شهماڵ بهشیری
لەم دەڤەرەی ئێمە چی ڕوو دەدا
Saturday, August 29, 2015
شەماڵ بەشیری
شەڕ لە سەردەمانی ئەمڕۆدا تەنها کاتێک دەتوانێت قازانجی بۆ شەڕکەر هەبێ کە لە خزمەتی سیاسەتدا بێ، واتە بتوانێت لە ئەنجامدا بواری ئەرێنی و گونجاو بۆ سیاسەت و ئاکتۆرەکانی ناو سیاسەت بخوڵقێنێت. شەڕ تەنیا لە وەها دۆخێکدا ئامرازێکە بۆ خزمەتکردنی سیاسەت.
تورکیا لە قۆناخی چوار ساڵی رابردوودا هەموو ستراتێژیی سیاسەتی دەرەوەی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر نەهێشتنی ئەسەد و بەهێزکردنی جێگە و پێگەی خۆی لە سووریادا بنیادنا. تورکیا پێی وابوو کە ئەمە دەتوانێ زیانەکانی سەرنەکەوتن لە ئێراقی بۆ قەرەبوو بکاتەوە و دەتوانێ جارێکیتر هاوسەنگیی هێز لە نێوان خۆی و ئێراندا ساز بکاتەوە.
قۆناخەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەسەد لە سووریا
قۆناخی یەکەم پشتگیریکردن لە "سوپای ئازادی سووریا" بوو. ئەم "سوپا"یە، سەرەڕای پشتگیریی ناونەتەوەیی لە هەموو بوارەکانی ئابووری، سیاسی و لەشکەرییەوە، نەیتوانی سەرکەوتوو بێت. پشتگیری لەم سوپایە شانبەشانی دامەزراندنی ئەنجومەنی نیشتمانیی سوریا بەڕێوە دەچوو، بەڵام ئەم ئەنجومەنەش هەر بەقەد سوپاکە سەرکەوتنی تۆمار کرد. هەر بۆیە لە ساڵی ٢٠١٢دا هیلاری کلینتۆن لە میانەی سەردانێکی دیپلۆماتیکدا بۆ تورکیا بە مەبەستی تاوتوێکردنی بارودۆخی سووریا، ناڕاستەوخۆ دانی بە شکستی پلانەکاندا نا و گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە کە 'پلانی B' بخەینە گەڕ." ئاشکرایە کە 'پلانی B' کاتێک دەکەوێتە رۆژەڤەوە کە "پلانی A" شکستی هێنابێت، ئەم لێدوانەی کلینتۆن ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە.
پلانی B بەهێزکردنی هێزە ئیسلامییە توندرەوەکان و بەرێوەبردنی شەرێکی بەرفراوان بوو بۆ یەکلاییکردنەوەی داهاتووی سووریا. بزووتنەوە توندڕەوەکانی وەک "جبهە النصرە" و "داعش"، لەگەڵ کۆمەڵێک رێکخراوی تری توندڕەوی سوننە، بە پشتگیری راستەوخۆی تورکیا، بەردرانە گیانی هاوڵاتیانی سووریا. ئەم پلانە کە دەبوو قۆناخەکەی بەرەو ئاستی دڵخواز گواستبایەوە، لەوەی پێش خۆی فەشەلتر بوو. بەڵام ئەمە بە سەرنەکەوتنەوە نەوەستا بەڵکوو ئاگری شەڕەکە بەرۆکی عێراق و باشووری کوردستانیشی گرتەوە. ئەو پلانەی کە بەڵێن وابوو دەسەڵاتی شیعە و دەوڵەتی عەلەویی سووریا لە هەرێمەکەدا لاواز بکات، رێک بە پێچەوانەوە رۆژ بە رۆژ زەمینەسازیی زیاتری بۆ مانەوەی ئەسەد کرد و دەسەڵاتی ئێرانی شیعەشی لە ئێراق و هەرێمەکەدا بەهێزتر کرد.
ناسەرکەوتوویی هەر دوو پلانی A و B لە سووریا، هێزە هاوپەیمانەکانی ناچار کرد بە شێوەیەکی بنچینەیی بەخۆیاندا بچنەوە. دیپلۆماتە ئەمریکی و بریتانییەکان ئاڕاستە و ئوسلوبی خیتابەتی خۆیان گۆڕی و لەگەڵ لایەنە ڕاستەقینە و ڕاستگۆکانی کورد و ئەرتەشی ئازاد لە رۆژئاوای کوردستان کەوتنە دانوستاندن. ئەو دانوستاندنانە لە بەرخۆدانی کۆبانێدا گەیشتە لوتکە و هاوکاریی لۆجێستیکی و لەشکەری لێکەوتەوە. لە ئەنجامیشدا هەنگاو بە هەنگاو پشتگیریی سیاسیشی لێ زیادکرا.
ئەمەی کە لەم نێوەدا بەتەنیا مایەوە دەوڵەتی تورکیا بوو. لەم ئەزمەیەدا تورکیا بێ هاوپەیمانیی سیاسی مایەوە و تەنها هێزی هاوپەیمانی ئەو وڵاتە، هەتا ئەمڕۆکەش هەر داعەشە. ئا لێرەدایە کە قەڵشتێکی گەورە دەکەوێتە نێوان هێزەکانی هاوپەیمان (کە زۆربەیان ئەندامانی ناتۆ-ن) و تورکیا. لەبەر ئەوەی هیچ ئاڵتەرناتیڤێکی دێموکراتیکتر و بەهێزتر لە کورد و یەکینەکانی گەل لە سووریا وجوودی نییە.
لێرەدا هاوپەیمانەتییەکی دێفاکتۆ دێتە ئاراوە کە دەبێتە تەواوکەری هێرشی هێزەکانی هاوپەیمان بە دژی داعش. ئەمڕۆکە لەگەڵ لێدانی هەر خالێکی لەشکەری لەناو سووریادا، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردەکاندا، هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی کوردی دەکرێت. لایەنی کوردیش توانیویەتی ئەو هێز و توانایە لە خۆی نیشان بدات کە لەسەر ئەرزی واقیع پێویستە: لەشەڕ و گەیشتن بە ئامانجەکانیدا جدیە و دەتوانێت هەموو ئەو بۆشاییانەی کە لە پێکاندنی خاڵەکانی سەربازیدا دێنە ئاراوە، پڕ بکاتەوە. واتە کاتێک هێزی بەژایی لە هێرش دایە بتوانرێت لە لایەن هێزی هەواییەوە پشتگیری بکرێت و لە هەمان کاتدا کاتێک هێزی هەوایی لە هێرش دایە هێزی بەژایی بتوانێت بەشداری بکات و حاکیمیەتی خۆی لە جوگرافیای دوای پێکداداندا داسەپێنێت. کەواتە پەیوەندییەکی دوولایەنەی چڕ و پڕ لەسەر بنەمای دان بە یەکتردانان لە ئارادا هەیە.
هەنووکە تورکیا لە ژێر گوشار و زەختی ڕای گشتیی جیهانیدا، بەشداری شەڕی دژ بە داعش کراوە. بەڵام ئەم بەشدارییەی تورکیا پڕە لە خاڵی لاواز: بۆ نموونە تورکیا نایهەوێ هێزی بەژایی کورد لە رۆژئاوا وەک هاوپەیمانی خۆی ببینێت کە لە مەیدانەکەدا هەیە و تاقە هێزی کاریگەریشە. هەر چەشنە هێرشێکی تورکیا لە ناو خاکی سووریادا بە دژی داعش، یەکسەر بەمانای بەهێزکردنی ئەم هێزەیە لەم بەشە لە کوردستاندا، شتێک کە تورکیا حەزی پێناکا. ئا لەم خاڵە دایە کە تورکیا دەگاتە قەیرانێکی جدی لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا و بۆیەش لەناو لێگەڕێک دایە بۆ دۆزینەوەی هاوپەیمانی نوێ یان لانی کەم سازکردنی هێزێک کە تورکیا بۆ هاوپەیمانەتی لەگەڵ خۆی بە گونجاوی بزانێ، هێزێک کە هەڕەشە نەبێ لەسەر سیاسەتە "نێئۆ عوسمانی"یەکانی ئەردۆغان.
ئەو هاوپەیمانە کێیە؟
تورکیا و پارتی دێموکراتی کوردستانی عێراق، هەر لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانی سووریاوە هەوڵی ئەوەیان دا کە چەند لایەنێکی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان بەهێز بکەن و ئەوان وەک تەنها ئاڵتەرناتیڤی راستەقینە نیشان بدەن، هەر ئەو هێزانەی کە لەژێر چەتری "ئەنەکەسە"دا کۆکرانەوە. دوای ئەوەی پرۆژەی ئەنجومەنی نیشتمانیی سووریا کێشەی تێکەوت، هەوڵی دامەزراندنی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا کەوتە رۆژەڤەوە. بەڵام ئەم ئەنجومەنەش هەر لە سەرەتاوە بە قەیرانەوە دەستی پێکرد و وەک دەزانین بە قەیرانیشەوە کۆتایی پێهات: کۆمەڵێک هۆکاری جۆراوجۆر کە ئەم وتارە بەشی راوەستە لەسەرکردنیان ناکات، بوون بە هۆی هەڵوەشانەوەی ئەم هەنگاوە. بە واتایەکیتر پێکهێنانی "پەیمانی دهۆک" دوا هەوڵی ڕێزدار مەسعود بارزانی بوو بۆ ڕزگارکردنی پڕۆژەی بێکاریگەرکردنی ئەوانەی لە مەیدانەکەدا بە واقیعی کاریان دەکرد. ئێستا ئەم "ئەنجومەن"ە تەنها سێ حیزبی تێدا بەشدارە کە هەم لە ڕووی سیاسی و هەمیش لە ڕووی سەربازییەوە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە کە بکرێ پشتیان پێ ببەسترێت. وەک خویایە دوا هەنگاو دامەزراندنی هێزێکی پێشمەرگەی سەر بە هاوپەیمانەتی پارتی دێموکراتی کوردستانی ئێراق و تورکیایە لە پێناو لاوازکردنی پەیەدە و هێژمۆنیی پەکەکەدا لە ڕۆژئاوا.
ئەمڕۆکە لە روانگەی تورکیا و هاوپەیمانە کوردەکەیەوە، هێزی پێشمەرگەی رۆژئاوای کوردستان تەنها هێزێکە کە ئەوان دەتوانن پشتی پێببەستن. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگرێتەوە کە تورکیا دەیهەوێت لە رێگای هێزی پێشمەرگەی رۆژئاوای کوردستان ـ کە هەنووکە لە هەولێر و دهۆک جێگیرکراون ـ شەڕی دژ بە داعش نەرم بکاتەوە. شەڕێکی وەک ئەوەی ئێستا لە بەرەی پارتییەوە بە دژی داعش بەڕێوە دەچێت. پارتی و تورکیا دەیانەوێ لە رێگای ئەم هێزەوە دانوستاندنیان لەگەل داعشدا هەبێت. هاوکات بە سازدانی هەماهەنگی لە نێوان ئەم دوو هێزە (داعش و هێزی پێشمەرگەی رۆژئاوای کوردستان) هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا بەردەوام بکەن و ئەو هێزە کوردییە لەو خاڵە ستراتێژیکانە جێگیر بکەن کە لای دەوڵەتی تورکیا و داعش گرینگن. لە ئەگەر سەرکەوتنی سیناریۆیەکی لەو شێوەدا، داعش دەتوانێت پەلامارەکانی خۆی ئاراستەی دیمەشق بکات. خاڵی سەرەکی لێرەدا ئەمەیە کە تورکیا کوردی خۆی لەو هەرێمەدا جێگیر دەکات و دەستی ئاوەڵا دەبێت لە سازدانی سەقامگیری یان ئاژاوە لە هەرێمی رۆژئاوای کوردستاندا. هاوکات ئەمە دەتوانێت پێگەی هاوپەیمانە کوردەکەی، واتە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق، لە هەرێمی کوردستاندا بەهێز بکات. ئەمە، لە ڕوانگەی دەوڵەتی تورکیا و هاوپەیمانە کوردەکەیەوە، دەتوانێت ئەو خەسارەی کە لە ئەنجامی سیاسەتەکانی چوار ساڵی رابردوودا هاتۆتە ئاراوە و پێیگەی ئەو دوو هاوپەیمانەی لاوازکردووە، رزگار بکات.
ناتۆ و هێزەکانی هاوپەیمان
وەک لەسەرەوەدا ئاماژەی پێدرا، ناتۆ و وڵاتانی هاوپەیمان ئەمڕۆکە لەگەڵ "ئەمری واقیع"دا ڕووبەڕوون. داننان بە کورد لە رۆژئاوای کوردستان. ئەمەش چوونکە کورد توانیوێتی هەم لە شەڕ لە دژی ڕادیکالیزمی ئایینی و هەمیش لە بواری سیاسی، کولتووری و لەشکەریدا سەرکەوتوو بێت و توانیویشیەتی توانا و مایەیەکی دێموکراتیکی بێوێنە لەو شوێنەدا لە خۆی نیشان بدات. کورد ئێستا بۆتە تاقە ئاڵتەرناتیڤی گونجاو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکدا کە لیپاولیپە لە قەیران، ناکۆکی و هەڵاواردن. ئەمڕۆ ئیتر لەم هەرێمە، بێجگە لە کورد، هیچ ئاڵتەرناتیڤێکی گونجاو لە ئارادا نییە. ئەوەی تا ئێستا هەبووە تاقی کراوەتەوە و لە ئەزموونەکەیدا سەرکەوتوو نەبووە. بۆیەش دەتوانین بەبێ سڵەمینەوە بڵێین کە پشتکردن لەم ئاڵتەرناتیڤە ـ کوردی خاوەن ئیرادە ـ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی شکت و قەیران دەکات.
کوردی سەدەی بیستویەکەم وەک مامۆستا پەشێو ئاماژەی پێدەکات "لە توخمێکی نوێیە". ئەو کوردە نییە کە بە دوای دانپێداناندا وێڵ بێ، بەڵکو هێزێکە کە توانیویەتی هەبوونی خۆی بەسەر واقیعدا داسەپێنێت و ببێتە ئەو ئاکتۆرەی کە ئیتر نادیدەگرتنی ئامومکینە. بۆیە بە بڕوای من و بە پێی ئەو زانیاریانەی کە هەن، نە کۆبوونەوەی ناتۆ دەتوانێت رزگارکەری تورکیا و هاوپەیمانەکانی بێت و نە سیاسەتی لە ناڵ و بزماردانیش.
دێموکراسی ژێرخانی پارادیگمی جیهانی سەردەمە. ژێرخانێک کە خۆی بەسەر هەموو هێزەکانی جیهانیدا دادەسەپێنێت. لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو لایەنەی کە دێموکراسی وەک ژێرخانی سیاسیی خۆی قەبووڵ بکات، دەبێتە هێز. ئەوەش کە لە دێموکراسی دوور بکەوێتەوە، دەبێتە هۆی بێ ئیستقراری و ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکە. ئیتر نە درێژکردنەوەی دەسەڵات دەتوانێت بە فریای ئەم بەرەیە بکەوێت و نە بازدانیش بەسەر گەمە دێموکراتیکەکاندا.
ئەنجام
لەو چوارچێوەیەدایە کە هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورک لە پەلەقاژەی ناهومێدی بەوڵاوە هیچی تر نییە، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان تەنها یەک ئاڵتەرناتیڤیان لەبەردەم دایە. لەم قۆناخە لە مێژوودا، جەختکردنەوە لەسەر دێموکراسی و پشتبەستن بە خۆ، تاقە ڕێگەیەکە کە کورد دەتوانێ پێیدا بڕوا. پێشوازیکردن لەم قۆناخەی ئێستا ـ کە ناوی قۆناخی سەر لە نوێ داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی لێ نراوە ـ ناتوانێت لەسەر بنەمای هاوپەیمانەتی لەگەڵ عەقڵیەت و سیاسەتی قۆناخەکانی ڕابردوو ڕۆبنرێت. تورکیا چەندە ئاکتۆرێکی بەهێز بێت لە هەرێمەکەدا، مەحکوومە بە خۆگونجاندن لەگەل رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ و شەپۆڵی گۆڕانکاری وردە وردە ئەم وڵاتەش دەگرێتەوە.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە