ئاوارە وڵات
لە کوێوە بۆ کوێی دیالۆگی کورد و تورکیا
Friday, March 18, 2016
ئەلف) بەرکوڵ؛ لە کوێوە دەستی پێکرد؟
بزووتنەوەی سیاسیی کورد و دەوڵەتی تورکیا، لە دوو روانگەی جیاوازەوە دەستیان بە دیالۆگ و پرۆسەی چارەسەریی کردبوو.
یەکەم؛ لایەنی کوردی، لە رووی "قەناعەت و پێویستی"یەک بوو. ئەو قەناعەتەی کە چەند ساڵێک بوو لە چەمک و گوتاری یەکێتیی دیموکراتیکی کورد - تورک و چارەسەریی ئاشتییانە و دیموکراتیکی پرسی کورددا فۆرمووڵە دەکرا. هەروەها پێویستیی ئەوەی کە کورد بێتە نێو فازێکی نوێی خەباتی سیاسی و پەرلەمانی و بە شێوەیەکی ئەکتیڤ لە کایەی سیاسی و لێگالی تورکیادا بەشدار بێت.
دووەم؛ لایەنی دەوڵەت، لە رووی "ناچاری و روئیا"یەکەوە. ئەو ناچاری و روئیایە چ بوو؟ تورکیا بۆ بەرەوپێشبردنی خەون و روئیا پان-ئیسلامیزمە تورکیەکەی، دەبوو سەرەتا لە نێوخۆدا، بە شێوەیەکی تاکتیکی و ماوەکورتیش بێت، گەورەترین کێشەی وڵاتەکەی لە کۆڵ خۆی بکاتەوە کە کاریگەرییەکی قووڵی لە سەر سەقامگیریی سیاسی و تەنانەت ئابووریش دانابوو، ئەویش کێشە و پرسی کورد و بزووتنەوەیەکی چەکدارانە و سیاسیی گەورە بوو. بۆ ئەمەش ناچار بوو هەموو ئەکتەرە کاریگەرەکانی بزووتنەوەی سیاسیی باکووری کوردستان، واتا پەکەکە و هەدەپە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە موخاتەب دانێ. لەوێشەوە زەمینەیەک بۆ گەیشتن بە مەرامەکانی بڕەخسێنێ کە یەکێکیان؛ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانیی ئێستای ئەو وڵاتە بۆ سیستمی سەرۆکایەتی و زیادکردنی هەژمۆنیی ئەردۆغان و ئاکەپە بوو.
بە ڕای من، پتر لە فاکتۆڕە ناوخۆییەکانی تورکیا، فاکتۆڕێکی دەرەکی بوو کە زۆرترین کاریگەریی لە سەر پەککەوتنی پرۆسەی چارەسەریی هەبوو. ئەویش پرسی کورد لە رۆژئاوا و هاتنە گۆڕێی کانتۆنەکانی ئەو بەشەی کوردستان بوو. ئەمە دیاردەیەک بوو کە لە "قووڵایی ستراتیژیی" ئاکەپەدا حیسابی بۆ نەکرابوو و لە گەڵ نەخشەکانی ئەو وڵاتە بۆ گۆڕینی رژێم و دیزاینی سیاسیی سووریا و ناوچەکەش نەدەگونجا. لێرەوە بوو کە بەرپرسانی ئەنقەرە، بە راشکاوی دژایەتیی خۆیان بۆ دامەزرانی هەر چەشنە کیانێکی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند، تەنانەت هەموو جۆرە یارمەتییەکی ئەو گرووپە رادیکاڵە ئیسلامییانەیان دا کە لەوێ بەگژ کانتۆنەکانی رۆژئاوادا چووبوون. لە هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانیشدا ئەمەی گەیاندە لووتکەی خۆی.
هەم لایەنی کوردی و هەم لایەنی دەوڵەت، لە بابەت رۆژئاوای کوردستانەوە کۆمەڵێک "هێڵی سوور"یان دانابوو. رێکخشان و "اصطکاک جنبشی"(رێکخشانی جووڵەیی)ی ئەم هێڵە سوورانە، ئەو مێزەی قوڵپاند کە هەر دوو لا "بە نێوی دیالۆگ و چارەسەری" لە دەوری کۆببوونەوە. لە زانستی فیزیکدا دیاردەیەک بە ناوی "اصطکاک تر"(رێکخشانی تەڕ) هەیە و ئەویش بریتییە لەوەی؛ لە کاتی بەریەککەوتن و رێکخشانی دوو ماددەدا، ماددەیەکی شلەمەنیی سێیەم وەک ئاو و رۆن لە نێوانیاندا هەبێت. لە "اصطکاک جنبشی"ی هێڵی پەکەکە/هەدەپە و دەوڵەتی کۆماری تورکیادا، رووداوەکانی نێوخۆی سووریا و ئاکتۆڕگەلی وەک دێفاکتۆی رۆژئاوای کوردستان و گرووپە چەکدارە ئیسلامییەکانی دژبەری ئەم دێفاکتۆیە، رۆڵی "ماددەی شلەمەنیی سێیەم"دەگێڕن.
هێڵە سوورەکانی ئاکەپە لەمەڕ رۆژئاوا و دژکردەوە توندەکانی لە بەرانبەر خۆسەریی کانتۆنەکانی ئەوێ، راستگۆیی و نیازپاکیی تورکیای لە بابەت چارەسەریی دیموکراتیکی پرسەکە و بەردەوامبوون لە پرۆسەی ئاشتی، خستە ژێر پرسیارەوە.
دوایە ئەو "سیاسەتی ئیزۆلاسیۆن"ەی کە لە بەرانبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیی پەکەکە گرتیەبەر و هەتا ئێستاش درێژەی پێداوە، سەرەکیترین کۆڵەکەی پێشڤەبردنی پرۆسەکە و سەرەکیترین بەردەنگی دەوڵەتی لە گۆڕەپانەکە سڕییەوە.
هەروەها، دەوڵەت لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی ٧ی ژوئەنی پارەکەدا و دواتریش، هەڵمەتێکی بەرینی هەم بۆ رێگرتن لە چوونی هەدەپە بۆ پەرلەمان و هەمیش بۆ زەربەلێدان لە سەرکەوتنە ١٣%ییەکەی ئەو پارتە گرتەبەر. هەر ئەو کاتیش بوو کە ئەردۆغان بە توندی دژی رێککەوتننامەی "دۆڵمە باخچە" وەستایەوە کە شاندی هەدەپە و نوێنەرانی رەسمیی حکوومەت لە سەری ساغ ببوونەوە و بە هەنگاوێکی گرینگی پرۆسەی چارەسەری لەقەڵەمدەدرا.
واتا؛ لە سەرووی هەموویانەوە "سەنگەر گرتن لە ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان"، دوایەش "ئیزۆلەکردنی ئۆجەلان" و ئەمڕا "هەوڵدان بۆ سڕینەوە و لاوازکردنی هەدەپە" لە لایەک، لەولاتریش پەرەسەندنی هێژمۆنیی پەکەکە(وەک هێڵی گشتی) لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان و هەوڵەکانی بۆ کردنی"خۆسەریی دیموکراتیکی شار و ناوچەکانی باکووری کوردستان" بە ئەمرێکی واقیع، هەر دوو لایەنی لێک خەفتاند و نەختەنەختە لە ئارێنای سیاسەتدا، بەستێنێکی گرژی خوڵقاند و گەیاندیە ئەم شەڕ و تێکهەڵچوونە خوێناوییەی کە ئێستا دەیبینین.
ب) بۆچی ئەم شەڕە برایە نێو شارەکان؟
لە گەرمەی دانوستانەکانی پرۆسەی چارەسەریی و ئەو تەقەوەستانەی لە باکووری کوردستان هاتبوە ئاراوە، پەکەکە و هەدەپە هەلێکی لەباریان بۆ هەڵکەوت تا بە دەستێکی ئاوەڵا و خاترێکی ئاسوودەترەوە کار بکەن و جەماوەری خۆیان رێکبخەن. ئەگەر لایەنێکی ئەم رێکخستنە، لایەنی جەماوەری و سیاسی بێت کە هەدەپە دەیکرد، لایەنێکی دیکەی رێکخستنی هێزی چەکدار لە ژێر ناوی "هێزی بەرگری و پاراستنی سڤیل" لە نێو شارەکاندا بوو. ئەمەش بزووتنەوەی سیاسیی کوردی لە شارەکاندا کردە هێزێکی رێکخراوی گەورە کە هەم هێزی شەقام و سیاسەتی هەبوو، هەمیش شانەی نهێنی و چەکدار کە بەم قەوارەیە لە مێژووی خەباتی پەکەکەدا نموونەی نەبوو. ئەمەش دەیسەلماند کە پەکەکە وێڕای ئەو "قەناعەت و پێویستی"یەی بە دیالۆگ و پرۆسەی چارەسەری هەیبوو، هاوتەریبی فۆبیا سیاسی و دیپلۆماسییەکانی ئەنقەرە لە ئاست پێگەی کورد لە ناوچەکەدا، کەوتبوە کەڵکەڵەی راستگۆیی و نیازپاکیی بەرەی تورکیا و لە سۆنگەی ئەم گومان و نیگەرانییەوە، خۆی بۆ ئەگەری لەبارچوونی پرۆسەکە ئامادە دەکرد.
ئەمە بەرەبەرە وای کرد، هەیکەلی پەکەکە لە شاخەوە بێتە نێو شار و ئەو حیزبە لە فازی "خەباتێکی شاخ-تەوەر"ەوە بێتە نێو فازی "خەباتێکی شار-تەوەر"ەوە. دەوڵەتی تورکیا خۆی ئاگاداری ئەمە بوو، بەڵام تا سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی ٧ی ژوئەن کە پێویستی بە راگرتنی سەقامگیریی نێوخۆیی هەبوو، تا رادەیەک چاوپۆشی لێ دەکرد و نەیدەویست بەر لە وادەی خۆی و بەر لە کاتی پێویست، تووشی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانە بێت و ئەو ئارامییەی لێ بشێوێت کە وەک تاکتیک، ناچاری بوو.
لە گەڵ تێکچوونی پرۆسەکە، دەسەڵاتی تورکیاش زۆرترین گوشاری خستە سەر باڵی سیاسیی بزووتنەوەی کوردی و بۆ سەر شارەکان و زۆرترین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیشی هەر بۆ سەر ئەو شارانە ئەنجامدا کە تێیدا هەژمۆنیی لایەنی کوردی سەردەست بوو. واتا تورکیا رووبەڕووی ئەزموون و مۆدێلێکی نوێی پەکەکە و بزاڤی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی خەڵک ببۆوە، ئەویش جۆرێک لە "نافەرمانیی نیمچە مەدەنیی و چەکدار" لە شارەکاندا بوو. پەلاماری پۆلیس و ئەرتەشی تورکیا بۆ سەر شارەکان و ئەو کاولکاری و کۆمەڵکوژییەی کە بە تایبەت لە جزیرێی بۆتان و سووری ئامەد ئەنجامی دا، هەوڵێکە بۆ شکاندنی ئیرادەی سیاسی و ئیرادەی مەدەنی و نەتەوەیی کورد لە باکووری کوردستان. دەوڵەتیش دەزانێ، چیتر هەیکەل و ئیرادەی هێزی پەکەکە لە شاخ و بەندەنەکاندا قەتیس نیە کە بە کێوماڵ و لەشکەرکێشی بۆ سەر شاخەکان بەگژیاندا بچێتەوە. بەڵکوو، ئێستا ئەو هەیکەل و ئیرادەی هێزە لە نێو جەرگەی شار و شەقامەکاندایە و لە لۆژیکی کلاسیکییانەی دەوڵەتیشدا، لەنێوبردنی ئەم هەیکەل و ئیرادەیە، تەنها لە رێی کوشتنی جەماوەر و وێرانکردنی شار و گەڕەکەکان و بە گوتەی ئەردۆغانیش؛ "لەگۆڕنانی خەڵک لەو خەندەقانەدا" بەدیدەهات کە لە کۆڵانەکان هەڵکەندرابوون.
پ) ئەم شەڕە بۆ کوێ دەڕوات؟ ئاخۆ لایەنەکان دەگەڕێنەوە سەر مێزی دیالۆگ؟
تورکیا هەر ئێستا بە تەواوی پێی لە شەڕێکی ناوخۆیی لە گەڵ لایەنی کوردی ناوە. واتا لایەنەکان لە دیالۆگێکی سیاسیی لە سەر بنەمای داننان بە ئیرادەی بەرانبەرەوە گەیشتوونە شەڕێکی دەستەویەخەی چەکداریی لە سەر بنەمای رەتکردنەوەی یەکتر و هەوڵدان بۆ شکاندنی ئیرادەی بەرانبەر. راگرتنی ئەم شەڕە لە حاڵی حازردا و بەو هەناسە توندەی کە دەسەڵاتی ئەنقەرە هەیەتی و بەو پەرچەکردارە توندەش کە پەکەکە بە گوتار و بە چەک نیشانی داوە، ئەگەرێکی زۆر لاوازە. راگرتنی شەڕەکە بەندە بە چەند خاڵ و فاکتۆڕەوە. بە داخەوەش دەسەڵاتی سیاسیی دەسپێشخەرییەکی وەها رەق و بەزەبروزەنگی بۆ دۆخە کردووە کە رەچاوکردنی بەشی هەرە زۆری خاڵ و فاکتۆڕەکان، دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەت و شەخسی ئەردۆغان.
بۆ نموونە؛ پێویستە تورکیا بەرەبەرە هێڵە سوورەکانی خۆی لەمەڕ ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان کاڵ بکاتەوە و نەیهێڵێت. واتا "وەرچەرخانێک لە مێنتالیتە و دکتۆرینی قووڵایی ستراتیژیی" خۆیدا بکات و لە جیاتی ئەو کوردۆفۆبیایەی هەیەتی، دیدێکی پۆزەتیڤی بۆ ئەم ئەزموونە و بە تایبەتیش ئەم فیدراسیۆنە نوێیەی ئەوێ هەبێت. هەر ئەوەش کە ئیرادەی سیاسیی کورد لە سووریا دەیهەوێ لە چوارچێوەی سنوورەکانی سووریادا و لە ژێر چەتری سیستمێکی فیدراڵی دیموکراتیکدا بمێنێتەوە، دەبێ پێشوازی لێ بکات. لەوەش ئەرخەیان بێت کە دیموکراتیزەبوونی زیاتری تورکیا لە سەر بنەمای پێدانی مافی یەکسان و ئازادیی زیاتر بە کورد، نە تەنها دابەشی ناکات، بەڵکوو گەرەنتیی لەسەر پێ مانەوەی ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی سەقامگیر و بەهێزیش دەبێت. ئەو کاتەیە کە تورکیا دەتوانێ وەک زلهێزێکی ناوچەکە، پیشەنگایەتیی گۆڕانکارییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکات.
دوایەش پێویستە ئەو ئیزۆلاسیۆنە توندە لە سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵگرێت. چونکە تەجروبەی ئەم ماوەیە نیشانیداوە کە تەنها "کاریزمای ئۆجەلان"ە کە دەتوانێ پەکەکەش و هەدەپەش بۆ گرتنەبەری "سیاسەتێکی نەرم و تۆلێڕانسی زیاتر" بە قەناعەت بگەیەنێت. هەتا ئۆجەلان لە دەرەوەی کایەی سیاسەت بهێڵدرێتەوە، کایەی سیاسەت و چارەسەریی پرسی کورد ناتوانێ لەم بنبەستە بێتەدەر. بۆیە دەبێ بەر لەوەی گرێی ئێستای تورکیا ببێت بە گرێکوێرە، دووبارە سەرێکی هەوداکە بداتەوە بە دەست ئۆجەلان و لە گەڵی دەست بە دیالۆگ بکاتەوە.
هەروەها؛ دەروازەکانی سیاسەتی دیموکراتیک بە ئاوەڵایی بهێڵێتەوە و کۆتایی بە زەخت و گوشارەکانی بۆ سەر هەدەپە و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی ئەو حیزبە لە پەرلەمان بهێنێت. بەمەش بواری ململانێی چەکداریی بەرتەسک دەکرێتەوە و کێشەکە دووبارە لە پەرلەمان و لە بەستێنیکی لێگال و قانوونیدا دەخرێتەوە بەر باس. چونکە داخستنی دەرگای سیاسەت، بە جۆرێک "بانگێشتی لایەنی بەرانبەر بۆ کایە و گۆڕەپانێکی ناسیاسی" و "بانگەوازێک بۆ توندوتیژی"یە. بەڵام بە داخەوە، تا ئێستا حکوومەت بۆ ئەمەش هیچ هەنگاویکی دڵخۆشکەر و پۆزەتیڤی نەناوە. بە پێچەوانە، خەریکن زەمینەسازی دەکەن بە لابردنی حەسانەی پەرلەمانیی نوێنەرانی هەدەپە، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئەو حیزبە دادگایی و راپێچی زیندان بکەن.
ئەگەر لایەنی کۆماری تورکیا لەم بوارانەوە مەیل و ئیرادەیەکی چارەسەرخوازانەی لە خۆی پیشاندا و لە جیاتی هەوڵدان بۆ شکاندنی ئیرادەی لایەنی کوردی، رێز لە ئیرادەی سیاسیی و یاسایی کورد بگرێت، ئینجا کۆمەڵێک ئەرکی زەرووری و تەواوکەر دەکەونە سەر لایەنی کوردی کە لە هەموویان گرینگتر، راگرتنی چالاکییە پارتیزانییەکانی شاخ و شار و پێداگری لە سەر دیالۆگ و رێگاچارەی سیاسیی و ئاشتییانەی کێشەکە دەبێت. واتا لە گەشبینانەترین حاڵەتدا، لایەنەکان دەبێ سەرلەنوێ لە شوێنی پساوی هەوداکەوە تێهەڵبچنەوە، بەم جیاوازییەوە کە تورکیا بە بێ "هێڵە سوورەکانی لەمەڕ کیانە سیاسییەکەی رۆژئاوای کوردستان" لە سەر مێزی دیالۆگ دانیشێت. هەرچەند بە دووری دەزانم ئاکەپەی دوانەی ئەردۆغان – داودئۆغڵو وەرچەرخانێکی وەها بوێرانە ئەنجام بدات.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە