نووسەری میوان
دەوڵەت و ناسنامەکان
Monday, October 12, 2015
ئیسماعیل ڕواندزی
هەرکاتێک دەوڵەت نەیتوانی دەڕبڕی بەرژەوەندی هەمووان بیت ئەوا ئەوکات گەڕانەوەی تاک و گڕووپەکانی کۆمەڵگا بۆ خێڵ و ناوچە و هۆزو تائیفەو بنەڵەماکانی خۆیان گەشە دەکات. هەرکاتێک دەوڵەتیک بوو بە دەوڵەتی ناوچەیەک یان هۆزیک یان بنەماڵەیەک ئەوا وەک کاردانەوە ووردە ووردە دەسەڵات و ناسنامەی ناوچەکانیتر و بنەماڵەکانیتر و عەشیرەت و خێڵ و تائیفەکانیتر مانا دەدەن و قیت دەبنەوە لە بەرامبەر دەولەتی مەوجود. هەرکاتێک دەسەڵات لە دەوڵەت لەلایەن کەمینەیەک قۆرغ کراو ڕێگەگیرا لە باقی ئیلیتی سیاسی و ڕۆشنبیر بۆ گرتنی شوێنپێیەک لە دەسەڵات و کیانی دەوڵەتدا ئەوا زیندووکردنەوەی چوارچێوە تەقلیدییەکان بە مەبەستی سازکردنی دەسەڵاتێک لە بەرامبەر دەسەڵاتی دەوڵەتی مەوجود سەرنجڕاکێش دەبێت. ئاخر بۆیەش لەو وڵاتانەی کە کەمینیەک یان هۆزێک یان ناوچەیەک یان بنەماڵەیەک دەستی بەسەر دەسەڵات داگرتووە کۆمەڵگا لە قووڵایی خۆیدا لە خاوەن بونیادێکی نەتەوەیی بەهێز بۆتە کۆمەڵگایەکی لێکترازا و دابەشبوو. بەڕاستی بێهێزکردنی بیری ناوچەگەری و خێڵەکی تەنها بە بانگەوازکردن و شیعاڕات ناکرێ بەڵکو لە ئەسڵدا مەسەلەکە گرێدراوە بە دەسەڵات، بەجۆرێک مەسەلەکە گرێدراوە بە پەیوەندی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگاو ئەو کیان یان دەوڵەتەی کە پەیوەندی تاکەکان لەگەڵ یەکتر فۆڕمۆلە دەکات.
دەولەت دەبێت خاوەنی ئەو بونیاد و ئاداتانە بێت کە توانای ئەوەی پێببەخشێ کە بوونی یەکگرتوویی نەتەوەیی و بەرژەوەندی گشتی بەرجەستە بکات. لەوەش زیاتر دەوڵەت بۆ ئەوەی بتوانێ ڕووحی ناوچەگەری و خێڵەکی و بنەماڵەیی سیاسی کەمڕەنگ بکاتەوە دەبێ توانای ئەوەی هەبێت کە مافی جیاوازی و کێبڕکێ لەسەر بەرژەوەندییە بەرتەسکەکانیش، لەبابەت تریبۆنە حیزبییەکان، هەڵبژاردنی ئەنجوومەکان ... هتد فەرهەم بکات و زەمینە بۆ گەشەکردنی تاکەکان و پێشکەوتنی ئابووری و ڕۆشنبیری لە کۆمەڵگا بڕەخسێنێ.
ئاخر لێرەدایە کە تێکەڵاوبوونی گرووپەکانی نەتەوە و ژیانیکی نوێ دیتەکایەوە کە تێیدا جیاوازییە لۆکاڵی و ناوچەیی و عەشیرەتی و مەزهەبی وتائیفی و بنەمالییەکان دەگۆڕدرێن بە قازانج پێکهاتەی نوێ، بەجۆرێک جارێکیتر کۆمەڵگا لەجیاتی دابەشبوونی شاقوڵی وەک ناسنامەی ناوچەیی و خێڵەکی و بنەماڵەیی، ئەوا بەشیوەیەکی ئاسۆیی دابەش دەبێتەوە بۆ چین و توێژو گڕووپی مەدەنی. دابەشبوونی ئاسۆییانەی کۆمەڵگا ڕەنگدانەوەی پێشکەوتوویی ڕۆشنبیری و سیاسی و پیشەسازی کۆمەڵگایە. لێرەدایە کە کێبڕکێ مەزهەبی و عەشیرەتی و ناوچەییەکان شوین چۆلدەکەن بۆ کێبرکێ لەسەر ئازادی و مافە تاکەکەسییەکان. لێرەدایە کە تاکەکان دەتوانن و بوار دەدۆزنەوە کە لە دەسەڵات و کیانی دەوڵەتدا دەسەڵاتێکی گەورەتر، لەهەر دەسەڵاتێک کە ناوچەیەک یان عەشیرەتێک پێیاندەدا، بگرنە دەست. لێرەدایە کە گەڕان بەدوای ئینتیمای ناوچەیی و عەشیرەتی و بنەماڵەیی مانای عەمەلی خۆی لەدەستدەدا.
دەبێ هەمووان ئەوەیان لا رۆشنبێت کە ناوچەگەری و عەشیرەتگەری بە سازکردنی پەرلەمانی بێدەسەڵات و دەزگا ڕووکەشیەکان بێهێز ناکرێ. ئیلیتی سیاسی و ڕۆشنبیری کوردستان دەەبێ ئاگای لەوەبێت کە فێلکردن لە کێشمەکێشی کۆمەلایەتی باجێکی گەورەی دەوێ. ئاخر هەرکاتێک ڕووی حەقیقی دەزگا و ناوەندە رووکەشەکانی دەولەت، کە بەناوی خەلک و نەتەوە سازکراون، ئاشکرابوون، ئەوا کۆمەلگا و دەوڵەت و ناوەندە سیاسییەکان ئازارێکی جەرگبڕ دەخۆن.
چارەسەریی یەکجاری بۆ قەیرانەکان ئەوەیە کە نیەت و ئیڕادەی حیزب و ڕەوتە سیاسیەکان ڕاستگۆیانە بەدوای سازکردنی سیستەمێکی سیاسی مۆدیرن و دیموکرات بێت، بەجۆرێک کە ئەو سیستەمە بتوانێ ئازادی و بەشداری سیاسی و دادپەروەری و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان فەرهەم بکات.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە