بابەتی گەرم:

ئاوارە وڵات

تورکیا و دیزاینی توندوتیژی

Wednesday, September 9, 2015
ئاوارە وڵات

توندوتیژی لە بیچمە مۆدێڕنەکەیدا ئەگەرچی بەرهەمی کۆمەڵگای مۆدێڕن و ئاوەزی سیاسیی سەردەمە – لەو ڕوانگەوە کە مرۆڤ بوونەوەرێکی سیاسی و خاوەن مەیلێکی سیاسییانەی خۆپارێزی ئەویترپەرێزە – هاوکاتیش لە کولتووری خێڵ(وەک پڕۆتۆتیپێک) ئاو دەخواتەوە. کولتوورێکی داخراوی دەروونگەرا کە لەنێوخۆیدا بە دوای تەبایی و پێکەوەژیانێک لە سەر بنەمای بەرژەوەند و پەیوەندی خوێنی – خێزانی – خێڵەکیدا دەگەڕێت و لە دەرەوەشدا خەریکی چاوسوورکردنەوە لە خێڵەکانی دراوسێیەتی و هەر کات هەستی بە مەترسیی بەرتەسکبوونەوەی هەرێمی دەسەڵاتی خێڵ و کەمبوونەوەی لەوەڕگەکان و دابەزینی ژمارەی پەزەکانی کرد، لە قاپێلکە داخراوەکەی دێتەدەرەوە و رووی پەلهاوێژانە و پەرژینبەزێنی خۆی دەنوێنێت. لێرەدا توندوتیژیی خێڵەکی دەگاتە چڵەپۆپەی خۆی و کاردانەوەیەکی دارماڵ لە تاڵان و کوشتنی "ئەویتر"ەکەی نیشاندەدات.

دەسەڵاتی سیاسی، بە تایبەت ئەگەر مەیلێکی سەرکوتکەرانە و ئانتی دیموکراتیکی هەبێت و بێزی لە ڕەخنە و چەمکەکانی تۆلێڕانس و هەڵکردن لە گەڵ "ئەویتر" هەستێت، زۆر جار بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی و بەچۆکداهێنان، چاوترساندن و مەیدانبەدەرکردنی ڕکەبەرەکانی، بە ئاراستەی توندوتیژی و هەڵخڕاندنی غەریزەی توندوتیژیخوازانەی تاک، دەست بە دیزاینی کۆمەڵگای گشتی و جەماوەری خۆی دەکات. ئەوەی لە تورکیای ئەم رۆژانەدا بەدی دەکرێت، کۆپیای ئەو دەسەڵاتە سەرکوتکەر و فاشیستیانەیە کە سەرەتا لە رێی کەرتکردنی گۆڕەپان و کۆمەڵگای سیاسی و گشتاندنی لە کۆمەڵگای گشتیدا، سنوور و کەلێنی نێوان "خۆیی" و "ئەویتر" زەقتر دەکاتەوە و لە رێی "بەشەیتانیکردنی ئەویتر"ەوە، جەماوەر و بەرەی "خۆیی" بۆ توندوتیژی و سڕینەوەی "ئەویتری شەیتان" هان دەدات.

تورکیای ئەردۆغانی دوای هەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیران/ژووئەن، سیمای وڵاتێکمان پێشاندەدات کە دوای شۆکێکی سیاسیی توند، لە چەشنی چوونی ٨٠ نوێنەری بەرەی سیاسیی کورد بۆ پەرلەمان، بە تونێلی زەماندا چەند دەیە بۆ دواوە دەگەڕێتەوە و خۆی لە شەڕگەکانی خێڵ و بەتاڵانبردنی سەرمایە و بەرمایەی رکەبەرەکانیدا دەبینێتەوە. لەم کاتەدا دەور و دەرکەوتنی ئەردۆغان و وەزیر و دەمڕاستەکانی دەسەڵاتی سیاسی، زۆرتر لە هەڕەشە و کەفهەڵخڕاندنی سەرۆک خێڵێک و ئەو کوێخا و گزیرانەی دەچێت کە بە گوتاری حیماسی و ئاگرینەوە و بە "دەکووژین و دەبڕین"ەکانیان، تفەنگچییەکانی خێڵەکەیان بۆ شەڕی یەکلاکەرەوە لە گەڵ "ئەویتری مەترسیدار" تیندەدەن.

هەر ئەو کاتەی ئەردۆغان هەڵپەی دامەزراندنی سیستمی سەرۆکایەتی و بوون بە سوڵتانی تورکیای مۆدێڕن، وەک ئەسپەک لەسەریدا و ناچاری کرد لەپێناو دەستەبەرکردنی ٤٠٠ پەرلەمانتاری گوێڕایەڵ، شەقێک لە مێزی دانوستان و پڕۆتۆکۆڵی دۆڵمەباخچە هەڵدات، عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ماوەی چەند مانگی رەبەق گردەنشین بکات، بە گوڕ و گۆژمەیەکی زیاترەوە لەشکری داعش لە گیانی رۆژئاوا بەربدات و پڕۆسەی بە ناو ئاشتی و چارەسەریش وەک تەرمی کیژۆڵەکەی شاری جزیرێ بخاتە نێو ساردێنەوە، بە شێوەیەکی سیستماتیک و نەرم، دەستی بە دیزاینی توندوتیژی لە نێو کۆمەڵگاشدا کرد.

ئەم هەڵمەتە بە مۆدی هەموو "شەڕێکی نەرم"ی دیکە، لە رێی میدیا و بڵیندگۆکانی ئاژیتاسیۆن و پڕۆپاگەندەوە دەستیپێکرد و کۆبوونەوەی نهێنیی ئەردۆغان و میدیاخێوانی تورکیا و گۆڕانی لەناکاو و مەبەستداری هەناسە و هەڵوێستی بەشێک لە میدیا و شڕۆڤەنووسانی ئەو وڵاتەش، دەرخەری زۆر راستییە. ئەم گۆڕانە، گۆڕانێکی چەندی و چۆنی بە ئاراستەی هەمان ئەو شتەیە کە لە سەرەوە بە دیزاینی توندوتیژی ناوم بردووە. جگە لەو مانشێتە "سوور"انەی کە بە شێوەیەکی تراژیکۆمیک، بزووتنەوەی سیاسیی کوردی "داعشیزە" دەکەن و لە گوێن هێزێکی شەڕهەڵایسێنی ئاشتەنەویست و بێبەزەیی پێناسەی دەکەن، لە رووی کولتووریشەوە – چ بە نووسراوە و چ بە سینەما – بە وردی کار لە سەر دنەدانی هەست و غەریزەی توندوتیژیخوازانەی تاکی تورک بە نێوئاخنە فاشیستی و رەگەزپەرستی-ئیسلامییەکەی دەکەن. پەرەسەندنی رێژەی فیلمە سینەماییە ئەکشێنەکان لە کەناڵە پەڕبەسەرەکانی تورکیادا لەخۆڕا نیە. ئەو فیلمانەی کە بە جۆرێک نوێنەری "کولتووری توندوتیژیی هۆلیڤوودی"ن و لە زۆربەیاندا بە جۆرێک باس لە مەترسییەکانی دوژمن و هەڕەشەیەکی دەرەکی و هەوڵ و تێکۆشانی "X-Man" و "رامبۆ"کان بۆ رزگارکردنی "خۆیی"یەکان لەو مەترسییانە دەکرێت.

هەر لەم سۆنگەیەدا شتێکی بە سوتفە نەبوو، کاتێک ساڵی ٢٠٠٥ و لە گەرمەی تەشەنابوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان گەریلا و سوپادا، پرفرۆشترین کتێبی ساڵی تورکیا، "شەڕی من"ی هیتلەر و پڕبینەرترین دراماش، درامای مافیای سیاسی تورکیا بە ناوی "دۆڵی گورگەکان" بوو. "دۆڵی گورگەکان" درامای سەرکەوتنە وەهمییەکانی "کۆماری تورک" بە سەر ئەو کورد و ئەمریکی و ئیسڕائیلییانەدا بوو کە لە شاخەکان "مەمەتچیک" و کۆماندۆکانی "بۆردۆبەرەلی" وەئامان هێنابوو، لە شاری سلێمانی توورەکەی لە سەری پیاوەکانی میت دەکرد و هەڵیدەکوتایە سەر کەشتیی مەڕمەڕە و بە رووقایمییەکی زۆریشەوە باڵیۆزی "تورکیای مەزنی" لە سەر کورسیلەیەکی ١٠ سەنتیمی دادەنیشاند. ئەوەی لە مەیدانی جەنگ و لە گۆڕەپانی سیاسەت و دیپلۆماسیدا بە ژەنراڵ و بۆینباخ سوورەکانی ئەو وڵاتە نەدەکرا و ببوو بە گرێیەکی قورس بە سەر دڵ و دەروونی تاکی ئاتاتورکچییەوە، لە جیهانی وەهمیی دراما و سینەمادا هۆی دەدرایەوە و بەردەنگ و جەماوەرەکەی بە جۆرێک لە ئۆرگاسمی زەینی دەگەیاند. ئەمە جگە لە پڕکردنی مەخزەنەکانی رق و تۆڵە لە ناخ و مێشکی ئەو کۆمەڵگایەدا و ئامادەکردنیان بۆ ئەوەی هەر کات ویستی، بە رووی "ناحەزان" و "ئەویتری شەیتان"دا بیتەقێنێت.

دووکەڵ و سووتمانی بارەگاکانی هەدەپە لە شارە تورکنشینەکاندا، بەکۆبانیکردنی شارەکانی جزیرە، شەمزینان، سلۆپی و فاڕقین و پەلاماردانی ماڵ و دووکانی کوردەکانی دانیشتووی مەترۆپۆڵەکانی تورکیا و دەیان توندوتیژی تر لە بەرگی پەرلەمانتار، سوپا، پۆلیس، جەماوەری هاندراو و مەکیاژکردنیان لە لایەن میدیای سێبەری ئاکەپە و گورگە بۆرەکانەوە، بەرهەمی "دیزاینی توندوتیژی" لە لایەن دەسەڵاتی سیاسییەوەیە. ئەم دیزاینە بەرەبەرە دەچێتە نێو فۆڕم و فازێکی خوێناویتر و مەترسیدارترەوە. لە فۆڕمی "لینچی سیاسی" لە گوتارە نالۆژیکی و چەواشەکانی ئەردۆغان و داودئۆغڵوو دژ بە بزووتنەوەی سیاسی کوردی و لایەنگرەکانییەوە، بەرەو فۆڕمی "لینچی جەستەیی" ئەو مرۆڤانە دەچێت کە تاکە پاساو بۆ "لێدان"یان و "بە تۆپزی ماچپێکردنی کەللەسەری کۆتەڵی ئاتاتورک"، کوردبوونیانە.

"دیزاینی توندوتیژی"، رەهەندێکی مەترسیداری دیکەشی هەیە کە بریتییە لە دوورخستنەوەی بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن، بە تایبەتیش ئەو دەڤەرانەی کە بە کوانوو و پاڵپشتی بزووتنەوەی سیاسیی کورد دادەنرێن. ئامانج، هێشتنەوەی هەدەپە لە ژێر بەربەستەکە و بەدیهاتنی خەون و خولیای ئەردۆغان بۆ بردنەوەی ٤٠٠ پەرلەمانتار و کوتانی بزماری ئەرخەیانی لە تەختی پاشایەتییەکەی و خەوێکی ئاسوودە لە کۆشکە ١٥٠٠ ژوورییەکەی "بێشتەپە"دایە. 

ئایا ئەم دیزاینە، ئەردۆغان بە مرازەکانی دەگەیەنێت؟
بەشی هەرە زۆری وەڵامەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کاردانەوەی هەدەپە وەک لایەنی یاسایی و سیاسیی بزووتنەوەی سیاسی کورد. ژاربەری "توندوتیژی" لە جیهانی سەردەمدا، پەرەپێدانی فەلسەفەی تێکۆشان و گوتار و هەڵوێستی "ناتوندوتیژ"ە. هەر ئەو شتەی کە ئێستا هەدەپە دەیکات. سیاسەتێک کە تەنانەت چالاکییە گەورەکانی گەریلاش، ناتوانن لە رووی مەشرووعییەتی سیاسی و پێگەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە، خەوشەداری بکەن. 

بەڵام ئەوەی کە ئەم گوتارە لە هەڵبژاردنی پێشوەختدا چەندە بە هانای هەدەپەوە دێت و لە ململانێی "دیزاینی توندوتیژی" و "توندوتیژنەویستی"دا، ئاخۆ گڵۆپەکەی ئاکەپە شۆقی زیاتر دەبێت یان داربەڕووەکەی هەدەپە زیاتر پژوپۆ دەردەکات، هێشتا دیار نیە. وەڵامدانەوەشی لەم کەشە گرژ و ئاڵۆزەی ئێستای تورکیادا، کارێکی ئاسان نیە.

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷