شهماڵ بهشیری
ئێعدام، ڕێفۆرم و کوردایەتی
Saturday, August 29, 2015
شەماڵ بەشیری
جارێکیتر لەسێدارەدانی گیراوێکی سیاسی کورد دەبێتە سەردێڕی چەند ناوەندێکی راگەیاندنی و چەند ناوەندێکیتریش هەر بە گرینگی نازانن و بەسەریدا تێپەڕ دەبن. هەر بە گشتی بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی ئەو شەهیدانە کە بە قارەمانی شەهید دەبن، یەک دوو گردبوونەوە و دواتریش بێدەنگی هەتا لەسێدارەدانێکیتر و دووبارەبوونەوەی ئەو تراژیدیایە، خەریکە دەبێتە بەشێک لە ژیانی رۆژانەی تاکی کورد.
خەڵکی کورد لە رۆژهەڵات و لایەنە سیاسییەکان و هەموو کورد بە گشتی، دەبێت ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە چلۆن کۆماری ئیسلامی بە بێ حیسابکردن بۆ کورد و کۆمەڵگەی کوردستان و بزووتنەوە سیاسیەکانی، دەتوانێت ئاوها بێباکانە سێدارە و چارەنووسی گیراوانی سیاسی پێکەوە گرێ بدات؟ چلۆن دەتوانێت ئاوها بێباکانە بەرەنگاری کۆمەڵگەی کوردستان و تێکۆشەرانی کورد بێتەوە؟
لێرەدا سێ ناوەند بەرپرسیارێتی گرینگیان دەکەوێتە سەر شان: بزووتنەوەی سیاسیی کورد، کۆمەڵگەی کوردستان و جڤاتی رۆشنبیری/ فەرهەنگیی کورد لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم سێ ڕەوەندە دەبوو لە مەیدانی کردەوەدا بایی ئەوەیان لەدەست بێت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران حیساب بۆ کورد و ئیرادەکەی بکات لەو پارچەیەی کوردستان. تێکۆشانی یەکلایەنەی هەر یەک لەم سێ لایەنەنانە، رێگا لەبەردەم دووبارەبوونەوەی ئەم رەوشە خۆش دەکات کە تێیداین.
بەرپرسیارێتی یەکەم دەکەوێتە سەر شانی بزووتنەوەی سیاسی و مەدەنیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ماوەیەکە دەنگۆی سەرلەنوێ چالاکبوونەوەی ڕەوتی رێفۆرمخوازانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا لە رۆژەڤدایە. بەڵام بۆ ئەوەی بزووتنەوەی رێفۆرمخوازی کورد بتوانێ ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێ، یان دەبێ بەخۆیدا بچێتەوە و ببێتە بزووتنەوەیەکی جەماوەریی جدی، یانیش، هەر وەک لە ڕابردوودا بینومانە، لە چالاکیی مەیلەو سیاسیانەی کۆمەڵێک کەسی رۆشنبیردا سنوردار دەمێنێتەوە. ئەو سنوورداربوونە وەهای کردووە کە بزووتنەوەی سیاسی- مەدەنیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا قەت نەبێتە بزووتنەوەیەکی جێگای متمانەی کۆمەڵانی خەڵک.
رێفۆرمخوازی لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەتا ئێستا پێناسەیەکی ڕێکوپێكی بۆ نەکراوە: چیمان دەوێ، چۆنمان دەوێ و لەکوێ و لەبەرچی؟ ئەمانە پرسیارگەلێکن کە بزووتنەوەی ڕێفۆرمخوازیی کوردی نەیتوانیوە وەڵامیان بداتەوە بۆیەش دەبینین کە بزووتنەوەکە بە پێی ئەو پێناسەیە هەڵسوکەوت دەکات کە لە ناوەند لێی دەکرێ، یان ناچارە لە ناوەند لەخۆی بکات.
رێفۆرمخوازیی کوردی ڕۆژهەڵات، بۆئەوەی ببێتە بزووتنەوەیەکی کوردیی جێگەی متمانە، دەبێت خۆی لە پێناسەی کۆمەڵگە و ئەتنیکی سەردەست رزگار بکات و بە پێی راستینەی مێژوویی/ کۆمەڵایەتی/ سیاسیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بێتە مەیدان و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی خۆی دەستنیشان بکات.
رێفۆرمخوازێکی کورد، ئەگەر لە پرسی لەسێدارەدانی گیراوانی کورددا هەڵوێستی نەبێت، ئەدی بۆچی ناوی ڕیفۆرمخوازی کوردە؟ بۆ بەخۆی ناڵێ ڕێفۆرمخوازی ئێرانی یان هەر شتێکی دیکە؟ مادام ئەو بزووتنەوەیە وای بە پێویست دەزانێ کە خۆی بە کوردەوە پێناسە بکات، کەوابوو دەبێ پێویستی و ئەرکەکانی ئەم کوردبوونەش بگرێتە ئەستۆ و ناکرێ چیدیکە خۆی لە بزووتنەوەی کوردی بەگشتی جیا بکاتەوە. نەبوون و هەستنەکردن بەم راستییە وەهای کردووە کە رێفۆرمخوازی کورد لەناو خەڵکدا خاوەن کاریگەری و متمانەی سیاسی نەبن و لە هەمان ئاستیشدا بزووتنەوەکانی کوردی ئەم پارچەیە نیشانەی پرسیار لەسەر رێفۆرمخوازانی کورد و جدیبوونیان لە تێکۆشاندا دادەنێن. هەڵبەت گرینگە جەخت لەوە بکرێتەوە کە کەسانی خاوەن رێز و متمانە و پێگەی کۆمەڵایەتی لەناو بزووتنەوەی رێفۆرمخوازیی کوردی ڕۆژهەڵاتدا زۆرن، بەڵام ئەم متمانەیە قەت نەگواستراوەتەوە بۆ گۆرەپانی سیاسی و کردەوەی سیاسیی ئەم بەڕێزانە و لە بەستێنی ئەکادیمی یان کۆمەڵایەتیدا قەتیس ماوەتەوە.
رێفۆرمخوازبوون بە واتای پاسیڤبوون و بێ هەڵوێستبوون نییە. رێفۆرم لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا چ لە بواری سیاسی و چ لە ئاستی کۆمەڵایەتی و کولتووریدا، خاوەن گرینگییە و رێفۆرم خۆی لە خۆیدا چەشنێک لە شۆرشە. لە جیهانێکی پڕ لە دیاردە و بزووتنەوەی دوگم و دیکتاتۆریدا ئیتر ئەمانە تەنیا لە پێکهاتە سیاسیەکاندا سنووردار نین و دۆگم و دیکتاتۆری بۆتە بەشێک لە کولتووری سیاسی/ کۆمەڵایەتی و ...، ریفۆرم رۆڵی شۆڕش دەبینێت.
لێرەدا جێگای خۆیەتی کە رێفۆرمخوازانی کورد بە مێژووی ٢٠ ساڵی خۆیاندا بچنەوە و هۆکارەکانی فەشەلبوون و ناکارابوونی ئەم رەوتە شیتەڵ بکەن و لەم مێژووە ـ کە بێگومان خاوەن فیداکاری و رەنجیش ـ ئەزموونی پێویست و چارەسەریی پێویستی لێ دەربخەن.
ئەگەر لەم قۆناخەدا هەموو لایەک نیشانەی پرسیار لەسەر خۆی دانەنێت ئەوا ئەم رەوشە تراژیکە دەبێتە قەدەرێکی ڕەش.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە