بابەتی گەرم:

شه‌ماڵ به‌شیری

دوایین هەناسەکانی عوسمانی و دوایین پەلەقاژەی ئەردۆغان

Thursday, February 18, 2016


شەماڵ بەشیری   

فیلۆسۆفی یۆنانی هێراکلیتۆس دەڵێت؛ لە رووبارێکدا دوو جار ناتوانی مەلە بکەی. بە پێی تێگەیشتنی هێراکلیتۆس مێژوو دووبارە نابێتەوە. نەک تەنها مێژوو بەڵکوو ژیان دووبارەبوونەوەی تێدا نییە. ئەو ئاوەی کە جاری یەکەم لە رووبارێکدا خۆتی پێ تەڕ دەکەی هەمان ئاو نیە کە دووهەم جار خۆتی لێدەدەی. واتە ئەو شەرت و مەرجانەی کە ژیان تێیدا تێپەڕ دەبن، قەت وەک یەک نین و ڕەوتی ژیان دووبارەبوونەوە قەبووڵ ناکات. ئەمە ڕێک لە دژی ئەو تێگەیشتنە باوەیە کە دەڵێت ژیان دووبارە دەبێتەوە، یاخود مێژوو دووبارە دەبێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا دەتوانین کۆمەڵێک لێکچوون لە نێوان رووداوەکانی مێژوودا دەستنیشان بکەین بە بێ ئەوەی کە خۆمان رادەستی ئەم تێگەیشتنە باوە بکەین کە باوەڕی بە دووبارەبوونەوە لە کاراکتەری ژیان و سرووشتدا هەیە. 

ناکارابوونی ئیمپراتۆریی عوسمانی لە ناوەڕاستەکانی سەدەی ١٩وە دەستپێدەکات. واتە هەر لە ساڵانی ١٨٥٠ ئیمپراتۆری عوسمانی دەبێتە قەوارەیەکی سیاسی و ڕێوەبەری کە لەگەڵ سەردەمی خۆیدا ناگونجێت و هێز و بڕستی خۆنوێکردنەوەشی تێدا بنبڕ دەبێت. هەر لەو ساڵانە بەدواوە ئاڵۆزی و ناکۆکی زۆربەی هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی دەگرێتەوە. وڵاتانی باڵکانی ئەمڕۆیی کە بەشێک بوون لەم ئیمپراتۆرییە، دەست دەکەن بە سەرهەڵدان و ڕەوتی جیاوازیی سیاسی، کە نوێنەرایەتیی جیابوونەوە و سەربەخۆییان تێدا بەهێز بوو، فرچک دەگرن. ئەم دیاردەیە و خۆنەگونجاندنی عوسمانی لە گەڵ داواکارییەکانی ئەم نەتەوانەی کە لەم سەردەمەدا خوازیاری مافی زیاتربوون، وەها دەکات کە گەورەترین قەڵشت بکەوێتە نێوان ئیمپراتۆریی عوسمانی و زۆربەی دەوڵەت و ئیمپراتۆرەکانی ئەو سەردەمە. ئەم راستییە وەها دەکات کە پەیمانی سان ستێفانۆ کە لە گەڵ روسیادا هاتبووە ئاراوە، پووچەڵ بێتەوە و چارەنووسی عوسمانی لە کۆنفرانسی بەرلین و لە ساڵی ١٨٧٨دا لە لایەن وڵاتانی ئەوروپاوە کە نوێنەرایەتیی هەژمۆنیای سەردەمیان دەکرد یەکلا ببێتەوە. لە کۆنفرانسی بەرلیندا زۆر بڕیار دەگیردرێت، بەڵام ئەوەی کە لە دیدی ئەم نووسینەوە گرینگە، کۆتاییهێنان بە ئیمپراتۆریی عوسمانی وەک هێزێکی ئەورووپاییە، بە جۆرێک کە لە ئەنجامدا بڕیار دەگیردرێت عوسمانی بە پێی بڕیارەکانی کۆنفرانس لە چوارچێوەی هێزێکی ئاساییدا سنووردار بکرێت و هەژمۆنیای لە سەر ئەوروپا نەمێنێت. 

لە رۆژانی ١٢ بۆ ١٤ مانگی فێڤریە کۆنفرانسی ئاسایشیی میونیخ لە وڵاتی ئاڵمانیا بەسترا. هەرچەند ناوەڕۆکی سەرەکیی ئەو کۆنفرانسە وا بە زوویی ئاشکرا ناکرێت، بەڵام ئەو پەیامەمان پێدەدات کە بە پێی ئەو لەهەڤکردنانەی کە لە نێوان زلهێزەکانی وەک ڕووسیا و ئامریکادا هاتۆتە ئاراوە، لە سەر چۆنێتی بەرەوپێشبردنی شەڕی سووریا و داهاتووی سیاسیی ئەم وڵاتە گەیشتوونەتە ئامانج. لەم رێکەوتنانەدا هیچ حیسابێک بۆ دەوڵەتی ئاکپاڕتی نەکراوە و لە دەرەوەی ئەم ئینسیاتیڤە لەشکەری و سیاسییە هێشتراوەتەوە. هەر وەک چۆن کۆنفرانسی بەرلین ئیمپراتۆریی عوسمانی بە پارزەمینی ئاسیاوە سنووردار کرد، کۆنفرانسی میونخیش تورکیای لە هەوڵەکانی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سووریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور دەخاتەوە و تورکیا بۆ سنوورەکانی خۆی دەکشێنێتەوە. بەشدارنەبوونی تورکیا لە پرۆسەی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سووریادا واتە؛ بێکاریگەرکردنی تورکیا لە ئاست پێشکەوتنە سیاسییە ستراتیژیکەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سنووردارکردنی کاریگەرییە سیاسی و هزرییەکانی دەوڵەتی ئەردۆغان و داودئۆغڵوو.  

ئەگەر لەم سۆنگەیەوە بڕوانینە پێشکەوتنەکانی ئەم دواییە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە تورکیا لە دۆخێک نیگەرانە کە تێیدا کاریگەریی سیاسی- ستراتیژیکی خۆی لەدەستداوە و لە بەرامبەر ئەمەشدا دوژمنە سەرەکییەکەی کە پ.ک.ک و هاوپەیمانەکانی (پ.ک.ک)ن، ئەوا بەشێکن لە ئاکتۆڕەکانی گۆڕەپانی لەشکەریی- سیاسیی سووریا. هەر بۆیە ئەو خوێندنەوەیەی ئاکەپە کە سەرکەوتنی کورد لە سووریا بنکەوتنی ستراتێژی قووڵی تورکیایە و لە ئەنجامدا بنکەوتنی ئەردۆغان و پارچەبوونی ئاکەپەی لێدەکەوێتەوە لە جیدایە. ئەم قۆناخە چەندە سەرکەوتنی گەورەی بۆ کورد تێدابووە لە هەمان کاتدا کورد رووبەڕووی مەترسی گەورەش دەکاتەوە. 

هەنووکە هەڵوێستی ئامریکا و وڵاتانی ئەورووپا، پاراستنی پارسەنگی سیاسیی- لەشکەرییە. بۆ ئەمەش دەستی دەوڵەتی ئاکەپەیان لە کوشتن و بڕینی کورد لە تورکیادا کردتۆتەوە و من لەم بڕوایەدامە کە هاوکاریی ئیستخباراتیی وڵاتانی ناتۆ و ئەورووپا لەم قۆناخەدا، بۆ شەڕی ئەرتەشی تورک دژ بە پ.ک.ک و کورد لە باکووری کوردستان، پەرەدەستێنێت. 

ئەم دۆخە هەستیاریی هەمەلایەنەی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و کۆمەڵگای کوردستان و دیاسپۆرای دەوێت. واتە لەم قۆناخەدا پێویستە بە باشترین شێوە کەڵک لە دەستکەوتەکانی ئەم قۆناخە وەربگرین و لە هەمانکاتیشدا خۆمان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرش و پەلاماری تورکیا کە پەلەقاژەی کۆتایی ئەردۆغانە، ئامادە بکەین.


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷