ئاوارە وڵات
ئەوەی لە تورکیا لە گۆڕێ بوو "پڕۆسەی چارەسەری" نەبوو، بەڵکوو پڕۆسەی ململانێی سپی دوو لایەن بوو کە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵێک ئامانجی خۆیان، پێویستییان بە دانانی مێزێک هەبوو.
ئەردۆغان دەیهەویست قۆناغێکی ئارام و بێ شەڕ تا هەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیران بەڕێوەبچێت و زەمینە بۆ دامەزراندنی سیستمی سەرۆکایەتیی مۆدێل تورکی خۆش بکات(تێیدا سەرکەوتوو نەبوو و بە ئامانجی خۆی نەگەیشت).
پەکەکە دەیهەویست لە نێو دەمارەکانی کۆمەڵگەی باکووردا تێز و پرۆگرامەکانی خۆی پیادە بکات، بەهێز و بڕستێکی زیاترەوەی بەشداری کایەی سیاسی-پەرلەمانی بێت و بوارێک بۆ گەشەپێدانی هەژمۆنیی خۆی لە رۆژئاوای کوردستان درووست بکات(تێیدا سەرکەوتوو بوو و توانی پشتیوانیی نێودەوڵەتیش دەستەبەر بکات).
بەباچوونی خەونەکانی ئەردۆغان و گۆڕانی هاوسەنگییەکە بە قازانجی کورد، بووە هۆی ئەوەی هەر زوو بیر لە رێگایەک بۆ پەلکێشکردنی پەکەکە و لایەنی کوردی بۆ شەڕ بکەنەوە. داوەکەی چیای تەندوورەک کە هەر لە نێو خودی میدیا و گۆڕەپانی سیاسیی تورکیادا لەقاودرا و سەری نەگرت، دەسپێکی ئەم هەوڵەی ئەردۆغان و حیزبەکەی بوو. ئەنجامدانی سەدان هێرش بۆ سەر جەماوەر و بارەگاکانی هەدەپە لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا و کوژران و برینداربوونی چەند لایەنگر و ئەندامی ئەو حیزبە نموونەیەکی دیکەی ئەم هەوڵانە بوون.
ئەردۆغان بەر لە هەڵبژاردنەکان لە لێدوانێکی سەرسووڕهێنەردا و لەگوێن دەسەڵاتدارانی ساڵانی هەشتا و نەوەدی وڵاتەکەی، حاشای لە بوونی پرسێک بە ناوی "کێشەی کورد" کرد. جگە لەمە دوای هەڵبژاردنەکان شەقێکی لەو مێزە هەڵدا کە لە نێوان هەدەپە و حکومەتی حیزبەکەی دانرابوو و دژی رێککەوتننامەی دۆڵمەباخچە دەرکەوت کە نوێنەرانی هەدەپە و حکومەت لە سەری ساغ ببوونەوە.
سیاسەتەکانی ئاکەپە دژی شۆڕشی رۆژئاوا لە رێی مەقاشێکی وەک داعش، ماوەیەک تەنگی بەو ئەزموونە ساوایە هەڵچنی، بەڵام بەرەبەرە ئاکامی پێچەوانەی لێکەوتەوە. دوای شکانی گەمارۆی کۆبانی و لەقاودرانی پەیتاپەیتای پەیوەندییەکانی حکومەتی ئاکەپە لە گەڵ داعش، چیتر ئەو رێکخراوە نەیدەتوانی خزمەت بە خواستەکانی ئاکەپە بکات(بۆ نموونە؛ حەیاچوونی لۆرییەکانی میت کە چەکیان بۆ داعش دەگواستەوە و ئەو راپۆرتانەی کە باسیان لە ئاودیوکردنی نەوتی داعش لە رێی دەروازەی گرێ سپی-ئاکچەقەڵاوە بۆ نێو تورکیا دەکرد). تەنانەت شەڕی یەپەگە دژی داعش ببووە هۆی دەستەبەربوونی پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی بۆ ئەزموونێک کە سێبەری پەکەکەی بە سەرەوە بوو، ئەمەش ئەردۆغانی دڵگران کردبوو.
هەوڵ و تەقەللای بەردەوامی ئەردۆغان و لێدوانەکانیشی بۆ ئەوەی پەکەکە و داعش وەک یەک پێناسە بکات، نە لە ناوخۆی تورکیا و نە لە دەرەوە پێشوازییەکی ئەوتۆی لێنەکرا.
میدیای سێبەری ئەردۆغان، بەردەوام ئەویان وەک دەسپێشخەری پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەری ناودەبرد. بەڵام لە ماوەی چەند مانگی دواییدا هەر لێدوان و هەر بڕیارێکی، فیشەکێک بوو بە جەستەی ئەو شتەوە دەنرا کە بە "پڕۆسەی چارەسەری" ناوی دەهێنا. لەم چەند مانگەی دواییدا دیسان بە گردەنشینکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵیدا و رێگرتن لە سەردانی شاندەکانی پێشووی هەدەپە بۆ لای ئەو، خەتێکی سووری بە سەر ئاکتۆرێکی گرینگدا کێشا کە وەک بەردەنگی سەرەکیی دەوڵەت و ئەردۆغان بۆ پرۆسەکە دەبینرا. ئەردۆغان تووڕە و دەهری ببوو. لێدوانەکانی سیمای سەرکردەیەکیان پیشاندەدا کە بە دۆڕاوی و لە سەر ئەسپێکی ماندوو لە شەڕێکی سەخت دەگەڕێتەوە و جنێو بە دار و بەرد دەدات. رۆژێک لە سەر ئەگەری گیرانی کۆبانی لە لایەن داعشەوە شایی و لۆغانی بوو، رۆژێک؛ "شتێک بە ناوی پرسی کورد نیە"، رۆژێکی تر؛ "رێککەوتنی دۆڵمەباخچەم قبوڵ نیە" و جارێکیش؛ "رێ بە درووستبوونی دەوڵەتێکی کوردی لە باکووری سوریا نادەین".
ئاکام؟ خەون و خولیاکانی ئەردۆغان بەدینەهاتن. دەنگی حیزبەکەی بە رێژەیەکی بەرچاو کورتی هێنا و نەیتوانی بە تەنیا حکومەت پێکبێنێت. ئەردۆغان دەبوو بۆ ماوەیەک سیستمە سەرۆکایەتییەکەی لە باخەڵ بنێتەوە و چاوەڕێی "داهاتوو" بێت. داعش چاوەڕوانییەکانی ئەردۆغان بەدینەهێنابوو. بەرەی بەرانبەری وەک تۆپەڵە بەفرێکی جاڵەوەبوو، تا دەچوو گەورە و گەورەتر دەبوو. بەڵام ئەردۆغان پەلەی بوو و نەیدەتوانی لەمە زیاتر دان بە جەرگی خۆیدا بگرێت.
ئەمجارەیان دەبوو شەقێکی بەهێز لەو مێزە هەڵدات کە لە نێوان خۆی و کورد داینابوو، مێزێک کە تا ئەو کاتە جگە لە بێدەنگکردنی چەکەکان، دەورێکی ئەوتۆی لە بەدیهێنانی شتێک بە ناوی "چارەسەری"دا نەگێڕابوو. بۆ ئەمە دەبوو لە شوێنێکەوە دستپێبکات. دەبوو دووبارە بە هەمان هەناسەی جمکەبوونی واتایی پەکەکە-داعش، دەست بە هەڵمەتێک بکاتەوە. ئەردۆغان دەبوو رێی لە گەورەبوونی زیاتری ئەو تۆپەڵەبەفرە گرتبایە کە هەموو خەون و خولیاکانی وەبن خۆی دەدا. دەبوو زەمینە بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی توندڕەو دژی پەکەکە خۆش بکات و گڵۆپێکی سەوز بە مەهەپەی نەتەوەپەرست نیشان بدات. یاخود بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنێکی پێشوەختدا گرەوی سەرکەوتن بباتەوە و دەنگەکانی هەدەپە هەڵپریوێنێ، شەڕێک هەڵگیرسێنێ و گوتاری هەدەپە لە گوتاری ئاشتی و دیالۆگەوە، بەرەو گوتارێکی توند و گرژیخواز ببات. دەبوو هاوپەیمانیی رێژەیی خۆرئاوا و پەکەکە تووشی پارادۆکسێک بکات، لانیکەم لە دیدی بەرەی پەکەکەوە. دەبوو رێ لە گەشەی زیاتری شۆڕشی رۆژئاوا و پێکەوەلکانەوەی کانتۆنی عەفرین و کانتۆنی کۆبانی بگرێت. ئەردۆغان لەمێژبوو سیرەی چەکەکەی لە کورد گرتبوو. تەنها کاتێکی گونجاوی دەویست بۆ ئەوەی پەنجە بە پەلەپیتکەوە بنێت. ئەو دوو ئەفسەرە پۆلیسەی سەرێکانی نەشکوژرابان و پەکەکەش وەئەستۆی نەگرتبا، بە سیناریۆیەک ئەو بیانوویەی دادەتاشی.
ئەردۆغان هێشتا خەون دەبینێ. خەون بەوەی رۆژێک وەک شا سلێمانی عوسمانی فەرمانڕەوای جوگرافیای ئەنادۆڵ بێت. بەڵام چەمکی ئەنادۆڵ لای ئەردۆغان چەمکێکی پان و بەرینتر لە ئەنادۆڵی ئاسیای بچووکە. لە زەینی ئەردۆغاندا ئەو جوگرافیایە هەموو ئەو ناوچە زۆرینە سوننەنشینانە دەگرێتەوە کە سەردەمانێک باجدەر و گوێڕایەڵی سوڵتانەکانی عوسمانی بوون. ئەردۆغان خەون دەبینێ بۆیە ناتوانێ ئۆبژەکتیڤ بڕوانێت، ناتوانێ لە سیاسەتدا ریالیست بێت. هەموو خەونێک بە راچڵەکانێک کۆتایی دێت، مەودای نێوان خەوتن و هەستان مەودایەکی کورتە، بۆیە ئەم هەڵپە و دەهری بوونەی ئەردۆغان زۆر ناخایەنێت. کۆمەڵگەی تورکیا بە سەر دوو جەمسەری لاگر و دژبەری ئەردۆغاندا دابەش بووە. کۆمەڵگەی تورکیا دوو ساڵی ئارامی بەڕێکرد، ئابووریی تورکیا و چینی ناوەڕاست و تەنانەت سەرمایەدارانی ئەنادۆڵیش چێژیان لەو قۆناغەی "نە شەڕ نە ئاشتی"یە بینی. کۆمەڵگە و ئابووریی تورکیا بۆ ئەوەی بە ئاقاری خۆشبژیوی و گەشەکردندا بڕوات پێویستی بە ئارامی و سەقامگیرییە. ئەردۆغان و خەونەکانی خەریکن ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی لێ دەستێننەوە. بەخێوبوونی داعش لە باخەڵی خەونەکانی ئەردۆغاندا ئەو بەستێنە کۆمەڵایەتی - ئابوورییەی نیگەران و ناڕازی کردووە. ئەردۆغان تا شوێنێک دەتوانێ درێژە بەم کوردکوتانە بدات، بەڵام ناتوانێ زۆر درێژەی پێبدات، چونکە ئاگری ئەم شەڕە تەشک و داوێنی هەموو پڕۆژە و خەونەکانی دەسووتێنێت. کۆمەڵگەی تورکیاش چیتر بڕوا بە گفت و دروشمەکانی ناکات. پاساوەکانی ئەردۆغان زۆر لەوە لاوازترن کە خۆی وەک لایەنی مەغدوور بنوێنێت و شەڕێکی درێژخایەن بە سەر لایەنەکەی تردا بسەپێنێت. ئەستەمە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک جاران هاوسۆزی دەوڵەتی کۆماری تورکیا بێت.