بابەتی گەرم:

نووسەری میوان

بیردۆزی نوێی بازرگانی و ئابووریی کوردستان

Saturday, December 5, 2015

هەژیر ابراهیم جاف
بیرۆکەی نوێی بازرگانی ئەو بیرۆکەیە کە بە گشتی پێشڤەچوونی بە سیستەمی ئابووریی جیهانی و بەتایبەتی گەشەی بە ئابووری چەند وڵاتێك داوە. ئەم بیرۆکەیەش لە لایەن ئابووریناسی ئەمریکی "پۆڵ کروگمان" گەڵاڵە کراوە، کە لەساڵی 2008 خەڵاتی نۆبڵی پێ بەخشرا. ئەم ئابووریناسە خاوەنی دەیان کتێبە کە بە پڕ فرۆشترین کتێب دانراون. بیرۆکەی گشەی ئابووریی گروکمان، بووە بە مکانیزمێك بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانە ئابوورییەکان. لێرەدا ئاماژە بە دوو تێزی سەرەکیی بیرۆکەی کروگمان ـ واتە گەشەپێدانی بەرهەمی نێوخۆ و ئاکتیڤکردنی ڕۆڵی حکومەت بۆ گەشەی ئابووری، دەکەم و هەروەها جەخت لەسەر گرنگیی ئەو بیرۆکانەش دەکەمەوە بۆ گەشەی سیستەمی ئابووریی کوردستان.

بەرهەمهێنانی کاڵای جۆراوجۆر
پۆڵ کروگمان تەواو پێچەوانەی بیردۆزەکانی پێشوو کار دەکات، چونکە ئەو بیردۆزانەی پێشوو پێیان وابوو کە هەر وڵاتێك ئەتوانێت تەنیا لە دروستکردنی چەند بەرهەمێکدا شارەزایی هەبێت. بۆ نموونە ئادەم سمیتز، ئابووریناسی گەورە، هەڵگری ئەو تێروانینە بوو کە باشترە هەر وڵاتێک تەنیا وزەی خۆی لە بەرهەمهێنانی چەند کاڵایەک تەرخان بکات. بەڵام پۆڵ کروگمان، بیردۆزی نوێی ئابووری، گەشەپێدانی ئابووری پەیوەست کردووە بە گەشەپێدانی بەرهەمی نێوخۆ. هەروەها ئەم بیردۆزە هانی هەموو وڵاتێك ئەدات بۆ ئەوەی هەموو جۆرە کاڵایەك بەرهەم بێنێ تەناتەت ئەگەر شارەزایی تەواویشیان لە بەرهەمه‌ێنانی ئەو کاڵایەدا نەبێ. جۆن کورتیز، لەمەڕ ڕوانگەکانی پۆڵ کروگمان دەڵێ کە "ئەم بیردۆزە دەبێتە هۆکاری بەرز بوونەوەی ئاستی شارەزایی تاك."

بەرهەمهێنانی کاڵای جۆراوجۆر هۆکارێکە بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووریی وڵات، ئەمەش لە گەشەپێدانی بەرهەمی نێوخۆییەوە سەرچاوە دەگرێ. بۆ نموونە پاش بە پراکتیزەکردنی بیرۆکەی پۆڵ کروگمان بۆ چەند ساڵێك، وڵاتی هیند بوو بە دووهەم وڵات لە بەرهەمهێنانی هەموو جۆرە کاڵایەك. ئەحمەد گەوهەری، کارناسی ئابووری، دەڵێ "بەرەو پێشچوونی ئابووریی هیند لەوەدایە کە کڕیاری کاڵا و درووستکەری کاڵا هەڵگر ی هەمان شوناسن." کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ سەربەخۆکردنی ئابووری، کە بە داخەوە ئەم جۆرە هەنگاوانە لە سیستەمی ئابووریی کوردستاندا نەکراوە.

%95 داهاتی عێڕاق بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی لەسەر فرۆشی نەوتە، ئەمەش زیاتر دوورت ئەکاتەوە لە سەربەخۆیی ئابووری. كەواتە پێويستە ئابوورى ڕۆل بگێرێ لە دروستكردنى دەوڵەتی كوردى. لە رێگای پێشخستنى کەرتە ئابوورییەکانی هەرێمی كوردستان و دروستكردنى ژێرخانى ئابوورى و کۆمەڵایەتیی پتەو، کە لە ئاستى وڵاتانی خۆشگوزەراندا بێ، بناخەیەکی پتەو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دروست دەبێ. ئەمەش كارێکی ئەستەم نییە چونکە هەرێمی کوردستان داهاتی باشی هەیە و دەتوانێ داهاتی زۆر زیاتریشی هەبێ لە ڕێگای دروستکردنی پرۆژەی ئابووریی گەورە لە ئاستی پرۆژە ئابوورییە گەورەکانی قەتەر و ئیمارات.

هەرێمی کوردستان و گەشەی ئابووری نێوخۆیی
هەرێمی کوردستان هەروەها دەتوانێ پەرە بە بەشەکانی گەشتیاری و پیشەسازی بدا. لەگەڵ ئەوەی کوردستان خۆی خاوەنی زەوییەکی کشوکاڵیی باشە، بەڵام ٩٥% بەرهەمی خورادن لە دەرەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێ. ئەوە لە حاڵێکدایە کە پارێزگەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکووک لە ساڵانی هەشتا و چەند دەیە لەمەوبەر، نەتەنیا پێویستیان بە هاوردەکردنی بەرهەمی خواردن نەبوو بەڵکوو بەرهەمی خواردنی بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش دابین دەکرد.  کەرتی کشتوکاڵ دەکرێ لە هەرێمی کوردستان ببووژێتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا بازرگانی بەرهەمی خواردن ببوژێتەوە.

بیرۆکەی دووهەمی پۆڵ کروگمان بۆ گەشەی ئابووری، چاودێریکردنی کەرتی بازرگانی لە لایەن حکوومەتە. هاوئارستە لەگەڵ ڕاکانی پۆڵ کروگمان، جۆن ماینارد کینز، ئابووریناسی گەورەی ئەمریکی، پێی وایە حکوومەت دەتوانێ رۆلێکی کارا لە پێکهێنانی هاوسەنگی و گەشەی ئابووریدا هەبێ. حکوومەت دەتوانێ قۆرخکاری و مۆنۆپۆلی لە بەشی بازرگانی نەهێلێ و سزای ئەو کەسانەش بدا کە هۆکاری تێکدانی ئابوورین. بەڵام بەداخەوە ئەو ئەرکانەی حکوومەت لەمەڕ گەشەی ئابووری لە هەر دوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، یا هەر نەکراوە یا زۆر بە سستی کراوە. کوردستان  لەباری جۆغرافیایییەوە ڕووبەرێکی گەورەی هەیە و پانتایی جۆغرافیایی و هەروەها حەشیمەتی لە زۆرێک لە وڵاتانی سەربەخۆی جیهان وەک قەتەر، بەحرەین و کویت زیاترە. بەڵام وەک پێویست کەڵک لە جوغرافیا و هێزی مرۆیی کوردستان وەنەگیراوە و ئابووری یەکی پتەو بنتات نەنراوە.

سەرچاوەکان:

Curtis, T. C.-W. (2011). New New Trade Policy. Ontario, Canada: Queen's University.

Krugman, P. (2008). THE INCREASING RETURNS REVOLUTION IN TRADE AND GEOGRAPHY. Prize Lecture (p. 343). USA: Princeton University.

Krugman, P. (2010). THE NEW ECONOMIC GEOGRAPHY, NOW MIDDLE-AGED. Prepared for presentation to the Association of American Geographers. Washington, D.C.: Association of American Geographers.

 


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷