ئەزگی باشاران، ڕادیکاڵ
و: ئێنئێنئێسرۆژ
وایلێهاتووە دەبێ لەبەر کاربەدەستان بپاڕێینەوە و بێژین “تکایە، تکایە گیانی خەڵکەکەتان بپارێزن”
بەزیادم نەکردن!
دوو ساڵە لە ڕۆژنامەی ڕادیکاڵدا، بەسەرهاتی بۆمبدانەرەکەی ئامەد و خۆکوژەکەی پەرسووس دەنووسین و باس لە چوونی گەنجە جیهادکەران لە ئادیامانەوە بۆ سووریا دەکەین. کەوایە بەلامانەوە زۆر ئاساییە کە دەبینین ئەو کەسانە، لە لیستەی ناوی خۆکوژانی دەزگا ئیستخباراتییەکانی تورکیاشدا بوونە. ئێستا پرسیار ئەوەیە کە چۆنە سەرەڕای ڕوون و ئاشکرابوونی ئەمانە، کارەساتێکی وەک تەقینەوەکەی ئانکارا دەقەومێ؟
پاش قەتڵوعامە بەکۆمەڵەکەی پەرسووس، لە ڕۆژی ٢٣ی تەممووز/جوولایدا لە وتارێکدا باسم لە ئەگەری ڕوودانی تەقینەوەی خۆکوژی تر کرد. لەو وتارەدا پرسیبووم گەلۆ براگەورەی خۆکوژەکەی پەرسووس کە خاوەنی “چایخانەی ئیسلام” لە ئادیامان بوو لە کوێیە؟ چی دەکات؟ هەرچەند پێشبینی ئەوەم کردبوو کە لە سووریا بێ و سەرقاڵی داڕشتنی پلانی تیرۆریستی تر بێ. وتبووم خوا نەکا شتێکی وا بقەومێ بەڵام پێدەچێ لە داهاتوویەکی نزیکدا تەقینەوەیەکی تر ئەنجام بدەن. هەر ئەو کات ئاماژەم بەوەش کردبوو کە بەو هەمۆ زانیارییەی کە لەبەردەستە، ئەگەر دەزگا ئیستخباراتی و ئەمنییەکان ئەو گومانلێکراوانە نەدۆزنەوە، لە هەرچی ڕوو بدات و لە هەر بەڵایەکی بەسەرمان بێت بەرپرسیارن. ئەوەندەم باسی ئەو مەسەلە کرد، چەنەم شل بوو، تاقەتم نەما چیتر لەمبارەوە بنووسم بەڵام سەرنجتان بۆ سووچێکی تری زانیاریی پێوەندیدار بەو مەسەلە ڕادەکێشم:
لە ئادیامانەوە بۆ سووریا و لەوێوە بۆ ئامەد و پەرسووس و ئانکارا، هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ خۆکوژەکان
ئەزگی باشاران
|
چەند ڕۆژ لەمەوبەر، ئامەد دیجلە، لە ئاژانسی دەنگوباسی فراتدا بابەتێکی نووسیبوو و تێیدا باسی لەوە کردبوو کە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دێموکراتیکی گەلان، هەڕەشەی تیرۆرکرانی لەسەر بووە.
بە گوێرەی ئەو بانگەشە، لە مانگی جوولایدا، بەڕێوەبەریی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان، سەلاحەدین دەمیرتاشی ئاگادارکردۆتەوە کە گرووپێک لە سووریاوە بە مەبەستی تیرۆرکردنی ناوبراو دەربازی تورکیا بوونە.
دەمیرتاش[ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی ئۆکتۆبر] ئەو دەنگۆیەی پشتڕاست کردەوە و کوتی “بەڵێ زانیارییەکی وەهامان پێگەیشتووە”.
دواتر مەعلووم بوو کە ئەو زانیارییە هەم شەفاهەن و هەم بە نووسراو، بە واژۆی “ئیدریس بالووکەن”، بەرپرسی فڕاکسیۆنی هەدەپە لە پارلەمانی تورکیا بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕاگەیاندراوە. بالووکەن لە نامەکەیدا بۆ وەزارەتی ناوخۆی تورکیا وتوویەتی کە “بە گوێرەی زانیاریگەلێکی باوەڕپێکراو، گرووپێک لە ئەندامانی داعش، لە سووریاوە هاتوونەتە تورکیا تا سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە تیرۆر بکەن. ئێمە زانیاریمان سەبارەت بە شکڵ و هێمای ئەو کەسانەش بەدەست گەیشتووە و هەر بۆیە داواتان لێدەکەین کە هەنگاوی پێویست لەم پەیوەندییەدا هەڵبگرن.”
ئەوەندەی من زانیبم، ئەو وشیاریدانە، شەفاهەن بە محەمەد دەرویشئۆغڵوو، ڕاوێژکاری ئاسایشی کۆمەڵایەتیش ڕاگەیاندراوە. ناوبراو بەر لە وەستانی ئەو قۆناخە، ڕێکخەری وتووێژی نێوان ئیمراڵی و دەوڵەت بوو.
کە تەلەفۆنم بۆ بەرپرسانی هەدەپە کرد تا لێیان بپرسم گەلۆ دەوڵەت چی کردووە پاش ئەوەی کە لەم زانیارییانەتان ئاگادارکردوونەتەوە؟ وتیان هیچ!
نە وەک عادەت نووسیویانە کە “بەدواداچوونی بۆ دەکەین”، نە پرسیویانە ئەرێ “سەرچاوەی زانیارییەکەتان چییە، کێیە؟” و نە وتوویانە “سەرجەم دەزگا پێوەندیدارەکانمان ئەرکدار کردووە تا بەدواداچوون بۆ ئەو مەسەلە بکەن و لەو ماوەیەشدا، بۆ پاراستنی بەڕێز دەمیرتاش ئەوەی لەدەستمان بێ دەیکەین” و…
هەر هیچ!
سیفر!
دەمیرتاشێک کە ڕۆژانە سێ بەشداری لە سێ چوار میتینگدا دەکات و شار بە شار دەگەڕێ، جگە لە چەند بادیگاڕدی خۆی، کەس نایپارێزێ. تەنیا ئەوە نەبێ کە جاروبار ئۆتۆمبیلێکی پۆلیس، سەیارەکەی لە کاتی چوونی لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر تاقیب دەکات، هیچ فەرمانبەرێکی حکوومەت لە هەوڵی پاراستنی گیانی دەمیرتاشدا نەبووە و نییە. یانی شتی وا نییە کە مەسەلەن بەر لەوەی بچێتە شوێنێک، پۆلیس بچێ و شوێنەکە بپشکنێ، کۆنترۆڵی بکا و ئەو بەرپرسیارێتییەی کە بۆ پاراستنی ڕێبەرەکان لە سەر شانییەتی ئەنجامی بدا. شتی وا هەر نەبووە و نییە!
چاوم بە ئیدریس بالووکەن کەوت. ناوبراو زانیاریی گرینگتری لەمبارەوە لە لا بوو. بالووکەن وتی “زانیارییەکانمان لە لایەن پەیەدەوە پێگەیشت. ئێمەش کاربەدەستانی تورکیامان لێ ئاگادارکردەوە. بە گوێرەی پەیەدە، گرووپێکی ١٠٠ کەسی داعش هاتوونەتە ناو تورکیا. ئامانجی ٢٠ ئەندامی ئەو گرووپە، سەلاحەدین دەمیرتاش و گەورەبەرپرسانی هەدەپەیە. ئەوانەمان هەموو بە دەوڵەت ڕاگەیاند بەڵام دەوڵەت هیچ هەنگاوێکی لەم چوارچێوەدا نەناوە بگرە هەر خۆیان، لە بەرزترین ئاستدا، ئێمەیان کردۆتە ئامانج. مانای ئەو هەڵوێستە شتێک نییە جگە لە ئامادەکردنی کەشوهەوایەکی ڕەوا لە ئەگەری هەر هێرشێک کە بکرێتە سەرمان.”
جەنگیز چاندار:"ئیتر گومانێک لەوەدا نەماوە کە ئەو قەتڵوعامە، ئاڵقەی سێهەمی ئەو زنجیرە هێرشانەیە کە لە ٥ی ژووئەندا ئامەدی کردە ئامانج و لە ١٩ی جوولایدا پەرسووسی دەخوێن گەوزاند. گومان لەوەشدا نەماوە کە ئەو زنجیرە هێرشە، خاڵێکی هاوەبەشیان لەگەڵ یەک هەیە، ئەویش ئامانجگرتنی هەدەپەیە."
وتارەکە لەم لینکەدا بخوێنەوە
|
بەر لە هەڵبژاردن گەلێک هێما هەبوون کە دەیانسەلماند دەمیرتاش ئامانجی سەرەکییە. وەک نموونە، لە مانگی مەی ٢٠١٥دا، بۆمبێکی چێندراو دەناو گوڵدانێکدا ڕەوانەی ناوەندی هەدەپە لە مەرسین کرابوو. دەزانرا کە ئەو بەیانییە دەمیرتاش لەم شوێنە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی لقی مەرسینی هەدەپە هەیە. دەمیرتاش شانسی بوو کە بۆمبەکە بەر لە هاتنی تەقییەوە.
میر دەنگیر فرات، لە دامەزرێنەران و پارلەمانتارانی پێشووی ئاکەپە و نوێنەری ئێستای هەدەپە، ڕۆژی یەکی حەزیران/ژووئەن وتی: هێرشی پۆلیس بۆ ناو ماڵی دەمیرتاش زۆر مەترسیدارە، دەیانەویست دەمیرتاش بکوژن. ئەگەر بە وریایی نەجووڵاباوە، لەگەڵ کردنەوەی دەرگاکە، تیرۆریان دەکرد و تاوانەکەیان دەخستە ئەستۆی لایەنێک. هەر بۆ نموونە مومکین بوو وتبایان ئەوە ئیشی ئۆجالانە کە حەز لە دەمیرتاش ناکات. تەلەفۆنی من و دەمیرتاش کۆنترۆڵ دەکرێ”.
هەموومان دەزانین کە لە ڕۆژی ٥ی حەزیران/ژووئەندا، ئۆرهان گۆندەر، ئەندامە ئادیامانییەکەی داعش، بۆمبێکی لە شوێنی میتینگی هەدەپەدا داناوە. هەمان میتینگ کە دەمیرتاش ئامادەی بوو و بڕیاربوو تێیدا قسە بکات. لەو تەقینەوەدا ٥ کەس گیانیان لەدەست دا.
لە ئامەد و پەرسووسیش، هەدەپە و لایەنگرانی هەدەپە کرابوونە ئامانج. کەسێک ئەو ڕاستییە نەبینێ، گەمژەیە.
کەوایە، بە ئامانجگیرانی دەمیرتاش و بەرپرسانی هەدەپە لە لایەن تیمێکی تیرۆرەوە، بێ گومان زانیارییەکی ئیستخباراتی کەم بایەخ نییە و بەتایبەت ئێستا کە ئاسەوارە تاڵەکەی دەبینین، لەوە تێگەیشتووین کە شۆخی بەم وەزعە ناکرێ.
باشە لەو دۆخەدا دەبێ چ بکرێ؟
بڕوا بکەن من نازانم. وای لێهاتووە کە لەبەر بەرپرسە ڕێزدارەکانمان بپاڕێینەوە کە توخوا گیانی هاووڵاتیانمان بپارێزن. هەمان بەرپرسگەل کە بەر لە هەڵبژاردن چاویان تەنیا “دەنگ” دەبینێ و ئامپێری ماکیاڤێلیسمەکەیان گەیاندۆتە بەرزترین ئاست.