بابەتی گەرم:

رێبوار مەعرووف زاده

ورمێ و کوردایەتی

Tuesday, November 24, 2015

ڕێبوار مەعرووف زادە
لە چەند هەفتەی ڕابردوو دوو ڕوودا باسی ناسیۆنالیزمی تورکی لە ئێران هێنا ئاراوە. یەکێک لەو ڕووداوانە سووکایەتی بەشێک لە لایەنگرانی تورکی یارییەکی والیباڵ بە خزم و بنەمالەی وەرزشوانی کوردی، فەرهاد پیرۆت پوور، بوو. ئەو لایەنگرانە خزمەکانی پیرۆت پووریان کە بە جلی کوردی ئامادەی یارییەکە ببوون، بە بێشەرەف ناو دەبرد. ڕووداوەکەی دیکە خۆپێشاندانی تورکەکان لە چەند شارێک بە تایبەتی لە تەورێز و ورمێ، دژی بەرنامەی "فتیلە"ی کاناڵی دووی ئێران بوو، کە لەودا کاراکتێری تورکەکانیان بە گەمژە نیشان دابوو. کاردانەوەی تورکەکان بەو بەرنامەیە ئارستەی زۆر بەرینتر لە نارەزایەتی تەنیا بە خۆدی بەرنامەکەی گرتەوە  و لە شونیزم ناوبردنی فارس هەتا "ورمێ کوردستان نیە"ی گرتەوە. لە کاردانەوە بە خۆنیشاندانی تورکەکان، کوردەکانیش لە فەزای مەجازی دا کاردانەوەیان هەبوو، زۆربەیان بەرگریان لە کوردستانی بوونی ورمێ دەکرد- هێندێک وێنەی پرۆفایلیان بە وێنەی سمایل ئاغای سمکۆ دەگۆری و هێندێکیشیان نەخشەی کورستانی بوونی ورمێ یان نیشان دەدا.  هەر بەم هۆیە لەو وتارەدا هەوڵ ئەدەم خوێندنەوەیەکی واقعیانە و بەدوور لە هەست لە پێگەی کورد لە شاری ورمێ بدەمە بەردەست و باس لە کۆمەلێک رێگەچارە بۆ بەهێزتربوونی پێگەی کورد لەو شارە بکەم.

پێگەی کورد لە ورمێ

موقعیەت ٩ لەسەر ١٠ یاسایە. ئەو وتەیەکی بەناوبانگە لە نێو سیاسی یەکان و واتاکەی ئەوەیە کە گرینگ نیە ڕابردوو و مێژووت چی یە، گرینگ ئەوەیە ئێستا چی و چت هەیە. رەنگە باشترین نموونەش بۆ دیتنی راستی ئەو ڕستەیە ئەوە بێ کە دوای شەری یەکەمی جیهانی بەسەر کورد و ئەرمەنی لە دوای ڕووخانی ئیمپراتووری عوسمانی هات. 

لە ساڵی ١٩٢٠ پەیماننامەی سێڤر (sevres) لە دوای شەری یەکەمی جیهانی لە نێوان تورکەکان و هێزەکانی براوەی شەر واژۆ کرا. لەو پەیماننامەیەدا بەشێکی گەورە لە خاکی ئیمپراتووری عوسمانی درابوو بە ئەرمەنەکان و باسی دامەزراندنی ئەرمەنستان کرابوو. بەشێکیش دیاریکرابوو وەک ناوچەی خودموختاری کوردی کە دواتر رێفراندوم بۆ سەربەخۆیی و بوونی بە وڵاتی کوردستان بەرێوە بەرێ.

لە ساڵی ١٩٢٣پەیماننامەی سێڤر وەلانرا و پەیماننامەی لۆزان لە نێوان تورکەکانی پاشماوەی ئیمپراتوری عوسمانی و هێزەکانی براوەی شەری یەکەمی جیهانی پەسند کرا. لەو پەیماننامەدا هیچ باسێکی وڵاتی ئەرمەنستان و کوردستان نەبوو. هۆکارەکەشی ئەوە بوو ئاتاتۆرک و لەشکری تورک هەر دوو گرووپ، واتە کورد و ئەرمەنی، تێکشکاندبوو. ئیتر ئەوەی هێزی هەبوو، تورک بوو و هێزەکانی براوەی شەری یەکەمی جیهانی واقعبینانە سەیری هێزیان دەکرد رەنگە نموونەی دیکە، بە عەرەبکردنی مووسڵ بێ. مووسڵ ئەگەر لە ڕابردوو کوردستان بوو یا نەبوو، ئەگەر نەخشەیەک هەبێ یا نەبێ، گرینگ ئەوەیە ئێستا کەس باسی کوردستانی بوونی مووسڵ و وەک بەشێک لە سیاسەتی کوردی ناکا شاری وان ئەگەر کاتی خۆی و پێش شەری یەکەمی جیهانی حەشیمەتێکی زۆری ئەرمەنی هەبوو، گرینگ نیە. گرینگ ئەوەیە ئێستا زۆرینەی کوردە ورمێش گرینگ نیە ئەگەر لە ڕابردوو لەسەر خاکی کوردستان بووە یان نا، ئەگەر نەخشەیەک هەبێ یان نا، گرینگ ئەوەیە موقعیتی کورد لەو شارە ئێستا چی یە بالانسی هێزی مرۆیی، ئیداری، ئابووری و سیاسی کورد لە شاری ورمێ چۆنە؟

شاری ورمێ لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرجەم ٢٨ نوێنەری بۆ ٩ خۆلی پارڵمانی ئێران ناردوە کە لەو ٢٨ نوێنەرە، کورد تەنیا ٣ نوێنەر و تورک ٢٥ نوێنەری ناردوە. واتە رێژەی بەشداری کوردی ورمێ لە پارڵمانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ تاکوو ئێستا ١١% و بەشداری تورکی ورمێ ٨٩% بووە. 

زانکۆی ورمێ لە ساڵی ١٣٥٧ بەمڵاوە لە قۆناخی جیاوازدا چوار کەس بە ناوەکانی جەواد فەرهوودی، رەحیم حوبی نەقی، گودەرزی سادقی و حەسەن سدقی سەرۆکایەتی زانکۆی ورمێ یان کردوە کە هەر هەموویان تورک بوون. لە ساڵی ١٣٥٧ بەمڵاوە، ئازەربایجانی رۆژئاوا ١٣ پارێزگاری هەبووە کە هێچیان کورد نەبوونە و زۆربەیان تورک بوون و تەنانەت هێندێکیان وەک وەحید جەلال زادە، قوربانعەلی سەعادەت (پارێزگاری ئێستای ورمێ) تورکی خۆدی ورمێ بوون کە پۆستی پارێزگاریان وەرگرتووە. زمانی زال لە بازاری ورمێ، لە زانکۆی ورمێ، لە دەنگ و رەنگی ورمێ، لە ئێستادا تورکی یە. هەمووی ئەو نموونانە دەرخەری ئەوەن کورد بە بەراورد لەگەڵ تورک، دەسەڵاتێکی کەمتری لە ورمێ هەیە. هێنانەوەی نەخشەیەک یان وتنەوەی ژمارەی حەشیمەتیش چارەی دەردی بێ هێزی کورد لە ورمێ ناکا.

ورمێ و رێگەچارەکان

لێرەدا باس لەوە نیە کە چ شتێکە باشە کە بکرێ، بەڵکوو باس لەوەیە چ شتێک دەکرێ. باس لەوە نیە رێگەچارەیەک بدرێ کە زۆر دشوار و ئایدیالیستی بێ و هاوکاتیش باس لە رێگەچارەگەلێک نیە زیاتر لەوەی سیاسی بێ، مرۆڤدۆستانە بێ. وڵاتان و گرووپەکان و بگرە تاکەکانیش بۆ ئەوەی بەردەوام بن جاری وایە ناچارن هاوپەیمانێتی شەیتانیش بکەن. بۆ نموونە کۆماری ئیسلامی بە ئەمریکا دەلێ شەیتان بەڵام لە هێندێک بواردا هاوپەیمانێتی شەیتانیش دەکا. سیاسەتی کوردیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتی لە ورمێ پێویستی بە سیاسەتکردنێکی لەوچەشنەیە.

١)لەو ئایدیایە واز بێنین کە موکریان یا موکریانی دەبێ ورمێ رزگار بکا. لە چەند دەیەی ڕابردوودا ڕووداوگەڵێک نیە کە نیشان بدا ورمێ لەگەڵ ناوچەی موکریان هاوپێوەندی نەتەوەیاتی نیشان داوە. بۆ نموونە لە جەریانی نارەزایەتی یەکان بە نیسبەت کۆژرانی شوانەی سەید قادر لە ساڵی ١٣٨٤، لە رەوتی لە سێدارەدانی فەرزادی کەمانگەر و هاورێیانی لە ساڵی ١٣٨٩، لە رەوتی کۆژرانی گوماناوی فەریناز خوسرەوانی لە مەهاباد لە ساڵی ١٣٩٤، ورمێ لەگەڵ وەخۆکەوتنی موکریان وەخۆ نەکەوت. بە واتایەکی دیکە ورمێ تەنیا بە کوردانی ورمێ وەخۆ دەکەوێ و ناسیۆنالیزمی کوردی دەبێ جێگەیەکی گەورەتر بۆ کوردانی ورمێ بکاتەوە نەک ئەوەی لە جیاتی ئەوان و بە نوێنەرایەتی ئەوان کوردایەتی بکا. ئەوەش لە رێگەی کۆمەلێک رێگە دەکرێ کە رەنگە یەک لەوان بەهادان بە فرەچەشنی زاراوەیی، کەلتووری و مێژووی هەموو ناوچەکانی کوردستان بێ.

٢)لە دەرفەت و ئیمکاناتی دەوڵەتی بۆ بەهێزکردنی بالانسی هێزی ئیداری، سیاسی و ئابووری کورد لە ورمێ کەڵک وەربگرین. لە هەڵبژاردنەکانی شوورا و پارڵمان بۆ هوشیارکردنەوەی کوردایەتی لە نێو کوردانی ورمێ کەڵک وەربگرین. لە دەولەتێک و سیستمێک دا کە هەیە هەوڵ بدەین بالانسی هێز لە نێوان کورد و تورک لە ورمێ بە قازانجی کورد بگۆرین و کوردان بۆ ستاندنی مافی رەوای خۆیان لە بەشداری لە دام و دەزگای ئیداری ئەو شارە هان بدەین. کوردەکان لە ورمێ پێویستە بۆ بوون بە شارەدار، فەرماندار، شورای شار، نوێنەری پارڵمان، سەرۆکی زانکۆ و پارێزگار هەوڵ و خەبات بکەن.

٣)خاوەندارێتی لە کێشەکانی شاری ورمێ بکەین زیاتر لەهەر نەتەوەیەکی نیشتەجێی ورمێ. لەسەر ورمێ و بۆ ورمێ زیاتر بنووسین و بەرنامەی تەلەڤیزیۆنی دروست بکەین. لەو چالاکی یانەی بۆ وشکبوونی گۆلی ورمێ بەرێوەچوون، تورکەکان چ وەک نووسین و چ وەک خۆپێشاندان و نارەزایەتی دەربرین خەمخۆرتر و چاڵاکتر دەرکەوتن. کورد بەنیسبەت ورمێ دەبێ زۆر چاڵاک بێ و وابکا لە وێناکردنی داهاتووی ئەو شارە رۆلی گەورەی هەبێ. لە درێژخایەندا ئەکتیوبوونی رۆلی کورد پێویستی بە کۆمەلێک هێزی مرۆیی پسپۆر لە مێژووی تورک-کورد، لە زمانی تورکی، لە کولتووری تورکی لەو شارە هەیە بۆ ئەوەی ئاراستە ببەخشێتە جەماوەری کورد لەو شارە.

٤)لە مێژوو بۆ قازانجی ئێستامان کەڵک وەربگرین. ناسیۆنایزم کاری ئەوەیە بگەرێ بە رابردوودا و باشترین وێنە لە نەتەوەکەی نیشانی ئەوانی دیکە بدا و بە پێی هەلومەرجیش کەڵکی جیاواز لە ڕابردوو وەربگرێ و هێندێک کەس و لایەن زیاتر بەرجەستە بکاتەوە. بۆ نموونە ئەمریکا ئەگەرچی خاوەنی گەورەترین هێزی نیزامی جیهانە بەڵام نایەت شانازی بە کوشتنی سوورپێستەکانی ئەمریکا لە سەرەتای دامەزرانی ئەو وڵاتە یان شانازی بە دەستدرێژی بۆ سەر ڤیتنام لە نێوان ساڵەکانی ١٩٧٥-١٩٥٥ بکا و وەک ئەمریکایی بوون وەبیر نەتەوەکانی دیکەی بێنێتەوە. کوردیش پێویستە لە مێژووی پێوەندی خۆی لەگەڵ تورک لە ئێران بە قازانجی ئێستای کەڵک وەربگرێ و رۆلی قازی محەممەد وەک رێبەرێکی ئاشتیخواز لە نێوان کورد و تورک بەرجەستە بکاتەوە. کەڵک وەرگرتن لە مێژوو نابێ هەر بەوە رابوەستێ و پێویستە بە پێداچوونەوە بە هێندێک ڕووداوی ڕابردوو، وێنەیەکی دیکە لە ڕوانینی نەتەوەکانی دیکە بەنیسبەت کورد دروست بکەین. کورد پێویستە ڕەخنە لە کردەوەی کەسانێک وەک سمایل ئاغای سمکۆ بگرێ و لۆمەیان بکا بۆ ئەوەی نەیانتوانیوە خەڵکانی غەیری کورد بەشێوەی ئاشیخوازانە و لەژێر چەتری کورد کۆ بکەنەوە. کورد و بەتایبەتی حیزبی دێموکرات پێویستە پێداچوونەوە بە شەری نەغەدە بکا و بەرپرسیارەتی خۆی لەو شەرەدا قبوول بکا و داوای لێبوردن لە قوربانیانی مەدەنی کورد و تورکی ئەو شەرە بکا. کورد بەمشێوە پێویستە هەم پاشەکشە بە تووندرەوانی تورک بکا و هەم گۆتاری کوردی لە روانگەی کەمینەکانی دیکەی ورمێ بەهێزتر بکا.

سەرچاوەکان:
نمایندگان ادوار مختلف مجلس ایران از سایت http://knam.ir/
استانداران اذربایجان غربی، از ابتدا تاکنون http://dana.ir/News/7000.html
استانداری اذربایجان غربی http://www.ostan-ag.gov.ir/
لیست نمایندگان هشت دورە مجلس http://www.ostan-ag.gov.ir/

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
تێبینیی NNSROJ: لەمەودوا، بەهۆی نەبوونی کات، هەموو بابەتەکانی نووسەران بە ڕێنووسی خۆیان بڵاو دەکرێنەوە. 


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷