بابەتی گەرم:

ئاوارە وڵات

هێما و ئانتی هێما، نموونەکانی باکوور و رۆژهەڵات

Friday, February 12, 2016



 ئاوارە وڵات

چیرۆکی ئەم تێهزرینەم لەوێوە دەستیپێکرد کە دەزگای چاودێریی رادیۆ و تەلەفزیۆنەکانی تورکیا، وەشانی کلیپی گۆرانیییەکی کوردی قەدەغە کرد. هۆکاری سەرەکیی بڕیارەکەی دەزگای سانسۆڕی ئەو وڵاتە، زوومکردنی کامێرا لە سەر ئەو پێڵاوە مەیلەوزەردانە بوو کە مارکی "مێکاپ"(MEKAP)یان لە سەرە. دەزگای سانسۆڕ، وەک دەزگایەکی تەواوکەر و جمکەی سیستمێکی داپڵۆسێنەر و سەرکوتکەری سیاسی کە دەیهەوێ گەلێک لە هەموو رەنگ و هێما مێژوویی، فەرهەنگی و نەتەوەییەکانی بسڕێتەوە، باش دەزانێ بۆچی و چی قەدەغە کردووە. ئەو شتێک قەدەغە دەکا کە لە پرۆسەیەکی چەند ساڵەی ململانێی مافخوراو – مافخۆر، داگیرکراو – داگیرکەر و شۆڕشگێڕ – سوپای ستەمدا، لە مارکەیەکی بازرگانییەوە بووە بە یەکێک لە هێماکانی شۆڕش و بەرخۆدان. ئەو کاتەی مێکاپ دەبێتە هێمایەک بۆ هاتن و رێپێوانی شۆڕشگێڕانەی ئەو شەڕڤان و گەریلایانەی کە گا لە شاخ و گا لە شار، خورپە دەخەنە دڵی سوڵتان و گزیرەکانییەوە. مێکاپ و مێکاپ لەپێکان، تۆزکاڵێک لەو هەموو کەرەستە و ناوانەن کە لە باکووری وڵاتدا بە هێما کراون و بوون بە بەشێک لە فەرهەنگی خەبات و بەربەرەکانێ و چوونە نێو لیتەراتۆری شۆڕش و دژە-شۆڕشەوە. 

لەوێ هێماکان زیاد دەبن، بەڵام جێگۆڕکێیان پێ ناکرێت. لە گەڵ پێشڤەچوونی ئەو شۆڕشە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییە، بەستێنەکە دەکەوێتە زاووزێ و هێماکان هەر دێ، گەورە و گەورەتر دەبنەوە. هێماکان تەنها لە سەرکردەیەک، لە شاخێک و شارێکی قەڵاییندا قەتیس نامێننەوە. بەڵکوو بۆ نێو هەموو تاک و کۆڵان و گەڕەک و شارێکی ئەو جوگرافیایە شۆڕدەبنەوە کە بەدوای چەمکی ژیانی ئازادەوەیە. هەر ئەوەیە وا دەکات کە گوێی چوار قوڕنەی نیشتمان و بەشێک لەم گۆی زەوییە، ببێتە ئاشنای ناوی یەکە بە یەکەی گەڕەکەکانی جزیرێ، سلۆپی، فاڕقین و ئامەد. لەوێ ئیتر هەر تاکێکی کورد، هەر ماڵ و گەڕەکێکی کورد، هێمایەکن بۆ مانەوە، زیندووبوون و کۆڵنەدانی ئەو گەلەی کە سیاسەتی سەد ساڵەی قەڵاچۆ و لەخۆنامۆکردن، دەڕۆستی نەهاتووە و نەیتوانیوە چۆکی پێ دابدات. لەوێ "کەسک و سۆر و زەر" هێمان، پیتە کوردییە قەدەغەکان هێمان، زمان هێمایە، بۆیە دەزگای سەرکوت دەیهەوێ لە رێی لێدان و داگیرکردنی بواری هەناسەدانی هەموو ئەم هێمایانە، نەتەوەیەک بە کۆیلە بکات. بۆیە دەیهەوێ بە ماڕشی "مێهتەر"ی عوسمانییەوە دووبارە ئەم جوگرافیا پڕ لە هێمایە داگیربکاتەوە، خانووەکانی تێکبڕمێنێت، مرۆڤەکانی بکووژێت و تەرمەکانیشیان بەدوای زرێپۆشدا راکێشێت. چونکە هەتا هێماکانی بەرەنگاری و ژیان مابن، لەوێ تەسلیمبوون و ژیانی سەرشۆڕانە، نابێت بە فەرهەنگی زاڵ و دۆخی باو.

ئێمەی کوردی رۆژهەڵاتیش ئەزموونێکی سەد ساڵەمان لە گەڵ ئەم ململانێیە و ئەم سیاسەتە هێماخنکێن و لەهێماتۆقیوە هەیە. بۆیە ئەم چیرۆکە بۆ ئێمە نامۆ نیە. ئێمەش سەد ساڵە لە گەڵی دەژین و لە شەقامەکانی سەرکوت و ستەمدا پیاسەی لە گەڵ دەکەین. هەر لە رەزا شای پەهلەوییەوە -کە نێفەکی دەبڕی و لە رێی بەکارهێنانی هێما و کەرەستەکانی مۆدێڕنیتەوە، دەیویست دەست بە سەر هەموو جومگە و سەرمایە فەرهەنگی و نەتەوەییەکانی ئەم جوگرافیایەدا بگرێ-  هەتا دەگاتە ئێستامان کە خەریکن بە کلیلێکی وەنەوش، قفڵ و قەڕازەی کۆیلەتی و ژێردەستییەکی مۆدیڕن لە ئەستۆمان شەتەک دەدەنەوە. 

کۆماری ئیسلامیش وەک پاشەبەرەی ئەو رژێمە هێماتۆقیوەی کە بۆسەی بۆ سمکۆ شکاک دادەنا و لە چوارچرای مەهاباد تەنافی سێدارەی لە ملی قازییەکان دەکرد و پاشان گۆڕەکەیانی تەریک و پەراوێز دەخست، هەر لە یەکەم رۆژانی لەقاودرانی نیاز و کاکڵی راستەقینەی بۆ داگیرکردنی ئیرادەی ژیانی ئازادی ئەم گەلە، دەستی بە دژایەتی، لێدان و سڕینەوەی هێماکانمان کرد. لە ئێعدامی بە کۆمەڵی هێماکانی رێکخستن و بەرگریی جەماوەر لە شارەکاندا و لە قەدەغەکردنی ناوە کوردییەکان و خاپوورکردنی ئەو گوندانەی هێلانە و پشت و پەنای پێشمەرگە بوونەوە بگرە، هەتا دەگاتە شکاندنی بەردەوامی کێلی شەهیدان و تیرۆری ئەو کەسانەی کە لای گەلەکەیان، هێمایەک بوون بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد و دۆخێکی ئاسوودە. 

لەوێیە کە تەنانەت فوئاد مستەفا سوڵتانی دوای شەهیدبوونیشی، هێز و بارستی خۆی وەک هێمایەکی زیندوو و خۆڕاگر، وەک هێمای چینی زەحمەتکێش و چەوساوەی کۆمەڵگەی کوردەواری دەپارێزێ و خەو لە چاوی ستەمکار دەزڕێنێت. بۆیە تاکە رێگەی بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێمایە، لە شەهیدکردنی دووبارە و چەند بارەیدا دەبینێتەوە و بە خەیاڵی خۆی، بە شکاندنی کێلی گۆڕەکەی دەتوانێ ئەو هێما ئەفسانەییە بڕووخێنێت. بەڵام کێل و گۆڕە شکاوەکەی کاک فوئاد، هێمایەکی بەهێزترە لە جاران. هێمای کڵۆڵی و دەستەوەستانیی ستەم و داگیرکەر. هێمای ئەوەی کە هێشتا کانیاوەکەی کوێر نەبوەتەوە و ئەگەر جارێک سیمانڕێژی بکەن، چەندان جار و لە چەندان کون و گۆنجەی دیکەوە بە رووی رژێمی بیابان و قاقڕیدا دەتەقێتەوە.

لەوێیە کە ژنی کورد دەبێتە هێمایەکی پاکژ و بەهێز بۆ بەشداری لە گۆڕەپانی سیاسەتدا و بۆ بڕیاردان لە سەر چارەنووسی خۆی(لە بەرگی ژندا وەک رەگەزی ژێردەستی پلە دوو و لە بەرگی کورددا وەک تاکی نەتەوەیەکی ژێردەست و پلە خوار)، بەڵام ئانتی هێماکە لە زینداندا، بەو لۆژیکە نێرسالارە دینییەوە کە چۆن خەوشەدار و بێ هێزی بکات و بە خەیاڵی خۆی بیبەزێنێ و بە "زەعیفە"ی بکات، بەر لەوەی لەسێدارەی بدات، بەردەوام و بەردەوام ئەشکەنجەی دەداتەوە و دەستدرێژی دەکاتەوە سەر.

لەوێیە کە قاسملوو و شەڕەفکەندی، لەوێیە کە سدێقی کەمانگەر، لەوێیە کە شیوەسەڵییەکان، فەرزادی کەمانگەر و شیرینی عەلەم هوولییەکان، دەبنە هێمایەکی خۆشەویستی بەرەی گەلەکەیان و هێمایەکی تۆقێنەری بەرەی ستەمکار. بۆیە هەر لە سۆنگەی لێدان و سڕینەوەی هێماکانەوە، تیرۆریان دەکەن و لەسێدارەیان دەدەن. چونکە دەزانن مانەوە و هەناسەدانی هێماکان، واتا بەرتەنگبوونەوەی بوار و مەوداکانی زوڵم و بێدادی و کەمبوونەوەی دەرەتانی پاکتاو و لەخۆنامۆکردنی گەلێکی بندەستی مافخوراو.

دەکرێ بڵێین؛ گێڕانی تەرمی سولەیمانی موعینی و پێشمەرگە گیانبەختکردووەکانی بزووتنەوەی چەکدارانەی ١٩٦٧- ١٩٦٨نموونەیەکی زەقی ململانێی هێما  و دژەهێما لە رۆژهەڵاتە. ئەو کاتەی هێمایەکی زیندوو و لەسەرپێ، تەرمەکەی لە شاخەوە دەهێنرێتەوە شار و دەخرێتە بەر پێی سەرباز و تفباران دەکرێت. لەوێدا دژەهێماکان بە خەیاڵی خۆیان، هێمایەکی گەورە و مەترسیداریان سڕیوەتەوە و خستوویانەتە بەر پێی ئەو پۆستاڵانەی کە پارێزوانی هێما هاوردەکانی شاهەنشایەکی زاڵمی نامۆ بەم خاک و خەڵکەن. بەڵام ئەو فرمێسک و هەنیسکانەی لە چاو و گەرووی مێرمنداڵ و لاوەکوردی شایەتحاڵی ئەم جینایەتەدا پەنگدەخۆنەوە، بەرەبەرە لە مێشک و دڵی تاکی بەویژدانی ئەو کۆمەڵەدا، هێمایەکی گەورەتر و بەهێزتر و مەترسیدارتر لە "هێما کوژراوەکە" دەخوڵقێنن. 

ئێمەی رۆژهەڵاتی بە سێ شێوە لە ململانێی هێما و دژەهێماداین و بەرەی ئانتی هێما پتر بەم سێ شێوازە کەڵەوەکێشیمان لە گەڵ دەکات:
١- ناهێڵن لەم جوگرافیایەی رۆژهەڵاتدا، هێمای نوێ ساز بێ و بە هەموو شێوە و فەند و فێڵێک رێی لێ دەگرن.
٢- لە هێماکانمان دەدەن، دەیانکووژن، دەیانسڕنەوە، قەدەغەیان دەکەن، ئەگەر بۆشیان نەلوا، کاڵ و کەمڕەنگی دەکەنەوە.
٣- هەوڵدەدەن هێماکانی خۆیانمان بەسەردا بسەپێنن و بە هێمای خۆمانیان بزانین و لەم رێیەوە بمانکەن بە کۆپییەک لە ناسنامەی خۆیان. 

با نموونەیەک لە خۆمان بێنمەوە؛ لای ئێمە "ناوی کوردی" بووە بە هێما، لەوڕا خەڵکانێک لە رێی ناوی کوردییەوە بەرەنگاری دۆخی سەپێندراو دەبنەوە. یانیش لەم رێیەوە داکۆکی لە بوون و هەویەتی خۆیان دەکەنەوە. دیاردەی دووناوەبوونی تاکی کورد لە زۆر دەڤەری رۆژهەڵات، کە یەکێک لە ناوەکان ناوێکی کوردی تۆمارنەکراو لە سەر پێناسی کەسەکەیە، هەروەها دانانی ناوی کوردی بۆ شوێن و دووکانەکان و جۆر و رەنگی ئەو جلوبەرگە کوردییانەی کە بە بۆنە و بێ بۆنە بەکاریدێنن، ئاماژەیەکە بە هەستوەربوونی مەدەنییانەی کۆمەڵگەی رۆژهەڵات لە ئاست هێماکانیدا.

ئەم شعوور و هەستە بەکۆمەڵ و گشتییەیە کە بە شێوەیەکی خودئاگا و خۆڕسک- بەڵام رێکنەخراو- هێماکانی خۆی هەڵدەبژێرێت، هێماکانی خۆی ساز دەکات و پاشان لە شعوور و هەستێکی گشتییەوە دەگاتە ئیرادەیەکی بەکۆمەڵ و گشتی، کە بە مەبەست و بێ مەبەست بەکاریدێنێت و بە سەرمایەی خۆی دەزانێت. لەوڕا دەبێ ئەم چەخماخەیە لە مێشکماندا لێبدات کە؛ چۆن کار لە سەر هێماکانمان بکەین، چۆن هێما حیزبییەکان زیاتر لە گەڵ هێما گشتی و نیشتمانییەکانی رۆژهەڵات موتوربە بکەین و کار بۆ بەهێزکردنی فەرهەنگی هێماکان بکەین و بیکەینە بەردەبازێک بۆ پەرەپێدانی هاوهەستی و هاوپشتیی گەل و بە یەکێک لە ئامراز و مەتەرێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی سیستمی داگیرکار. هاوکات وێڕای زۆر مێتۆد و شێوازی دیکە، چۆن شعوور و خودئاگایی مەدەنی و رێکنەخراوی کۆمەڵگەی رۆژهەڵات، بکەین بە شعوورێکی مەدەنی – سیاسیی رێکخراوی وەها کە بزانێ کەنگێ، چۆن، لە چ ئاستێک و لەپێناوی چیدا، وەک هێمایەکی زیندوو و لەسەرپێ، تێکەڵی رایەڵکەکانی سیاسەتێکی چالاک و تێکەڵی گۆڕەپانی تێکۆشان و بەرەنگاری بێت.

هێماکانیش وەک خۆمان لەدایکدەبن، دەژین و دەمرن. ئەوانیش تەمەن و مەودای بڕست و بارستی خۆیان هەیە. هەتیوهێشتنەوەی هێماکان، ئاوڕنەدانەوە لێیان و کارنەکردن لە سەریان، بەرەبەرە کاڵ و کرچیان دەکاتەوە و لە گەشبینانەترین حاڵەتدا، تەنها وەک بیرەوەرییەکی پیرۆز و بەڕێز، لە زەینی کۆمەڵگا یان بەشێکی بچووکی کۆمەڵگادا دەیانهێڵێتەوە. 

جاری وایە چاندنی نەمامێک لە سەر سووتماکی جەنگەڵێک، دەبێتە قەڵەمبازێکی بچووک بەرەو درووستکردنی هێمایەک بۆ مانەوە، بەرخۆدان و ژیانی ئازاد. ئەگەر بە وردی بیری لێ بکەینەوە، بەرنامەمان بۆی هەبێت و تێیبگەین.

 

پەیوەندی‌دار:

" فێمێنیزم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان"

پرسی "هەڵبژاردن" لە رۆژهەڵاتی کوردستان (بەشی یەکەم)

هەڤپەیڤین لەگەڵ ئەرگین ئوێپەنگین سەبارەت بە بارودۆخی زمانناسیی کۆمەڵایەتیی زمانی کوردی لە تورکییە

" کۆمەڵگای فێدراڵی خۆسەر لە ئانارشیسمەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان"

وازهێنانی عەزیزی، دەرفەتێک بۆ حدک

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷