بابەتی گەرم:

شه‌ماڵ به‌شیری

ئێعدام، لایەنە سیاسییەکان و بەرەنگاری

Wednesday, September 2, 2015

شەماڵ بەشیری
لە نووسراوەی پێشوومدا پرسیاری سەرەکیم ئەوە بوو داخوا کۆماری ئیسلامی چلۆن دەتوانێت ئاوها بێ باکانە تێکۆشەرانی کورد لە سێدارە بدات و حیساب بۆ هیچ لایەنێک و کۆمەڵگەی کوردیش نەکات. لەوێدا باسم لە ئەرک و بەرپرسیارەتییەکانی چالاکانی سیاسیی ناوخۆ کردبوو.

لە بەردەوامی نووسینەکەی پێشوومدا، دێمە سەر باسی ئەرک و بەرپرسیارەتیی ئەوانەمان وا لە دەرەوەی سنوورەکانەوە دەمانەوێ کاریگەری لەسەر ڕووداوەکان دانێین.

ئەگەر ئەرکی داکۆکیکردن لە گیراوانی سیاسی بە پلەی یەکەم لەسەر شانی چالاکانی سیاسیی ناوخۆ بێت، بێگومان لایەنی دووهەم کە ئەو ئەرک و بەرپرسیارەتییەی بە پلەی دووهەم دەکەوێتە سەر شان، ئەو لایەنە سیاسییانەی رۆژهەڵاتی کوردستانن کە لە دەرەوەی سنوورەکانن.

ئەم لایەنانە، هەموو خۆیان بە پێشەنگی ئەم کۆمەڵگەیە دەزانن و بێگومانیش لەمەدا شک و گومانێک نییە کە هەر هەموویان، سەرەڕای هەموو کەموکۆڕییەکان و هەر کامە و بە ڕادەیەک، بەشێکن لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و لە پێشەنگایەتیشدا ڕۆڵیان هەبووە و هەیە. لەوەشدا گومان نییە کە هەموو لایەنەکان بەشێکن لە مێژووی بەرخۆدان و بەرەنگاربی گەلی کورد دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران. بەڵام ڕاستییەکی دیکەش ئەوەیە کە بەشێک بوون لەم هەقیقەتە، ئەرک و بەرپرسیارێتیشی لەگەڵ دایە بەرامبەر بە رۆڵەکانی ئەو کۆمەڵگەیە کە حیزبەکە خۆی بە پێشڕەوی دەزانێت.

کاتێک هەر لایەنە و لای خۆیەوە هەوڵ دەدات وەک گەورەترین/ پێشڕەوترین/ ڕەسەنترین حیزب خۆی پێناسە بکات، دەبێت ئەوەش بزانێت کە لە ئاست ئیدعاکان، ئەرک و بەرپرسیارێتیشی لەسەر شانە. تۆ وەک لایەنی سیاسی، یان دەبێ ئەوە بسەلمێنی کە نە گەورەترینی و نە پێشڕەوترین، یانیشکە ئەوەت نەسەلماند، دەبێ رەسەنایەتی و پێشڕەوایەتیی خۆت بە هەڵوێست و تێکۆشانەکەت بۆ خەڵک و ڕای گشتی بسەلمێنی.

ناکرێت تۆ وەک لایەنێکی سیاسی ئیدعای پێشەنگایەتی بکەی بەڵام لەمەڕ لەسێدارەدانی گیراوان، یانیش هێرش و پەلاماری دوژمندا، بێ هەڵوێست بیت.

ئەوەی کە ئەمڕۆکە لە سێدارە دەدرێت، رۆڵەی ئەم خەڵکەیە کە هەر ئەم حیزبانە خۆیان بە نوێنەر و ڕزگارکەری دەزانن، ئەو کۆمەڵگەیە کە حیزبەکان رۆژانە ئیدعای پێشڕەوایەتیی دەکەن و خۆیان بە پێشڕەوی دەزانن. لێرەدا پرسیارێک ئەوەیە داخوا تۆ حیزب و رێکخراوی ئەو خەڵکەی یان نی؟ پرسیاری دووهەم ئەوەیە کە ئەوەی لە سێدارەدراوە، بە بەشێك لەو کۆمەڵگەیە دەزانی یان نا؟ ئەرێ هەر بە کوردیشی دەزانی؟ ئەگەر کوردە و تۆش خۆت بە پێشەنگی کۆمەڵگەی کوردی دەزانی، چلۆن دەتوانی لە حاند ئەستاندنی گیانی ئەندامێکی کۆمەڵگەکەت، لەلایەن کۆماری سێدارەوە بێ دەنگ بی؟

ئەرکی سەرەکیی لایەنە سیاسییەکان ئەوەیە هەموو گیراوێکی سیاسی، بە بێ جیاوازیدانان وەک: یەک؛ مرۆڤێکی خاوەن مافی ژیان، دوو؛ ئەندامێکی کۆمەڵگەی کورد و سێ؛ شۆڕشگێرێکی کۆمەڵگەکەت تەماشا بکەی. تەنیا لەو چوارچێوەدایە کە دەتوانین لە ئەرکە ئەخلاقی، رێکخراوەیی و سیاسییەکانی حیزبەکان تێ بگەین و لە مژاری داکۆکیکردن لە گیراوان و لەسێدارەدراواندا و بە ئەرکی خۆمان راپەڕین.

لاوازی لە هەڵوێست و شێوەی بەرەنگاربوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێک لەو هۆکارانەیە کە دەبێ ئاماژەی پێ بدرێ. هەتا رۆژگاری ئەمڕۆکە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بێ جیاوازیدانان لە نێوان گیراوانی سیاسیدا، ئەندامانی هەموو پارت و لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە سێدارە داوە. هەرچەند ئامارێکی تەواومان لە دەستدا نییە ـ کە ئەوەش خۆی لە خۆیدا کەماسیەکی زۆر گەورەیە ـ بەڵام ژمارەی گیراوە سیاسییەکانی ئەندامی لایەنەکانی رۆژهەڵات لە سەدان کەس تێدەپەڕێ، کەچی هەتا رۆژگاری ئەمڕۆکەش ئێمە رێباز و مێتۆدێکی گونجاومان نییە بۆ بەربەرکانیکردن و کۆتایی هێنان بەم دیاردەیە. بە واتایەکیتر لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵات، لە پرسی چارەسەرکردنی سزای سێدارە لە لایەن کۆماری ئسیلامییەوە، ناکارا، بێ پلان و بەرنامە و تەنانەت شکخستخواردوون.

بەهەڵە لێم تێمەگەن، مەبەستی من لە هەڵوێستگرتن تەنها دەرکردنی لێدوانێک نییە. مەبەست تەنها و تەنها ئەنجامدانی چالاکیی سەربازیش نییە. هەڵوێست کاتێک دەتوانێت کارا بێت کە لایەنەکانی ڕاگەیاندنی، سیاسی، مەدەنی و سەربازیش لەخۆوە بگرێت. ئەگەر لایەنێک نەتوانێت چالاکیی سەربازی ئەنجام بدات، یان هەرکام لە هەڵوێستەکانی دیکە لەخۆی نیشان بدات، خۆ لانیکەمی ئەوەیە کە دەتوانێ بە لێدوانێکی جدی کردەوەکە مەحکووم و، لە ئاستی نێونەتەوەییشدا هەوڵدانێک دەست پێ بکات بۆ کۆتایی هێنان بەم دۆخە!

ئەم دۆخە بێ هەڵوێستییەی کە هەنووکە لە ئارادا هەیە و لە پرسی لەسێدارەدانی شەهید بەهرۆز ئاڵخانیدا جارێکی دیکە ڕەنگی دایەوە، گوزارە لەوە دەکات کە زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان بە خاوەنی هەموو خەڵکی کورد نازانن. بۆ ئەوان "کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان" تەنیا ئەوانەن کە ئەندامی حیزبەکانی خۆیانن. دەنا نەبووە و نابێ حیزبێک لەئاست ئێعدامی لاوەکانیدا بێدەنگی هەڵبژێرێ، جا با ئەو لاوە بە ڕێکەوت ئەندامی حیزبێکی دیکەش بێت! ئەگەر ئەو تێڕوانینەی من ڕاست بێت، ئەوا بەو مانایە دێت کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بەسەر چین و دەستە و تاقمی جیاوازدا دابەش کراون و ئەوەش بۆخۆی گوزارە لە ڕوانگەی ئێمە دەکات بۆ ئەو کۆمەڵگەیە کە قەرارە ئێمە نوێنەری هەموو چین و توێژەکانی بین.

بزووتنەوەیەک کە لەمەڕ لەسێدارەدانی شۆڕشگێرانی کورددا بێ هەوڵێستی هەڵبژێرێت، ئەوا نە لە لۆژیک و ئامانجەکانی لەسێدارەدان تێگەیشتووە و نە لە چەمکی بەرخۆدان و بەرەنگاربوونەوەی زاڵمان. حیزبە بێ دەنگ و بێ هەوڵێستەکان بەرپرسیارن لە بەردەوامیی لە سێدارەدان و پاکتاوکردنی جەستەیی شۆڕشگێرانی کورد بەو شێوە دڕندانەیە کە کۆماری ئیسلامی دەیکات.

ئێمە، کوردی ڕۆژهەڵات، بە حیزب و لایەن و دەستە و تاقم و تاکەکسەوە، هەموومان بەیەکەوە کوردی ڕۆژهەڵاتین و هەر بە یەکیشەوە دەتوانین هێزی چارەسەری بین. بەیەکەوە نەبوون، داهاتوویەکی ڕەش و ئێعداممان بۆ بە دیاری دێنێ.


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷