بابەتی گەرم:

نووسەری میوان

تورکیا لە ئێراقدا بەدوای چیدا دەگەرێت

Monday, December 7, 2015
ئەفشین ئیسماعیلی

لە کاتێکدا کە قەیرانەکانی نێوان رووسیا و تورکیا لە هەڵکشاندایە و گوومانەکانی لەمەڕ بازرگانییکردنی نەوتی داعش لەگەڵ تورکیا لێکەوتووەتەوە, هێزەکانی تورکیا سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و ئێراقیان بەبێ رەزامەندی حکوومەتی ناوەندی بەزاند. بەگوێرەی راگەیاندنە جیاجیاکان ژمارەی ئەم هێزانە نزیک بە ٤٠٠ کەس دەبێت و هەڵگری چەندین چەکی قورس و تانکی جیاجیان. ئەم هێزانە لە بەعشیقە لە نزیک شاری موسڵ, دووەمین شاری گەورەی ئێراق کە ئێستاکە لەژێر دەسەڵاتی داعشدایە, جێگیرکران.

تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم هێزانە زیاتر بۆ مەشقپێکردنی ئەو سووپایە هاتوون کە لە دژی داعش شەڕ دەکات, ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکوومەتی ئێراقی بێ ئاگابوونی خۆی لە هاتنی ئەم سووپایە راگەیاند و داوای کشانەوە زووتری ئەم سووپایەی تورکیای کرد.

دوو خاڵی گرنگ هەیە کە لێرەدا گوومان دەخاتە سەر هەر جموجۆلێکی سەربازی تورکیا لە ئێراقدا.یەکەم, تورکیا لە کاتێکدا کە بارزانی پێویستی بە یارمەتی سەربازی بوو لە بەرامبەر هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستاندا هیچ کاردانەوەیەکی جیددی نەبوو و ئامادەنەبوو بەرگری لە هەرێمی کوردستان و سەقامگیری ئەم هەرێمە بکات. دووەم, لەساتێکدا کە داعش بەرەو لاوازی دەچێت و نزیک بە ١٣٪ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەدەستداوە, ئەم گۆڕانە لە ستراتیژی سەربازی تورکیا دا دەبینین. ئەمەش ئەو پرسیارە دێنێتە ئاراوە کە تورکیا لەم ساتەدا لە ئێراق بەدوای چیدا دەگەرێت؟

بۆ موسڵ
هێزەکانی تورکیا لە کاتێکدا سنووری کوردستانیان بەزاندووە کە دەنگۆیەکی زۆر لە میدیاکانی ئێراق و جیهاندا سەبارەت بە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ گرتنەوەی موسڵ لە ئارادایە. زۆربەی هێزە سەربازییەکانی ئێراقی و کوردی خۆیان بۆ گرتنەوەی موسڵ ئامادەکردووە و چاوەڕوانی فەرمانی سەرووترن بۆ هێرشکردنە سەر موسڵ, بەڵام لە ناکاو تورکیا سوپایەکی ٤٠٠کەسەی بە تۆپ و تانگەوە رەوانەی قوولاییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

زۆربەی چاودێرانی سیاسی لەو باوەڕەدان کە تورکیا بە ناردنی هێز بۆ مووسڵ دەیەوێت هێلێکی سوور بۆ حکوومەتی ناوەندی ئێراق کە گرێدراوی کۆماری ئیسلامی ئێرانە سەبارەت بە مووسڵ دابنێت.

تورکیا نزیک بە ١٠٠ ساڵە ئاواتی گەیشتن بە نەوتی مووسڵی هەیە و تەنانەت مووسڵ بە شارێکی تورکیش دەزانێت. لەلایەکی ترەوە تورکیا دەیەوێت هەژموونی خۆی لە ناوچە سوننەنشینەکانی باکووری بەهێز بکات, لە بەرامبەر نفووزی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە شیعەنشینەکانی باشووری ئێراقدا.

بە نزیک بوونەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای مووسڵ, تورکیا دڵەراوکێیەکی زۆری هەیە کە ئەم هێزە شیعەیە بتوانێت کۆنترۆڵ بەدەست ئەم شارە دابگرێتەوە و ئاواتی دێرینەی تورکیا لە گۆڕ نێت. ئەمەش وای لە تورکیا کردووە کە بەشێوەیەکی پلان بۆ دارێژراو بەشێکی بچووک لە هێزەکانی بۆ تامکردنی ڕای گشتی ئێراق و جیهان رەوانەی ئێراق بکات, لەگەڵ ئەوەدا زیاتر لە ١٣ هەزار سەربازیشی بۆ سنوورەکانی باشووری کوردستان هێناوە.

پەکەکە لە ئەجێندا دایە
بەرزخوازییەکانی پەکەکە لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان بۆ تورکیا چیتر تەحەممول ناکرێت. هاوکات لەگەڵ بوونی نزیک بە ٥٠٠ کم سنوور لەنێوان رۆژئاوای کوردستان و تورکیادا, تورکەکان نیگەرانی ئامادەکارییەکانی یەپەگە, باڵی رۆژئاوای پەکەکەیە, بۆ هێرشکردنە سەر جەرابلوس یەکێک لە شارە ستراتیژییە سنوورییەکانی نێوان کانتۆنی کۆبانی و عفرین. وەکو کاردانەوەیەک بۆ پلانەکانی یەپەگە بۆ جوولەکردن بەرەو رۆژئاوا بۆ وەدەرنانی داعش لە جەرابلوس و هەروەها کۆنترۆڵکردنی بەشی رۆژئاوای شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری لەلایەن پەکەکەوە, تورکیا هێزەکانی بەرەو باشووری کوردستان و نزیک موسڵ رەوانەکردووە کە بەمەش بتوانێت بەتیرێک دوو نیشان بپێکێت و پەکەکە لەو هێلە سوورەی کە بۆی دانراوە بە ئاگا بێنێتەوە.

تورکیا لە بەرەی جەرابلوسیش تاکو ئێستا سەرکەوتوو بووە و هێزەکانی یەپەگە لەو هێلە سوورەی کە تورکیا بۆی داناون نەیانتوانیوە هەنگاوێک بچنە پێش.

گووشارەکانی رووسیا
تورکیا لە هەمان کاتدا دەیەوێت بە گۆرینی گۆڕەپانی گەمەکە لە سووریا بۆ ئێراق تاڕادەیەک لە گرژییەکانی لەگەڵ رووسیا کەم بکاتەوە. بەڵام پێناچێت کە رووسیا هەر بەم شێوەیە لە تورکیا خۆشبێت و لەوانەیە لە داهاتوودا گرژییەکان چەندین کاردانەوەی دیپلۆماسی و سەربازیشی بەدوادابێت. بۆیە تورکیا بەردەوام بەدوای ئەلتەرناتیڤێکدا دەگەرێت بۆ ئەوەی بتوانێت پشتی پێ قایم بکات. لە پانتایی هەرێمەکەدا, تورکیا پشتیگرییەکانی خۆی بۆ تورکمەنەکانی سووریا کە هاوپەیمانن لەگەڵ بەرەی نووسرا راگەیاندووە و دەیەوێت لە رێگەی ئەوانەوە کۆنترۆلی کرۆیدۆری جەرابلووس بگڕێتە دەست و بەهیچ شێوەیەک نەهێلێت ئەو رێرەوە ستراتیژییە نێوان تورکیا و میلیشیا جیاوازەکانی سووریا بچرێت. لە پانتایی نێودەوڵەتیشدا, پێدەچێت کە تورکیا دووبارە پەنا بۆ ئیسرائیل بباتەوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەک بتوانێت لە فشارە جیهانییەکانی سەری سەبارەت بە یارمەتیدانی داعش کەم بکاتەوە و رێگەی لە پەراوێزبوونی ناوچەیی خۆی بگرێت.

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷