکان دەدەن، پارلەمانی کۆماری تورکیا و ئەندامانی حکوومەتی تورکیا نەدیتە دەگرن و بەعالەم ئاشکرا سووکایەتییان پێدەکەن.

ساڵی ١٩٩٣، کاتێک کە لیجە شەوتێندرا و وێران کرا، کاتێک ١٨ کەس قەتڵوعام کرا، نە سەرۆکی جەهەپە و نە سەرۆکوەزیر توانی بچێتە لیجە، هەر وەک ئێستای جزیرێ. لەوکاتەوە ڕێگەمان بە گۆڕینی وێستگە لە تورکیای خاوەنی “دێموکراسی پێشڤەڕۆ”وە بۆ “تورکیای نوێ” گۆڕیوە بەڵام بۆ ئەو ڕەوشەی ئێستای جزیرێ لە ساڵی ٢٠١٥دا لە یەک ڕستەدا کورت دەکەمەوە:
“بە قوڕم گرت دێموکراسی پێشڤەڕۆ و تورکیای نوێتان”.

گەرچی هەر کە هەڵبژاردنیان دۆڕاند، هەم ئاڵاهەڵگرانی دروشمی دێموکراسی پێشڤەڕۆ و هەم ئاڵاهەڵگرانی تورکیای نوێ، دروشمەکانیان خستە ناو دۆڵابەکانەوە و ئێستا بەو هۆڤەتی و خوێنڕێژییەەوە دەیانهەوی “تورکیای کۆن” و “دێمۆکراسی پاشڤەڕۆ” ڕزگاربکەن.

تێبینییەک بۆ ئەوانەی مەراق دەکەن:
لیجەی وێران و شەوتێندراوی ساڵی ١٩٩٣، لە هەڵبژاردنی ٧ی ژووئەنی ٢٠١٥دا سەدا ٩٨ی دەنگەکانی بە هەدەپە دا و چ دەنگیک بۆ ئاکەپە نەمایەوە.
جزیرێش کە ڕۆژانێکە بۆمباران دەکرێ و لەژێر هێرش و کاولکاریدایە، لە هەڵبژاردنی حەوتی ژووئەندا سەدا ٩٢ی دەنگەکانی بە هەدەپە دا و ئاکەپە بە چوڕەچوڕ گەیشتبۆ سەدا ٥.
وەک دەبینن، قەتڵوعام پێش بە قەزاوقەدەر ناگرێ.

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷